کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە کوێوە بۆ کوێ!

Sunday, 14/10/2012, 12:00


په‌یامنێری کوردستانپۆست/ سوید/ شاری یۆته‌بۆری









کۆڕێک بۆ (د. بورهان یاسین) گیرا لە سوید/ شاری یۆتۆبۆری

کورد بۆ نەبووە بەدەوڵەت ؟ بەر لەو پرسیارە ، چاکترە بڵێین کورد بۆ نەبووە به‌ نەتەوە ؟
ئێوارەی ئەمڕۆ خەمی نیشتمان و پرسیارە هەمیشە چەند بارەیەکە کە لەگەڵیا گەورەبووین و دەمانەوێت بەمردویش بێت بگەڕێینەوە ئەو جێگەیەی کە ناوی نیشتمانە کوردەکانی تاراوگەی ئەم شارەیان لە دەوری (بورهان یاسین) کۆ کردبۆوە . ژمارەیەکی بەر چاو خۆشحاڵانە گەنجانێکی زۆر کە پرسیاری ووڵات لایان دروست بووە هێنابوونی بۆ ئەم جێگەیە.
بورهان یاسین کەسێکە: دەتوانێت لە سمینارەکانیدا جدێتێکی زۆر و ئازایەتییەکی بەرچاو ی تێدا ببینیت، جگە لەوەش ئەو سوتاوە بۆ کێشەی گەلەکەی ، لێ بەڵێ وەک هەموو تاکێکی کورد ئەویش خاوەنی خەوشی هەڵەکردنە .
کاک بورهان ، زۆر بڕوای بە نەوەی نوێ هەیە، نامۆ نییە و نەوەی نوێ گەر نەوەیەکی دروست بێت بۆ نەتەوەکەی دیارە، کە ڕۆشنی ئەمە لە چیدایە، کاتێکیش دەڵێ نەوەی نوێ (چارەنووسی خۆتان مەدەنە دەست کەسانێک، کە دوو ڕۆژ و نیویان لە ژیاندا ماوە) کەسێک دەڵێ ئەی بۆ ناڵێی ئەو کەسەی دوو ڕۆژ و نیوی ماوە لەتەمەنی ١٦ساڵییه‌وە خەبات دەکات؟ کاتێک ئەو کاکەیە ئەو پرسیارەی کرد پەندێکی جوانی کوردیم بیرکەوتەوە، کە دەڵێ (بۆیە پێت دەڵێم مامە ، تا چۆلەکەم بۆ بگریت) ئاخر چۆن لەخەمی ئەو دوو ڕۆژوو نیوەدا نەبێت خانەنشینێکەی دەوەستێت ، ئەوە لەسایەی مانەوەی ئەو پیاوە دوو ڕۆژ و نیوانەدایە .
بەگشتی باسەکەی د. بورهان لەسەر پرسی نەتەوە بوو، ئەو بە مێژوودا ڕۆچوو ، ئەزموونی ووڵاتان و هەر دوو شۆڕشی ئەمەریکا، شۆڕشی گەورەی فەرەنسی هێنایە نێو باسەکەوە ، باسی لە چه‌ند سەرچاوە و ئەزموونی جیهانی کرد . باسی لە سێ پایە، یان مەرجی بوون بە دەوڵەت کرد . کە پێک هاتوون لەسەرمایە (کەپیتاڵ) سوپا، یان هێز
ویستی بەدەوڵەت بوون . ئێوە سەیر بکەن کاتێک مەسعود بارزانی دەڵێ: من دەوڵەتی کوردی دروست دەکەم ، ئایا هیچیان هەیە لەم بەندانە؟ سەرمایەی کوردستان جگە لە بەهەدەر دانی کەس نازانێ لەکوێیە، سوپا موچەی نەدەیتێ ، یەک دەم ژمێر نامێنێتەوە ، ویستیش لای تاکی کورد نەک نی یە ، ئەگەر هەش بێت ئەوە سەرانی کورد بەپلان لەتێک شکاندنی ئەو ویستەدا بوون .
کاتێک باسی تورکیای دوای شەڕێ جیهانی یەکەمی کرد باسی لە خائینێکی کورد کرد بەناوی (ڕەزا گوڵپاک) کە پڕۆژەیەک بۆ ئەتاتورک دەنووسێت لەوێدا سێ کوچکەیەک دادەنێت ، بەدەوڵەتی تورک بوون، پانئیسلامیزم، تورکیسم . مێژووی میللەتەکەمان تژیە لەم جۆرە نێرەموکانە. ئەوە نەبوو لە دوای ڕوخاندنی دیکتاتۆرێتی بەغداد، سەرانی کورد وازیان هێنا و بەهەڵەداوان چون دەستوری عێراق و دەوڵەتی عێراقیان دروست کردەوە، کاک بورهان ووتەنی، ئیستا بە قاچاغ چەک دەکڕن و بەغداد، کە خۆیان دروستیان کردەوە بە ترس دەزانن لەسەر کورد.
لای د. بورهان یاسین بەر لە٩٠ساڵ کورد شانسی بەدەولەت بوونی هەبووە ، بەڵام چەرچل بەئاگایەوە لە نامەیەکدا دەسەڵاتی بەریتانیای گەورە ئاگادار دەکاتەوە کە سێ نەتەوەی گەورە وەک (تورک و فارس و عەرەب) لە ئینگلیزەکان دەڕەنجێن بۆ یە باشترە کورد بکەنە مقاش ، پرسیارەکە لەوەدایە کورد خۆی چی بووە لەو کاتە دا و لەئیستاشدا؟ د. بورهان یاسین باسی لە ئازایەتی ئیسرائیلێکان کردەوە، کە ویستیان بوونە دەوڵەت بووە و خۆی ووتەنی درهەم درهەم کۆیان کردۆتەوە. کەچی ئێمە بەهەڵەداوان دەڕۆینەوە تا ببینە شەریکە دزیی دزە گەورەکان موچەمان بۆ ببڕنەوە.
سمینارەکەی د. بورهان یاسین قسە زۆر هەڵ دەگرێت، چونکە ئەو بەڕێزە زۆر زانستانە خۆی لەگەڵ ئەو پرسەدا هیلاک کردبوو، دەتوانم بڵێم توانیبووی زۆر لایەنی شاراوە دەست نیشان کات ، ئاماژەشی بەوەکرد کە لەساڵێ ١٣٣٩ کورد بەسەر دوو ئیمپراتۆری گەورەدا سەفەوی عوسمانیدا دابەش بووە دوایش لەدوای شەڕی جیهانی یەکەم دوو بەشيەکه‌شیان کردۆتە چوار و بگرە زۆر جاران باس لە پێنج بەشیش دەکرێت .

باسی لەناڕوونی کۆماری مهاباد و باسی لە ئازەر و ئەرمەنییه‌کان پڕۆژەی دەوڵەتی ئەوانیشی کرد کە کورد لەوێشدا هەر بەش خوراو بووە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کاتێک ئێمە مێژوو ناخوێنینەوە ، ئیتر هیچ بەر چاو ڕوونیەکمان نییە بۆ داهاتوومان .

پرسیارەکان گەرچی زۆر بوو، بەڵام بە پێوە وەڵامی دەدایەوە چونکە لای خۆش بوو میوانەکانی کە هاتوون بۆ سمینارەکەی بیان بینێ ، ئەوەش جوانیەکی تێدابوو لای من ، چونکە ڕێز خۆی نمایش دەکرد.
بورهان یاسین : کەسێکی کوردستانی بڕوای بەڕاپرسی هەبوو بۆ ڕیفراندۆم کە کورد لە دەوڵەتی عێراق جیا بێتەوە . ئیستاش سمینار لە سەر لەکوێوە بۆ کوێ دروست بوونی دەوڵەتی کوردی دەکات، ئەی چۆن بوو خۆتان بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژارد ؟
چەپەکانی سەردەست ترسناک بوون لەسەر کورد، کەچی کاتێک پرسیار لەهەڵوێستی ئیسلامی سیاسی کرا: داخۆ ئەوان چۆن بوون ، ئێمە دەزانین و مێژوومان پڕە لەو ڕووداوانەی کە دینیش چونکە بەکوردیمان نەکردوە بۆیە هەمیشە لەڕووی سۆزدارییه‌وە له‌ ئاینمان ڕوانیوه‌.
دوا ووتەمان ئەوەیە هەر جارێک د. بورهان یاسین دێت بۆ ئەم شارە هەست بەگەرمییەک دەکەین و نیشتمان دێتەوە ناو خەوەکانمان ، جارێکی تر دەست خۆشیتان لێ دەکەین چونکە ئێمە پێویستمانە گفتو گۆ لەسەر کێشەکانمان وەک نەتەوەیەکی بێ ووڵات بکەین .

پەیامنێری کوردستانپۆست

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە