سەمەد، پیاوێکی ترسنۆکە
Thursday, 22/03/2012, 12:00
پێش ئەوەی بچمە ناوەڕۆکی ئەم نوو سینە، حەزم کرد ئاماژە بەوە بدەم ،کە مەلا سەمەد چۆن بەڕاشکاوانە باسی لەنەورۆز و کاوەو زوحاك کرد(دیارە بەشێوەیەکی خراپ)، ئاواش بەهەمان شێوە ئەبوو ناوی ئەو مەسئولانەی بهێنایە کەچۆن ئەوڕۆ گەندەڵی ئەکەن و پارەی کوردستان ئەدزن و قوماری پێ ئەکەن. مەلا سەمەد ووتی؛ ناوی ئەو مەسئولانەم لایە کە شەوی سەری ساڵی ٢٠١١ پارەیان لە هەولێرەوە بۆ گواستراوەتەوە بۆ قوبرس بۆ مەبەستی قومارکردن، کەچی نەویوێرا ناوەکانیان ئاشکرا بکا. لێرەوە کەسایەتی ئەم مەلایە خۆی نمایش ئەکا و پێوستە وەك خۆی بیناسین و هیچ گرنگی بە قسەکانی نەدرێن، لەبەرچی؟، لەبەرئەوەی کەسێکی ترسنۆکە. کەسایەتی ترسنۆك ناتوانن ببن بە ڕابەرو ناشتوانن کاریگەری لەسەر چواردەوری خۆیان دروست بکەن، هەربۆیە وەك خۆی ووتی، لەمەو پێشیش هانی خەڵکم داوە کە بەشداری نەورۆز نەکەن و وەك جەژن نەیناسێنن بەگەلی کورد. لەڕاستیدا تۆ ناتوانی پێشەنگی چینێك،کۆمەڵێك، پارتێک، وەیان هەر گروپێكی تر بکەیت ئەگەر بوێر نەبی، ئازا نەبی. ئێدی هەر چیەك بڵێی کەس ئامادە نیە گوێت لێبگرێ و ئەرزش بۆ ووتەکانت دابنێ.
نمونەیەکی تری ترسنۆکی ئەم مەلایە لەوەدا، باس لەو کەسە ئەکا لەفەیسبوك کە سوکایەتی بە قورئانەوە کردوە. کەچی نەیوێرا خۆی لەقەرەی سووتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو لەبادینان بۆ دووەم جار لەلایەن پارتی و سووتاندنی قورئان لەو بارەگایانەدا.. ئایا هەر هەمان قورئان کەسوکایەتی پێکرا لەلایەن ئەو کەسەی فەیسبوك، هەر هەمان قورئان نیە کە پیاوەکانی پارتی سووتاندنیان؟
ئەم مەلایە چونکە ترسنۆکە، بەشێوەکی تر، بێ ئاگایە لەوەی کەنەیتوانی ئایین و زانستی سۆسۆلۆژی لەیەکتر جوێ بکاتەوە، چۆن؟ مناڵ کەلەدایك ئەبێ، فێری زمان ئەبێ کە کۆڵەکەی کۆمەڵگا و پاشتر نەتەوەیە. دواتر فێری بیرۆبۆچوون ئەکرێ، لەوانەش ئایین. کەواتە بێ بوونی نەتەوە ، ئایین بوونی نیە. مرۆڤ تا شوناسێکی نەبێ ، ئایینی بۆچیە؟ لەکوێ بوە مرۆڤێك بە ئیسلامی لەدایك بوبێ، شوناسی باس نەکرابێ؟ کێ هەیە لە ئایدو تەسکەرەو شوناسی نەنوسرابێ سەر بەچ نەتەوەو گەل و ووڵاتێکە. ئەمە لەکاتێکدا ئایین بەپلەی دواتر دێ. کەواتە بەم پێیە نەتەوە لەتەك خۆیدا بۆنەکان، جەژنەکان، ڕووداوەکان پێش ئەوانە ئەکەون کە ئایینین.
مێژووی زۆربەی ئەفسانەکان وەك(گلگامش، مەها بەهارتا، ئەفریدیۆت و نەورۆز) پێش هەموو ئاینەکان کەوتون. ئەمانە بونەتە سەرچاوە بۆ دەوڵەمەندکردنی ئایینەکان. کێ هەیە نەزانێ فەلسەفەی یۆنانی چەندە کاریگەری لەسەر ئاینی کریستیان دروست کرد و بوو بەبناغەیەك بۆ ئاینەکانی تری دوای کریستیان.
مەلا سەمەد ئەبوو یەکەمین کەس بوایە هانی کوردی بدایە بۆ بەشداری کردن لەئاهەنگی جەژنی نەورۆزدا لەبەرئەوەی کرۆکی ئەم (چەژنە، بۆنەیە، ڕووداوە وەیان ئەفسانەیە) بۆتە مایەی دڵخۆشی بۆ زۆرینەی خەڵکی و لەهەمان کاتدا بۆتە سیمبولی شۆڕشگێڕێتی و ڕزگاربوون لە زۆرداریەت و ملهوڕی تاکە کەسی زوحاك. کاوە هەر کەسێك بێ و نەورۆزیش هی هەر میلەتێك بێ، مایەی سەرفرازی و سەرکەوتنە بۆ چینی زوڵم لێکراو. بۆیە لەپیرۆزی نەورۆز کەم ناکرێتەوە بەوەی کەئایا کاوە وەیان زوحاك کامیان زاڵم و زاڵم لێکراون، وەیان کامیان کوردەو کامیان فارسە. گرنگ لەوەدایە مرۆڤ لەداهێنانێکی وەك نەورۆزەوە پێی ڕاگەیاندین و فێری کردین کە زوڵم و زۆرداریەتی تا سەر نیە و دواتر شۆڕش کردن و یاخی بوون سەرو پۆتەڵەکای زاڵمەکان پان ئەکاتەوە.
ئەوڕۆ لەهەموو جیهاندا نەورۆز کراوە بە جەژنی فەرمی و لە ڕێگای UNوە ناسێنراوە و لەمەو بەدوا گرنگی زیاتری پێ ئەدرێ. بۆیە مەلا سەمەد سەربەستە لەوەی چۆن ڕای بۆچوونی خۆی دەرئەبڕێ، لێ ئەم کارەی ئەو بۆ چەواشەکاری و گیرفان پرکردنە، هەروەك چۆن زیاتر ٣٠٠ بەناو مەلاو پیاوانیان پارەی پارتی لەدەڤەری سلێمانی لە لقی ٤ وەرئەگرن، ئاوهاش ئەم بەناو مەلایە کە وویستی پەیامی دژە نەورۆز بداتە گوێی خەڵکی و دواتر هەر بۆ چەواشەکاری هەندێ قسەی لەسەر گەندەڵی دەسەڵات و چەند مەسئۆلێك کرد بۆ ئەوەی خافڵمان بکاو خۆی وەك ڕیش سپیەك و دەم ڕاستێك نیشان بدات، لێ ئەوە باش بزانێ کەخەڵکی بەفیکەی ئەو هەڵناپەڕن و نەورۆز گەلێ لەوە گەورەترە کە ئەم بیەوێ لەشکۆمەندی کەم بکاتەوە.
بەشداری کردنی ملێۆنان لەنەورۆزی ئەمساڵ و لەکوردستان و شوێنەکانی تری جیهان باشترین شەپازلە بوو بەر مەلا سەمەد و پاراستنی پارتی کەوت و سەرکەوتنێکی تری میلەت و فەرهەنگە پێشەنگەکەیەتی بەرانبەر تاریکستان و بیرتەسکی ئاینی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست