هەموو شتێك بۆئازادى ... ئازادى بۆهەموان .. لێناگەرین ئازادیەكانمان بكوژن
Sunday, 22/05/2011, 12:00
یاساكانى كوردستان لەچوارچیوەى دەقدا زۆبەیان شارستانیانەن و هیچ گرفتیك نابینین وەك دەقیكى یاساى نوسراو بەلام كێشەى سەرەكیمان جێبەجێ نەكردنى دەقە یاسایەكانە , هەربۆیە دامەزراندنى ئەنجومەنى باڵاى رۆژنامەنوسان لەكوردستان بەگەمەیەكى ترى دەسەڵاتى یەكێتى و پارتى دەبینم و هەرهەوڵێكى جدى بۆدروستكردنى ئەو ئەنجومەنە بە دەستبردن بۆئازادى و بەرتەسككردنەوەى ئازادیەكانمان دەناسێنم وەك چۆن ئیستا پارتى و یەكێتى هەمو هەولێكى خۆى بە كردار بۆئەو مەبەستە دەدات و بەبیانوى تەشهیركردن و ناو زراندن لەڕێگەى یاساوە هەرەشە لە رۆژنامەنوسان و بلاو كراوە سەربەخۆ و ئەهلیەكان دەكەن .
دروستكردنى ئەنجومەنى باڵاى ڕاگەیاندن لەكوردستان ئەگەر بۆ كاركردن بێت لەسەر چەسپاندنى ئیتیكى كارى ڕۆژنامەوانى و بایەخ دان بێت بە كێشەو گرفتەكانى نوسەران و ڕۆژنامەكان ئەوا هەنگاوێكى پۆزەتیڤانەیە بەرەو ئاراستەكردن و كۆتاى پێهاتنى ئەو فەوزائیعلامیەى كە بەشیك لە ڕۆژنامەوبڵاوكراو تەلەفزیونەكان لەكوردستاندا دروستیان كردوە , بەلام ئەگەركارى ئەو ئەنجومەنە و خاوەن بیرۆكەكانى ئەوەبێت كە سانسۆر دروستبكات و بەئارەزوى ئەوان رۆژنامەو دەزگا ئیعلامیەكانى تركاربكەن ئەوە هەوڵێكە لەسەرەتاوە بەنەزۆركى دروست دەبێت و توشى بەربەرەكانیەكى زۆرسەخت دەبێتەوە لەلایەن نوسەرانى ئازاد و رۆژنامە ئەهلیەكانەوە ؟ چونكە لە هیچ شوێنێكى دونیاى دیموكراسیدا نیە كە نوسەر یان ڕۆژنامەنوسان و بلاوكراوەكان بە ئاوازى خەلكانێك سەمابكەن و بنوسن كە لەلایەن دەسەڵاتەوە و بەناوى لیژنەیى بیلایەنەوە ئاراستە بكرێن بۆ دەم گرتن و سەركوت كردنى قەلەمى نوسەران , ئەوەى ئەو ئەنجومەنە كارى بۆدەكات هەرلەسەرتاوە بەدیاركەوت كە كاریان دروستكردنى سانسۆرە نەك ریكخستن و پەرەپێدانى میتۆدى نوسین و بڵاو كردنەوە ؟ ئەگەر نا بۆچى لەیەكم دانیشتن و دروستكردنى بۆردەكەیانەوە هیچ كام لە دەزگا ئیعلامیە سەربەخۆكانیان بانگیشت نەكردو بۆچى پرس و راویژیان بە نوسەران و رۆژنامەنوسانى سەربەخۆ و ئازاد نەكرد ؟ بیگومان ئەو ئەنجومەنە هەرلەسەرتاى یەكەم هەنگاوى خۆیانەوە كەوتنە هەلەیەكى گەرەوەو بەو هەلەیەشیان مردنى خۆیان ڕاگەیاند .
ئیمە لە وڵاتێكدا دەژین و قسە دەكەین و دەنوسین كە هەمومان دەزانین دونیاى حیزبە و باڵادەستى حیزب لەو پەریى خۆیدایە و یاساى ئەوان كاردەكات و دەسەلاتى یاسایش لە خوار هەمو ئەو شتانەوەیە كە ئەوان بەرگێگى موقەدەسیان بەبەریدا كردوە .
ترسى گەوەرى دەسەڵاتى كوردى لەم دۆخەدا كە ئیستا كوردستانى تێدا گوزردەكات و تەواوى شەقام یەكگرتوانە لەدژى گەندەلى و ناعەدالەتى كۆمەڵایەتى و سیاسی لەبەرامبەر جەبرەكانى پارتى و یەكێتكدا دەنگیان هەڵبریەوە , هیندەى ئەو ترسەیە كە ئێمە هەمانە بۆبەرتەسككردنەوەى مەوداكانى ئازادى و خودى ئەوەدەسەڵاتە بە فیڵێكى ترى خۆى دەیەوێت لەرێگەى دروستكردنى ئەنجومەنێكى وەهاوە كاربكات بۆكۆنترۆڵكردنى هەمو ئەو هەناسانەى كەلەدەروەى بازنەداخراوەكانى ئەوە وە ژیان دەبەخشێتەوە بە بۆچونەجیاوازەكان و رێزلە ئیرادەى تاك بەتاكى ناوكۆمەڵگاى كوردى دەگرێت وكارربۆئەوەدەكات كە میللەت یەكەمین مەرجەع و دواهەمین مەرجەع بێت ؟ چونكە دەسەلاتى كوردى و ئیعلامیەكانى ناو كایە جیاجیانى ئەو دەسەلاتە دەزانن كە هیچ نهێنیەكى خۆیان كەس ئاشكراى ناكات رۆژنامەوانى سەربەخۆ وبڵاوكراوە سەربەخۆكان نەبیت , هیچ تەلەفزێونێكى حیزبى نهێنیە ترسناكەكان و گرێ بەستە قەبە وەهمیەكان و ڕاستى چیرۆكەكان ئاشكرا ناكات مییداكانى ئەو حیزبانە نەبێت كە لەژێر هەیمەنەى پرلەسانسۆرى ئەوانداكارناكەن.
لەماوەى 19 ساڵدا جۆرێك لەپاشاگەردانى یەخەى بە حكومەتى پارتى و یەكێتى گرتوەو لەهەر قەیرانیكدا پەنا بۆهەمو شتێك دەبات تەنها بۆئەوەى قوتاربێت لەو دۆخەى كە چارەنوسى دەخاتە بەرمەترسییەوە , دروستكردنى ئەو ئەنجومەنە یەكێكە لەوهەوڵانە بۆ بەرتەسكردنەوەى ئازادیە فەردانیەكان و كۆنترۆڵكردنى بیركردنەوە و بۆچونەكانى هەمومان هەربۆیە ئەوە قابیلى قبوڵكردن نیەودەبێت ئەوانەى ئیمانیان بە ئازادى خۆیان و بەرامبەرەكانیانە لەڕوو بە ڕووبونەوەدابن بەئامانجى لەباربردنى هەرهەوڵێك بۆكوشتنى ئازادى .
سەرنج : ئەم وتارە لەژمارە (723) ى ڕۆژنامەى (هاوڵاتى) بڵاوكراوەتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست