کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


دیوی ناوەوەی خەیاڵەكانی تاڵەبانی و بارزانی؟

Monday, 16/04/2012, 12:00






بەگوێرەی قسەكانی تاریق عەزیز(ئەو خەڵكانەی كە لەپیشەسازی سەربازیی كاریان دەركرد،خەڵكێكی درۆزن بوون و درۆیان لەگەڵ تۆ و سەدامیشدا دەكرد، هەمیشە ئەوەیان دووپات دەكردەوە كە لەتوانایاندا هەیە چەكی تایبەت بەرهەم بهێنن، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانن لەلای سەدامەوە خۆشەویست بن و پارە و سەیارە و شتی تری لێ وەربگرن، بەڵام ئەوان درۆزن بوون ئەگەر ڕاست بوو، ئەوان هەموو ئەو چەكە نهێنی و تایبەتانەیان دروست كردبوو، ئەی بۆ چی چەكەكان كاری خۆیان نەكرد؟ بەڵام بە تەنها فەرماندەكانی پیشەسازیی سەربازیی درۆزن نەبوون، بەڵكو درۆكردن ببوو بە كارێكی گشتی و ئاسایی لە نێو زۆر لەوانەی كەجێگەی بڕواو متمانەی سەددام بوون، بەوانەشەوە كە لە بازنەی ناوەوەی دەسەڵاتدا بوون بەتایبەتی كاتێك كە كارێك كاریگەریی خراپی هەبووایە لەسەر توانا و ڕەوشتی كەسەكە.بەپێی قسەی بەرپرسێكی باڵای پێشووی حزبی بەعس) سەددام بەهۆی ئەوەی كە بەردەوام درۆی بۆ كرابوو، وە زۆر لە ڕاپۆرتەكان بە درۆ خرابوونە بەردەستی، بەشێوەیەكی ورد لە توانا سەربازیی تەقلیدی و ناتەقلیدییەكان ئاگادار نەبوو. وەزیرەكان هەوڵیان دەدا لە ڕاپۆرتەكانیاندا كە لەڕێگەی سكرتێرەكەیەوە دەگەیەنرانە سەددام، تێڕوانینێكی پۆزەتیڤانە بخەنە ڕوو. پێش ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی بیابان هەموو ئەوانەی بە دەوریەوە بوون، لەوە تێگەیشتبوون كە سەددام جگە لە هەوڵی خۆش حەزی بەهیچ هەواڵێكی ناخۆش نییە، بۆیە بەرژەوەندییان لەوەدا بوو كە بە درۆ ئەو برسییە تێر بكەن و هەواڵی ناخۆشی پێ ڕانەگەینن.
ڕووداوی ساڵی (1982) بە ئاشكرا ئەوەی خستە ڕوو كە نابێت شتێك بە سەدادام بووترێت كە حەزی بە بیستن نەبێت، لە كاتی تەنگژەی شەڕی نێوان ئێران- عێراقدا سەددام داوای ئامۆژگاریی ڕاشكاوانەی لە وەزیرەكانی كرد،(ریاز ئیراهیم) وەزیری تەندروستی عێراق بە كەمێك نیگەرانیەوە پێشنیاری كرد، بەڵكو سەددام بە شێوەیەكی كاتی جێی خۆی جێبهێڵێ و دوای ئەوەی كە ئاشتی بەرقەرار دەبێت، بگەڕێتەوە بۆ سەر دەسەڵاتی سەرۆكایەتی. سەددام ڕاستەوخۆ وەزیری تەندروستی دركردە دەرەوە و هەر رۆژی دواتریش لاشەی پارچەپارچەكراوی وەزیریان تەسلیم بە خێزانەكەی كردەوە. بەپێی قسەكانی(عابد التواب حویش) كە بەرپرسی دەستەی پیشەسازی سەربازیی و خزمێكی وەزیرە كوژراوەكە بوو((ئەم كارە سرنجی وەزیرەكانی تری ڕاكێشا و هەموویان یەك دەنگ بوون لەسەر ئەوەی كە دەبێت سەددام لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە)). لەنێو سوپا و ڕژێمی عێراقدا بەگشتی دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە كە هەر كەسێك جوورئەتی ئەوە بكات دژی دیكتاتۆر بوەستێتەوە، لە سێدارە دەدرێت.
دیكتاتۆر هەمیشە وای نیشان دەدا كە ڕاوێژ بە ئەندامانی خێزانەكەی و ڕواێژكارەكانی دەكات، هەرچەندە خۆنیشاندانی سەددام بەم شێوەیە كارێكی نابەجێ بوو، چونكە هەموو بەڵگەكان ئەوە دەخەنە ڕوو كە سەددام زۆربەی هەرەزۆری بڕیارە چارەنووسسازەكانی بە تەنها و بێ پرس و ڕاوەرگرتنی كەسانیتر دەركردوون بۆ نمونە: بڕیاری دا ئێران داگیر بكات بەبێ ڕاوێژكردن بە هیچ یەكێك لە ڕاوێژكارەكانی وە ئەم بڕیارەی لە كاتێكدا دەركردبوو كە لە گەشتێكی ناوچە هاوینە هەوارەكاندا بوو. بەهەمان شێوە دوای ئەوەی كە تەنها لەگەڵ زاواكەی گفتوگۆی كردبوو، بڕیاری داگیركردنی كوەیتی دەركردبوو.
ئەوەی سەرەوە پێناسەیەكی زۆر بچوكی دیوی ناوەوەی خەیاڵەكانی سەددام حیسن دیكتاتۆرە لە ماوەی سێ دەیەی حوكمڕنیكردنیدا لە عێراق، ئەپرسین ئایە جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانیش رۆژانەی هەمان كردەوەكانی سەدام دووبارە ناكەنەوە؟ ئایە دیوی ناوەوەی خەیاڵەكانی تاڵەبانی و بارزانیش هەمان دیوی ناوەوەی خەیاڵەكانی سەدام حیسن نیە؟ ئەوەی بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە خودی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی ئارەزویان لە بیستنی قسەی راست نیەو ئەوانەی لە دەرەوەی دەوروپشتی و حیزبەكانیان قسەی راستیان پێ بڵێت بەدووژمن و دەستی دەرەكی و خیانەتكار یان لە قەڵەم دەدەن و بۆیان رێك بكەوێت لەلا پاڵێكەوە تۆڵەی راست وتنەكانیان لێ ئەكەنەوە ئەشكەنجە و تیرۆریان دەكەن و كردوشیانە، بۆ نمونە تیرۆكردنی سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و عبدالستار تاهیر شەریف و هەوڵی تیرۆركردنی چەند رۆژنامەنوسێكی رەخنەگریكەشیان داوە و تێدا سەركەوتوو نەبوونە و هەروەها هەوڵی ترساندن و تۆقاندنی رۆژنامەنوسان و رەخنەگران و خەڵكی ناڕازی لە رێگای زیندانیكردن وئەشكەنجە و تیرۆرەوە،هەروەها لەم ساڵانەی دوای تەمنیدا جەوهەر نامیق سالم لەسەر وتنی هەندێك راستی بە شێوەیەك لە شێوەكان تیرۆركرا.
لەبەر ئەوەی مەیلی ملكەچكردنی هاونیشتمانیان لە دەڤەری سلێمانی و شاروشارۆچكەكانیدا كەمترەو ئەو جەوی ملكەچكردنەیان بۆ نەخوڵقاوە تا بتوانن بە تەواوەتی ببنە ستەمكارێكی ئاشكرا، بۆیە مەیلە ستەمكاریەكانیان حیجابكردوە و لە ژێر ئەو حیجابەدا و بەدزیەوە خەریكی تیرۆركردن تۆقاندن و ترساندنی خەڵكن بۆ ئەوەی ناچاریان بكەن كە زۆرترین كەسیان بۆ ملكەچ ببێت و جەوی ملكەچی بخوڵقێنن و تا بتوانن حیجابەكەی سەریان لاببەن و ببنە ستەمكارێكی بێ حیجاب ئەمە بۆ جەلالیەكان وایە. سەبارەت بە پارتی بنەماڵەی مەلا مستەفای بارزان ئەوە شتێكی ئاشكرایە كە ئەو بنەماڵەیە مەیلی دیكتاتۆربوونی خۆیان حیجاب نەكردوە و بەڵكو زۆر بەشانازیشەوە روخساری ستەمكارانەی خۆیان نمایش كردوە و بەڕۆژی روناك خەریكی تیرۆركردنی نەیارەكانی خۆیانن لەو دەڤەرەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان كە زۆرترین هاوڵاتیان ملكەچ و كۆیلە كردوە و بە ئارەزوی خۆیان خەریكی تیرۆر و تۆقاندن و ترساندن و رفاندنن، بەڵام لە دوای شەهیدكرنی سەردەشت عوسمان و رسوابوونی پارتی بنەماڵە لەو كەیسەدا، خەڵكێكی باش هوشیار بووەتەوە یاخی بوون لە ملكەچكردن بۆ ئەو بنەماڵە ستەمكارە، هەروەها روخاندنی ستەمكارەكانی چەند وڵاتێكی ناوچەكە وایكردوە كە بنەماڵەی مەلا مستەفا حیجابێكی تەنك بەن بەسەر دەم و چاوی ستەمكارانەی خۆیاندا و لەژێر ئەو حیجابەدا ئامانجە ستەمكاریەكانی خۆیان بهێننە دی،تابتوانن جەوی ستەمكاربوون بخوڵقێننەوە و حیجابەكە فڕی بدەنەوە.
وەكو لەسەروە ئاماژەم پێكرد سەددام زۆر ئارەزوی لەوە كردوە كە دەور پشتەكەی لە بری راستیەكان درۆی بۆ بكەن و گەشبینی بكەن، لێ تاڵەبانی و بارزانیش بە هەمان شێوە كەیفیان بەوەدا نایەت كە دەوروپشتەكانیان راستیەكانیان پێ بڵێن، ئەوەش وایكردوە درۆكردن لە ناو ئەندامانی حزبەكانیان و دەورو پشتەكانیان ببێتە دیاردە و رۆژانە هەزاران راپۆرتی درۆ بدەنە سەوری خۆیان و راستیەكانیان لێ بشارنەوە و لەبەرامبەر درۆكانیاندا پۆست و پلە و ئیمتیاز وەربگرن، هەروەها ئەوە وایكردوە هەمیشە راوێژكار و دەوروپشتەكانیانیش قسە لە قسەیاندا نەكەن و نەوێرن راستیەكانیان پێ بڵێن وخاوەنی بیروبۆچونی خۆیانین و هەمیشە درۆیان لەگەڵ دەكەن و بە ئارەزوی دڵی ئەوان قسە دەكەن، بۆ نمونە لە نەورۆزی ئەمساڵد مەسعود بارزانی بەبێ پرسی راوێژكارەكانی و دەورو پشتەكەی و حیزبە هاوپەیمانەكەی و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان هێرشێكی توندی كردە سەر مالیكی و دۆخێكی نائارامی خوڵقاند كە دڵنیام دواتر باجی ئەو قسانەی خۆی دەدات ،چونكە ئەوە تەنها بۆچونی خۆی بوون و لە بەر خاتری گرێبەستە نەوتیەكان بوون، هەر بۆیشە ئۆباما بەبەرچاوی مەسعود بارزانیەوە تەلەفۆنی بۆ مالیكی كردبوو و پشتیوانی خۆی پێ راگەیاندبوو و بە مەسعودیشی وتبوو بڕۆ لەگەڵ مالیكی رێك بكەوە. جەلال تاڵەبانیش بە هەمان شێوە هەرگیز بە قسەی راوێژكار و دەوروپشتەكەی خۆی ناكات و دوابڕیاری هەمووشتێك لە ژێر دەستی خۆیدایە.
ستەمكارەكان هەموو بڕیارێك كۆتایەكەی ئەگەڕێتەوە بۆ ژێر دەستی خۆیان، تاڵەبانیش وەكو ستەمكارێكی حیجاب كراو هەموو بڕیارەكان كۆتایەكەی ئەگەڕێتەوە بۆ خودی خۆی، ئەوانەی لە خواری خۆیدان بەبێ ئەو ناتوانن پەنجە لەئاودا بكەن، چونكە هەموویان مەلەفیان لەژێر چنگی تاڵەبانیدایە ئەگەر سەر هەڵبڕن بەرامبەری ئەوە مەلەفەكانیان هەڵ ئەداتەوە و لە بەر چاوی خەڵك سوكیان ئەكات و لە ناویان ئەبات وەكو قائیمقامی سلێمانی. بنەماڵەی مەلا مستەفاش بە هەمان شێوە هەموو بڕیارێك كۆتایەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ژێر دەستی مەسعود و بەبێ ئەمری ئەو هیچ كەسێك نیە لە ناو ئەو پارتەدا پەنجە لە ئاودا بكات، بە هەمان شێوەی جەلالیەكان هەموو ئەوانەی لە خواری بنەماڵەی مەلا مستەفاوەن هەموویان مەلەفی فەسادی و ئەخلاقی و تیرۆریان هەیە لە ژێر دەستی مەسعود دایە و هەرچ كەسێك بیەوێت سەریان بەرامبەر هەڵبڕێت ئەوە لە ناوی ئەبەن یان سوك و بێدەنگی ئەكەن.
ئەتوانم بڵێم كە دیوی ناوەوەی خەیاڵەكانی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی بە هەمان شێوەی دیوی ناوەوەی خەیاڵەكانی سەدام حسینی ستەمكار و دیكتاتۆرە، بەڵام ئەمان بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەی هەیانە ئەتوانن ستەمكاربن، ئەگەر ئەو كەرستانەی سەدام حسێن لە بەردەستی ئەماندا بوایە، ئەوە دڵنیام كە لە سەدام خراپتریان ئەكرد و بەرۆژی روناك كۆمەڵ كوژی ئەو كەسانە ئەكرد كە ملكەچ و كۆیلەیان نابن، هەرچەندە بە گوێرە ئەو كەرستانەی لە بەردەستیاندایە توانیویانە ستەمكاربن. بەڵام ئەوەی جێگای خۆش بەختیەستەمكارەكانی جیهان مێژوو یەكی رەشیان بۆ خۆیان تۆماركرد وبەزەلیلی لەبەردەستی زوڵم لێكراواندا لەناو چوون،ئەوەش ئومێدێك زۆری بۆ ئێمامانان گەڕاندوەتەوە كە ئەم وردە ستەمكارانەی لای خۆشمان بەدەردی ستەمكارە ملهوڕەكانی وەكو سەدام و قەزافی بچن و ناویان بچێتە لاپەڕەی رەشی ستەمكارانی جیهانەوە.
تیبینی: سود لە سەرچاوەی كتێبی دیوی ناوەوەی خەیاڵەكانی سەددام لە لاپەڕە(32-33-34-43-44) وەرگیراوە كە لە وەرگێڕانی (د. عەباس مستەفا عەباس)ە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە