توركیا بە فەرمی دەستی خۆستووەتە ناو كاروباری كەركوكەوە
Friday, 06/11/2009, 12:00
دوای ئەوەی دوێنێ نەتەوەیەكگرتووەكان لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە هەڕەشەی لە كورد كرد، ئەمڕۆش توركیا بەفەرمی و راستەوخۆ خۆی تێهەڵقورتاند.
لەمبارەیەوە ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق "حاكم ئەحمەد ئەنوەر" تایبەت بە رادیۆی زاگرۆس راگەیاند، لیژنەی یاسایی ئەمڕۆ كۆبووەتەوە بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و یاسای هەڵبژاردن.
هەروەها وتیشی: باڵوێزی توركیا لە عێراق بە فەرمی بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا كردووو داوایكردووە پەلە بكرێت لە چارەسەركردنی ئەو كێشانە بۆ ئەوەی لە كاتی خۆییدا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
حاكم ئەحمەد ئەوەشی ئاشكرا كرد كە باڵوێزە توركەكە رایگەیاندووە كە ئەوان لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە بێلایەنن، بەڵام داوا دەكەن لەگشت لایەك بگەنە چارەسەرێك بۆ ئەوەی رەوشی سیاسی ئێراق ئاڵۆز نەبێت.
ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ سامی ئەتروشی ئەندامی لیستی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەران بە پەیامنێری راگەیاند، دوای ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە گەڵ لیستی هاوپەیمانی كوردستان و یەكگرتووی ئسلامی دانیشتوون، هەڕەشەی ئەوەیان كردوە كە ئەگەر تا پێنجشەممە كورد بە پێشنیاری نەتەوە یەكگرتووەكان رازی نەبێت، بەیاننامەیەك دەردەكەن و كورد بە بەرپرسیار لە ئاڵۆزییەكان دادەنێن.
چەند سەرچاوەیەكیش ئەم هەوڵەی توركیا بە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق دادەنێن و دەڵێن: ئەوە هەوڵێكە بۆ تێكدانی هاوسەنگیە سیاسیەكانی وڵات، بەتایبەتی لە كێشەی كەركوك.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست