کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەگەر ئەم دژایەتیە بەردەوام بێت ، میللەت ماڵ وێران دەبێت !!!

Friday, 02/07/2010, 12:00



لەئەنجامى هەڵبژاردنى 25/7 ى ساڵى رابردوو هاوكێشەى سیاسى و پەرلەمان و بەرێوەبردنى حكومەت گۆڕانى بەسەرداهات و گوڕو تینێكى نوێى بەخشیە بەر پرۆسەى سیاسى و هاوكێشەى ئازادى و دیموكراسى و رادەربرین و پێكهاتەى ناو پەرلەمانیشى گۆڕى كەجێگاى خۆشحاڵى هەموو لایەك بوو بەتایبەت ووڵاتانى بیانى بەهۆى لەدایكبونى ئۆزسیۆن لەكوردستان و لەناو پەرلەمانى كوردستان ، هەر گۆڕانى ئەوهاوكێشەش بوو بوە هۆى جوانتركردنى روخسارى دیموكراسى پرۆسەى سیاسى كوردستان ، بەڵام ئەوەى زۆرگرنگە باسى لێوەبكرێت ئەویش ئەوەیە كەواساڵێك بەسەر ئەوهەڵبژاردنە واتێپەڕى بەڵام تائێستا بوونى ئۆپۆزسیۆن لەلایەن دەسەڵاتەوە بەچاوێكى دوژمنكارانە سەیردەكرێت و كاتێكى زۆرى دەوێت تادەسەڵات ئەو بونەى ئۆپۆزسیۆن هەزم بكات ، لاى هەمووان ئاشكرایە سەرەراى هەندێك تێبینى لەناوەوە و دەرەوەى كوردستان لەسەرئەداى ئۆپۆزسیۆن بەڵام بەوتەمەنە كورتەى و بەوبونەوەرە نوێیە لەكوردستان كەیەكەمجارە لەدایكبووە و دەتوانین بڵێین هێشتا لەگەڵ ئاووهەواى ئەم هەرێمەش كەمێك نامۆیە بەڵام جێگاى دڵخۆشى زۆرینەیە و چاوەروانى ئاسۆیەكى روونى لێدەكرێت ئەگەر كەشێكى واى بۆبرەخسێت بۆئەوەى ئەوخۆرە هەڵبێت و كۆسپ و تەگەرەى بۆنەهێنرێتە پێش و زەمینەكەى تێك نەدرێت ، هەرچەندە زۆرجار سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى حكومەت لەلێدوانەكانیاندا داوایان لەئۆپۆزسیۆن كردووە ببنە فاكتەرێك بۆبەرەوپێش بردنى رەوشى كوردستان و ببنە رێنیشاندەرێكى گرنگ بۆكارەكانى حكومەت و پیشاندانى كەموكورییەكان بەڵام تائێستاش دژایەتى ئۆپۆزسیۆن دەكرێت و بەچاوى دوژمنكارانە سەیرى ئۆپۆزسیۆن دەكرێت ، وێڕاى بەدەنگەوە هاتنى لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆداواكانى سەرۆكى حكومەت و سەرۆكى هەرێم بەوەى كەلەزۆربەى كاتەكاندا ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ لیستى دەسسەڵات یەك دەنگ بووە بەرامبەر پرسە چارەنووسسازەكان و داخوازییەكانى گەلى كورد و پێشكەشكردنى پرۆژەیاسا و داواكارى رەواو بەجێى هاووڵاتیان بەڵام تائێستاش بیبَهودەیە و دژایەتى ئۆپۆزسیۆن بەردەوامە ، لەماوەى تێپەربونى نزیكەى ساڵێك بەسەر تەمەنى پەرلەمان وێراى هێنانە پێشەوەى چەندین كۆسپ و تەگەرە لەبەردەم كارەكانى پەرلەمان و كۆنەبونەوەى پەرلەمان بۆماوەیەكى زۆر بەبیانووى جۆراوجۆر بەڵام چەند دانیشتنێكى سازكرد و ئەوپرۆژەیاسایانەى كەپێشكەش كرابوون هەندێكیان خوێندنەوەیان بۆكراو هەندێكیان لێ پەسەند كراو هەندێكیشیان دواخران و هەندێكیشیان خرانە بەردەستى لیژنە پەیوەندیدارەكان بۆكار لەسەركردنى و بەشێكیشیان لێ رەتكرانەوە !!! ئەوەى پێویستە هەڵوەستەى لەسەر بكەین ئەویش ئەو پرۆژەیاسا و داواكاریانەیە كەلەلایەن لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان پێشكەشكرابوون بەڵام زۆربەیان لەلایەن لیستى دەسەڵاتەوە رەتكراونەتەوە بەبیانوى جۆراوجۆر ، بەڵام ئەگەر بێینە سەر ئەوبیانوانە هیچیان لەجێگاى خۆیان نین و مەرامى سیاسی و جۆرێك لەدژایەتیان پێوەدیارە چونكە ئەو داواكارى پرۆژەیاسایانەى كەلەلایەن لیستە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە پێشكەش كراون زۆربەیان داواى نێوشەقامى كوردى كوچە و كۆڵانەكانى ئەم هەرێمەن و هەوێنى ئەوپرۆژەیاسا و داواكاریانە هاووڵاتیانن و مافى سروشتى هاووڵاتیان بەڵام سەیرە لەلایەن لیستى دەسەڵاتەوە زۆربەیان رەتكراونەتەوە ، ئەوەى من بەبۆچوونى تایبەتى خۆم لێكدانەوە و شرۆڤە و شیكارى بۆبكەم وەڕاى زۆربەى چاودێرانى سیاسى و هاووڵاتیانە ئەویش ئەوەیە كەرەتكردنەوەى ئەوپرۆژەو داواكاریانەى كەلەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە پێشكەش كراون هۆكارەكەى ئەوە نیە كەئەو پرۆژەیاسا و داواكاریانە شتى نامەعقولن و شایانى ئەوەنین جێبەجێبكرێت و بەداوایەكى نارەوا لەقەڵەم بدرێت تەنها هۆكارى سەرەكى رەتكردنەوەى ئەو پرۆژەیاسا و داواكاریانە لەلایەن لیستى دەسەڵاتەوە ئەوەیە كەئەو پرۆژەو داواكارییانە لەلایەن لیستى ئۆپۆزسیۆنەوە پێشكەش كراون ، بەبیروراى لیستى دەسەڵاتیش جێبەجێكردنى داواكارییەكانى لیستەكانى ئۆپۆزسیۆن دەبێتە دەست كەوت بۆئەولیستانە و دەبێتە فاكتەرى لاوازبونى لیستى دەسەڵات و كەمبونەوەى پێگەى جەماوەرى لیستى دەسەڵات و زیادبوونى پێگەى جەماوەرى لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان ، چەند رۆژێك لەمەوبەر یەكێك لەئەندام پەرلەمانە بەرێزەكان كەسەر بەلیستى كوردستانى بوو لەكەناڵێَكى راگەیاندن داوەت كرابوو پرسیارى ئەوەى ئاراستەكرا لەلایەن پێشكەشكارى بەرنامەكە (ئایا بۆچى ئێوە دەنگ بەپرۆژەیاساكانى لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان نادەن و رەتیان دەكەنەوە ؟) ئەو ئەندام پەرلەمانە بەرێزە لەوەڵامى ئەوپرسیارەدا ووتى (هۆكارى دەنگنەدان بەپرۆژەیاساكانى لیستەئۆپۆزسیۆنەكان و رەتكردنەوەیان دەگەرێتەوە بۆئەوەى كەلیستە ئۆپۆزسیۆنەكان پرۆژەیاساكانى ئێمە رەتدەكەنەوە و دەنگیان پێنادەن بۆیە ئێمەش پرۆژەیاساكانى ئەوان رەتدەكەینەوەو دەنگیان پێنادەین !!!) بەڕاستى ئەم وەڵامە منى وروژاند ، بۆیە دەڵێم ئەگەر لیستى دەسەڵات لەسەربیركردنەوەى ئەو ئەندام پەرلەمانە بەرێزەى بەردەوام بێت ئەوا میللەت ماڵ وێران دەبێت !!! چونكە زۆربەى داوا و پرۆژەكانى كەلیستە ئۆپۆزسیۆنەكان پێشكەشى دەكەن لەبەرژەوەندى هاووڵاتیانى كوردستانە و مافى رەواى هاووڵاتیانە ، بۆیە لەمەودوا پێویستە لەسەر لیستى دەسەلات و لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان تێروانینێكى نوێیان هەبێت بەرامبەر دەنگدان بەپرۆژەیاساى یەكترى و بەبۆچونێكى وا بیرى لێبكەنەوە كەئەو داواكاریانە و ئەو پرۆژەیاسایانە بەندە بەژیانى هەزاران هاووڵاتى ئەم هەرێمە خێر لەخۆنەدیوەى ئێمە نەك تەنها كوتلەیەكى پەرلەمان كەلەچەند ئەندام پەرلەمانێك پێكدێت وەلەهەموان گرنگتر ئەوەیە هەمو لیستەكان بەچاوى برایانە و كوردانە سەیرى یەكترى بكەن و لەسەربنەماى بەرژەوەندى هاووڵاتیان دەنگ بەداواكارى پرۆژەیاساكانى یەكترى بدەن .


 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە