کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ مام جه‌لاله‌وه‌ بۆ هه‌موو ئه‌ندام‌و کادره‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان

Friday, 26/06/2009, 12:00


سڵاوێکی شۆڕشگێرانه‌ی گه‌رم
هه‌مووتان ئاگادار ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ وه‌ک چۆن له‌ ڕۆژی 24/6/2009 له‌ مه‌لعه‌به‌که‌ی هه‌ولێر ڕامگه‌یاند ده‌بێ هه‌مووتان ده‌نگ به‌ برای خۆشه‌ویست‌و پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان‌و تێکۆشه‌ری گه‌له‌که‌مان‌و کوری تێکۆشه‌رێکی به‌ ناوبانگی کورد کاک مه‌سعود بارزانی بده‌ن. هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ بۆتان ڕوون بکه‌مه‌وه‌ بۆچی ئه‌و داوایه‌تان لێده‌که‌م‌و ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌م بۆ جه‌نابی کاک مه‌سعود له‌ چییه‌وه‌ هاتووه‌‌.
کاک مه‌سعود ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌یه‌ که‌ هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌ دیوه‌خانی مه‌حمودئاغای زێباری باپیری به‌ گیانی پێشمه‌رگایه‌تی‌ فرچک دراوه. مێژوو شاهیدی خه‌بات‌و تێکۆشانی مه‌حمودئاغای زێبارییه‌‌ له‌ دژی هه‌موو ئه‌و یاخیبووانه‌ی ناوچه‌ی بارزان‌و بادینان که‌ گه‌له‌ بێئاگاکه‌مان به‌ تێکۆشه‌ری کوردایه‌تی ناویان ده‌به‌ن.‌
کاک مه‌سعود ئه‌و تێکۆشه‌ره‌ ناوداره‌ی گه‌له‌که‌مانه‌ که‌ ده‌یان سه‌ر‌لێشێواوو تاوانباری وه‌ک عه‌لی عه‌سکه‌ری‌و دکتۆر خالیدو حوسێن بابه‌شێخ‌و ئیبراهیم عه‌زۆو مولازم حه‌سه‌ن خۆشناوو حه‌سه‌ن کوێستانی به‌ سزای گه‌ل‌و شۆڕش گه‌یاند. کاک مه‌سعود بارزانی ئه‌و پیاوه‌ هوشیارو زرینگه‌یه‌‌ که‌ توانی له‌ ڕێگه‌ی شه‌هیدان ته‌حسین شاوه‌یس‌و قاله‌ فه‌ره‌ج‌و حه‌مه‌ی شێخ حه‌سه‌ن به‌فراو‌و دارای حه‌مه‌ خان‌و عاسی ره‌ئوفه‌وه‌‌ ده‌یان خۆفرۆشی وه‌ک ئارام‌و سیروان تاڵه‌بانی‌و خالید گه‌رمیانی‌‌و مامه‌ ڕیشه‌و حه‌مه‌غه‌فوور ئاغجه‌له‌ری‌و ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌ن‌ له‌ناو به‌رێت. کاک مه‌سعود ئه‌و سیاسییه‌ کارامه‌یه‌ که‌ توانی له‌ ڕێی ده‌بابه‌کانی خوالێخۆشبوو سه‌دام حوسێنه‌وه‌ په‌رله‌مانی کوردستان‌و هه‌ولێری پایته‌خت له‌ هێزه‌ به‌کرێگیراوه‌کان پاک بکاته‌وه‌و ده‌یان کاڵفامی وه‌ک ڕێبازو ته‌حسین کاوانی‌و ‌مه‌لا سلێمان‌و فاقه‌و مه‌لا عزیز له‌کۆڵ گه‌له‌که‌مان بکاته‌وه‌. نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵکو به‌هۆی حیکمه‌تی سیاسی‌و دووربینی ئه‌و زاته‌وه‌ بوو که‌ پێشمه‌ر‌گه‌ قاره‌مانه‌کانی پارتی توانیان کوردستانی ئێران له‌ به‌کرێگیراوه‌کانی دیموکرات‌و کۆمه‌ڵه‌ پاک بکه‌نه‌‌وه‌.
جه‌نابی کاک مه‌سعود کوڕی ئه‌و پیاوه‌ تێکۆشه‌ره‌یه‌ که‌ هه‌زاران هه‌لخه‌ڵه‌تاوی جا‌شه‌کانی شه‌ست‌و شه‌شی له‌ناوبرد که‌ ئیدیعای کوردایه‌تییان ده‌کرد. جه‌نابی کاک مه‌سعودو خوالێخۆشبووی باوکی‌ له‌ پێناوی کوردا ده‌یان جه‌رده‌و ڕێگری وه‌ک سلێمانی موعینی‌و دکتۆر شڤان‌و مه‌لا ئاواره‌یان بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ته‌مبێ کرد‌. ئه‌و زاته‌ کوڕی ئه‌و سه‌رکرده‌ کاریزمایه‌یه‌ که‌ چه‌ند ڕۆژێک پێش ئاشبه‌تاڵ زۆر ژیرانه‌ توانی فاخیر مێرگه‌سۆری‌و باوک‌و براو که‌سوکاره‌کانی له‌ زیندانی ڕایات له‌ناوبه‌رێت نه‌وه‌ک که‌سێکی تر جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌ بکات له‌ ڕووی ئه‌واندا هه‌ڵگه‌ڕێنه‌وه‌. کاک مه‌سعود ئه‌و کوردپه‌روه‌ره‌یه‌ که‌ له‌ کاتی ئازادکردنی که‌رکوکدا هه‌ڕه‌شه‌ی هێنانی سوپای تورکیای کرد نه‌وه‌ک کۆنه‌ کۆمه‌ڵه‌ توندڕه‌وه‌کان بیر له‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌رکوک بگێڕنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.
خوشکو برایانی به‌ڕیز
به‌ شه‌ره‌ف‌و که‌رامه‌تی کوردانه‌تان سوێندتان ده‌ده‌م، ئه‌گه‌ر تا ئێستاش وا ده‌زانن‌ تۆزقاڵێک شه‌ره‌ف‌و که‌رامه‌تتان ماوه، که‌ جه‌نابی کاک مه‌سعود به‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵبژێرن‌و به‌نده‌ی موخڵیستان دڵشاد بکه‌ن.
ئیتر هه‌ر بژین بۆ برای دڵسۆزتان

مام جه‌لال
٢٥ / ٦ / ٢٠٠٩
دوكان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە