وەڵامێك بۆ سیمینارەكەى هەولێر(پرسى دەوڵەتى كوردى)!!...
Monday, 23/07/2012, 12:00
ساڵى 1978لەتەك كۆمەڵێ هاوڕێم (كەئێستا هەریەك لەوانە پێگەو جێگەى شیاوى خۆى لەنێو كۆمەڵگەدا هەیە)،خوێندكارى ناوەندى بوین، سەرەتاى یەكگرتنى خوێندنگاكان بەهاتنى سەدام و گرتنە دەستى جڵەوى حوكمدارى، دیارە كایەو بوارى پەروەردە یەك لە خەسڵەتەگرنگەكانى كار كردنى بەعسو دارودەستەو ڕژێمى سەدام لەباربردن و كۆنترۆڵكردنى گیانى ئینتیماو كوردبون بوو بەتایبەت لە هەڕەتى لاوێتیدا، بەتایبەتى لاو گەنجى كورد...بەهەرحاڵ ئێمە كۆمەڵێك هاوڕێ بوین(زیرەك،چالاك، بزێو بزۆز،هارودەست نەسرەوت...) لێ هەموو ئەمانە واى لەئیدارە كردبوو كە چاوپۆشى لەزۆر شتمان بكەن...وەك وتم ناوەندى سیروان و ناوەندى سلێمانى لەیەك بینادا كە نزیك فولكەى مامە ڕیشەى ئێستاو لەسنورى گەڕەكى چوارباخ بوو...بەعسیەكان هەردوو ناوەندیەكەیان لێكداو ناویان لێنا(ناوەندى سیروانى كوڕان)... سڕینەوەى ناوى سلێمانى دیارە یەك لەمەبەست و ئامنجەكانى بەعسو پەروەردەى بەعس بوو.
دیارە بەهەمان شێوە مامۆستاى وانەكانیش كەوتنە بەر لێشاوى كەمكردنەوەو یەكگرتنى وانەكان و بەخشین و دیاریكردنى مامۆستایەك.
مامۆستاى زمانى كوردى ئەوەى ئێمە ویستمان و داوامان كرد ئو بەڕێزەیان دانەنا، بەئارەزوى خۆیان مامۆستایەكى تریان هێنا...كەوتینە وانە خوێندن، ئێمە پۆلە چەتون و هارو زیرەكەكە ناسراوبوین، مامۆستاى كوردى لە ئەدەب و ڕێزى خۆیەوە هەمیشە جیاوازى نێوان(ئاوەڵناو، ئاوەڵفرمانى) لێ هەڵە دەبوو، ئەمە زۆر جاردووبارەبوەوە، ئیدى هەموو جارێ قاقاو پێكەنین پۆلى دووچارى غاوەغاو شپرزەیى دەكرد...مامۆستاى بەڕێزیش دەیوت(زەردەخەنەو نەرمە پێكەنین باشترە وەك لەو قاقاو ژاوەژاوە،بۆ ئێوەمە تائیدارە لێتان تێنەگات)...
ساڵمان بەم كردەیە بردەسەر، لە كۆتایى ساڵدا زۆرینەمان بەخشرا(معفو)بوین لە زمانى كوردى!!... ئەمە لەكاتێكدا ئاوەڵناو ئاوەڵفرمان تا كۆتایى ئامادەیى بوە گرێ كوێرەو هەمیشە لە نەزانینەوە قاقا بە پشتا دەكەوتین!!...
22/7/2012 لەهەولێر سیمنارێك سەبارەت بەپرسى دەوڵەتى كوردى....سازكرا،فەرمون كلیك لەسەر ئەم لینكە بكەن:
http://sbeiy.com/Detail.aspx?id=9773&LinkID=4 نوێنەرانى(پارتى،گۆڕان، یەكیتى)و بەشى فەلسەفەى زانكۆى سەلاحەدین بەشداریان تێداكرد...
دیدى ئەو بەڕێزانە بۆ دەوڵەتى كوردى بخوێننەوە:
لە سیمینارەکەدا مەحمود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: پێویستە بۆ دروستبونی دەوڵەتی کوردی بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە عێراق جیابینەوە و پشتیوانی نەتەوە یەکگرتوەکان بەدەستبهێنین، ئەگەر فاکتەرەکانیش ئامادە نەکرابێت دەوڵەتی کوردی پێکنایەت.
دەپرسم شێوەى ئاشتیانە و جیابونەوە لەعێراق بەكام پێوەرو بەرنامەو بڕیارى سیاسى؟!!... باشە ئەگەر فاكتەرەكان ئامادەنەكرابن ئەى چۆن و بۆچى هەنگاوى ئاشتیانە بۆ جیابونەوەو پشتیوانى نەتەوە یەكگرتوەكان وەدەست بێنیین؟!!...
ئەمە پێویستى بە (قاقاى پێكەنین نیە) وەك ئەوەى مامۆستا بەڕێزەكەى ئێمە جیاوازى نێوان(ئاوەڵناو ئاوەڵفرمانى) نەدەكرد؟!...
ئاخر دەوڵەتێكى شۆڤێنستى سەردەستى نەتەوەى عەرەب بەدرێژاى ژیانى سیاسى خۆى زانیویەتى ماناى (ئاشتى) لەگەڵ نەتەوەى كورد بەكاربێنێت بە ئێستاشەوە؟!!...
لێ وەك مامۆستاكەمان پێ دەوتین(زەردەخەنەو نەرمە پێكەنین باشترە...)!!!...
لای خۆشیەوە مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا: ئەگەر مەسەلە پشتیوانی بێت، ئەوا فەڵەستین ٧٦ وڵاتی جیهان و ٢٠ دەوڵەتی عەرەبی پشتیوانی لێدەکات و نەبوە بە دەوڵەت.
مەلا بەختیار ، وەڵامى نوێنەرەكەى پارتى بەو شێوەیەى لاى سەرەوە خستەڕوو. ئەمە ئەگەر مانایەكى هەبێت تەنها ئەوەیە كە ئیتیفاقى ستراتیژى و بۆچونى هەردوو حیزب لەمەڕ (دروستبونى دەوڵەتى كوردى) تەواو دژو پێچەوانەى ئاراستەیە!!..
كەواتە، نهێنى دروستبونى دەوڵەتى كوردى لەدیدى یەكێتیەوە ، دەشێ چى بێت؟!!...
لە بەشێکی تری سیمینارەکەدا د. شاهۆ سەعید، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، وتی: دەوڵەتی کوردی وەک ئامانج لە لایەن نوخبە سیاسیەکەی هەرێمی کوردستان بونی نیە، بۆیە پێویستە زەمینەسازی بۆ بکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بە پێنج شاڕێ و پێش مەرجی دروستبونی دەوڵەتی کرد، کە ئەوانیش کوردستانی سەربەخۆ گوزارشت لە فرەیی و ئازادی بکات و ئەگەر هەر تاکێکی کوردستان هەست بەوە نەکات کە کوردستانی سەربەخۆ ئازادی بۆ دابیندەکات ئەوا یەکێک لە پێش مەرجەکان بەتاڵ دەبێتەوە، هەروەها دەبێت دادپەروەری فەراهەم بکرێت و ئینتیما بۆ کوردستان ستونی بێت نەک ئاسۆیی، هاوکات پێویستە پەیمانی کۆمەڵایەتی هەبێت.
گۆڕان لە مەشهەدێكى سیاسى ڕادیكالیانە، تێكەڵە بەخەیاڵ و تەمومژى بەرنامەى سیاسى دیدى خۆى دەخاتە ڕوو!!!...بۆ نمونە پێشمەرجى وەك(كوردستانى سەربەخۆ)!!...دادپەروەرى...ئینتماى ستونى نەك ئاسۆى...پەیمانى كۆمەڵایەتى هەموو ئەمانەش لەبونى فرەیى و ئازادیدا بەرهەم دێت!!!...
هاوکات رێبوار سیوەیلی، سەرۆکی بەشی فەلسەفەی زانکۆی سەڵاحەدین، هێمای بۆ ئەوە کرد، بۆ دروستبونی دەوڵەتی کوردی پێویستە واز لە راگەیاندن بێنین و پێداچونەوە بە کۆی حکومداریدا بکەین، هاوکات پێویستە پەیوەندەی یەک دەست لە گەڵ وڵاتاندا هەبێت و رای ئۆپۆزسیۆنی لە سەر بێت.
دواجار سەرۆكى بەشى فەلسەفە، لەگەڵ ڕاگەیاندن نیە(نازانم مەبەستى ئیعلانكردنە، یاخود كەناڵە ئیعلامیەكانە؟!) ئەگەرى یەكەم مەبەستى بێت پێى وایە پێداچونەوە بە حوكمڕانى كورد، پەیوەندى دیبلۆماسى، ڕاى ئۆپۆزسیۆن گرنگە!!..
ئەم مەشهەدە زیاتر ئەدەبیە وەك لەوەى سیاسى بێت، یەكگرتنەوەى ئەم میحوەرانە ئەشێ لەبوارى فەلسەفەدا لێكدانەوەى بۆ بكرێت، لێ مەنتیقى كردەیى یەك لە موستەحیلەكانە!!...
مێژوى مۆنۆگرافیا بابەتێكى گرنگە سەبارەت بە لێكۆڵینەوەى مێژوى نوێ دەرهەق بابەتێكى دیاریكراو لە ڕوى بوارو كاتەوە.. مۆنۆگرافیا هەوڵدانێكە بۆ گواستنەوە لە لێكۆڵینەوەى ڕووداوە سیاسى و عەسكەریەكان بۆ لێكۆڵینەوەى ژێرخانى ئابورى و كۆمەڵایەتى و ڕۆشەنفكرى لەڕێگەى ئیستعانەكردن بە بوارە مەعریفیەكانى تر، وەك زانستى كۆمەڵناسى ، زانستى ئابورى، ئەنسرۆپۆلۆجیا...
ئەم بەڕێزانە بێ گەڕانەوە بۆ (مێژوى مۆنۆگرافیا) تەوزیفكردنى كردەیى و ڕاستەو فەراهەمكردنى پلانى ستراتیژى و نیەت و بڕیارى سیاسى ،دێن و قەیران گەلێكى بێ ئومێد بۆ نەتەوەكەیان بەخشكەیى و پیادەكردنى موزایەدەى سیاسى ، وەرەقەیەكى فشار...
لێ ...بێ پلان و بێ پیلان عەرزى عەزەلات لەسەنتەر و حەرەم و مەنبەعى عیلمیەوە بۆ پەردەپۆشى وەزعى ناجۆرى كورد لە ناوخۆو ناوچەكەو پەیوەندیەكان بە قوڵاییەكى مەترسیدارەوە پێ بزانن یان نەزانن دەخەنە ڕوو!!!...
(قانع)شاعرى چەوساوەكان، لە كۆپلەیەكدا دەفەرمێت:ـ
چوار شتن ئەمڕۆكە بونە نەگبەتیی كوردی هەژار
جەهل یەك، بێعەقلی دوو، دڵپیسی سێ داوا چوار
مەنعی پێشكەوتن ئەكەن، لەم خاكمانە چوار گرۆ
خان یەك، سەردار دوو، بەگزادە سێ، ئاغا چوار
كت و مت تا بە ئەمڕۆ ، زەلیلى ڕووداوەكان درێژەیان هەیە،
لێ ...ئەمڕۆ بەشكڵو فۆرم و پلان و بەرنامەیەكى تر نەگبەتى كورد ى هەژار بەردەوامە!!...
بەگەڕانەوە بۆ سەردەمى مامۆستاكەم كاتێك جیاوازى نێوان(ئاوەڵناو ، ئاوەڵفرمان)ى لێ تێك دەچوو، ئێمەى بزۆزو چەتونیش (قاقا پێ دەكەنین) ...
بەجیاوازى كات و سەردەم و كارەكتەرەكان توخوا لێ گەڕێن با (قاقاپێبكەنین) بە بونیاتنەرانى سیماو پرسى دەوڵەتى كوردى!!!...(بەبێ تەعلیق)...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست