ئۆپۆزسیۆن و چونە ناو دەسەڵات لە هەرێم!
Friday, 03/01/2014, 12:00
2011 بینراوە
هێزی سیاسی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم خۆی ساغکردۆتەوە کە دەچێتە ناو دەسەڵات بۆ پێکهینانی کابینەی هەشتەمی حکومەت، بە گوێرەی میدیای ئۆپۆزسیۆنو میدیای کوردی بە شێوەیەکی گشتی جگە لە نوسەرەکانی سەر بەدەسەڵاتو پارتە سیاسیەکان، هەندێکی کەم لە نوسەران پشتیوانی لەو بڕیارە سیاسیە دەکەن.
هەندی لەو نوسەرانەی کە پاڵپشتی ئەو بڕیارە دەکەن، ئاماژە بە گەڵی هۆکار دەکەن بۆ گەیاندنی خوینەری بابەتەکانیان بەو قەناعەتە کە ئیمرۆ زەروریە ئۆپۆزسیۆن بچیتە ناو دەسەڵاتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژە بە هەندێ هۆکار دەکەن بە نەزەری ئەوان واقیع بینانە چاو لە وەزعی سیاسی هەرێم دەکەنو شێکردنەوەی بۆ دەکەنو پێیان وایە پارتی بە حوکمی ٦٧ ساڵ تەمەنی خاوەن پیگەو جەماوەری خۆیەتی وە لە دوای راپەرینەوە هەر لە لوتکەی دەسەڵاتدایە، یەکێتیش بەهۆی مێژوی خەباتی لە باشور رۆڵیان هەبوە لە بزوتنەوەی شۆرشگیری ئەوانیش خاوەن پێگەو سەنگی تایبەتی خۆیانن، هێزە ئیسلامیەکانیش بە هۆی ئیسلام و بە هێز بونی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەو هەرێم ئەوانیش پێگەیەکیان هەیە لە نێو کۆمەڵگا وە هەموشیان رۆڵیان هەبوە لە دۆخی عیراقو حوکمرانیدا وە دەبێ ئۆپۆزسیۆن بە واقیعبینانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بارو دۆخە بکاو باشترین هەنگاویش بۆ ئەو بارودۆخەی هەریم ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆن بچێتە ناو دەسەڵاتەوە بە گیانی یەکتر قەبوڵکردن کە ئەمرۆ لە بەرژەوەندی گشتیە.
ئەوەی شایەنی باسکردن بی ئەوەیە کە بونی ئەو واقیعەی کە ئەمرۆ وەکو خاڵی گرنگ دەوروژێندرێو دەکرێ بە هۆکارێ بۆ پاڵپشتی کردنی بڕیاری چونی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو دەسەڵات واقیعێکی تازەو کتوپر نیە، بەڵکو بونی هەبوە لە مێژوی سیاسی دورو نزیکی هەرێم هەتا لەو ساتو کاتانەی کە ئۆپۆزسیۆن سەری هەلداو گەشەی کرد و ژمارەیەکی باشی کورسی بەدەست هێنا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٥/٧/٧٢٠٠٩ ئینجاش بڕیاری ئەوەی نەدا بچێتە ناو دەسەڵات.
بۆیە هۆکاری سەرەکی بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بۆ چونە ناو دەسەڵات ئەو هۆکارانە نین بەڵکو ئۆپۆزسیۆن دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێم لە کۆتایەکانی ساڵی رابردو بۆی دەرکەوت کە ناتوانێ لە ئایندەیەکی نزیک شەرعیەتی دەنگی تەواو بەدەست بهێنێ لە نێو کۆمەڵگای کوردی باشوری وڵات بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و پێکهێنانی حکومەت بەبێ لایەنی دەسەڵاتی کوردی هەنوکە لە هەرێم، بۆیەش ئەو بێ هیوای بونەو نەفەس کورتیە وای لە ئۆپۆزسیۆن کردوە کە بریار بدا بۆ چونە ناو دەسەڵاتو دامەزراندنو بەشداریکردن لە حکومەتی بنکە فراوان. سەرەرای ئەوەش دورنیە فشاری هێزێکی دەرەوە لەسەر ئاستی ناوچەکە دەوری هەبێ لە تەئسیر کردن لە رای ئۆپۆزسیۆن. لەوانەش گرنگتر بونی خێرو بێرێکی زۆر لە هەرێم بە تایبەتی دەرامەتی سامانە سورشتیەکانو، گرێبەستە نەوتیەکانی نێوان هەریمو کۆمپانیا بیانیەکانو پشکی هەرێم لەو گرێبەستیانەو دەستکەوتە ئابوریەکانی تر لە پرۆژە کانی ترو گومرگەکانو بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدا لە هۆکارە هەرە گرنگەکانە کە ئۆپۆزسیۆن خستویەتیە ناو حیساباتەکان وە بۆ ئەوەی پشکی باشتریش بەر بەرەی ئۆپۆزسیۆن بکەوێ بۆیەش ئەوا وا دەخوازێ کە ئۆپزسیۆنیش پۆستی سیادی هەبێتو بۆ ئەوەی بتوانێ نزیک بێتەوە لە سەرچاوە ئابوریەکانو لە ئەنجامدا ئیماکاناتی مادی خۆی بەرەو گەشە گردنی زیاتر ببا.
ئەزمونی هەرێم ئەوەی سەلماندوە هەر هێزێکی سیاسی کە لە دەسەڵات نزیکبێتەوە ئیماکاناتی مادیشی باشتر دەبێ وە دەتوانێ زیاتر دۆستو لایەنگر بۆخۆی پەیدا بکاو خەڵک بکڕێ ، نمونەیەکی زیندو بۆ ئەو مەسەلەیە ئەوەیە دو فاکتەری زۆر گرنگ بو بەهۆی بەهێز بونی باڵی جەلالی لە ناو یەکێتی یەکەم بە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی رەنجدەرانو دوەم فاکتەر بە خزانی تەواوی ئەو باڵەوسەڕۆکی ئەو باڵە بۆ ناو باوەشی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە ئەنجامدا رێکەوتنی ستراتیژی لێکەوتەوەو بو بە هۆی دابەش کردنی پۆستی حیزبیو حکومی لەسەر هەر دو ئاست هەرێمو ناوەند لە نیوان هەردو پارت لەگەڵ دابەش کردنی سەروەتو سامانی باشوری وڵات لە نێوان خۆیان، دەرئەنجامی ئەوەش بو بەهۆی تێئالانی خەڵکێکی زۆر لێیان بە مەبەستی دەستکەوتی مادی، بۆیەش لە ماوەیەکی کەم هێزی جەماوەری یەکێتی رۆژ بە رۆژ بەرەو زەبالاحتر دەرۆی هەر هەمان هێز بو بە داردەستی باڵادەست رۆیشتوەکانی ناو هێزەکە و وەکە ئامرازێک بەگارهێنران بۆ پەردە پۆشی لەسەر گەندەلیە ئابوریو سیاسیەکانو کۆمەڵایەتیەکان لە هەمان کاتدا هەمان ئامراز بەکاردەهات لە کاتی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجامدانی تەزویر وەکو ئالیاتێکی کارێگەر بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەکان بەرامبەر بە رکابەرەکانیان. بۆیەش بەهێزبونی باری ئابوری ئۆپۆزسیۆن هەمان ئاسۆی تیادا بەدی دەکرێ.
مەبەست لێرەدا ئەوە نیە کە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی رەنجدەران بە بەرنامیەکی داریژراو بو بۆ ئەوەی وردە وردە باڵی جەلالیەت گەشە بکاو سەقامگیرتر بێت لە ناو یەکتێتی .هەلوەشاندنەوەی کۆمەڵەی رەنجدەران لە کاتێکدا بو کە تاڵەبانی لە دەرەوەی وڵات گوزەرانی دەکرد لەگەڵ خێزانو ماڵو منداڵی، ئەو کات کەسایتی دوەمی ناو یەکێتی بە پلەی یەکەم ئارستەی هێزی یەکێتی دەکردو ئامادەباشی دەکرد بۆ ئەو راپەرینە جەماوەریەی کە چاوەروان دەکرا لە باشوری وڵات. نیەتی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی رەنجدەران بێگومان بۆ زەمینە خۆش کردن نەبو بۆ تاڵەبانی بۆ ئەوەی ببێ بە کەسایەتی یەکەمی ناو یەکێتیو وای لیبێ کۆنترۆلی تەواوی ئەو هێزە بکاو ببێ بە بریاردەری یەکەم لە داراشتنی تاکتیکو ستراتیژی ئەو هێزە سیاسیە و دەست بگەیەنی بە هەمو ئۆرگانو جومگەکانی هەیکەلی رێکخراوەی ئە و هێزە سیاسیە کە دەورو رۆڵیکی گرنگی دەگێرا ئەو کات لە نێو کۆمەڵگای کوردی باشوری وڵات، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵە بۆ ئەوە بو کە باڵە سەرەکیەکانی یەکێتی تێکەڵ بکرێنو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی لە زۆرینەی ئەندامانی کەونە کۆمەڵە پێکببهێنرێنو لە ئەنجامدا ئەو هێزە سیاسیە بکەویتە ژێر دەسەڵاتی کەسایەتی تری ناو یەکیتی.
تاڵەبانی لە دورەوە چاودێری ئەو گٶڕانگاریانەی دەکرد کە لە مەیدانی سیاسی باشوری وڵات لە گۆراندابو وە لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ دەستیکی دەرەکی کاری دەکرد زۆر بەهێز تر لە هێزو کەسایەتیە سیاسیە کوردیەکانی وڵات وە گوێرایەلێکی باشی ئەوان بو، لە هەمانکاتدا قاعیدەیەکی هەبو لە ناو یەکیتی کە بەرژەوەندیان لە بونی ئەو بو وە ئەویش دەیزانی چۆن ئەو قاعیدەیە بەکاربهێنی ج لە ئاستی سەرکردایەتیو وە چ لا ئاستی کەوادیری وەسەتو ئەندامو لایەنگرانی خۆی. تاڵەبانی وا نەبێ دەرکی بەو تەڵەیە نەکردبو کە لە ناو هێزی یەکێتی بۆی دانرابو بۆیەش دوای گەرانەوەی لە دەرەوەی وڵات دوای راپەرین هەر زو ئاماژەکانی مەترسی هاوپەیمانیەتی تاڵەبانی لەگەڵ پارتی بە رونی دیار بو کە ببو بە نیگەرانی بۆ دۆستو لایەنگرانو کەوادیری ئەو هێزە سیاسیە.
ئەو ناکۆکیانەی نێوان هەندێ کەسایەتی ناو یەکیتی لە ئاستی سرکردایەتیو مەکتەبی سیاسی بو بە دەردو بەڵا بۆ لاینگرانی ئەو پارتە سیاسیەو میللەت، بو بەهۆی زەرەرمەندی یەک ریزیو تەباویو ئاشتەواییو یەک هەلوێستی، ئەو ناتەبایی یەکێ بو لە هۆیە سەرکیەکان کە لەت لەتی کەوتە رێزەکانی یەکێتیو باڵی جەلالیەت بە تەواوی خزا باوەشی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، وا ئیستا هەمان ئەزمون خەریکە خۆی دوبارە دەکاتەوە کێشەو ناکۆکی نێوان کەسایەتیەکانی سەرکردایەتیو مەکتەبی سیاسی یەکێتیو سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن رێگرە لە نزیک بونەوەی قاعیدەی جەماوەری یەکێتیو ئۆپۆزسیۆن بۆ پێکهێنانی هێزێکی پتەو لە جیاتی ئەوە هەریکە لە لای خۆیەوە لە هەولی ئەوەدایە بەرەی هاوپەیمانیەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدەبژێری هەرچەندە ئەزمونی ئەو جۆرە هاوپەیمانیەتە لە هەرێم پێشوەخت ئەوەی سەلماندوە بە زەرەر شکاوەتەوە لە هەمو رویەکەوە.