یەکێتی بە هیچ جۆرێک هەقی بەسەر سلێمانییەوە نییە و تاوانەکانیشی پاساویان نییە!
Wednesday, 18/05/2011, 12:00
یەکێتی هەمیشە وای هەوڵداوە مێشکی خەڵکی سلێمانی و دەڤەری سەوز بەوە بشواتەوە کە لە ژێر "ئیدارە"ی سەوزدا ئازادی هەبووە هەیە و، ئەو درۆیەش لەلایەن زۆر کەسەوە کڕدراوە.
کاتێک دەردەکەوێت ئازادی هەبووە کە سنورەکانی پشوودرێژیی یەکێتی لە بەرانبەر ئازادیدا بجەڕێنرێت. کاتێک گەنجان کەوتنە سەر جادە و هاواریان کرد بڕوخێت ئیتر ئەو ئازادییە بوو بە گوللە بەخشینەوە. گەر ئازادی هەبوایە یەکێتی بەدەم داواکانی گەنجانەوە بۆ دەستلەکارکێشانەوە دەچوو!
لەسەروبەندی ٣١ی ئابدا کاتێک یەکێتی تێکشکا و تێی تەقاند بۆ ئێران و، دواتر گەڕایەوە و ناوچەی سلێمانی داگیرکرد، بۆ ئەوەی خۆی بکات بە جگەرگۆشەی سلێمانی و گەرمیان و شارەزوور و بتوێن، کەوتە درۆی ئەوەی کە ئەو جیایە لە پارتی و دیمکراتیترە.
لە کاتێکدا ئەم ناوچە بە ناو سەوزە لەوپەڕی نەبوونی و کەمدەرامەتیدا ژیانی بەسەر دەبرد، بۆ ئەوەی پەنا بۆ پارتی و ناوچەی زەرد نەبەن یەکێتی دەبوو دەهۆڵی ئەوە لێبدات کە ئەوان جیان لە پارتی.
ئەو ماوەیەی یەکێتی بە تەنیا لە سلێمانی بوو بە هیچ جۆرێک ماوەیەکی ئازاد نەبووە. لەژێر سایەی حوکمی حیزبیی یەکێتیدا هەزاران پێشێلکاری بەرانبەر مافەکانی مرۆڤ کراوە و، بە سەدان کەس زیندانی کراون و ئەشکەنجەدراون.
پارتی لەژێرەوە هەوڵی دەدا پشتوپەنای یەکێتی لاوازبکات لەڕێگەی پارەوە و کڕینی خەڵکییەوە، لە کاتێکدا کە لە ناوچەی زەرد مانگانەی چەکدار و فەرمانبەرەکانی خۆی دوادەخست، بە کیسە پارەی دەنارد بۆ ناوچەی سەوز و بە دزییەوە مانگانەی دەدا بە خەڵک. یەکێتی لەمە چاک ئاگاداربوو.
پارتی توانیبووی خەڵکێکی زۆر بکڕێت و بەلای خۆیدا "ساغیان" بکاتەوە. ئەمڕۆش لەژێرەوە زۆر ئەندام و لایەنگری یەکێتی کڕیوەو "ساغکردۆتەوە".
یەکێتی و دکتۆر بەرهەم کاتێک لە ڕێککەوتنە ستراتیژیەکەیاندا و لە حکومەتەکەیاندا تێک دەشکێن و بێدەسەڵاتن، نابێتە پاساو بۆ ئەوەی نەرمی بەرانبەریان نیشانبدرێت. گەر هەموو کێشەو گیروگرفتەکان پاشماوەی سەردەمی نێچیر و پارتی بن نابێتە پاساو بۆ داکۆکیکردن لەو حکومەتە بێدەسەڵاتە.
یەکێتی و بەرهەم بوونەتە قەڵغانێکی زۆر گومڕا و بەهێز بۆ شاردنەوە و پاراستنی ئەو کێشانەی کە پارتی دروستی کردون و بەردەوام ئیشیان لەسەر دەکات.
یەکێتی و بەرهەم نەک تەنیا بە مکیاج بەرگرییان لە پارتی و دەسەڵاتە ناشەرعییە حیزبیەکەی کردووە بەڵکو بە دڕندانەترین شێوەش لەڕووی سەربازی و چەکەوە پەلاماری خۆپیشاندەری بێچەکی سلێمانی و هەڵەبجە و کەلار و بتوێن و چەمچەماڵیان داوە و، لەلایەن خودی تاڵەبانی بەرهەمەوە پاداشت کراون و سەیارەی جوانی کامل مواسەفاتیان لە پارەی دەوڵەت بۆ کڕدراوە.
ئەمڕۆ ئەو بە ناو نوسەرانەی کە ئەو ئازادییە وەهمیە و ئەو کێشە بەجێماوانەی حکومەتەکانی پێشوو بۆ بەرهەم دەکەن بە پاساو بۆ ئەوەی ڕەخنە لە بەرهەم یان لە یەکێتی نەگیرێت، هیچیان لەو چەکدارە بێمێشکانە کەمتر نییە کە لە سەرا تەقەیان کردو "هەردی" یان شەهید کرد. ئیتر بە هەر بیانوویەک و لە ژێر هەر پاساوێکدا بێت.
یەکێتی و بەرهەم زۆر تاوانبارن دەرحەق بە خەڵکی ناوچەکانی سلێمانی و دەوروبەری، لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانە لە هەستیارترین زەمەنی ژیانی یەکێتیدا داکۆکیان لە یەکێتی کردووە و داڵدەیان داوە و کوڕەکانی خۆیان پێبەخشیوە ببنە چەکدار و پارێزگاری لێبکەن. گەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە نەبوونایە دەمێک بوو یەکێتی و سەرانی یەکێتی پایدۆزیان لێکردبوو و ئێستە پەناهندەبوون یان تەسلیم بە پارتی ببوون.
یەکێتی بە هیچ جۆرێک هەقی لەسەر سلێمانی نییە و بەرهەمیش هیچ پاساوێک دادی نادات بۆ ئەوەی بێدەسەڵاتە. بێدەسەڵاتی ئەو باکگراوندی تری هەیە.
ئەو یەکەمجار کە کرا بە سەرەک وەزیران لە کابینەکەی دوای کۆسرەت لە سلێمانی زوو زوو بێتاقەت دەبوو دوو هەفتە جارێک ڕایدەکردەوە بۆ ئەمەریکا بۆ پشوودان، ئێستا چۆن دەرەقەتی ئەو هەموو فرتوفێڵەی دوو بنەماڵەکە دێت. ئەو لەبەر ئەوەی گەندەڵە و چاو لە مستی هەردوو سەرانی پارتی و یەکێتییە ناتوانێت دەستبەرداری ئەو حکومەتە بێدەسەڵاتە ببێت. ئەو لەناو پەرلەماندا نەیتوانی داکۆکی لە سکرتێرەکەی خۆی بکات کە پێی وترا شەستوشەش ئیتر دەبێت چاوەڕێی چی لێبکرێت. ئەو کاتێک ڕەخنەی لێنەدەگیرا کە ئازایانە دەستی لە کاربکێشایەتەوە و بیسەلماندایە کە ئەو بێدەسەڵاتییەی پێ قبوڵناکرێت. کە ماوەتەوە و دەستخۆشی لە کوشتارەکان دەکات و بە لەرزۆکی پەردەپۆشی دزییە گەورەکانی پێش خۆی دەکات، ئەوە تاوانە و لێخۆشبوونی نییە!
نە یەکێتی و نە پارتی، لە ژێر هیچ جۆرە پاساوێکدا هەقی ئەوەیان نییە خەڵکی کوردستان قەتڵوعام بکەن. ئەوان هیچ حەقێکیان بەسەر خەڵکەوە نییە. ئەوەشی پاساویان بۆ دەهێنێتەوە یان کۆیلەی سواڵکەری دۆلاری بەر قاپیەکانیانە یان لە دنیا تێنەگەیشتووە!
تێبینی:
ساغکردنەوە زاراوەیەکە پارتی بەکاری دەهێنێت بۆ ئەوانەی کە خۆیان بە پارتی دەفرۆشن، ئەوانەی بە پارە و ئیغراکردن پشت دەکەنە حیزبەکانی خۆیان و لەژێرەوە دەبن بە گوێ لەمستی پارتی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست