ئێمە و گۆڕان

Thursday, 08/04/2010, 12:00


ئێمەی کورد کە خاوەن مێژوویەکی پڕ چەوسانەوە و ئازار وخەباتمان هەیە، شتێکی سەیر نیە گەر زۆربەمان لە هەموو بارودۆخێکدا تینووی دادپەروەریبین، هەر ئەمەشە وای لە میللەتەکەمان کردووە بە دریژای مێژوو ببێتە پاڵپشت بۆ رێکخراو و پارتە جیا جیاکان کە بانگەشەی ئازادی و دادپەروەریان بۆ تاکی کورد کردوە، زۆربەی میللەت ئەندامی هیچ پارتێک نیە بەڵام لە هەڵمەت، دڵسۆزی و خۆنەفرۆشتن بە دوژمن لە زۆر ئەندامی پارتە کوردیەکان لە پێشەوەتر بووە. تاکی کورد لە هەر پارت و ڕێکخراوێک نزیک بۆتەوە گەڕانێک بووە بۆ ئەو نرخ و ئازادی و دادپەروەریەی کە چەندەها ساڵە داگیرکەران لێیان سەندۆتەوە. کە دەستەڵاتی کوردی هات لە بەشێک لە کوردستانی باشوور هەموو مان چاومان بڕیبوە ئەم دەستەڵاتە بە پیرۆزیەکی لە ئەندازە بەدەر سەیرمان دەکرد، فرمێسک لە چاوماندا قەتیس دەبوو کە لە تەلەفزێۆنەکانمانەوە پەرلەمانی کوردستانمان دەبینی بەڵام زۆر زوو لە و خەیاڵە بە شەقازلەیەکی ئازاراوی شەڕی ناوخۆ بە خەبەریان هێناینەوە. میللەت جارێکیتر بە چاوی خۆی بینی گیانی لە دار دەدرێتەوە بەڵام ئەم جارە ئازارەکە قوڵتر و تاڵتربوو. هەرچەندە میللەت هەندێک جار لە بیریدەچێتەوە کە پارتەکان، سەرکردەکان و ڕێکخراوەکان بە پشتی ئەو بەرزبوونەتەوە کەمێک مللکەچ دەبیت بەڵام نادادپەروری ئەوەندە تاڵە بەهیچ کەسێک قووت نادرێت هەربۆیە هەمیشە تاکی چەوساوەی کورد کە زۆربەی میللەتە لە گەڕاندایە بۆ هێنانە کایەی بڕوایەکی تازە کە هیواکانی خۆیانی پێببەخشن،ئەبێ ئەوەش لە یاد نەکەین کە تەنانەت ئەوکەسانەی سەربەدەستڵاتیشن لە تاکە لاوازەکانن گەر بە وردی لە خۆیان سەرنج بدەن دەبینن چ بونەوەرێکی لاواز و بێنرخن.
کەواتە دەرکەوتنی گۆڕان بە کتوپڕی نەبوو، ڕۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکانی وەک ئاوێنە، هاوڵاتی و لڤین بەهەوڵی بوێرانەی خۆیان لە ناو کوردستانەوە گەندەڵی و ناپاکیەکانی ناو کۆماڵگا و دەستەڵاتیان دیاردەخست جەماوەرێکی زۆری خوێنەریان پەیداکردبوو، کوردستانپۆستیش لە دەرەوە هەوڵی داوە هەمان شت بکات کەواتە گۆڕان هەبوو بەڵام لە بەرگێکی تردا، ناوەندێکی لەبار هەبوو بۆ ئەوەی بزوتنەوەیەکی وەکو گۆڕان سەرهەڵبێنێت.
ئەم بزوتنەوەیە ناوێکی گەورەی لە خۆی نا، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لەکاتێکی نمونەیدا لێیکۆبونەوە کە بەجۆرێک هێزو تۆانایان دایە بەر ئەم گۆڕانە لە باوەڕی زۆربەی ئەوانەدا نەبوو کە ئێستا وەکو (ئۆپۆزسێۆن) سەیری دەکەن، ئەمە بە پشتی کێبوو؟ ئایا بە پشتی ئەو کەسانە بو کە هەتا دوێنێ ئەندامی پارتێکی تر بوون بە بازێک هاتنە گۆڕانەوە یان بە تین و گڕی ئەو میللەتە بەشخوراوەبوو،خەڵکێکی زۆر دەستی یارمەتی درێژ کرد بۆ گۆڕان بەهەموو شیوەیەک ،هەر لە گوێنەدانە نانبڕین، ئاهەنگ گێڕان بۆ کۆمەک کۆکردنەوە، سەفەرکردن لە هەندەرانەوە تەنهابۆ ئەوەی دەنگ بۆ گۆڕانبدەن، کۆبونەوە لە دەوری گردەکە بۆ ئەوەی وورەو هێز بخەنە بەر دڵی گردەکە، ئەمە هەمووی بۆ چی بوو؟ میللەت ئەیەوێت چیتر تاکەکانی بێنرخ سەیر نەکرێت، مناڵانمان چیتر لەبازاڕ و شەقامەکاندا عەلاگە نەفرۆشن برسیتی نەبونی هاوڕێ وهاوەڵی چینێکی زۆری خەڵک نەبێت وسامانی میللەتەکەش لە دەستی چەند کەسیکی دیاریکراودابێت، جارێکی تر دابوو نەریتی نیشتمان پەروەری فێری نەوەکانمان بکرێتەوە هەر لە فرێ نەدانی کاغەزێکەوە لەسەر شەقامەکانمان هەتا ملکەچ نەکردن بۆ دوژمنە نەتەوەیەکانمان.
ئەوپرسیارانەی لێرەدا دێتەکایەوە کە ئایا گۆڕان هەتا چ ڕادەیەک ئەیەوێت هەوڵ بۆ ئامانجەکانی میللەت بدات، چونکە میللەت ئەیەوێت بزانێت ئایا گۆڕان بۆ دژایەتی و جێگرتنەوەی یەکێتی هاتووە یان دژە گەندەڵە؟ ئایا بە نیازە لەسەر هەمان پرۆگرامی سیاسی ناوەوە (وەکوسیاسەتی ناوخۆی پارتەکانیتر) بڕوات، تاک ڕەوی و هەڕەمی؟ هەروەکو لە سەرەتادا باسم کرد زۆربامان ئەندامی پارتێکی سیاسی نین باڵام هەست بە ترسناکی ئەو جۆرە پرۆگرامانە دەکەین.
خانمێک لەسەربانگهێشتێک (دەعوەتێکی) کاندیدێکێ گۆڕان نوسیبووی لەگەڵ دەستخۆشیکردن لەو بەڕێزە پرسیاریش لە گۆڕاندەکەم تۆبڵێی میللەت زۆر پێویستی بەو بانگهێشتە بوو، یان دیارە دەیانەوێت یادی خوانەکانی دەستەڵات بکەنەوە، نەگبەتیەکە لێرەدا ئەوەیە بۆ ئێمە نە سیاسین بەڵام دەزانین ئەوپارەیە دەتوانرا لە شتێکی باشدا بە کاربهێنرێت وەکو بانگەشەیەکی هەڵبژاردن، باپارەکە بدرایە بە چەند کەسێک کە سەڕەڕای هەژاریان نانیشان بڕا. یان بۆ بانگکراوەکانی تر ئەوندە پاسیڤ بوو و شوێنەکەیان بە جێ نەهێشتووە ، خۆ دەتوانرا ئەو بانگهێشتە لە بنەڕەتدا نەکرایە لە ڕاستیدا ئەوە تەنها دەعوەتێک نەبوە و بەس بەڵکو گۆڕان ناوێکی گەورەیە ئەبێت کردەوەکانیشی لە ئاست ناوەکەدا بێت.
دەرکردنی لاپەڕەیەک بە ناوی دامزرێنەرانی گۆڕان هیچ پاساوێکی نیە؟ گەل نایەوێت بە مێرد و مرۆڤی نەویست لەلایەن خەڵکەوە پڕ بکرێتەوە، ئەو دەنگانەی بەرزبوونەوە زەنگی ئاگادار کردنەوە بوون نەک دەنگۆ.
گەر ڕاستان دەوێت دامزرێنەری ڕاستەقینە میللەتە، ئێوە دوو ئەندام پەرلەمانی ئافرەتتان بەزۆر بەسەردا سەپانین ڵەگەل ڕێزم بۆ یەکێکیان کە دەڵێن خوشکی شەهیدە ئێمە شەهیدەکانمان زۆر لا پیرۆزە بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا دەستەڵاتی کوردی و پارتە سیاسیەکانیش نەیان توانیوە نرخی شەهیدەکانمان بزانن ئەوە بابەتێکیترە و کاتێکیتری دەوێت بەڵام دەنگدان هەر دەنگ دانە، کاندیدە ژنەکەی تریشیان کە وەک(یەک شەوەیە) زۆر لە پێشتر هەبوو هەر لە ناو کاندیدە ژنەکانی خۆتاندا لەم بە زۆر سەپێنراوە کە دەڵێم بە زۆر سەپێنراو لەبەر ئەوەی دەنگیان نەهێناوەو لە جێی کاندیدیتر دانراون کە دەنگیان هەیە بەڵام پیاون ، بەڵام دیسان دەبێ بڵێم ئەوەی ڕاستی دەڵێت و ڕەخنە دەگرێت ئەوانە دوژمنی گەل نین و دەستێکیش لە پشتیانەوە نیە ئەوانە خەمخۆری میللەتن چونکە هەقی خۆمانە لەبزوتنەوەیەک بپرسینەوە کە میللەت هیوای خۆی پێیەتی، هەر بڕیار و ڕێکەوتنێک لەپشت پەردەوە بکرێت ئەبێ بەتاڵ بکرێتەوە ، مرۆڤە دڵسۆزەکانیش نابێت زوو هیلاک ببن و دەست هەڵبگرن چونکە ئێمە دڵنیاین گۆڕانیش هەلپەرست و خۆبەرەوە پێشەوەی تێدایە کە دەبێت بەڕۆیشتنی کات جێگەیان پێ چۆڵ بکرێت. بەڕێزێک لە سبەی بە ناوی کرمانج باسی دیموکراتەکانی ئەمریکا دەکات و دەڵی (لە ویللایەتێکی هەشت ملێۆنیدا تەنها نزیکەی هاشت کەس پارەی پارتی دیموکراتی ئەمەریکی وەردەگرێت) تۆ بڵێی گۆڕان خەونی وا بکات بە ڕاست ئینجا ئەو کاتە کوردستان ئەبوژایەوە چونکە خەڵکێکی زۆر جارێکیتر فێری ئیش کردن ئەبوونەوە ئەوکاتە ئەمانتوانی بڵێین بەرەو دیموکراتی ئەڕۆین چونکە (قیادە) واتە سەرۆکی پارتەکان بۆ بڕیاردان ئەبێ بگەڕێنەوە بۆ (قاعدە) خەڵک.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە