نێچیرەڤان بارزانی كورسییەكەی لەسەر دووقاچ ڕاوەستاوە، باشترە دەستبەرداریبێت
Saturday, 26/10/2013, 12:00
1659 بینراوە
رووداوەكانی ساڵانی رابردووی هەرێمی باشووری كوردستان زۆربەیان ئەوەندە روویان تاریكە كە مرۆڤ زۆرجار شەرم دەكات لە هەڵدانەوە و باسكردنیان، بەدرێژایی ئەو ساڵانەش بەهۆی ئەو شەڕو ئاشووبە یەك لە دوایی یەكەی كە بەتایبەت پارتی و یەكێتی هەڵیان دەگیرساند دژ بە خۆیان و ئەم حزب و ئەو حزب وای كردبوو كە زۆر پرۆسەی گرنگی كایەكانی ژیان و ژیانی سیاسی تووشی ئیفلیجی بن، یەك لەو پرۆسانەش پرۆسەی هەڵبژاردن و پەرلەمان بوو كە بەهۆیەوە سەنگ و قورسایی حزبەكان دیاری دەكات و هەڵبژاردنیش پرۆسەیەكە كە ئەگەرچی رێژەی پاكی هەڵبژاردن لە سایەی پارتی و یەكێتیدا شتێكی ئەستەمە، بەڵام تاڕادەیەك تەزوویەكی بەهێزی كارەبایە كە بە ئاگایان بێنێتەوە لەو لوت بەرزییەی كە ساڵانێكی درێژە تێی كەوتوون و بە ئاگا هێنەرەوەیەكی باشە لەو خەوەی كە چەندین ساڵە ئەم دوو حزبە هێشتا حساباتیان لەسەر هەڵبژاردنی ساڵی (1992)ەوە كە واهەست دەكەن تەنیا خۆیان بە ففتی بەفتی لە ساحەكەدا هەن و حساب بۆ هیچ لایەنێكی تر ناكەن.
بەو پێیەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو زۆرینەی حزبەكان بە هاوپەیمانی بەشداریان دەكرد بۆیە سەنگ و قورسایی هەر حزبێك بەڕوونی دیارنەبوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی (21/9/2013)ی پەرلەمانی كوردستاندا تاڕادەیەك سەنگی هەر حزبێك دەركەوت چونكە زۆرینەیان بەلیستی جیا دابەزین، كەئەمەش كارێك بوو دەكرێت لە دیوێكەوە وەك گەڕانەوەی خێر بەسەر خەڵكدا لێكدانەوەی بۆ بكرێت، چونكە ئیتر هیچ حزبێك مافی ئەوەی نەما كە خۆی بە كوێخا و دەمڕاستی تەواوی خەڵك یان زۆرینەی خەڵك بزانێت...
ئەگەر بەروونی رووی وتەكانمان بكەینە پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا زۆرترین كات سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی باشووری كوردستانی كردووە و وەك خۆی دەڵێت هێزی یەكەمی هەرێمە، ئەوا دەبێت پارتی بەتایبەت لەدوای ئەم هەڵبژاردنەوە لەو راستییە گەیشتبێت كە هەرگیز نەیتوانییوە هێزی یەكەمی تەواوی باشووری كوردستان بێت... چونكە ئەگەر لەرووی ژمارەی دەنگدەرەوە هەڵسەنگاندن بۆ رێژەی دەنگی بەدەستهاتووی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین ئەوا دەبینین كە نەیتوانییوە نیوەی دەنگی دەنگدەران بۆخۆی مسۆگەر بكات، ئەمەش بەو واتایە دێت كە ئەگەر كورسییەكەی سەرۆكی حكومەت كە لە پارتییە و هەمیشەش نێچیرەڤان بارزانی ئەو پۆستەی وەرگرتووە لەسەر چوار قاچ وەستابێت ئەوا پارتی یان نێچیرەڤان بارزانی نەیتوانیووە دووقاچی ئەو كورسییە بەتەواوەتی بەدەستبهێنێت...!؟ بەواتایەكیتر لە ماوەی چەندین ساڵەی حوكمڕانی نێچیرەڤان بارزانی هەرگیز نەیتوانییوە حوكمی بگاتە پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و ئەو رێژەكەمە دەنگە شەرم هێنەرەی پارتیش كە لەم ناوچانە هێناویەتی گەواهیدەری ئەو راستییەن كە پارتی و خودی سەرۆكی حكومەت كەنێچیرەڤان بارزانی بووە لەماوەی ساڵانی رابردوودا نەیان توانییوە سیاسەتێكی راست پەیڕەو بكەن و سەرۆكی حكومەتی هەموو هەرێم بێت، بۆیە جارێكی دیكەش خەڵك بە دەنگەگانیان بە پارتی و سەرۆكی حكومەتیان وت كە ئەوان سیاسەت و حوكمی ئەوانیان قبوڵ نیە...
لەكۆتایی ئەم وتارەدا خواستمە بڵێم كە لە چەند هەفتەی داهاتوودا پاش كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، براوەی یەكەم كە پارتییە تەكلیف دەكرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، هیواخوازم ئەگەر پارتی حكومەتی داهاتووی پێكهێنا ئەوا ئەو بوێریەی هەبێت كە گۆڕانكارییەكی بچوك لەناوخۆی حزبەكەیدا بكات و جارێكی تر ئەو پۆستە نەداتەوە بە نێچیرڤان بارزانی، كەئەمەش بۆ خودی حزبەكە باشە و هاوكات خەڵكی كوردستانیش پشوویەك دەدات لەوەی دەموچاوێكی تازە لە سەر كورسی سەرۆكی حكومەت دەبینێت، بۆ نێچیرەڤان بارزانیش واباشترە خۆی دەست لەو پۆستە هەڵبگرێت نەك جارێكیتر لە ناوچەكانیتریش دەنگ نەهێنێت ئینجا وازبێنێت چونكە جەنابی بارزانی دەبێت ئێستا لەو راستییە تێگەیشتبێت كە كورسییەكەی لەسەر دووقاچ وەستاوە.