زوومەكەی پرۆگرامی (زووم ئین)، بۆچی (ئاوت) دەكات؟
Friday, 20/03/2009, 12:00
ماوەیەكی زۆرە پرۆگرامی "زووم ئین" لە كەناڵی ئاسمانیی كوردستان لە لایەن هاوكارم "رزگار كۆچەر"ەوە پێشكەش دەكرێت و، بەشبەحاڵی خۆم، بە تاسەوە سەیری یەك بە یەكی بەرنامەكانیم كردووە. زووم ئین، ڕووداوی هەفتە و كۆمەڵێك تەوەری بەپێز دەخاتە بەر باس و، ڕەخنەگرانە هێما بۆ كەموكوڕییەكان دەكات، بۆیە لێرەشەوە دەستخۆشی و ماندوونەبوون لە كاك ڕزگار و كەناڵی ئاسمانیی كوردستان دەكەم و، هیوای بەردەوامییان بۆ دەخوازم.
بەڵام ئەوەی لای من و زۆر كەسی تریش جێی هەڵوەستەلەسەركردنە، ئەوەیە كە زۆر كەڕەت زوومەكەیان ئاوت دەكات و، هەندێك دیمەن پێشان دەدات كە شیاوی ئەوە نییە هەموو تەمەنە جیاوازەكان، بە گچكە و گەورەوە بیبینن.
بۆ نموونە پێشاندانی قاچێكی بڕاوەی مرۆڤێك، هێندە سامناكە، كە ڕەنگە كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر دەروونی منداڵێكی تەمەن 8 ساڵ یان زیاتر، هەبێت و، لەوانەیە پاشەڕۆژ، ڕەنگدانەوەی بەسەر كەسایەتییشییەوە هەبێت.
یاخود وێنەگرتنی تەرمی ئافرەت یان پیاوێك، كە بە جۆرێك لە جۆرەكان گوللەباران كراوە، نەك هەر لە زەینی منداڵاندا شوێنەواری نێگەتیڤ بەجێ دێڵێت، بەڵكوو گەورەكانیش تووشی دڵەڕاوكێ و شۆك دەكات و، ئەگەر زێدەگۆیی نەبێت، دەتوانم بڵێم، ڕەنگە زۆر جار بە هەندێك گرتەی زووم ئین، من و هەزارانی وەك منیش پتر لە مەرگ و مردن ترسابین و، هەقیقەتی مردنمان گەورەتر لە خۆی بینیبێت. بە دووریشی نازانم، منداڵان و هەرزەكاران، شەوی دوای پێشاندانی ئەو دیمەنە ترسناكانە، خەونیان بە چڕنووكی دێوەزمە و جنۆكەوە دیبَیت و، گۆڕستانەكانی شاریان هاتبێتە خەو.
جگە لەوانەیش، پێدەچێ دابەزینی وێنەی ئەو كەسە هەرزەكار و گەنجانەی كە حەب و سیكۆتین دەخۆن، جۆرێك لە هاندانی پێوە دیار بێت، چونكە ژمارەیەك گەنج و هەرزەكار ئاگایان لە مەحموودی بێزەواد نییە و، پاش بینینی ئەو دیمەنانە، ڕەنگە پەنا بۆ ئەو كارە بێزراوە بەرن.
شتێكی دیكەیش كە سەرنجم لەسەری هەیە و، بە بڕوای من شیاوی قسەلەسەركردنە، مامەڵەی كاك ڕزگار كۆچەرە لەگەڵ تۆمەتبار و تاوانباراندا، ئەو هەندێك جار وەك ئەفسەرێكی لێكۆڵینەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ كەسەكان دەكات و، ئەوەی بیر دەچێتەوە كە پێویستە رۆژنامەنووس بێلایەن بێت و، مافی ئەوەیشی نییە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێكدا بكات. شەوی هەینی كە دواپرۆگرامی زووم ئین پێشكەش كرا و، نیوەڕۆی ئەو رۆژەیش دووبارە كرایەوە، وای بۆ دەچم، فۆڕمی دواندنی كەسێك كە بە مۆبایل بە خەڵكی ڕابواردبوو، فۆڕمێكی پۆلیسی بوو.
من نكۆڵی لەوە ناكەم كە پێشاندانی دیوە ناشیرینەكانی كۆمەڵگە، تەقەلادان بۆ خستەڕووی واقیعە نەخوازراوەكان و، پەنجەخستەسەر ڕووە دزێوەكانی ترادیسیۆنە باو و ژەنگگرتووەكان، ئەركی كەس نەبێ هیی رۆژنامەنووسە، بەڵام دەخوازێ رۆژنامەنووسیش پرەنسیپ و بنەما پیشەیی و ڕەوشتییەكان لەبەرچاو بگرێت و، كارێك نەكات كە دواجار بە زیانی بەرژەوەندیی گشتی بە كۆتا بێت.
لە كۆتاییدا، دووبارە هەموو هەوڵە جوانەكانی كاك رزگار كۆچەر بەرز دەنرخێنم، پێم وایە رۆژنامەنووسێكی چالاكە و هەقە ستایشی بكرێت، ئومێدەواریشم كە بە گیانێكی وەرزشی ئەو گلەییە بچووكانەم قبووڵ بفەرمووێت و، نەهێڵێت زوومەكەی زووم ئین، چیتر ئاوت بكات.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست