کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فەیسەڵ دەباغ موستەشارەكەی مەسعود بارزانی بۆ هاتۆتە سەرخەت

Wednesday, 23/05/2012, 12:00



 


كێشەكانی نێوان نوری مالكی و مەسعود بارزانی ئەگەر زیاتر پەیوەندیان بەگەندەڵی و دزینی نەوت و بەقاچاخ بردنی بێت , هەروەك لەزاری مالكی و لەتەلەفزیۆنی نالیادا گوێبیستی بووین , ئەوا ئەم كێشەیە چەندین هۆكاری تریشی هەیە سەرەكیترینیان كێشەی نێوان ماڵكی و بەعسە .
ئەم كێشەیەش هەر لەگەڵ هاتنی هاشمی بۆ هەولێر وەكو برینێك كوڵایەوە و توڕەیی مالكی زیاتر كرد . لەلایەكی ترەوە دەنگۆی ئەوە هەیە كەوا مالكی مەلەفەكان بجوڵێنێت و تاوانباران بداتە دادگا , مەسعود بارزانیش باش دەزانێت كەوا مەلەفەكەی زۆر ئەستوورە و نۆرەی نزیك بۆتەوە , چونكە (31)ی ئاب لەمێژووی تاوان و ناپاكییەكاندات بە دەستەگوڵی مەلەفەكان دادەنرێت . مەسعود بارزانی بۆ خۆ دەربازكردن لەمەدا دەیەوێت پرسی نەتەوەیی بەكاربێنێت و خۆی وانیشان بدات كەوا داوای سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی دەكات .
ئەگەر ئاورٍێك لەمێژووی پارتی و ئەم سەركردە گرگنە بدەینەوە باش بەبیرمان دێتەوە كەلەئێستگە درۆزنەكەی دەنگی كوردستانی عیراق گوێی خەڵك بەئۆتۆنۆمی ڕاستەقینە بۆ كوردستان تەپ ببوو . زایەڵەی ئەم دەنگە نەشازە ببووە نیگەرانی دۆڵ و چیاكان و ئێستاش بەناهەق دەنگ دەداتەوە ئەم ئۆتۆنۆمییە تادوای ڕاپەڕینیش ببووە كلكی پارتیەكان و بەپاشەڵیان نووسابوو , هەموو بەبیرمان دێتەوە كەوا مەسعود لەمیدیا و كەناڵە تەلەفزیۆنەكاندا بەو پەڕی متمانە بەخۆیەوە ڕەخنەی لە پەكەكە دەگرت و دەیگووت نازانم ئێمە باسی ئۆتۆنۆمی دەكەین وڵاتە درواسێكان لێمان دەكەن بەهەڵا ئەی باشە پەكەكە باسی سەربەخۆیی دەكات بۆ كەس قسەی پێناكات ؟! ئەمە سەرباری ئەوەی كەوا تانەی لەمام جەلال و یەكێتی دەدا لەسەر بانگەشەی فیدرالیەت و دەیگووت هەڵگرتنی بەردی گەورە نیشانەی نەهاوێشتنیەتی و ........هتد
وشەی سەرەبەخۆیی تاكو دوای ڕووخانی سەدامیش هەر لەلای مەسعود گرێیەكی دەروونی بوو . ئەوانەش هۆكاریان زۆرە یەكێك لەم هۆكارنە ئەوەیە كەوا ئەم كابرایە لەوەتەی هەبووە بڕوای بەخۆ نەبووە و هۆكاری دووەمیش ئەوەیە كەوا لەدوای ڕاپەڕیندا چەندین رەفیق حزبی و سیخوڕ و جاش و خۆفرۆش چوونە ناو ڕێزی پارتیەوە و شوێنی گرنگیان داگیركرد و هەندێكیان بوون بەراوێژكار لەلای خۆی و وێڕای ڕێككەوتنی ژێربەژێری لەگەڵ دەزگا سیخوڕەەكانی بەعس و تائەو كاتەی لە(31) ی ئابدا بە ئاشكرا بەدەركەوت و پەردە لەسەر ڕووە زەردەكەی هەڵدرایەوە , جا ئەمەش وایكرد كەوا ئەم سەركردە شەرمنە لەبەرامبەر بەعسیەكاندا تەنانەت شەرم بكات بڵێت من كوردم نەك هەر داوای مافی كورد بكات .
بەعسیەكانی ناوپارتی زۆر بێ‌ بێباكن لەمەسعود بارزانی , چونكە باش دەزانن كەوا مەسعود هەركاتێك لێی بقەومێت پەنا بۆ بەعسیەرەفیقەكانیان دەبات كەزۆربەیان عەرەبە سونەكانن و دوژمنی سەرسەختی دۆزی كوردن .
فەیسەڵ دەباغ یەكێكە لەو كۆنە بەعسیانەی كەوا پێش راپەڕین بەدلەی زەیتوونی لەبەردەكرد و قۆنداغی دەمانچەی تارقی نیشانی خەڵك دەدا ئەو ڕۆ كەخۆی كردۆتە ئۆن لاین و كەماوەیەك ئۆف بوو . باش دەزانێت بازاڕی بەعس لەلای پارتی و مەسعود جوڵاوەتەوە و ساڵەكەی هاتە. بۆ یە وا سەری لەخۆی شێواندووە خۆیشی نازانێت چی دەڵێت ؟ لەبەر ئەو هەموو فاولانەی تەنانەت مەسعود بارزانیش سەری لێ‌ سووڕماوە , چونكە زۆر جار ڕێكەوتنە ستراتیجیەكەی نێوان یەكێتی و پارتیشی لەبیردەچێتەو نەشئەی بەعس وایلێكردووە وادەزانێت هەموو ڕۆژێك حەوتی نیسانە واهەڵسوكەوت دەكات وەك ئەوەی مەسعود بارزانی موستەشاری ئەو بێت نەك ئەو موستەشاری مەسعود بێت. بەڵێ‌ تاكو مەسعود لەگەڵ عەلاوی و نجێفی و موتڵەگ پەوەندی باش بێت ئەوەندە فەیسەڵ تەباخ بازاڕی باش دەبێت و ئۆن لاین دەبێت .




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە