کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


په‌یامێک له‌ سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ گه‌لی کوردستان

Wednesday, 29/07/2009, 12:00


به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
گه‌لی کوردستانی خۆشه‌ویست
سڵاوی خۆشه‌ویستی و باوه‌رو کۆڵنه‌دان بۆ ئێوه‌ی خۆشه‌ویست که‌سه‌ره‌تا به‌ هه‌زاران له‌ ئێوه‌ خۆبه‌خشانه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تی که‌مپه‌ینی من کارتان کرد و دواییش به‌ ده‌یان هه‌زارتان ده‌نگتان بۆ په‌یام و به‌رنامه‌که‌ی من داو ‌ توانیتان به‌ خواست و خۆشه‌ویستی خۆتان من به‌ سه‌رۆکی خۆتان هه‌ڵبژێرن.



پرۆسه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ هه‌موو پارێزگاکانی سلێمانی وگه‌رمیان تا ناوچه‌کانی کۆیه‌ و باڵه‌کایه‌تی وسنووره‌کانی ده‌روازه‌ی هه‌ولێر به‌شێوه‌یه‌کی هێمن و دیمۆکراسی و یاسایی به‌ڕێوه‌ چوو. خه‌ڵکی کوردستان له‌م ناوچانه‌دا بۆ یه‌که‌م جار تام و بۆن و ره‌نگی هه‌ڵبژاردنی دیمۆکراسی راسته‌قینه‌یان تاقی کرده‌‌وه‌ و هه‌ستیان کرد‌ هه‌ڵبژاردن جه‌ژنی دیمۆکراسییه‌‌‌ که‌ خه‌ڵک ئاهه‌نگی ده‌سته‌ڵاتی ده‌نگدانی خۆیان ده‌گێرن.



به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو سیستم و ستاندارده‌کانی دنیا، ‌ تا له ‌پایته‌خت زیاتر نزیک بینه‌وه‌ زیاتر هه‌ست ده‌که‌ین به‌رایی و پانتایی ئه‌م دیمۆکراسییه‌ ته‌سک ده‌بێته‌وه.‌ هه‌ولێری پایته‌خت ساڵانێکه‌ بۆته‌ زیندانێک بۆ خه‌ڵکی به‌ شه‌ره‌فی هه‌ولێرو بۆ داگیرکردنی ئیراده‌و ئازادی و مافه‌کانیان و بۆ داڕشتنی به‌رنامه‌ی نه‌خشه‌ی داگیرکردنی مڵك و سامان و بوجه‌و داهات و که‌رامه‌ت و پاشه‌رۆژی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان. بۆیه‌ له‌کاتێکدا پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنه‌کان تا سه‌عات سێ و چوار له‌ هه‌وڵێریشدا به‌ ئاسایی ده‌ڕۆیشت و ده‌رکه‌وت که‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵکی به‌ شه‌ره‌فی هه‌ولێر وژماره‌یه‌کی زۆریش له‌ ناوچه‌کانی بادینان ده‌نگیان بۆ من داوه، ده‌سته‌ڵاتی دیکتاتۆر ئه‌و نه‌خشه‌و پلانه‌یان دژی پرۆسه‌ی دیمۆکراسی و ئیراده‌ی ئینسانی کورد ئه‌نجامدا که‌ پێشتر به‌رنامه‌یان بۆ دانابوو، به‌ ده‌یان کۆسته‌رو پاسی پر له زێره‌ڤانی و ئه‌ندامانی پارتی که‌ پێشتر ئاماده‌ کرابوون گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ بنکه‌کانی ده‌نگدان و و زیاتر له‌ سه‌د هه‌زار فۆرمی 111 یان دابه‌شکردوه‌و به‌ هاوکاری تاوانبارانه‌ی‌ کۆمیسیۆن سه‌عاتێک کاتی ده‌نگدان بێ ئاگاداریی لایه‌نه‌کان بۆ به‌ ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌م پلانه‌ درێژکرایه‌وه‌. به‌ پێی راپۆرتی چاودێران له‌ نێوان سه‌عات 5 و 7 دا ته‌نیا له‌ هه‌ولیردا زیاتر له‌ دوسه‌د هه‌زار ده‌نگی ساخته‌یان درووست کردووه‌ .



ئه‌و کاره‌ی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ له‌ هه‌ولێردا به‌ به‌رچاوو به‌هاوکاری کۆمیسۆن ‌ کردی بریتی نییه‌ له‌ ته‌نیا چه‌ند خروقاتێک به‌لکو کوده‌تایه‌کی ترسنۆکانه‌یه‌‌ دژی پرۆسه‌ی دیمۆکراتی و ئیراده‌ی خه‌ڵک و هه‌وڵێکه‌ بۆ دووباره‌ کردنه‌وه‌ی 31 ی ئاب به‌ شیوه‌یه‌کی تر.



