لەنێو مەلهایەكى دوبەی ، قوباد تاڵەبانى و كوڕەكەى نورى مالیكى تەقە لەیەكتر دەكەن
Monday, 20/12/2010, 12:00
"قوباد تاڵەبانى و ئەحمەد نورى مالیكى لەیەكێك لە بنكەكانى پۆلیسى دوبەى دەستبەسەر دەكرێن ، قوباد بەشێكى هێڵى ئاسمانى ئیسرائیلى كڕیوەو كردویەتى بەناوى ژنەكەیەوە"
هەبوونى ئەو پەیوەندیە بەهێزەى لەنێوانیان جەلال تاڵەبانى و نورى مالیكیدایە ، نەبوە ڕێگر لەبەردەم ڕونەدانى دەمەقاڵەو پێكدادانى "نهێنى"كوڕەكانیان و دواترین ڕووبەڕوبونەوەى نێوان قوباد تاڵەبانى و ئەحمەد نورى مالیكى لە یەكێك لە مەلهاكانى دوبەى ڕوویدا كە دواتر ئەو ڕووداوە لەئاستى ناوخۆیى و نێودەوڵەتی دەنگدانەوەى هەبوو.
بەپێى سەرچاوەیەكى نزیك لە سەفارەتى عێراق لە شارى دوبەى ، كێشەو ململانێیەكى توند لەنێوان قوباد تاڵەبانى كوڕى جەلال تاڵەبانى سەركۆمارو ئەحمەد نورى مالیكى كوڕى سەرۆك وەزیران ڕویداوە لەنێو "مەلهاى ئوتێل ڕۆیال ئەسكوت" ڕویداوەو لەو تێهەڵچوونەدا پاسەوان و كەسە نزیكەكانى هەردوولا تەقەیان لەیەكتر كردوەو بەو هۆیەوە 200كەس كە لەنێو ئەو مەلهایە بوون كەش و هەوایەكیان لێكچوەو تەقەكردنى هەردولا دڵەڕاوكێى لەنێو ئامادەبوان دروستكردوەو بەوهۆی ئەو ناكۆكیە توندە دەیان كەس ئەو شوێنەیان جێهیشتوە.
ئەو سەرچاوەیە كێشەى نێوان قوباد تاڵەبانى و كوڕەكەى نورى مالیكى بۆ ئەوە گێڕایەوە ، قوباد تاڵەبانى لەگەڵ یەكێك لە بزنسمان و بازرگانەكانى كڕین و فرۆشتنى خانوو زەوى و لە گرێبەستى كڕینى میوانخانەیەكى پێنج ئەستێرەیى براوە بوەو بڕى 150ملیۆن دۆلارى بۆ ماوەیەكى دیاریكراو (سەرقوفڵانە) خەرجكردوەو دواتر گرێبەستەكە لەنێوان هەردوولا واژو كراوە ، لەبەرامبەردا ئەحمەد نورى مالیكى لەسەر دەستكەوتنى ئەو گرێبەستە بۆ قوباد تاڵًەبانى شەڕو ناكۆكى دەكەوێتە نێوانیان و پاشان لەیەكێك لە مەخفەرەكانى پۆلیسى لە دوبەى قوبادو ئەحمەد دەستبەسەر دەكرێن و دواتر باڵێۆزخانەى عێر اق لە دوبەى لەو رووداوە ئاگادار دەكرێتەوە.
بەپێى لێدوانى ئەو سەرچاوەیە ، ڕەگى ناكۆكیەكانى نێوان قوبادو ئەحمەد مالیكى تەنها بۆ ئەوگرێبەستە ناگەڕێتەوەو ئەوە یەكەم ناكۆكى نێوانیان نی ، بەڵكو كێشەكانیان تولانیەو پێشتر هەردووكیان لە موزایەدەیەكى ئاشكرا بۆ كڕینى ژمارەیەك تابلۆ لى گرانبەهاو لە موزایەدەی ریشتى و براكانى لە دوبەى تاڵەبانى تەنها تابلۆیەكى بە 4،653،000دۆلار كڕیوەو قوباد لەنێو بازرگان و بزنسمانەكانى دوبەى بەوە ناسراوە لەزۆربەى موزایەدە ئاشكراكاندا نرخى خەیاڵى بۆ بەدەستهێنانى كاڵاكان خەرج دەكات.
هەمان ئەو سەرچاوەیەى كە زانیاریەكانى لەنێو سەفارەتى عێراقەوە بڵاو كردۆتەوە ، ئاماژە بەوەدەكات" لەم سێ ساڵەى دوایدابۆ بەهەدەرادانى سامانى عێراق و لەنێوان قوبادو ئەحمە نورى مالیكى ژمارەیەك گرێبەستى گرانبەها لەژێر ناوى كەسە نزیكەكانى سەركۆمارو سەرۆك وەزیران تۆمار كراون ، لەو گرێبەستە گەورانەى بەو ناوانەوە تۆمار كراون ، كڕینى بەشێكە لە كۆمپانیاى مایكرۆسۆفت بەناوى براكەى نورى مالیكى و هەروەها گرێبەستى كڕینى بەشێك لە هێڵى گواستنەوەى ئاسمانى ئیسرائیلى بەناوى"شیرى غراهام"ى هاوسەرى قوباد تاڵەبانى كە ئافرەتێكى جولەكەیەو كچى یەكێكە لە بزنسمانەكانى ئیسرائیل و لەلاى هەندێك لە خەڵكى كوردستان ناسراوە ، هەروەها كوڕەكەى نورى مالیكى دوو كارگەى چیمەنتۆى لە یەكێك لە كۆمپانیاكانى دوبەى كڕیوەو دواتر كردویەتى بەناوى یەكێك لە براكەى نورى مالیكى.
شەڕو ناكۆكیە بازرگانیەكانى كوڕەكەى تاڵەبانى و نورى مالیكى بێ پیشینە نیەو بەپێى ئاڕاستەو ڕێنماییەكانى تاڵەبانى باوك و نورى مالیكى كراون و تەنانەت دواى ڕووداوەكەى "مەلهاى میوانخانەى ڕۆیاڵ ئەسكوت" لە دوبەى و پەیوەندیەكانى نێوان دەسەڵاتى دادوەرى و باڵیۆزخانەى عێراق لە دوبەى ، بڕیاردرا تاڵەبانى و مالیكى لەو كێشانە ئاگادر بكرێنەوەو دواتر ئەوانیش داوایان لە هەندێ لە شێخەكانى ئیمارات كرد بۆ ئەوەى كوڕەكانیان لەنێو گرتوخانەى پۆلیسى دوبەى دەربهێنن و ئەمەش ئەوەى سەلماند مالیكى و تاڵەبانى ئاگادارى ڕێكەوتن و گرێبەستە زەبلاحەكانى كوڕەكانیانن.
ئەگەر دوبەى گۆڕەپانى بەیەكدادانى بەرژەوەندیەكانى قوبادو ئەحمەد بێت ، ئەوا سوریا گۆڕەپان و مەیدانى وەبەرهێنانى یاریەكانى ئەحمەد نورى مالیكیەو هەروەك عەلى كاشیف غەتا كە هاوڵاتیەكى شیعەو غەتا وەك بەیتى بنەماڵەیكى شیعە ناو دەهێنرێت ، لەو بارەیەوە دەڵێت" ئەحمەد نورى مالیكى باڵەخانەى "مارى ئەندرسۆن"ى لە لەندەن بە بەهاى 40ملیۆن پاوەند كڕیوە ، ئەمەش تەنها بە سیفەتى ئەوەى نورى مالیكى باوك سەركردەى حیزبى دەعوەیە ، هەروەها كڕینى میوانخانەى سەیدە زەینەب لە دیمەشقى پایتەختى سوریا بە 35ملیۆن دۆلار و كڕینى میوانخانەى سەفیر عەجمان بە بەهاى 75ملیۆن دۆلار لەگەڵ زنجیرەك موڵكى خانەوادەیى لە تویریج.
كاشیفولغەتا تەئكید دەكاتەوە" نوسینگەى نورى مالیكى هیچ ڕونكردنەوەو دانپێدانان و ڕەتكردنەوەیەك لەسەر ئەو بابەتانە بڵاو نەكردۆتەوە ، بەڵام كاشیفولغەتا باسلەوەدەكات" ڕێكەوتنەكەى گرێبەیستى ئوتێل"سەفیر"ى سەیدە زەینەب لەلایەن كۆمپانیایەكى وەبەرهێنى كوەیتى لە دیمەشق تەواو بووەو دواى ئەوەى ئەحمەد ئەو موڵكەى كڕیوە لەپێناو ئاشكرا نەبوونى خاوەنەكەى پێكهاتەى بەڕێوەبەرانى ئەو كۆمپانیایەى گۆڕیوە بە ستافێك كە پێكهاتوون لە هاوڵاتى سورى و ئێرانى و ئەفغانى .
ئەو گەورە بازرگانەى كە گرێبەستى نێوان كوڕەكەى مالیكى و كۆمپانیا كوەیتیەكەى ئەنجامداوە لەبرى ئەوە 700هەزار دۆلار ئەمریكى وەرگرتوە ئەمە جگە لەوەى بڕى یەك ملیۆن و دوسەدو پەنجا هەزار دۆلارى ئەمریكى وەك ڕسوماتى تۆماركردنى ئەو ئوتێلە بە حكومەتى سوریا دراوە.
كوڕەكەى نورى مالیكى بەوەشەوە نەوەستاوەو بە بڕى 52ملیۆن دۆلار ڕووبەرى 85هەزار مەتر ڕوبەرى زەوى كڕیوە كە ئەو پارچە زەویە دەكەوێتە بەرامبەر میوانخانەى زەینەبى و دەیەوێت لەسەر ئەو ڕوبەرە فراوانە كۆمەڵگەیەكى بازرگانى و چەندین میوانخانەو مۆڵێكى گەورەى بازرگانى دروست بكات.
كاشیفولغەتا درێژە بە خستنەڕووى سەروەت و سامانە لە بن نەهاتوەكەى ئەحمەد نورى مالیكى دەدات و دەڵێت" كوڕەكەى مالیكى لەبەرامبەر ڕێكەوتنى میوانخانەكانى "سەفیر " بە میوانخانەى "سەفیر عەجمان" لە ئیماراتى عەرەبى ، پێشەكى 75ملیۆن دۆلارى بەخشیوە.
غەتا لەكۆتایدا ئەو پرسیارە لە نورى مالیكى سەرۆك وەزیران دەكات كە هەمیشە لەبەر چاوى كامێراكان دەردەكەوێت و لەبەرامبەر دەستەى نەزاهە ئامادەیى خستنەڕووى سەروەت و سامانەكەیەتى ئەو هەموو سەروەت و سامانەت لەكوێوە هێنا؟.
بەشێكى ئەم ڕاپۆرتە لە ژمارە(147)ى گۆڤارى لڤین بڵاو بوەتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست