بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


ئێمە میللەتێکین بۆ ئیستا دەژین، نەک بۆ پاشەڕۆژ

Friday, 02/01/2015, 12:00


جێگای سەرسوڕمانە خەڵکی ئەم نیشتمانە شتە وردەکان دەبیننن، کەچی دزیی و نیشتمانفرۆشی وەلادەنێن.
پەرلەمانتارەکان کۆمەڵێک ئەکتەری سەر شانۆی دەسەڵاتن، ئەو رۆڵەیان پێدراوە، چایخانەی دەسەڵات ناوی پەرلەمانیان لێناوە، تەنها دەست بەرز بکەنەوە، ئەوان شەهامەتیان لە قسەی زلدایە، دابەش بوون بەسەر چەند گروپێکدا و هەیانە تا ئەو چوار ساڵەی موچە و بەرات وەردەگرێ لەدەست بەرزکردنەوەی ناو پەرلەمان زیاتر تاکە قسەیەک ناکات، بۆ ئەوەی سەنگی دەرنەکەوێت و خەڵکی نەڵێت پف لەم شتە کە نوێنەرایەتی من دەکات و ڕوی دزێوی دەسەڵات جوان دەکات. هەشیانە لە سەد ئاوی داوە سەر و سمێلێ تەڕ نەبووە، هەمیشە رەشی قەترانییە، دەیەوێت ئەوێش بکات بە بەرگەڵو داڕشتنە فشەکانی بخوێنێتەوە تێیدا بە خزم و ناسیاوەکانی بڵێت فیسبوکم بۆ پڕبکەن لە ستایش و باسکردنی من.

سەیری ئەم گەلەی ئێمە دوای ٢٣ساڵ لەوە نەگەیشتوە کە بنەماڵەی مەلامستەفا و دەسەڵات کاتێک دەزانن خەڵکی بەدوایی پرسیارێکەوەن یان گومان دەکەن لە شتێک، ڕاستەو خۆ دەسەڵات دێت و شتێکی تر و بابەتێکی تر زەق دەکاتەوە. وەک تەسلیم کردنی شەنگال بەداعش و وەرگرتنەوەی بێشەڕ. خەڵکی دەیەوێت قسە لەسەر ئەوە بکات و شەقام بەدوایی پرسیارێکی چارەنوسسازەوەیە، کەچی ئەوان ئۆتۆمۆبێل و کڕینی بۆ پەرلەمانتارەکان دەکەنە بابەت و دێن و خەڵکی لەجەوهەری پرسیارێکی گرنگ دوردەخەنەوە. سەمەرە لەوەدایە خەڵکیش دێت کاتی خۆی بەو بابەتە هیچ و پوچەوە دەکوژێت و سەرۆکە فەرزکراوەکەش وەک پاڵەوان لەناو ئەو گەڕەلاوژێیەدا دێتە دەرەوە.
دەکرێ هەموو بابەتێک کە لەسەر لوقمی خەڵکی دەشزانین هەموو کاڵایەک لەژیاندا خاوەنی خۆی هەیە، بەڵام ئەو دەسەڵاتە پێنج قۆڵیە هەموو شتێکیان زەوت کردوە لەخەڵکی، پەرلەمانیش جێگەیەکە بۆ فریودانی خەڵک و سپیکردنی ڕووی ڕەشی ئەو دەسەڵاتەیە.
ئێمە ڕۆژەنە لەدەرکەوتنی سەرۆکی هەرێم دەرکەوتنی سەرۆکی حوکمەت و جێگرو وەزیرو گزیرەکان بە کاروانی ئۆتۆمۆبلەکانیانەوە دەبینین و هیچ ناڵێین چونکە ئەوان ڕێگە پێدراون تا خاوەنی ئەو هەموو ئۆتۆمۆبیل و کۆشک و سەراو کۆمپانیایەیان هەبێت. خەڵکی ئێمە بۆ تاکە جارێکیش باسی ئەوە ناکەن کە ئەم پیاوە خائینانە ئەم سامان و ماڵ و حاڵەیان لەکوێوە هێنا و بە کامە پاچکاری دەستیان کەوتووە؟ لەکاتێکدا ئەمە لەناو گەلی زیندودا هەر لە ڕۆژەکانی یەکەمەوە یەکلایی دەکرایەوە، کەچێ تازە بەتازە گەلی ئێمە لەباشور لەڕێگەی فەیسبوک و یوتبەوە دێن قسە لەسەر دزیەکی بچوک دەکەن کە لەچاو ئەو دزی و هەراجانەدا هیچ نییە.
کۆریەکان دەڵێن :" بۆ ئەوەی دوجار نەمری مەگەڕێرەوە بۆ لای ئەو کەسەی کە جاری یەکەم گاڵتەی پێکردوویت". لەکاتێکدا دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە کە بەڵێ ئۆتۆمۆبیلە گران بەهاکان بۆ پەرلەمانەکان ناکڕێن، هەمان خەڵک کەوتە وەسف کردنی پەرلەمانتاران و سەرۆکە داعشەکەی ناو پەرلەمان.
خەڵکی ئێمە ناپرسێ ئەرێ ئەم هەموو کەناڵی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و ڕادیۆیە بەهەدەردانی سامان و لوقمی خەڵک نییە ؟ یان سەفەری ئەم هەموو بەرپرسە نابەرپرسانە و خۆیان و منداڵەکانیان بەهەردان نییە، ئەی چییە ؟
ئەم هەموو حیمایە و قولەیە کە کۆڵان و شەقامەکانیان ناشرین کردوە بەهەدەردانی لوقمی خەڵک نییە؟
کامۆ جوانی بۆ چوە کە ووتوێتی :" نازانم کامیان خراپترە ؟ ئەوانەی درۆم لەگەڵ دەکەن، یان ئەوانەی وادەزانن من گەمژەم باوەڕ بەدرۆکانیان دەکەم ".
ئێستا ئێمە لە ووڵاتێکدا دەژین ئەوەی بمرێت پێی دەڵێین ئیسراحەتی کرد، لەکاتێدا ئێرە ئەم نیشتمانەی ئێمە ئەگەر خاوەنی هەبوایە یان ئەگەر گەلێکی وشیاری هەبوایە لە مێژبوو بەو سامانەی دەیتوانی بە ئازادی و سەرفرازی بگات، نەک ئەوەی دوای ٢٣ساڵ تازە بەتازە چەند چەتەیەک بێن هەڕەشە لەنیشتمانەکەت بکات و تۆش لێرەوە خەریکی ئەوەبیت کە پەرلەمانەکەت ئۆتۆمێل بکڕێت یان نا.
هاوڕیەکم باسی پەیکەری قارەمانێکی هۆڵەندی بۆکردم لەکاتی شەڕی نازییەکاندا، لەیەکێک لە شارە بچکۆلەکانی هۆڵندا بۆی کراوە، ئەو پیاوە جوامێرە کاتێک نازییەکان دێن شارەکەیان داگیربکەن جەنگاوەرەکان خەریکی ئەوەن کۆڵ بدەن ئەویش لای سەیر دەبێت، پرسیار دەکات گرفتان چییە ؟ لەوەڵامدا دەڵێن ئێمە خۆراکمان نەماوە چاکترە شارەکە بدەینە دەستەوە، دەڵێ محاڵە لە خۆراک نەماوە من بخۆن باڵی چەپی دەقرتێنێت دەڵێ لە خواردنی باڵی منەوە دەست پێبکەن بەڵام شار مەدەنە دەست دوژمنەکانمان. ئەمە ڕێک لە هەڵوێستی مەسعود بارزانی دەچێت، لە هەڵوێستی ئەو جەنگاوەرانە دەچێت کە بایکۆت لەسەر کوردستان بوو ئەوان هەرچی شتێک بەهایەکی هەبوایە ئاودیویان دەکرد، ڕێک لەو قارەمانانە دەچێت کە بازرگانی نەوت لەگەڵ چەتەکانی داعشدا دەکەن و گەل قسەی لەسەر ناکات، بەڵام ئەو شتانە دەوروژێنن کە دەسەڵات لای خۆشە، هاتنی داعش تەمەنی ئەم دەسەڵاتەی درێژتر کردەوە، گەلی ئێمەش هەر لە خەوی قوڵدایە، لەکاتێکدا داهاتووی ئەو ووڵاتە هیچ ڕۆشناییەکی تێدا نابینی. پەندێکی ئیسپانی هەیە دەڵێن: کاتێک مرۆڤ نەزانێت ئامانجی کامە بەندەرە، سود لە هیچ بایەک نابینێ کە لە کوێوە هەڵدەکات ". گەلی ئێمەش وایە چونکە تەنها بۆ ڕۆژێک دەژین کە سبەینێمان دیار نییە بۆیە نە لە خۆمان نە لە ماوەی ئەم ٢٣ساڵەدا لەم دەسەڵاتە گەیشتووین، ئاساییە سبەینێش دەچینەوە دەنگیان بۆ دەدەین و کۆیلەبونی خۆمانیان بۆ نوێ دەکەینەوە.
ئێمە لەبەردەم شۆڕشێکداین خۆتانی لێمەدزنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە