ئاری هەرسین و ڕاگەیاندنی پارتی
Tuesday, 18/01/2011, 12:00
ئەو ماڵەی رۆژی 11/1/2011 لە گەڕەكی (گوڵان)ی شاری هەولێر لەلایەن ئاسایشەوە بەسەریدا دراو بڕێكی زۆر چەك و تەقەمەنی تێدا دۆزرایەوە، ماڵی كەسێكە كە بە "ئەبو عبوە" ناسراوەو یەكێكە لەدیارترین كەسەكانی نێو گرووپی ئەنسارولئیسلام و دیارترین داواكراویشە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان كە پەیوەندیی راستەوخۆی بە تەقینەوەكەی مانگی ئایاری 2005ی بەردەم لیژنەی ناوچەی هێزی ناوخۆوە هەبووە لەهەولێر.ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، رۆژی 12/1/2011 لە راگەیێندراوێكدا بڵاویكردەوە كە هۆبەی دژەتیرۆری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، توانیان ئەو جبەخانە گەورەیەی ئەنسارولئیسلام بدۆزنەوەو "تیرۆریستێكیش بەناوی (ن.ع.ا) دەستگیربكەن".ئەو جبەخانەیە كە هەرە گەورەترین جبەخانەی لەوجۆرەیە لەدوای ساڵی 2003وە لە هەرێمی كوردستان دۆزرابێتەوە، بەبڕوای بەرپرسانی ئەمنی گورزێكی كوشندە لە تواناكانی رێكخراوی ئەنسارولئیسلام دەدات كە پێیانوایە لە تەقینەوەكانی چەند ساڵی رابردووشدا لەهەولێر و ناوچەكانی دیكەی كوردستان سوود لەو جبەخانەیە بینراوە بۆ دابینكردنی تەقەمەنی بۆ تەقینەوەكان.لەوبارەیەوە هەواڵێك و راپۆڕتێك لە ژمارە 146ی (رووداو)ی چاپی كوردستان بخوێنەوەئهو ههواڵهی سهرهوه (رووداو) بڵاوی کردۆتهوه.********************************
مرۆڤ کاتێک ئەم نووسینەی ڕۆژنامەی ڕوداو دەخوێنیتەوە ، لەوە تێدەگات درۆکردن لەماڵی پارتیەوە دەبارێت . تێدەگات ئەوانەی دوای ئەم دەسەڵاتە کەوتون یان کەسێکی نەفام و گێلن ، یان کەسانێکن ژیان لەڕاستگۆیی و راست بەدی ناکەن . ساڵی 1975 شێخ محەمەد هەرسین بەبڕیاری بارزانی باوک و بەدەستی ئیدریس بارزانی کوژرا ، بەتۆمەتی ئەوەی دەیان ملوێن دیناری فرۆشگاکانی شۆڕشی ئاودیوکردووە ، بەڵام ئەسڵی مەسەلەکە پێچەوانە بوو ، بەکوشتنی شێخ محەمەدی داماو ، بنەماڵەی بارزانی 75 ملوێن دۆلاری شۆڕشیان ئاودیوکرد ، کەچی ئێستا کورەکەی کە ناوی (ئاری هەرسینه) سوپاسالاری پارێزەرانی بکوژانی باوکێتی و لەنێو گێژاوی ئەم دەسەڵاتەدا ، هەم خۆی و هەم مێژووی باوکی ون دەکات.
درۆکان لای پارتی دەچێنرێت و بەردەگرن، هێندەکاریگەرن مرۆڤی هاوشێوەی ئاری هەرسین هەڵدەخەڵەتێ و ڕابردوی پارتی هەمیشە بەجوانی دەبینێت ، دیوی ناشرینی ون دەکات ، بۆیە شانازی بەپارتی بونیەوە دەکات . کەسێک لەسەر هیچ تاوانێک تاوانباربکرێت و بەناحەق تۆمەتباری بکرێت بەوەی پارەی شۆڕشی دزیووە و پاشان بەشێوەیەکی نامرۆڤانە شەهیدبکرێت ، کوڕەکەشی ببێتە پارێزەری بکوژەکانی باوکی ، ئەم مرۆڤە دەبێت چۆن لەخشتەبرابێت و چۆن تێی گەیانرابێت کە باوکی چی بووەو لەسەر چی کوژراوە، چۆن خستبیانە سەر ئەو باوەڕەی کە پارتی کاری باشی کردووە ، یان چۆن هێناویانەتە سەر ئەو باوەڕەی کە بەکوشتنی باوکی کورد دەگات بەسەربەخۆی و لەسەر یەکەمین پارەی ئەو حکومەتە وێنەی شێخ موحەمەدی تیادەنەخشێنرێت ..
درۆکانی پارتی زەمەن ون دەکات و مێژووی چەوت ڕوتوش دەکات . زۆرن ئەوانەی لەناو پارتیدان تا ئێستا، وا تێدەگەن کە 31 ئاب و هێنانی لەشکری تورکی کوردایەتییە . واتێدەگەن تیرۆرکردنی شۆڕشگێرانی ڕۆژهەڵات و باکور سەروەرییە . یان ڕەخنەگرتن لە بەنەماڵەی بارزانی قیبلەڕوخاندنە ، یاخود خیانەتی نیشتمانی و خۆخستنە بەرەی دوژمنە. ئەمە چ جۆرە مۆرفینێکە کە پارتی دەیکوتێتە ئەندامانی، خۆ ئەم ڕیتم و شێوەگیرە لەناو هیچ هێزێکی تر جگە لەپارتی هەڵناکات . سەردەمانێک دەیان ئەندامی پەکەکە لەسەرگرتنی سەرۆکەکەیان خۆیان سوتاند، یان لەسەرڕەخنەیەک لە (ئاپۆ) هەڵمەتی کۆتاییان ئاراستە دەکرد ، خۆشبەختانە ئەم تێزە زوو کاڵ بووەوە ..
ئەم جیهانە باهۆزی مەدرەسەیەکە کاری لەسەردەکرێت ، پایەکانی ڕاگەیاندنی بۆ پتەو دەکرێت ، ماتۆڕی خواستی سەرۆکی بۆ دەخرێتە گەڕ ؛ ئۆرگانەکانی حیزب لەیەک پونتدا کۆدەکرێتەوە ، وای لێ دەکرێت ، کە تروسکاییەک هەموو حیزب ڕۆشندەکاتەوە پێگەی سەرۆکە ، ئیتر ڕووەکان بۆیەک شوێن و هیواکان لەیەک شوێنەوە دەروازە دەگرێت . ئەم باهۆزە کۆک دەبن ، ئەوەی سەرۆک وتی ڕاستەو قابیلی گفتوگۆ نییە . هەمویان دەچنە سەنگەرێکەوە و دەبنە ڕەبۆت ، تەنها بۆجوڵاندنیان کۆنترۆڵی سەرۆک کلێب پەسند دەکەن .
ڕاگەیاندن و کادرانی ئەم بەشە فاکتی سەرەکی کۆکردنەوەو وابەستەیی ئەم هێزەدروستکراوەو هەڵگری ئۆباڵی سەرەکی هەموو تاوان و مانەوەو بەردەوامییەتی ، کاتێک رەبۆتێک مرۆڤێک لە پێناو سەرۆکدا دەکوژێت ، ئەوە خۆی نییە بەڵکو فاکتی ڕاگەیاندنە .
لەبەیانەکەدا وا نووسراوە :
ئەو ماڵەی رۆژی 11/1/2011 لە گەڕەكی (گوڵان)ی شاری هەولێر لەلایەن ئاسایشەوە بەسەریدا دراو بڕێكی زۆر چەك و تەقەمەنی تێدا دۆزرایەوە، ماڵی كەسێكە كە بە "ئەبو عبوە" ناسراوەو یەكێكە لەدیارترین كەسەكانی نێو گرووپی ئەنسارولئیسلام ..
ترسناکترین مرۆڤی ئەنسارولئیسلام و داواکراوێکی پێنج ساڵ و خاوەن خانو و ئەدرەس ، هەموو حکومەتەکەی نێچیر و بەرهەم بەدوایدا وێڵ و پاش پێنج ساڵ ئازادانە لە پایتەخی پارتیدا شەو و ڕۆژ بکاتەوەو ئێستا بگیرێت و ڕونکراوەکەش پڕبێت لە تەمومژاویی . ئەمە چ مانایەک دەبەخشێت . دەتوانین چ خوێندنەوەیەکی بۆ بکەین و چۆن بڕوانینە ئەو حکومەتەی کە ئیدعا دەکات بۆ سەروەری یاسا ، ئەو هێزەی بەهەموو لایەکدا دەخوازێت ئازادی بەرتەسک بکات و سەرۆکەکەی بەناو لە سەدا 70 ی گەلەوە قسەبکات . بۆیە من توانج و پێکەنین و سەرسوڕمان و گەمەی ئەم باسە بۆ ئێوە جێدێڵم
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست