وه‌ڵامێک بۆ ووته‌که‌ی مه‌سعوود بارزانی: ئێمه به‌خوێن ده‌سه‌ڵاتمان گرتۆته ده‌ست و ته‌نها به خوێنیش لادهچین.
Saturday, 18/04/2009, 12:00
1759 بینراوە
کاتێک مرۆڤ لێکدوانێکی وه‌ک ئه‌م ئاخافتنه‌ی مه‌سعود بارزانی ده‌خوێنێته‌وه یان ده‌بیستێت هه‌ست ده‌کات ئه‌م جۆره قسانه هی که‌سێکی چه‌قۆ وه‌شێن یان بازاری یان مرۆڤێکی نێو نزمترین چینه سه‌قه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگایه، به‌ڵام مه‌خابن ئه‌مه ووته‌ی که‌سێکه که به خۆسهپێندراوی خۆی کردووه به سه‌رۆکی هه‌رێمێک که پێی ده‌وترێت کوردستان. ده‌کرێت بپرسین به‌رێز کاتێ تۆ ئه‌م جۆره قسانه ده‌که‌یت بیر له‌وه ده‌که‌یته‌وه که تۆ به‌ناو سه‌رۆکی هه‌رێمێکی 5 ملیۆن که‌سیت. ئایا به‌ڕاستی تۆ چاوێکت به مێژووی ژیان و خه‌بات و که‌سایه‌تی خۆتدا خشاندووه؟ یان ئایا تۆ له‌هه‌موو ژیانتا فیشه‌کێکت بۆ کورد، نه‌ک بۆ ڕاو و خۆشی، ته‌قاندووه؟ به‌ڕێزم تۆیه‌ک که نیوه‌ی ژیانت له باوه‌شی دوژمنانی کورد به‌سه‌ر بردووه، چۆن ئه‌و مافه به‌خۆت ده‌ده‌یت که بڵێیت " ئێمه به خوێن ده‌سه‌ڵاتمان گرتۆته ده‌ست و ته‌نها به خوێنیش لادهچین". من سه‌د ده‌ر سه‌د له‌گه‌ڵ به‌شی دووه‌می قسه‌کانتم، به‌ڵام به‌شی یه‌که‌می قسه‌کانت له‌و پروپاگه‌نده و خیتابه پڕ‌و پوچ و بێمانایانه ده‌چێت که هه‌ر له‌سه‌ره‌تای گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتت، خوت پێوه گرتووه و لێت بوونه‌ته ڕاستی و خۆت لێ بۆته دۆنکی شۆت، ئه‌گینا هه‌موو تاکی کورد ده‌زانێ که تۆ بێ بیر کردنه‌وه قسه فڕێ ده‌ده‌یت و پاش ماوه‌یه‌ک که‌ی له جددیه‌تی قسه‌کانت گه‌یشتی گورج به بیانووی جۆراو جۆره‌وه بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ خۆت له کون و قوژبنی ووڵاتێکی ئه‌وروپی ئه‌شاریته‌وه و چاوشارکێ له‌گه‌ڵ بار‌و دۆخه‌که‌ی کوردستان ده‌که‌یت. ڕه‌نگه تۆش یه‌کێک بیت له‌و که‌سانه‌ی که ده‌ڵێن هه‌ر درۆبکه تا درۆکانت لێ ده‌بن به ڕاستی ئه‌گینا به‌ڕێزم خۆت و بنه‌ماڵه‌که‌ت و دارودهستهکهت هه‌ر له ئاشبه‌تاڵه‌که‌ی 1975 ی باوکتی خوالێخۆشبووت، له ئێران خۆشترین ژیانتان بۆ دابین کرا به‌رامبه‌ر وه‌فاداری و سیخوڕی هه‌م بۆ ڕژێمی شاهه‌نشای گۆڕ به‌گۆڕ و هه‌م بۆ کۆماری فه‌ساد و دژه مرۆڤی ئیسلامی ئیرانی.
بێ ڕێزیم نه‌کردووه ئه‌گه‌ر بڵێم ده‌ک ڕووی جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌میشه سیخوڕ و به‌کرێگیراو ڕه‌ش بێت که له دوای ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه‌که‌ی خه‌ڵکی ماندوونه‌ناسی کوردستان، په‌لی به‌ڕێزتی گرت و وه‌ک به‌ربووک تۆ‌و بنه‌ماڵه‌که‌تی هێنایه‌وه سه‌ر ئه‌و گۆڕه‌پانه نیمچه ئازادکراوه‌ی که هه‌زاران تاکی کورد به‌خوێن و جه‌سته‌ی خۆیان ڕزگاریان کرد.
ئایا تۆ به‌ئاگایت له‌وه‌ی که به‌م قسه بێ نرخانهت سوکایه‌تی به هه‌زاران تاکی کوردی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و ئه‌کادێمی و شارستان ده‌که‌یت، ئه‌و تاکانه‌ی که به ئه‌ندازه‌ی ڕۆژه‌کانی ژیانت کتێبیان خوێندۆته‌وه، یان به ئه‌ندازه‌ی نیوه‌ی ژیانت سه‌رقاڵی خوێندن و لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ن له بواری که‌لتووری، هونه‌ری، ئه‌ده‌بی و زانستی له دانیشگا و زانکۆکانی جیهان، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که گه‌وره‌ترین سوکایه‌تیش به خودی خۆت ده‌که‌یت، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتیش‌دا ده‌بێت تێگه‌یشتنمان هه‌بێت بۆ که‌سانی بێ که‌لتوور و خێله‌کی. من به‌ش به‌حاڵی خۆم پێم شه‌رمه که تۆیه‌کی ساویلکه و تیران و تا سه‌رئێسقان دز و گه‌نده‌ڵ سه‌رۆکی من بێت، هه‌رچه‌نده زۆر دڵنیام که زۆرینه‌ی تاکی کوردیش هه‌مان ڕای منیان هه‌یه.
به‌ڕێزم تۆ به ئاشکرا جاڕنامه‌ی شه‌ڕێکی تری براکوژی ڕاده‌گه‌یه‌نیت. به‌ڕاستی تۆ مایه‌ی شه‌رمه‌زاری کۆمه‌ڵگای کوردیت. تۆ‌و جه‌لال تاڵه‌بانی شه‌ریکه دزت، که دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی جاشایه‌تی و به‌کرێگیراوی و خۆفرۆشییه، ئه‌وه نیو سه‌ده‌یه له ژێر ناوی کوردایه‌تی تاکی کورد فریوو ده‌ده‌ن و ده‌یکه‌نه سوته‌مه‌نی بۆ مه‌رامه پیس و گڵاوه‌کانتان. نیو سه‌ده‌یه ئێوه‌ی مرۆڤ‌کوژ و ترسنۆک له‌خه‌بات و ماندووێتی تاکی بوێر و جوامێری کورد ده‌خۆن و له ژێر سێبه‌ری ماندووبونی ئه‌واندا بوونه‌ته ده‌سه‌ڵاتدار و سه‌رمایه‌دار.
ئێوه کۆمه‌ڵێک ده‌موچاو و ڕوخساری خاوه‌ن ئه‌قڵێکی کۆنه‌په‌رست و ئێکسپایهرن که ئه‌گه‌ر له هه‌ر ووڵاتێکی نیمچه دیموکرات و ئازادیخواز بونایه، ته‌نانه‌ت له مۆزه‌خانه ئهنترۆپۆلۆژیاکانیشیاندا شوێنتان نه‌ده‌بۆوه. ناکرێت که‌لتورێکی شاخاوی و شه‌ڕئه‌نگێزی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ و که‌لتووری شارستانی و به‌رێوه‌به‌رێتی هاوته‌با بن. هه‌ر ئه‌م پێکدادانی دوو که‌لتوره جیاوازه‌یه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی ئێوه و دارودهستهکهت نامۆ بن به ژیانی شارستانیه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی، فه‌رهه‌نگی مودێرن و ئازادیخوازی. ئه‌حمه‌قترین کاری مرۆڤ ئه‌وه‌یه که شتێک بکات یان بیڵێت بێ ئه‌وه‌ی به‌ئاگا بێت له ناوه‌ڕۆک و بنه‌ماکانی، یان باوێشکێک یان خهوبینینێک بکاته ڕووداوی مێژوویی. ئێوه‌یه‌کی خێڵه‌کی زیاد له نیوو سه‌ده‌یه ده‌هۆڵی دیموکراتی ده‌کوتن و له‌هه‌مان کاتیش‌دا میراتگری ده‌سه‌ڵاتێکی ئۆلیگارکیت که نیو سه‌ده‌یه له کوردستان پیاده ده‌کرێت. له کوێی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌دا دیموکراتیه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌کی یه‌کیان گرتۆته‌وه؟
ڕه‌نگه مه‌به‌ستی به‌ڕێزت له‌و خوێن ڕشتن و خه‌باته خوێنی ئه‌و 3 هه‌زار لاوی کورده بێت که له شه‌ڕێکی بێ ئه‌خلاقانه و دوور له مۆڕاڵی مرۆڤایه‌تی دژ به پارتی کرێکارانی کوردستان، کردته خه‌ڵاتی ئاغا تورکهکانت، یان ڕه‌نگه مه‌به‌ستت ئه‌و 10 هه‌زار ڕۆڵه‌ی کورده بێت که تۆ و جه‌لال تاڵه‌بانی نه‌خۆش و سادیسم، کردتانه سوته‌مه‌نی ده‌رونه پیس و گڵاوهکهتان، یان ڕه‌نگه مه‌به‌ستت ئه‌و خه‌باته هاوبه‌شه‌ی پارتی و سوپای پاسدارانی ئێرانی بێ دژ به شۆڕشگێرانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات.
ئایا تۆیه‌ک بیرت کردۆته‌وه که مانگانه 400000 دۆلار موچهته، به‌ڵام توانای ده‌ربڕینی 400 ڕسته‌ی به‌سوودت نییه! ئه‌مه جگه له‌و سه‌دان ملیۆن دۆلاره‌ی که له ڕێی کۆمپانیا واقیع و وههمییهکانتهوه به‌ده‌ستیان دێنیت. ئه‌گه‌ر چاوچنۆکی و بێ به‌رپرسیاری نه‌بێت به‌و موچهیهت مانگانه زیاد له 2000 خێزانی ئه‌نفال و شه‌هیدی پێی ئاسووده ده‌بن. ئایا ئه‌قڵت به‌وه ده‌شکێت که ته‌نها به 1،5 ملیار دۆلار له‌و 4 ملیاره دۆلاره‌ی که سامانی ئه‌م گه‌له سته‌مدیده‌یه‌ی کوردستانه و تۆ دزیوته، ده‌توانرێت زیاد له 130 وێستگه‌ی ووزه‌ی بای پێ دروست بکرێت که سه‌رجه‌م Wh2 کاره‌با به‌رهه‌م دێنێت له کاتێکدا وه به‌پێی وه‌زیری کاره‌باکه‌ت کوردستان ته‌نها پێویستی به 1،5 TWh هه‌یه. تۆ پارووی قووتی تاکی کورد ده‌دزیت بۆ ئه‌وه‌ی به پاره‌ی خۆیان بیان کڕیت.
ده‌کرێت بۆ کۆشک و ته‌لار و پێداویستیه‌کانی ژیانتان تازه‌ترین و مۆدێرنترین ئامێر و که‌ره‌سته‌ی پێویست و که‌لوپه‌ل له ووڵاتانی جیهانه‌وه بێنن، به‌ڵام بۆ دابین کردنی پێداویستیه سه‌ره‌تاییه‌کانی تاکی کورد کۆمه‌ڵێک گرفت دێننه ئاراوه.
ئه‌و سیستێمه‌ی ئێوه ئه‌مڕۆ له کوردستان پیادهتان کردووه هه‌مان سیستێمه چه‌وسێنه‌ر و داپڵۆسێنه‌ره‌که‌ی سه‌ددامی هاوپهیمانتانه که کۆمه‌ڵگای کوردی به‌درێژایی چاره‌که سه‌ده‌یه‌ک به جوامێری ڕوبه‌ڕوی بۆوه. مرۆڤ که خاوه‌نی ئه‌قڵ و داهێنان و بیرکردنه‌وه نه‌بوو، په‌نا بۆ دزینی داهێنان و بیرکردنه‌وه‌ی که‌سانی تر ده‌بات. بیری تازه‌گه‌ری و ڕێنێسانس له تاریکایی ئه‌شکه‌وتی ئه‌قڵی مرۆڤی خێڵه‌کی و نه‌زانه‌وه سه‌رهه‌ڵنادات، به‌ڵکو به‌رهه‌می ئه‌قڵێکه که له کهشو هه‌وایه‌کی ئازاد و شارستانیه‌تدا و له‌ژێر کاریگه‌ری گۆڕانکاری و پێشکه‌وتنه‌کاندا بنه‌مای تێگه‌یشتن و بۆچونه‌کانی تیا هه‌ڵچنراوه.
گه‌وره‌ترین ده‌ستکه‌وتتان بۆ خه‌ڵکی کوردستان له‌ماوه‌ی 18 ساڵی ده‌سه‌ڵاتتان هێنانی ته‌ماته‌و سه‌وزه و میوه‌یه له ئێران و تورکیا و ووڵاتانی دراوسێ. بڕبڕه‌ی پشتی کۆمه‌ڵگا یان هه‌ر ووڵاتێک بوونی ژێرخانێکی ئابووری به‌هێزه که به‌رهه‌می هزری مرۆڤی ئه‌کادیمی و ته‌کنۆکراتی و ڕۆشنبیره. ئێوه له‌شاخ شۆڕشی ئازادیخوازی کوردستانتان ڕسواکرد و ئێستاش له باژێڕه‌کانی کوردستان سه‌رگه‌رمی تێکدانی ڕێچکه‌ی ئابووری و پلانسازی و ڕێڕه‌وه زانستی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانن. هه‌ر بۆیه له‌وباوه‌ڕه‌دام که نه‌وه‌کانمان له داهاتوودا ئه‌و به‌رهه‌مه تاڵ و پوکه ده‌چنه‌وه که ئێوه ڕۆژ به ڕۆژ تۆوی ده‌چێنن. به‌ڵام له ئێوه‌ش تاوانبار تر ئه‌و قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته ئۆپۆرتۆنیستانهن که له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵتان گه‌یشتونه‌ته مه‌رامه بێ مۆڕالیهکانیان. زۆرن ئه‌و قه‌له‌م فرۆشانه، نمونه‌یه‌کیان ئه‌و ساتیر نووسه ده‌رون نه‌خۆشه‌یه که پاش ژیانێکی 30 ساڵی له ووڵاتی سوێد توانای وه‌رگێڕانی یه‌ک ڕسته‌ی سویده‌ی نه‌بوو بۆ کوردی، یه‌کێکی تریان ئه‌و خانمه فێمێنیستهیه که خۆی کردۆته ده‌مڕاستی ئافره‌تان بێ ئه‌وه‌ی که‌س هه‌ڵیبژاردبێت و بێشه‌رمانه هه‌وڵی ده‌دا و پێشنیاری ئه‌وه‌ی ده‌کرد که گه‌نده‌ڵ و مرۆڤ کوژ و خیانه‌تکارێکی وه‌ک تۆ کاندید بکرێت بۆ خه‌ڵاتی نۆبڵی ئازادی.
به درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی، ته‌واوی ڕژێم و ده‌سه‌ڵاتداره ملهوڕ و تۆتالیتێره‌کان به دڕنده‌ترین شێوازی نا مرۆڤانه ڕووبه‌ڕوی هه‌وڵدان بۆ گۆڕانکاریه‌کان، پێشکه‌وتنه‌کان و ئازادی تاک و دیموکراتی بوونه‌ته‌وه. ئێوه‌ش به هه‌مان شێوه مرۆڤه ئازادیخوازه‌کان له‌سه‌ر ووشه‌کانیان تێرۆر ده‌که‌ن. له‌سه‌ر ئه‌و ووشه ڕاست و پاک و جوان و بێخهوشانهی که نامۆن به هزری بۆگه‌نتان و له کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه و هۆبهکانتاندا بوونیان نییه. ئێوه هه‌میشه له‌ده‌ره‌نجامی ئه‌و ووشه ڕاستانه ترساون و ده‌ترسن چونکه ئێوه مرۆڤی گرگن و لاواز و ترسنۆکن و که‌سایه‌تیتان زۆر له‌مێژه، له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی دوژمنانی کورد، تێکشکاوه.
پێش پرۆسه‌ی ئازادی عێراق سیناریۆی شه‌ڕی خوێناوی شیعه و سوننه له‌به‌ر چاو گیرابوو، هه‌ربۆیه, بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگه خوێناویه چاوه‌ڕوانکراوه, جه‌لال تاڵه‌بانی شه‌ریکه دز و گه‌نده‌ڵت له ژێر ناوی سه‌رۆک کۆماری عێراقی عه‌ره‌بی کرا به که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه وه ده‌ره‌نجامه‌که‌شی ڕوون و ئاشکرایه. به‌ڵام که‌سێکی ده‌سه‌ڵات و پاوانخوازی وه‌ک جه‌لال تاڵه‌بانی نه‌یتوانی درک به‌م پلانه بکات، وه ئێستاش که تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بووه ئیتر کاری جه‌لال تاڵه‌بانیش هه‌م ته‌مام شود، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی که مه‌لا مسته‌فا له‌دوای ئاشبه‌تاڵی 1975 به ڕه‌زا شای ئێرانی فه‌رمووبوو" کاری من تمام شود". باشترین نمونه‌ش کۆنفرانسی لوتکه‌ی سه‌رانی عه‌ره‌ب بوو که بووه مشته کۆڵه‌یه‌ک و کێشرا به لمۆزی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆک کۆماری عێراقی عه‌ره‌بی، چونکه سه‌رانی عه‌ره‌ب ده‌یانزانی جه‌لال تاڵه‌بانی بێ هه‌ڵوێست و سیخوڕی ئێران و تورکیا جێی متمانه نییه و نابێت به‌شداری لوتکه‌ی ووڵاتانی عه‌ره‌بی بێت
ئێوه بونه‌ته خاوه‌نی مێژویه‌کی شه‌رمه‌زار و سه‌رشۆڕی پڕ له خیانه‌ت، به‌ڵام تاکی لاوی کورد ده‌بێته خاوه‌نی ئاینده و داهاتووی کوردستان، ئه‌و ئاینده‌یه‌ی که گه‌ریلا شۆڕشگێره‌کانی قه‌ندیل و ووڵات پارێزه‌ره‌کانی کوردستانی مه‌زن به قاره‌مانێتی خۆیان ده‌یپارێزن. ئه‌وه بزاڤی ڕزگاری خوازی پارتی کرێکارانی کوردستان و کوردی به‌شه‌ره‌فی کوردستانی باکوره که ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر و زیاتر سه‌ر به ڕژێمی ملهوڕی تورکیا شۆڕ ده‌که‌ن. له کۆتایشدا ئه‌وه لیستی گۆڕان و سه‌ربه‌خۆیه که ژیانێکی نوێ بۆ تاکی کورد له کوردستانی باشور ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
مارکس و ئه‌نجلس له ناوه‌راستی 1800 کانه‌وه سه‌ره‌تای مانیفێسته‌که‌یان به‌وه ده‌ست پێ‌کرد که " تارماییه‌ک به ئه‌وروپادا ده‌گه‌ڕێت که تارمایی کۆمۆنیستییه...." به‌ڵام ئه‌م تارماییه هه‌ر زوو له به‌شی هه‌ره زۆری ووڵاته‌کانی ئه‌وروپادا به چۆکدادا هات بۆ که‌پیتالیزم و لیبرالیزم. له کوردستانیش له سه‌ره‌تایی 1980 کانه‌وه تارماییه‌ک له باکوری کوردستان به‌ده‌رکه‌وت، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو تارماییه‌کان به‌وه‌ی جه‌لالی و مالایشهوه، ئه‌م تارماییه ئه‌مڕۆ بۆته واقیعێک له چوارچێوه‌ی بزاڤێکی سه‌رتاسه‌ری ڕزگاری خوازی کوردی له هه‌رچوار پارچه‌که‌ی کوردستان که له ئاینده‌یه‌کی نزیکدا ئێوه‌ی خیانه‌ت کار‌و خۆفرۆش ڕاده‌ماڵێت.
Florist Florida
USA, april 2009