من وه‌ک به‌ڵێنم پێداون له‌ پێناوی خوێنی شه‌هیده‌کان و پاشه‌ ڕۆژی ڕۆله‌کانیان، به‌ پشتیوانی خودای مه‌زن ئه‌م ناهه‌قیی و ملهورییه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک قبوڵ ناکه‌م و به‌ هاوکاری حیزب و لایه‌نه‌کانی ترهه‌موو ڕێوشوێنێکی دیموکراتی و یاسایی له‌ ئاستی ناوخۆیی و عێراقیی و جیهانییدا ده‌گرمه‌ به‌ر. دڵنیام ‌ ئێوه‌ش که‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستانه‌وه‌ له‌ کفری و که‌لاره‌وه‌ تا دهۆک و زاخۆ منتان به خواستی ئازادی خۆتان به‌‌ سه‌رۆکی خۆتان هه‌ڵبژاردوه‌، هیچ که‌سێکی تر قبوڵ ناکه‌ن که‌ به‌ ساخته و‌ ته‌زویرو خیانه‌ت به‌ سه‌رتاندا بسه‌پێنرێ.



داواتان لێده‌که‌م که‌ باوه‌ڕتان به‌ خودای گه‌وره‌و به‌ هێزی میلله‌ت به‌ هێز بێ و پروپاگه‌نده‌و هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌سه‌ڵات کارتان تێنه‌کات و نه‌هێڵن ده‌سه‌ڵات بۆ هیچ کارو کاردانه‌وه‌یه‌کی توندوتێژ رااتانبکێشێ. به‌ پشتیوانی خوداو به‌ هێزی ئیر‌اده‌ی ئازادکراوی گه‌ل ده‌توانین به‌ ره‌چاوکردنی یاساو به‌کارهێنانی جوانترین پرۆسه‌و میکانیزمی ئاشیخوازانه‌و دیمۆکراسیخوازانه‌ نه‌خشه‌کانی ده‌سه‌ڵات پووچه‌ل بکه‌ینه‌وه‌و ناچاری بکه‌ین سه‌ر بۆ بریاری دیمۆکراتی گه‌ل شۆڕ بکا.



لێره‌وه‌ داواکاریم بۆ هه‌موو لیسته‌کانی ئۆپۆزیسیۆن دووباره‌ده‌که‌مه‌وه‌ بۆ دروستکردنی به‌ره‌یه‌کی فراوانی گه‌ل و به‌کارهێنانی هه‌موو شێوه‌یه‌کی یاسایی و جه‌ماوه‌ریی بۆ پشتگیری پرۆسه‌ی دیمۆکراسی و به‌رهه‌ڵستی هه‌وله‌کانی ده‌سه‌لات بۆ به‌کارهێنانی توندوتیژی و ساخته‌کارکردنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌لبژاردن. هیوادارم دژی خروقاته‌کانی سه‌رکردایه‌تیش بوه‌ستنه‌وه‌ که‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆرو مه‌به‌ستی هه‌ره‌گه‌وره‌ی خروقاته‌کان کوشتنی ئیراده‌ی گه‌له‌ بۆ گۆڕینی ده‌سه‌لاتی بنه‌ماڵه‌یی و به‌ هیچ جۆرێ ساتو سه‌ودا به‌ ده‌نگه‌کانی گه‌ل و خواستی ره‌وای ئه‌وانه‌وه‌ بۆ ئازادیی و عه‌داله‌ت و رزگاربوون له‌ ده‌سه‌ڵاتی دیکتتاۆری نه‌که‌ن.



داوا له‌ هه‌مو و لیست و هێزه‌کان ده‌که‌م که‌ داوا بکه‌ن ده‌سبه‌جێ فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری و هاوکارانی له‌ کۆمیسیۆن ده‌ربکرێن و لیژنه‌یه‌کی نوێی هه‌ڵبژاردن دروست بکرێ و هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌ولێر و دهۆک دووباره‌ بکرێته‌وه‌.



که‌مپینی ئێمه‌ بۆ دیمۆکراسی راسته‌قینه‌و ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل کۆتایی نه‌هاتووه‌. تکا له‌ هه‌موو هاوڵاتییه‌ خۆبه‌خشه‌کان و ده‌نگده‌ران و هه‌موو جه‌ماوه‌ری کوردستان ده‌ه‌که‌م به‌ وردی چاودێری پرۆسه‌که‌ بن تا نه‌هێڵین ئه‌م بزوتنه‌وه‌ دیمۆکراتییه‌ش به‌‌ ده‌ردی ئه‌زموونی راپه‌رین به‌رن. داواتان لێ ده‌که‌م که‌ خۆتان ڕێک خه‌ن و بۆ هه‌ر کارێکی جه‌ماوه‌ری دیمۆکراتی ئاشتیخوازانه‌ ئاماده‌بن. دڵنیابن که‌ من به‌ گیان و دل له‌گه‌ڵتانم.



به پپستیوانی خودا هه‌ق سه‌رده‌که‌وێ.





دکتۆر که‌مال میراوده‌لی

سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراوی گه‌لی کوردستان


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە