کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


موراد قەرەیلان‌: تا ئێستاش ئه‌گه‌ری دوباره‌بونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵکوژییه‌کان له‌ ئارادایه‌

Wednesday, 17/03/2010, 12:00


سه‌رۆکایه‌تیی کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی که‌جه‌که‌ لێدوانێکی بۆ ڕای گشتیی بڵاو کرده‌وه‌و، تێیدا به‌ ڕێزلێنان له‌ قوربانیانی کۆمه‌ڵکوژی هه‌ڵه‌بجه‌، ده‌نووسێ: بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر کاره‌ساتی نوێی هاوشێوه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ پێک نه‌یه‌ن، ئێمه‌ خه‌باتی خۆمان له‌ پێناو یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی دێموکراتیکدا به‌گوڕتر ده‌که‌ین و، تێکۆشانی ئازادی به‌ هێزتر ده‌که‌ین. که‌جه‌که‌ ڕایگه‌یاند کۆمه‌ڵکوژیی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ دوایین چاره‌کی سه‌ده‌ی 20دا، دوای هێرۆشیما، گه‌وره‌ترین کۆمه‌ڵکوژییه‌ و ووتی: گه‌لی کورد له‌ مێژوودا ڕووبه‌ڕووی گه‌لێک کۆمه‌ڵکوژی بۆته‌وه‌. ئێمه‌ تاوانبارانی ئه‌و کاره‌ساته‌ دژه‌مرۆڤایه‌تیه‌، که‌ وه‌کوو کۆمه‌ڵکوژیی قبووڵ ده‌کرێ، به‌ هه‌موو هه‌ست و کینه‌ی شۆڕشگێڕی و ووڵاتپارێزی خۆمانه‌وه‌ شه‌رمه‌زار ده‌که‌ین.
ئێمه‌ شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێز و حورمه‌ته‌وه‌ به‌بیر دێنینه‌وه‌. ئه‌و زهنیه‌ته‌ی ده‌وڵه‌ت_ نه‌ته‌وه‌ی داگیرکه‌ر که‌ کۆمه‌ڵکوژی هه‌ڵه‌بجه‌ی پێکهێنا، هه‌تا ئه‌وڕۆش له‌ سه‌ر هه‌بوونی خۆی پێداگره. له‌ شوێنی ئه‌وه‌ی که‌ گه‌لی کورد وه‌کوو گه‌لێکی هه‌ره‌ کۆنی مێزۆپۆتامیا ببینن و ڕێز له‌ ئیراده‌ی بگرن، ئه‌وان گه‌لی کورد وه‌کوو مادده‌ی خاو بۆ ته‌واوکردنی پرۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی تورک، فارس و عه‌ره‌ب ده‌بینن و، پێداگری له‌ سه‌ر سیاسه‌تی له‌ناوبردنی گه‌لی کورد ده‌که‌ن. ئه‌وان کوردستان وه‌کوو هه‌رێمێک بۆ به‌ نه‌ته‌وه‌بوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی خۆیان ده‌بینن و، له‌و زهنیه‌ته‌دا پێداگری ده‌که‌ن. به‌و هۆیه‌وه‌ گه‌لی کورد له‌ هه‌ر مه‌یدانێکدا ڕووبه‌ڕووی سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌، چه‌وساندنه‌وه‌ و کۆچبه‌رکردنی سیسته‌ماتیک ده‌بێته‌وه‌‌. له‌ ڕه‌وشێکدا که‌ به‌رخۆدانی گه‌لی کورد شکست ناهێنێ و، سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ش هیچ ئه‌نجامێک به‌ده‌ست ناخه‌ن، هێشتا‌ سیاسه‌تی داگیرکاری و زهنیه‌تی له‌ناوبردن به‌رده‌وامه‌. تا ئێستا له‌ سه‌دا 40ی خاکی باشووری کوردستان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و ئازاد نه‌بووه. واته‌ تا ئێستاش پرسه‌که‌ به‌ ته‌واوی چاره‌سه‌ر نه‌بووه‌. هه‌ندێ لایه‌نی نه‌ژادپه‌ره‌ست و شۆڤێنیست، تا ئێستاش چاویان به‌وه‌هه‌ڵنایه‌ت که‌ گه‌لی کورد وه‌کوو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد ببێته‌ خاوه‌نی پێگه‌یه‌کی خۆی. ئه‌وه‌ش دیارده‌ و نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ تا ئێستاش هه‌موو مه‌ترسیه‌کانی وه‌کوو هه‌ڵه‌بجه له‌ سه‌ر کوردان لانه‌چوون. به‌ تایبه‌تی له‌ کاتێکدا که‌ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئامریکا له‌ ئێراق له‌ ڕۆژه‌ڤدایه‌، نه‌ ته‌نها عه‌ره‌ب، تورکیش خاوه‌ن هه‌مان سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی دژبه‌رن له‌ به‌رامبه‌ر باشووری کوردستان. ئه‌وان به‌ هێزه‌کانی باشوور ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا له‌دژی په‌که‌که‌ و ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوازی باکوور شه‌ر بکه‌ن، ئه‌وا ئه‌و کات مافی ژیانتان هه‌یه‌، له‌ هه‌ڵوێستێکی پێچه‌وانه‌دا، نه‌فه‌ستان ده‌بڕین. ده‌وڵه‌تی تورک له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵکوژی سیاسیدا، ئاماده‌کاری هێرشێکی به‌رفراوانی سه‌ربازیش ده‌کات. ‌ئه‌و چه‌که‌ کیمیاویانه‌ی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌کارهێندران، له‌ ئه‌وروپاوه‌ داوا کرابوون. ئه‌وروپا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئابووری و سیاسی خۆی، چه‌کی کیمیایان بۆ ئه‌نجامدانی کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ فرۆشت. ئه‌مڕۆش جارێکی تر له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان، سیاسه‌تمه‌دارانی کورد ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌که‌ن و فشار ده‌خه‌نه‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆنی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی کوردان ڕۆژ تیڤی.
سه‌رۆکایه‌تی که‌جه‌که‌ له‌ کۆتایی لێدوانه‌که‌یدا بانگه‌وازییه‌کی به‌و شێوه‌یه‌ ده‌کات: ده‌بێ گه‌له‌که‌مان له‌ 22هه‌مین ساڵڕۆژی کۆمه‌ڵکوژی هه‌ڵه‌بجه‌دا، له‌هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ شه‌رمه‌زار بکات. بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌، پێویسته‌ یه‌کیه‌تی ڕیزه‌کانی خۆی ڕێکبخات. هه‌روه‌ها پێویسته‌ ڕای گشتی جیهان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانه‌ نامرۆڤانه‌ی له‌دژی گه‌لی کورد پێکهاتووه‌، بێده‌نگ نه‌بێت و بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵکوژییه‌کی تر له‌وێنه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ پێکنه‌یه‌ت، ده‌بێ ئه‌رکی سه‌رشانیان به‌جێ بێنن


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە