کاتێک پێشمەرگە گریا!!
Thursday, 20/03/2014, 12:00
1754 بینراوە
پەڵە هەوری ڕەشی چڵکن
تژی لە بارانی ژەهر
ئاسمانی بە شێک لە وڵاتی منی
داگرتووە
چەنگی دێو جامە و
زاخاوی دواکەوتوو
ئەو خاکەی تەنیوە
کانی وشک
چیا تەریدەو تەنیا
دارستان نە شنە لێی دەدا
نە لاوێن هەڵدەستێتەوە سەر پێ
کازیوەش لە تیرڕێژی یەکەمدا
مات ومەلوول بە چۆک دادێ
چوار وەرزیش وێنەی زەندۆڵستان
جەرگی شەقار شەقار بووەو
چاوەڕوانی رۆژێکە کە هەمیسان
وڵاتی رۆژ گەرمایی بگاتێ
لەسەر زەمینی خانی
سەردەمانێک کە
بەرگی پێشمەرگەی پۆشی
مەمو زین بونە بیانووی رزگاری
سەردەمانێک چیاکان پڕ بون لە ورە
لە بەرخۆدان
ناوی رۆڵەی کورد
ببوو بە رەمزی سەرهەڵدان
هەوێنی ژیان
کات هات و کات چوو
ئەو بەشە لە نیشتمانم هاتەوە باوەشو
پێشمەرگەش هاتنەوە
یەک، یەک، پۆل،پۆل
ئامێزی دایکی وڵاتی لە باوەش ناو
خاکی کردە کلو ملوانکەی ئەنفالی
پەڕاو بە پەڕاو هۆندەوە
ئەو ڕۆکە بە چاوی خۆم دیتم
کە پێشمەرگە چی بەسەر هاتووە
ئەوەی لە مێژوودا مامەڕیشەکان
چاندیان
مفتەخۆری داوێن تەڕ
ساف لە سافی دەداو
بێ ماندوویی، دەیدوورێتەوە
ئەو ڕۆ پێشمەرگە هەناسەی ساردە
هەنیسکان دەدا تا
دەکوڵێ،، دەکوڵێ
ئەوکات دەگری لە برسان !
نا،،نا،،نا،،
با ئێمەش بگرین
منیش دەگریم،،تۆش بگری،، هەموومان دەگرین
با چل میلیون جووتیاریش بگرین
نە بۆ نان
نە بۆ بژیوی ژیان
گریان لە خۆشی رزگاری ئەو رۆژەی
کە سەربەخۆ دەبێ
خاکی پیرۆزی کوردو کوردوستان .
جەعفەر کەریمی
رۆژی یەکەمی نەورۆزی ساڵی ٢٠١٤ ی زایینی
٢١/٣/٢٠١٤
بۆ گاڵتەی رۆژگار ئەو رۆژە رۆژی لەدایک بونی منە .
کات: ١٤و٣٠ خولەک