کاکە سەردەشت مردنەکەت تراژیدیایانە بوو
Wednesday, 04/05/2011, 12:00
کاکە سەردەشت تۆ مامۆستا بویت ، مامۆستای وانەی ئازادی ، بە کردار سەلماندت کە مەرگ باشترە لە ژیانی کۆیلایەتی ، کۆیلە بوونی دەسەڵاتێک کە لە هەوڵدایە هەموو نەفسێکی نیشتمان بکاتە کۆیلە ، (تۆ سەلماندت مرۆڤ شەرت نیە چەند ئەژی ، شەرت ئەوەیە چۆن ئەژی) کاکە سەردەشت تۆ نمونەی بوێریی و ئازایەتی بوویت ، هەڕەشە و چاوسورکردنەوەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێن نەیانتوانی چۆکت پێ دابەن ، نەیان توانی ڕێڕەوی تۆ بگۆڕن کە بەرەو مەملەکەتی ئازادی ، تۆ هەمیشە لە نوسینەکانتا جەختت لەوە ئەکردەوە کە سەرۆکیش وەک ئێمە ئینسانێکە ، بۆ ئەبێت خۆڵی بەر پێی بە پیرۆز بزانرێت !!! بۆ ئەبێت ئەو جیاواز بژی جیاوازتر لە هەموو کەسێ ، سەرەڕای ئەو هەموو زۆرداری و بێ ئاگاییەی لە گوزەرانی خەڵکی ، کەچی هەر چەپڵەی بۆ لێبدرێ و بژی بژی بۆ بکرێ ، کورسی دەسەڵات لە دوای خۆی بۆ کوڕەکەی بێ و لە دوای کوڕەکەی بۆ کوڕەزاکەی ىی و پشتا و پشت هەر ئاوا بێ ، کاکە سەردەشت تۆ وتەنی کەی ڕۆژێ سەرۆک هاتۆتە ناو شەقام و بازاڕەکانی شار و لە موعاناتەکانیانی خەلکی بپرسێ ؟ یان کەی چۆتە سەردانی ئەو دێهاتانەی کە هەمیشە ماڵەکانیان مەقەڕی پێشمەرگە بوو ، یان بۆ ئەبێت ڕۆژنامەنوسێک بۆی نەبێت سەبارەت بە سەرۆک هیچ بنوسێ ؟ یان بۆ ئەبێت بە دوربینیش بۆت نەبێ سەیری کۆشک و تەلاری سەرۆک بکەی ، یان سەبارەت بە داهاتی سەرۆک و حیزبە دەسەڵاتدارەکان بۆت نەبێ سوئال بکەی ، سۆرانی مامەحەمە و سەردەشت عوسمان و دەیان ڕۆژنامەنووسی حەق بێژ و ڕاستگۆ و نیشتیمان پەروەر بونە نێچیری دەسەڵات ، خوێنیان تێکەڵ بە گڵی نیشتیمان کرا و جەستەیان سارد کرایەوە بۆ هەمیشە ! داوات کردبوو تراژیدیایانە بمریت ، تراژیدیایانەش مردیت ،،، بۆیە ئەڵێم " دڵ لە دڵ مەدەن شۆڕشگێڕە ئازاکانی وڵات ، ئێستا هەموو گەنجێکی بە ئەمەک و دڵسۆزی وڵات، بوون بە سەردەشت و سۆران ، پینوسەکانتان نەکەوتۆتە زەوی بەڵکوو لەو شوێنەوە ئەنوسێ کە ئێوە هێزی پەنجە و مەچەکتان نەما بۆ تەواوکردنی ، کاکە سەردەشت خۆزگە ئەتبینی کە لە دوای مەرگی تۆ ، چۆن پایەکانی دەسەڵات کەوتە لەرزین ، چۆن سەرجەم شارەکانی کوردستان کەوتنە خۆپیشاندان و ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی سەوز و زەردی حکومڕان ، کوڕ و کچ و پیر و مناڵ فرمێسکیان بۆ ئەڕشتی ، کارەساتی تۆیان بە هەنسکەوە لەبیر نە ئەچوەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست