کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


با 23 هه‌مین ساڵیادى ئه‌نفال بكه‌ینه‌ هانده‌رێك بۆ به‌ جینۆساید ناسینى ئه‌م تاوانه‌ له‌ جیهاندا

Wednesday, 13/04/2011, 12:00


بیست و سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕژێمى به‌عس به‌ناوى پڕۆسه‌ى ئه‌نفاله‌وه‌ دڕندانه‌ترین تاوانى به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لى كوردستان له‌ عێراقدا ئه‌نجامدا، تا له‌ ئاكامدا زیاتر له‌ (182000) هاوڵاتى بێ سه‌روشوێن كران ونزیكه‌ى (8000) بارزانیش پێشتر ڕاپێچى كه‌ژاوه‌ى مه‌رگ وسه‌رنگونى كران، كه‌ له‌ نێو ئه‌وانه‌دا هه‌زاره‌ها منداڵ وژن وپیریان تێدابوو، هه‌ر له‌م نێوه‌دا زیاتر له‌ (4500) گوند خاپور و وێران كراو چى زینده‌وه‌ر و ماڵیاتیشه‌ به‌ تاڵان بران یان داروپه‌ردووى خانوه‌كانیان به‌سه‌ردا ڕووخێنراو مه‌زرا وباخ وباخات وخوێندنگا ومزگه‌وته‌كانیش وێرانكران وله‌گه‌لأ زه‌ویدا ته‌ختكران.
ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ دڕندانه‌یه‌ى به‌عس تاوانێكى ئاسایى نه‌بوو بۆ مه‌به‌ستێكى سیاسى دیاریكراو وبه‌س، ئه‌گه‌رچى مه‌به‌ستى سیاسیشى له‌ پشته‌وه‌ بوو، به‌ڵكو مه‌به‌ستى بنه‌ڕه‌تى لێى ئیباده‌كردن وسرَینه‌وه‌ى گه‌لێكى سته‌مدیده‌ وئازادیخواز بوو له‌سه‌ر خاك وئاوى خۆى، مه‌به‌ستى سڕینه‌وه‌ى جوگرافیا ومێژوو وكلتور وڕۆشنبیرى گه‌لێك بوو كه‌ هه‌موو تاوانه‌كه‌ى ئه‌وه‌ بوو ده‌یخواست وه‌ك هاوڵاتیه‌كى ئازاد ویه‌كسان بژى.
ئه‌م تاوانه‌ دڕندانه‌یه‌ هێنده‌ بێ به‌زه‌ییانه‌ ئه‌نجامدرا ژنى دووگیان و منالأ وبه‌ساڵاچووه‌كانیشى له‌نێو خۆیدا ڕاپێچ كرد، ڕژێمى به‌عس به‌ هاوكارى چه‌ندین موسته‌شار وسه‌رۆك جاشى كورد به‌گه‌وره‌ترین هێزى سه‌ربازى زه‌مینى وئاسمانیه‌وه‌ له‌ بارودۆخى بێده‌نگى ونابه‌رپرسایه‌تیه‌كى ناوچه‌یى وجیهانیدا ئه‌م تاوانه‌ى به‌ئه‌نجام گه‌یاند، یه‌ك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ خۆیان به‌ ئیسلام ده‌زانن یاخود به‌ پارێزه‌رى مافى مرۆڤ و دیموكراسى هیچیان بچوكترین ناڕه‌زایه‌تیان نه‌ك هه‌ر پیشان نه‌دا به‌ڵكو ده‌كرێت بڵێین هاوكار وپشتیوانیشى بوون.
جێگاى داخه‌ زۆرێك له‌و سه‌رۆك جاش وموسته‌شاره‌ كوردانه‌ى كه‌ له‌ تاوانى به‌دناوى ئه‌نفال به‌شداریانكرد هێشتا ڕاپێچى دادگا نه‌كراون وله‌گه‌لأ ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌وانه‌ له‌لایه‌ن دادگاى باڵاى تاوانه‌كانه‌وه‌ له‌ به‌غدا داواكراون.
مایه‌ى نیگه‌رانیه‌ تا ئێستا نه‌ك هه‌ر له‌ نێو به‌شێكى نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌بدا به‌ڵكو له‌ ناوه‌ندى ده‌سه‌ڵاتدارێتى عێراقیدا خه‌ڵكان ولایه‌ن وده‌سته‌ وتاقمێك هه‌ن نه‌ك هه‌ر به‌ ڕوونى ڕسوای ئه‌و تاوانه‌ ڕه‌گه‌ز په‌رستانه‌ى ڕژێمى به‌عسى ڕوخاو ناكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵى درێژه‌پێدانى هه‌مان سیاسه‌تى ڕه‌گه‌زپه‌رستى به‌عس ئه‌ده‌ن، به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانى كه‌ركوك وده‌وروبه‌ریدا وكارده‌كه‌ن بۆ په‌كخستنى ئه‌و بڕگه‌ یاساییانه‌ى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى كورد وپێكه‌وه‌ ژیانى ئازاد وسه‌رفرازانه‌یه‌، مایه‌ى شادمانییه‌ له‌ماوه‌ى ڕابردوودا سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق وپه‌رله‌مانى عێراق به‌ ڕه‌سمى دانیان به‌وه‌دا نا كه‌ ئه‌نفال وكیمیا باران هه‌وڵى به‌ جینۆساید كردنى گه‌لى كورد بووه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمى سه‌دامه‌وه‌ وئه‌و تاوانه‌ دڕندانه‌یه‌ جینۆسایده‌ به‌پێى سه‌رجه‌م یاسا وڕێسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان.
له‌ڕۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆدا 14/4/2011 كه‌ 23 هه‌مین ساڵیادى ئه‌نفاله‌ ده‌خوازین كه‌ ئه‌م ساڵیاده‌ هانده‌رێك بێت بۆ چڕكردنه‌وه‌ى هه‌موو هه‌وڵه‌كان به‌مه‌به‌ستى به‌ جینۆساید ناسینى ئه‌م تاوانه‌ له‌ جیهاندا، جێگاى خۆشییه‌تى داوابكه‌ین كه‌ هه‌رچى زووتره‌ ئه‌و موسته‌شار وسه‌رۆك جاشانه‌ى كه‌ به‌شداربوون له‌و تاوانه‌دا ڕاپێچى دادگا بكرێن وبه‌سزاى یاسایى خۆیان بگه‌ن.
هه‌روه‌ها داواكارین ئه‌م ساڵیاده‌ بنه‌مایه‌ك بێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ته‌واوى مافه‌ مه‌ده‌نى وسیاسیه‌كان، له‌وانه‌ مافى بڕیاردانى چاره‌نووس به‌و شێوه‌ی كه‌ له‌ گه‌له‌كه‌مان خۆی ده‌یخوازێت، به‌تایبه‌ت داوا ده‌كه‌ین هه‌رچى زووتره‌ كێشه‌ى كه‌ركوك وناوچه‌ دابڕاوه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت وئه‌و هه‌وڵه‌ نه‌زۆك وڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ شكست پێبهێنرێت كه‌ درێژه‌ پێده‌رى سیاسه‌ته‌ ملهوڕى وزۆردایه‌كانى به‌عسن.
هه‌ر له‌م ساڵیاده‌دا ده‌خوازین وه‌ڵامى زیاتر به‌ داواكاریه‌ ڕه‌واكانى كه‌س وكارى قوربانیانى ئه‌نفال بدرێته‌وه‌ به‌تایبه‌تى قه‌ره‌بووى مادى ومه‌عنه‌وی تا چیتر له‌سایه‌ى هه‌ژارى وبێكارى وكرێچێتى ونه‌خوێنده‌وارى... هتد ژیان نه‌گوزه‌رێنن.


14/4/2011


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە