کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له ‌به‌ر١٧ ده‌نگ هه‌ڵبژاردن کرایه‌وه‌

Thursday, 19/05/2011, 12:00







سپیۆنزا فه‌یله‌سوفی هۆڵه‌ندی پێ ی وایه‌ باشترین حکومه‌ت، حکومه‌تی دیموکراسی و زۆرینه‌ی خه‌ڵکه ‌به ‌مه‌رجێک ‌ئه‌ندامانی بتوانن ئازادانه ‌بیربکه‌نه‌وه‌و قسه‌بکه‌ن و بنوسن.

له‌ سوید هه‌موو چوار ساڵ جارێک له‌ سێپته‌مبه‌ردا سێ هه‌ڵبژاردنی گرنگ که‌ بریتین له‌ په‌رله‌مان،شاره‌وانی، پارێزگاکان(ئه‌نجومه‌نی هه‌رێم) ئه‌نجام ده‌درێت و نزیکه‌ی حه‌وت تا ‌هه‌شت پارتی سه‌ره‌کی له‌م په‌ڕی چه‌پ‌ که وا‌ ڤێنسته‌ر پارتی و سۆسیال دیموکراته‌کانه‌‌ تا ئه‌وپه‌ڕی ڕاست که وا‌ مۆدێراته‌ له‌ دوو به‌ره‌ی چه‌پ و ڕاستدا‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌ن. ده‌سه‌ڵاته‌کانیش به‌ پێ ی یاسا له‌ یه‌کتر جیاکراونه‌ته‌وه، شاره‌وانی ده‌سه‌ڵاتی قوتابخانه‌کان و باخچه‌ی ساوایان و به‌ساڵاچوان هه‌یه‌ و ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمه‌کانیش ده‌سه‌ڵاتی ته‌ندروستی و هاتووچۆیان هه‌یه و که‌س ناتوانێت سنوری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وی دیکه‌ ببه‌زێنێت‌.

پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی‌ ١٩ سێپته‌مبه‌ری ٢٠١٠ ‌ به‌ هۆی دۆزینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ و که‌م کوڕی له‌ ده‌نگی١٩٠ که‌س دا له‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگادا (ئه‌نجومه‌نی هه‌رێم) له‌ شاری یۆتۆبۆری که‌وا دووه‌م گه‌روره‌ترین شاره له‌ سوید‌، هه‌روه‌ها حیساب نه‌کردنی ١٧ ده‌نگ له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی ئۆرۆبرۆ که‌وا شه‌شه‌م گه‌وره‌ترین شاره‌ له‌م وڵاته‌دا، په‌رله‌مان بڕیاری دا هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی و ئه‌نجومه‌نی هه‌رێم له م‌ دوو شاره‌دا دوباره‌ بکرێته‌وه‌، ئه‌وه‌بوو ١٥/٥ هه‌ڵبژاردن دوباره‌ کرایه‌وه‌و سۆسیال دیموکراته‌کانی سوید و به‌ره‌ی چه‌پ له‌م دوو شاره‌ سه‌رکه‌وتنیان به‌ ده‌ست هێنا.

دوبا‌ره‌کردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی شاره‌وانی و ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمه‌کان له‌ شاری یۆتۆبۆری و ئۆرۆبرو ده‌رهاوێشته‌ و بانگه‌شه‌ی سیسته‌مێکی سیاسی دیموکراسی ڕاسته‌قینه‌یه‌‌ که‌وا نایه‌وێت هیچ ده‌نگێک به‌ ئۆپۆزیسیۆنیشه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا فه‌رامۆش بکات، چونکه‌ فه‌‌رامۆش کردن و گوێ نه‌دان به‌ ده‌نگی تاک و که‌مینه‌و ئۆپۆزیسۆن و بێبه‌ش کردنیان له‌ ناوه‌ندی بڕیاڕو گوێ نه‌دان به داواو ‌ هه‌ڵه و که‌م و کوڕیه کان، ڕێگا خۆش ده‌کات‌ سیسته‌مێکی سیاسی ئیفلیج و پڕ له‌ هه‌ڵه‌و که‌م و کوڕی له‌ دایک ببێت و کۆمه‌ڵگا نوقمی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و پشێوی بکات وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ کوردستان ڕووده‌دات .

له‌ کاتێکدا له‌ وڵاتی سوید له‌به‌ر ١٧ ده‌نگ هه‌ڵبژاردن دوباره‌کرایه‌وه‌، به‌ڵام له‌ کوردستان به‌ پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی سه‌رده‌م و پێشکه‌وتنخوازی جیهانه‌وه، ‌ ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مێکی سیاسی حیزبی حوکمی کوردستان ده‌کات که وا ته‌نها له‌ میدیاکانیان وسه‌رمێزو قسه‌وباسیان دا بڕوایان به‌ دیموکراسی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ کرداردا به‌ چه‌ک و توندوتیژی وه‌ڵامی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان و خۆپیشانده‌ران و جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مان ده‌داته‌وه .

وه‌ک ئاگادارن له ماوه‌ی داهاتوودا هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکانی کوردستان ئه‌نجام ده درێت، زۆربه‌ی پێشبینیه‌کان ئاماژه‌ به‌و ڕاستیانه‌ ده‌ده‌ن که‌وا یه‌کێتی و پارتی هه‌موو شتێک ده‌که‌ن له‌ پێناو کورسی زیاترو سه‌رکه‌وتنیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌دا، واتا‌‌ ئه‌گه‌ر ١ ملیۆن ده‌نگ له‌م هه‌رێمه‌دا ته‌زویر بکرێت به‌ مه‌رجێک له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کێتی و پارتیدا بێت ئه‌وا ئاماده‌ نین نوزه‌یان لێوه‌ بێت.

ئه‌م سیسته‌مه‌ سیاسیه‌ی کوردستان‌ وێناندن و کۆپی کردنی هه‌مان مۆدێلی حیزبه‌ تۆتالیتاری و‌ سه‌ربازیه‌کانی جارانه‌ ‌و کۆڵه‌که‌کانی خۆشی له‌ سه‌ر ته‌زویرو ده‌نگ کڕین و ده‌نگ فرۆشتن و ده‌نگ فریودان و ده‌نگ حیساب نه‌کردن و ده‌نگ کوشتن و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های حیزب و خێڵ و گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و توندوتیژی و نه‌بوونی یاساو ئازادی و دیموکراسی و یه‌کسانی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری بۆ هه‌مووان بونیاد ناوه و بێ ئه‌مانه‌ش ناتوانێت بژی‌، هه‌موو خه‌مێکیشیان ته‌نها حیزب و کورسی و ده‌سه‌ڵات و گیرفان پڕکردنه‌‌.

یه‌کێتی و پارتی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ ژێر ناوی حکومه‌ت و ئه‌زمونی ساواو مه‌ترسی ده‌ره‌کی و پیلانی دوژمنان خۆڵ به‌ چاوی جه‌ماوه‌ردا ده‌که‌ن و کاروکرده‌وه و پرۆژه‌ی ساواو ساخته‌ پێشکه‌ش به‌ گه‌له‌که‌مان ده‌که‌ن ، به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان گه‌له‌که‌مان فریوو بگێلێنن و کوردستان نوقمی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و شه‌ڕ و پشێوی بکه‌ن ، توانیان پاش بیست ساڵ له‌ حوکمڕانی ناشیرینترین تابلۆ‌ی سیاسی پێشکه‌ش به‌ گه‌لی کوردو و گه‌لانی جیهان و ناوچه‌که‌ بکه‌ن.

ڕاپۆرتی به‌شێک له‌ په‌رله‌مانتارانی جیهان و ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان گه‌واهی ئه‌م ڕاستیانه ش‌ ده‌ده‌ن که‌وا ئه‌وه‌ی له‌ کوردستان ڕۆژانه‌ ڕوده‌دات پێشێل کردنێکی ته‌واوی مافه‌کانی مرۆڤ و دیموکراسی و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانه، له‌ به‌رئه‌وه‌ پێویسته ئه‌م حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته یان چاکسازی ڕیشه‌یی ئه‌نجام بدات یان‌ به‌ زوترین کات یه‌خه‌ی گه‌لی کورد به‌ربدات و‌ ماڵئاوایی له ‌گه‌له‌که‌مان بکات و بوار به‌ پارته‌کانی دیکه‌ بدات ئه‌م بۆشاییه‌ سیاسیه‌ پڕ بکه‌نه‌وه‌.


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە