نە ماستاوچی و نە ئۆپۆزیسیۆنین .. ئێمە رۆژنامەنووسین
Sunday, 28/06/2009, 12:00
رۆژنامەكان وەك دایناسۆرەكان ترسی لەناوچوونیان هەیە، بەڵام لەراستیدا هێشتا بۆ ملیۆنان مرۆڤ گرنگترین سەرچاوەی زانیارییەكانن مارتین گوتلیبە
پارتی ویەكێتی وراگەیاندنكارەكانیان دەخوازن لەرێی چەواشەكارییەكانیانەوە رۆژنامەنووسانی ئەهلی ومیدیا ئازادەكان فڕێبدەنە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە، ئەگەرچی شەرمی تێدا نییە تاكی رۆژنامەنووس بەرهەڵستكار بێت، بەڵام من وا تێناگەم ئەو رۆڵەی میدیا ئەهلییەكان دەیگێڕن چووبێتە خانەی دژایەتی وبەرهەڵستكاریی حكومەتەوە. ئەوان شەرم لەخۆیان ناكەن هەزار پاساوی بێ بنەماو لاواز بۆ دەسەڵاتی دیكتاتۆریی كوردستان بهێننەوە، ئیدی بۆچی دەبێت ئێمە بەترس ولەرز وشەرمنییەوە رەخنەكانی خۆمان بخەینە روو؟، ئەوان بۆچی داكۆكییكردن لەبێ كارەبایی وگەندەڵیی ودزینی سەروەتی نیشتمانیی وچەوساندنەوەی مرۆڤی كورد لەلایەن دوو حزبی مافیاوە بەپیشەی رۆژنامەنووسیی بزانن، ئەدی بۆچی ئێمە نیشاندانی ئەو واقیعە تاڵە بۆ هەموو دنیا نەكەینە كاری سەرەكیی خۆمان؟. من پێموایە لەو جێگەیەی رۆژنامەنووس دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن بەڵگەیەكی روونت دەستدەكەوێت لەو شوێنە دەسەڵاتێكی زۆردارو دیكتاتۆر هەیە رێگەی لەژیان وئازادیی خەڵك گرتووە، ئەگەرنا لەوڵاتانی گەشەكردوو وسەرمایەداریی خۆرئاوادا میدیا هیچ كات پەل بۆ كاری سیاسییەكان ناهاوێت، بەڵكو تەنێ وەك دەسەڵاتێكی چاودێرییكەر كارەكانی خۆی رایی دەكات. ئەگەرچی لەكوردستان رۆژنامەكان كەم تا زۆر نەیانویستووە رۆڵی حزبی بەرهەڵستكار یان نەیاری سیاسیی حكومەت ئەدا بكەن، بەڵام زۆرینەی جارەكان بەهۆی ئەو سیاسەتە ملهوڕانەیەی لەكوردستان لەلایەن دەسەڵاتەوە مومارەسەو پیادە دەكرێت رۆژنامەكانی بردۆتە ناو دۆخێكی میدیاییەوە كە رۆڵی دەزگاو گروهی فشار ببینن، ئەمە ئەگەر عەیبێك بێت بۆ رۆژنامەو رۆژنامەنووسە ئەهلییەكان ئەوا دە ئەوەندەو زیاتریش عەیبەكە بۆ خودی دەسەڵاتێكە كەخنكێنەری دۆخێكە تێیدا ئۆپۆزیسیۆن وگروپەكانی گوشار سەرهەڵدەدەن وباڵانسی نێوان دەسەڵات وشەقام رادەگرن.
لەكوردستان گووتارێكی میدیایی حزبیی لەهەڕمێندایە پێیوایە هەر جۆرە رەخنەگرتنێك لەدەسەڵات ودامودەزگا میرییەكان مەبەست لێی شكاندن ورووخاندنی دەسەڵاتە، بۆیە پێیوایە دەبێت لەگەڵ هەر رەخنەگرتنێكدا باسی ئەو دەستكەوتانەش بكرێت لەسایەی حكومەتی كوردییدا هاتوونەتە ئارا، سەیرە بۆ لەخۆیان ناپرسن قیرتاو و زێرابی سندووقی وكارەبا راكێشان بۆ گوندەكان ودروستكردنی شۆستەی كۆنكرێتی ویەك دوو باخچەی بچووكی گەڕەكەكان بەبەراوورد بەو داهاتە زۆرو زەبەندەیەی كوردستان كەی پڕۆژەن وكەی ئەوە دەهێنێت رووبەرێكی زۆری میدیای پێ ببەخشیت؟، بێجگە لەوەش ئەو كارانە ئیشی زۆر سادەو ساكاری حكومەتن، ئەی ئەگەر ئەوە ناكەن، چی دەكەن؟، ئەو كارانەی دەیكەن پێنج لەسەددی ئەو بودجەیە نییە كەقەرارە بۆ كەرتی خزمەتگوزاریی تەرخان بكرێت. نازانم بۆچی مادام رۆژنامەی ئەهلی رەخنەی لەسەر ئەم كەموكوڕیی و دژوارییەی بواری خزمەتگوزاریی وخراپی حكومەت وئەدای سیاسیی هەیە، ئیدی ئۆپۆزیسیۆنەو لەوە بەولاتریشەوە دەستی بێگانەی لەپشتە؟. چ حكومەتێك هەیە هێندەی ئەمەریكا سەركەوتنی سیاسیی تەنانەت لەدەرەوەی وڵاتەكەیدا مسۆگەر كردبێت؟ ئێ كاتێك كە رۆژنامەنووسێك لە نیۆرك تایمز یان واشنتۆن پۆست رەخنە لەئۆباما بگرێت، كەی بەوە تاوانباری دەكەن بەكرێگیراوی بێگانەیە، چوونكە باسی ئەو هەموو دەستكەوت وسەركەوتنانەی نەكردووە بەدەستهاتوون؟. ئەگەر هەمان پێناسەی رۆشنبیر بەسەر تاكی رۆژنامەنووسدا بچەسپێنین، ئەوە دیسان كاری رۆژنامەنووس لەنێوان لایەنگریی ورەتكردنەوەدایە، رۆشنبیر نە بڕیارێكی پێشوەختی هەیە بۆ لایەنگریی و نە بۆ رەتكردنەوەش، ئەو وەك تاكێك زانست بەرهەم دەهێنێت، ئەو زانستەش دوورە لەبیركردنەوەی تایبەتی خۆی، بەڵكو ئەنجامێكی تاقیگەیی لێكۆڵینەوەیە، كاری رۆشنبیر "رۆژنامەنووسیش وەك رۆشنبیرێك" زیاتر لەكاری پزیشكەكان دەچێت، چوونكە هیچ بڕیارێك نادەن تا سەمپڵێك وەرنەگرن ولەئەنجامی شیكاریی تاقیگەدا ئاكامێك وەرنەگرنەوە. لەژێر شەبەنگی ئەمەشدا روون دەبێتەوە داواكاریی میدیا حزبییەكان وتۆمەتەكانیان چەند بێسەروبەرن وناتوانن روویەكی زانستیی بەخۆوە بگرن، رۆژنامەنووسی كورد كاری ستایش وپیاهەڵدان نییە بە ئەو كارانەی حكومەت لەچوارچێوەی ئەركەكانیدا پێی هەڵدەستێت، چوونكە سوپاسگوزاریی هیچ كەسێك پێویست نییە لەكاتی راپەڕاندنی ئەركەكانی سەرشانیدا، بەڵام كاری رۆژنامەنووسە هەر كاتێك حكومەت لەهەر لایەكەوە كەلێنی تێكەوت وكەمتەرخەمیی كرد رەخنەی لێبگرێت وراستییەكان بخاتە بەردەم رای گشتیی، لەهەمان كاتدا كاری رۆژنامەنووس نییە ببێتە نەیاری سیاسیی حكومەت، چوونكە وەك تیشكمان خستە سەری كاری ئەو دروستكردنی رای گشتیی وگەیاندنی زانیارییە بەهاووڵاتیان، لەوە بەولاوە ماستاوچێتی وپیاهەڵدان دوورن لەرەوشتی رۆژنامەنووسییەوە هەروەك چۆن لەهیچ وێستگەیەكدا رۆژنامەنووسیی وبەرهەڵستكاریی پێك ناگەنەوە، كەوایە ئێمە نە ماستاوچی و نەئۆپۆزیسیۆنین، بەڵكو رۆژنامەنووسین وباشیش دەزانین كارمان چییە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست