کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داواكارى گشتى بە بەستنى كۆنگرە وخەرجكردنى ملیارەها دینار كارا ناكرێت.

Tuesday, 12/04/2011, 12:00


وەك و هەمومان دەزانین داواكارى گشتى رۆڵێكى گرنگ دەبینێت لە دیفاع كردن لە مافى گشتى و بەرژەوەندییە باڵاكانى كۆمەڵ، بەڵام لە هەرێمى كوردستان ئەم دەزگا گرنگە وەك و ئەوەیە هەر نەبێت، بێ گومان دەسەڵات لە كوردستاندا بە دوو شێواز ئەم دەزگایەى بێ ئیرادەو بێ كاریگەرى كردووە، ئەم دوو شێوازەش ئەمانەن:
1 ــ شێوازى دامەزراندنى ئەندامى داواكارى گشتى:
حزب لە باشوورى كوردستان هەموو بەهاكانى بۆ بەرژەوەندى تەسكى خۆى هەراج كردووە لەوەش دامەزراندنى ئەندامى داواكارى گشتى، تا ئێستا ئەوانەى دامەزراون بۆ ئەندامى داواكارى گشتى زۆربەیان یان بە خاترانەو واسیتە دامەزراون یان بۆ كەسبى سیاسى بۆ حزب و زیادكردنى نفوزى حزب، تەسەور بكەن تا ئێستا لە هەرێمى كوردستاندا یەك ئەندامى داواكارى گشتى دانەمەزراوە لە بەر تواناى كەسێتى خۆى، كاتێك خەڵك تەقدیمى كردووە بۆ ئەندامى داواكارى گشتى تا ئێستا لە كەس داواى سیڤى نەكراوە تا بزانرێت ئەو كەسە چەند كتێبى لە سەر قانون هەیە یان چەند توێژینەوە یان چەند بابەتى لە رۆژنامەكان یان سایتەكان هەیە لە سەر مافى گشتى و بەرژەوەندى گشتى، خۆ ئەگەر كەسێك ناسراو بێت بەوەى دیفاعى لە بەرژەوەندى خەڵك كردووەو رەخنەى لە دەسەڵات گرتبێت ئەوە لقەكان و مەڵبەندەكان بە خرپ لەسەرى نوسیویانەو نەیانهێشتووە بكرێت بە ئەندامى داواكارى گشتى چونكە هەر كەسێك ببێتە ئەندامى داواكارى گشتى ئەوە نووسراوى نەهێنى دەكرێت بۆ مەڵبەند یان لق لە ناوچەكەى ئەگەر بە دڵى ئەوان نەبێت ئەوە ناكرێتە ئەندامى داواكارى گشتى. تەماشاى ناوە دیارەكانى ئەندامانى داواكارى گشتى بكەن بۆتان دەردەكەوێت كە زۆربەیان لە خێزانى ناودارن و بۆ كەسبى ئەو خێزانانە دامەزراون. هەروەها چەندین ئەندامى داواكارى گشتى زانیارى تەزویریان بۆ دەوڵەت تەقدیم كردووە لە كاتى دامەزراندنیان، هەشە بە پێچەوانەى یاساوە دامەزراوە.
2 ـ دەسەڵات لە كوردستاندا هەردەم هەوڵى داوە هەندێك توێژى هەستیار لە كۆمەڵگەى كوردەواریدا بە ئیمتیازاتى زۆر رازى بكات بۆ دەمكوتكردنیان و بێ دەنگكردنیان لەوانە ئەندام پەرلەمان، دادوەر، ئەندامى داواكارى گشتى، هەندێك گۆرانیبێژ و نووسەرى ناودار، سەرۆك عەشیرەتەكان.... كە بێ گومان ئەم سیاسەتەى دەسەڵات و دروستكردنى جیاوازى زۆر لە گەڵ عەقڵى گەشەكردووى كۆمەڵگەى كوردى ئەمرۆدا ناگونجێت و لە ئەنجامدا بووەتە هۆى نارەزاییەكى زۆرى جەماوەر تا ئەو رادەیەى ئەو جەماوەرە برواى بە چاكسازى ئەم دەسەڵاتە نەماوەو ئێستا قەناعەتى بە روخاندنى هەیە.
كەمترین موچە ئەندامى داواكارى گشتى وەریدەگرێت چوار ملیۆن وپێنج سەد هەزار دینارە ، ئەم موچەیە بەرانبەر بە ئەركێكى زۆر كەم كە دەكەوێتە سەر ئەندامى داواكارى گشتى، دابین كردنى پاسەوان لە كاتێكدا ئەوان تا ئێستا هیچیان نەكردووە تا گیانیان بكەوێتە مەترسییەوە، دابێن كردنى خانوو یان پارچە زەوى لە جارێك زیاتر، وەرگرتنى دەمانچە. خانەنشین بوون بە (80%) ى موچە.
دەسەڵاتى كوردى بەمانەشەوە نەوەستاوە بەڵكو لە پەرلەمانى عێراقدا پیشنیارى كردووە كە دادوەرو ئەندامى داواكارى گشتى موچەى نەبێت بەڵكو چەكى بۆ بكرێت بە هەوەسى خۆى لە بانك پارە راكێشێت، برادەرێك وتى ((جا ئەگەر دادوەرى لاى ئێمە هەڵامەت بگرێت ئەوە دەچێت پێنج ملۆن دینار لە هەقى چارەسەركردنى هەڵامەتەكەى وەردەگرێت، ئینجا مەگەر حكومەت لە دەرەوە قەرز بۆ مەسروفاتى ئەمانە بكات)) بێ گومان دەسەڵاتى كوردى ئەم كارانە دەكات بۆ دەم كوت كردنى دادگاكان و ئەندامانى داواكارى گشتییە، ئەگەر ئەم دەسەڵاتە پەرۆشى قانونە با پیاوكوژەكان و منداڵ كوژەكانى تەسلیمى دادگا بكات، دەسەڵاتى كوردى خۆى رێگرە لەبەردەم چەسپاندنى یاسا لە باشوورى كوردستان.
لە كۆتاییشدا دەڵێین لە كاتێكدا ئەم دەسەڵاتە بە ملیارەها دینارى ئەم وڵاتە بە فیرۆ دەدات لە ڕێگاى كۆرو كۆنفرانسى بەرفراوانەوە لە لایەنە جیاوازەكاندا كەچى دامەزراوەكانى ئەم هەرێمە رۆژ بە رۆژ بەرەو پاشەوە دەچێت.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە