قەرەیلان:چارەسەری کێشەی کورد لەئامەدە نەک ئەمریکا
Tuesday, 27/09/2011, 12:00
دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری تورک رایگەیاند کە لە دژی پەکەکە بەردەوامی بە شەڕ دەدەن و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دیدار ئەنجام دەدەن" راگەیاندنەکانی شەڕی تایبەتی تورک بانگەشەی ئەوەیان کرد کە کەجەکە ھەڕەشەی لە ھاوسەرۆکی بەدەپە سەلاحەددین دەمیرتاش کردووە، سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە موراد قەرەیلان لێدوانێکی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فورات دا و رایگەیاند کە بانگەشەی وەھا پووچەڵن.
سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە موراد قەرەیڵان سەبارەت بە رۆژەڤی سیاسی ئێستا دا وەڵامی پرسەکانی ئاژانسی دەنگوباسی فوراتی دایەوە.
سەبارەت بە ھەڵوێستی بەدەپە بۆ گەڕانەوەی بۆ ناو پەرلەمان وەڵامی قەرەیڵان بۆ پرسێکی ئاژانسی ناوبراو بانگەشەکانی راگەیاندنەکانی تورکی پووچەڵکردەوە.
قەرەیڵان دەستنیشانی ئەوەی کرد کە پەرلەمانتارانی بەرەی رەنج خۆیان بڕیار لەسەر ئەمە دەدەن و گووتی:" ئێمە گەڕانەوەی پەرلەمانتاران بۆ پەرلەمان بەھەڵە نابینین. لەبەرامبەر بە سیاسەت و چەمکی دەسەڵاتدارێتی باڵادەست دا، ھەڵوێستێکی گونجاویان نیشان داوە. لەمەوبەدواش دەتوانن ھەڵوێستێکی دیکە نیشان بدەن. ھونەری سیاسەتیش ئەوەیە کە مرۆڤ بەتاکتیکی باش پێواژۆیەکە بەڕێوە ببات. بە گوێرەی من؛ پێویستە خۆیان بیربکەنەوە و بڕیاری خۆیان بدەن."
قەرەیڵان دەستنیشانی کرد کە ئەو شتانەی لەسەر بەدەپە دەسەپێنرێت، راست نییە و لێدوانەکەی وەزیری ئاکەپەیشی وەکو بەرھەمی سیاسەتی باڵادەستی و دژە دیموکراتی ناوزەد کرد.
قەرەیڵان ئەوەشی دەستنیشان کرد کە بڕیاری ھەرە راست دەکرێ بە گوێرەی ھەڵوێستی سیاسی وەربگیردرێت و دووپاتی ئەوەیشی کردەوە کە بڕیاری گەڕانەوە بۆ پەرلەمان بەدەست پەرلەمانتارانی بەرەی رەنج خۆیانە.
موراد قەرەیڵان دیدارەکانی سەرۆک وەزیری تورک ئەردۆغان لە ئەمریکاشی ھەڵسەنگاند و دەستنیشانی کرد کە دانوستانەکانی ئەردۆغان لەسەر بنەمای لەناوبردنی پەکەکەیە و گووتی:" ئاکەپە بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا جموجۆڵ دەکات.
ھەر سەبارەت بەم بابەتە قەرەیڵان گووتی:" دەوڵەتی تورک ئەرکی بۆتە پاشکۆییەتی لەئەستۆ گرتووە. بەم ڕەنگە ھەوڵدەدات مۆڵەتی کۆمەڵکوژ کردنی کوردان وەربگرێت. ھیچ کەسێکی شکۆمەند ناچێ لە دژی ھاوڵاتیانی خۆی ھاوکاری ھێزە دەرەکەکان بکات. بێ ئەوەی شەرم بیانگرێت ھەوڵدەدەن دەیانەوێ ئەو بێ ئابڕووییە وەکو شتێکی رەوا نیشان بدەن. ھەندێک لایەن ئەو ھاوبەندی و ھاوکارییە قڕێژە لە دژی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد وەکو پێشکەوتنێکی ئەرێنی دەبینن و وەکو ھەڵوێستێکی شکۆداری دەبینن. ئەمە چەندە بێشەرمییەکی مەزنە."
قەرەیڵان ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو ھاوکاری ھێرشانە بە ھیچ شێوەیەک ناتوانێت لەبەرامبەر بە تێکۆشانی گەلی کورد ببێتە ئاستەنگ و گووتی:" جێگای چارەسەری نیۆیۆرک نییە، ئامەدە. تەنیا رێگای چارەسەری پەسند کردنی داخوازییە رەواکانی گەلە."
قەرەیڵان لێدوانەکەی ئەردۆغان کە گووتبووی:" تا پەکەکە چەک دانەنێت ئۆپەراسیۆن ھەر بەردەوام دەبێت" بەبیرھێنایەوە و وڵامێکی وەھای دایەوە:"بەردەوامی دەسەڵاتدارێتی حکومەتی ئاکەپە بەواتای بەردەوامی شەڕ دێت. دەڵێن وەرن تەسلیم ببنەوە، پاشان دانوستاندنتان لەگەڵ دەکەین. جا کە کەسێک تەسلیمت ببێتەوە تۆ لەسەر چ بنەمایەک دانوستاندنی لەگەڵدا دەکەیت؟ ھەندێک کەسیش دەڵێن؛ با چەک دانەنێن، بەتەواوی ھێزەکانی خۆیان دەربازی باشوور بکەن و پاشان دانوستاندن پێکدێت. نەخێر، ئەگەر ئێوە لەدڵەوە قسە دەکەن، بەبێ ئەوەی لایەک تەنگەتاو بکەن بانگێشتی دانوستاندنی بکەن. ئەوەی دەسەپێنرێت نامەردییە."
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست