کاتێک یەکیتی هەتیو دەبیت...!! چەند سەرنجیک لەبارەی یەکێتی دوای تاڵەبانی یەوە
Thursday, 27/12/2012, 12:00
یەکیتی نیشتیمانی کوردستان وەک ریکخراوو بالیکی بزوتنەوەی ناسیونالیزم کورد کە تالەبانی دامەزرینەرو کەسایەتی یەکەمو ئەخیری بوە هەر لە سەرەتای پیکهاتنییەوە لە نیوەی دووەمی حەفتاکانەوە هەڵگری هەمو ئەو مۆرکو ماکانە بوو لە هەمو رویەکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و کەلتوری یەوە کە ئەو بزوتنەوەیە هەیەتی. ئەو بزوتنەوەیەش خۆی لە خۆیدا بە حوکمی کۆمەڵی فاکتەری زاتی و مەوزوعی میژوویی بی ئاسۆو بی ئەلتەرناتیڤی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی یەو لە بازنەیەکی داخراودا دەەسوریتەوە. تەنانەت زۆر داخراوتر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم بزوتنەوەیە لە سەرەتای سەدەی بیست کە تا ئەو کات جۆریک لە سەربەخۆ و رزگاریخوازی و پیشکەوتنخوازیان لە بەرامبەر فیودالی پیوە دیار بوو لە زۆربەی وولاتەکانی رۆهەلاتی ناوەراستدا.دیارە هەرچەند جەستەی خوارەوەی یەکیتی لە بەشیک لە نەوەی رۆشنبیری و خویندەواری ووردە بۆرژازی شاری پیک هاتبو و هەر بەو هۆیەشەوە جۆریک لە پروپاگەندەی چەپی و سکولارو مۆدرینزمو پاشان تا ئەمرۆش شۆسیال دیموکراسیان دەکرد بەلام لە راستی دا و لە ناوەرۆکدا هەروەک پارتی حزبیکی ناسیونال خیلەکی و کۆنەپەرستە. تەنانەت هەمشە لە هەولی ئەوەدایە هەرچی زیاتر خۆی هەلواسی بە کۆنەپەرستی ئیسلامیشەوە هەر بۆیەش تا ئەمرۆ بەردەوام لە ساتو سەودایە لەگەل دەستەو تاقمو رژیمە کۆنەپەرستە ئیسلامی یەکان .
دیارە کە حزبەکانی نیو ئەم بزوتنەوەیەو خودی یەکیتیش وەک باڵیکی دیارو کاریگەری نیو گۆرەپانی سیاسی کوردستان وەک ووتمان هەڵگری کۆمەڵی تایبەتمەندییان لەوانە: زاڵی و پیادە کردنی کەلتوری سیاسی و کۆمەلایەتی پاتریارکی سەردەمی دەرەبەگایەتی و خیڵو تیرەو عەشیرەت .وە هەمیشە لە پاڵ بانگشەی سۆسیال دیموکراتی و لیبرالی یەتی یەکەیان شانازیان بەم کەلتورەوە کردوەو بە کەلتوری رەسەنی خۆیان زانیوە لە کاتیکدا گەر کەسیک یان هەر لایەن و حزبیکی سیاسی یەک زەررە خاوەن پرەنسیپ و کەلتوری سیاسی و کۆمەلایەتی مۆدیرن و سکولاری بیت نابیت نەک هەر شانازی بەوانەوە بکات بەڵکو دەبیت ناکۆک بن و لە هەوڵی تورهەڵدانی بن. ئەمە جگە لە باوەر نەبونیان بە ئازادی سیاسی و یەکسانی ژنو پیاو مافە مەدەنی و فەردی یەکان و سەرەتایی یەکانی خەلکی کوردستان تەنانەت مافی راپرسی خەلکی کوردستان بۆ سەربەخویی .وە لە ماوەی تەمەنیان میژویەکی خویناوی یان تۆمار کردوە لە پیشیلکاری و سەرکوتی جەماوەرو لە شەریان لەگەل پارتی چ لە ناکۆکی و ململانی یان لەگەل هەر لایەنیک کە مل کەچی سیاسەتەکانی ئەوان نەبوبی..
جا ئەم سیاست و کەلتورەشە کە سەرۆک یان سکرتیری حزب دەکات بە سمبولیکی لە رادە بەدەر پیرۆز و باوک سالارو و گەورە سالار و دەبیت بەو باوک یان باپیرەو سەرۆک خیڵەی کە پیویستە هەمو تاکەکانی خانەوادەو خیڵ لە دەوری کۆ ببنەوەو هەمیشە دەس لە سەر سنگ لە دواوەی راوەستن و کرنوش بەرن بۆی. وە هەر بۆیە تالەبانی لە هەمو میژویی سیاسیدا نەی هیشتوە هیچ کەسیک رکابەری سیاسی بیت لەناو حزبەکەیدا و تەنانەت لە ململانیشی وەک ووتمان لەگەل پارتی هەر بۆ ئەوە بوو کە هەمیشە لە کوردستان ببیتە هیزی یەکەم بەلام کەم کات هەیە ئەم گرەوەی لە پارتی و بنەمالەی بارزانی بردبیتەوە.
بە تایبەتی دوای کارەساتی ٣١ ئاب هەروەها رووخانی بەعس لە ٢٠٠٣ وە یەکیتی بوو بە گالیسکەی دووەمی شەمەنەفەرەکەی پارتی کە بنەمالەی بارزانی داینەمۆکەیەتی و خودی بارزانیش شۆفیرەکەیەتی.
لە رویەکی ترەوە تالەبانی وەک کەسایەتی یەکی سیاسەتمەداری موخەزرەمی ئەم بزوتنەوەیەو ئەم حزبە هەمیشە لە بەرامبەر ناسیونالیزمی نەتەوەکانی تر، بە تایبەتی ناسیونالیزمی عەرەبی و تورکی و فارسی بەخشندەو ئەوپەری دیموکرات و کراوەو دەس لەسەر سنگ بووە و تەنانەت بەرامبەر پارتیش کە باڵی رەقیبیتی و لە هەمان بزوتنەوەی خویەتی لە زۆربەی کاتدا کە هیز هاوسەنگی لە قازانجی نەبوبی بەخشندەو دەس لەسەر سنگ بوە .بەلام لە ناو خۆی ریکخراوەو حزبەکەی خۆیدا هەلومەرجیکی خولقاندوەو بگرە تالەبانی خۆی بە شیوازو سوننەتی جۆراجور سەپاندویتی .هەمیشە کودەتاگەر و وەعدو بەلین دەری بی بنەما، هەڵخەڵەتینەرو کوتلەبازو زەمینە سازین بۆ ململانی ئەو کوتلانە تا هەرگیز یەکتر نەگرن بەرامبەر تالەبانی خۆی. وە ئەم کارەکتەرانە وای کردوە کە بە پیچەوانەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی یەوە کە رۆشن و راشکاو شانازی بە خیڵ و بنەماڵەوە دەکەن و هەمیشە لە دوای سەرۆکیکی خیڵ و حزب کەسانی تری یان پیگەیاندوەو یەکیتی بەم شیوەیە نەبیت.بە کورتی یەکەی دەکری بڵیین تالەبانی هەمیشە نوینەری ئەو گوتە باوە پروپوجە بووە کە دەڵیت سیاسەت یانی فرتو فیڵ و درۆو دەلەسەو هەڵخەلەتاندن.کە دیارە ئەمە بۆ سیاسەتی بۆرژوازی بە گشتی و سیاسەتی ناسیونالیزمی کوردو سەرجەم شەرقی راست بیت .
جا ئەم تایبەتمەندی و کەلتورانە لەمرۆدا لەسەروبەندی نەخۆش کەوتنی تالەبانی و ئەگەری مردنی لەهەر کات زیاتر دیارو زەقەو بە ئاشکرا هەستی پی دەکری .هەر وەک ووتمان لە کۆمەڵگەی چینایەتی هەمیشە وایە کە بەهۆی ناکۆکی چینایەتیو ململانیی بزوتنەوە کۆمەلایەتی یەکانی یە وە باڵە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی و ووردە بۆرژوازی هەمیشە ئەوان رۆل و کاریگەری دەبینن لەسەر دانانی کارەکتەرو تایبەتمەندی یەکانی حزب و کەسایەتی یە رابەرو سەرکردەکانیان و هاوکات بەو پی یەش ئەم سەرکردەو کەسایەتی یانە ئەوانیش رۆڵیان دەبیتەوە لەسەر دوبارە کاریگەری دانانەوە لەسەر بزوتنەوەو حزبەکانیان .
هەر بۆیە لەم سەرو بەندەدا کە تاڵەبانی، بە پیی هەواڵەکان و بە پیی هەڵسوکەوتو جموجۆڵ و بینەو بەردەو کۆبونەوەو کۆبونەکاری سەرانی یەکیتی خۆیان و یاخود راگەیاندن و هەوڵەکانی پارتی و بارزانی بیت ئەمانە هەموی ئاماژەن بوئەوەی کە ئیتر تاڵەبانی لە رووی سیاسی یەوە کۆتایی هاتوەو پیشهاتو روداوەکان رووی لەوەیە کە یەکیتی بە حوکمی ئەو سیاسەت و کەلتورە پاتریارکیانە هەتیو ببیت و وەک حزبیک و باڵی دوەمی بزوتنەوەی کوردایەتی سەرگەردان بیت و کەسیک نەبیت جیگرەوەی تاڵەبانی بیت . بیگومان هەر وەک خۆشیان بە راشکاوانە ئەوە دەڵین ،لەوانە مەلا بەختیار لەم رۆژانە بە ئاشکرا دەیوت نابیت کەس بیر لە جیگە گرتنەوەی تاڵەبانی بکاتەوە. دیارە ئەمە جگە لەوەی راستی خۆی هەیە هاوکات دەربری ئەوەیە کە لە ناو سەرکردایەتی یەکیتی هیج کەس ئۆتۆریتەی ئەوی تر قبوڵ ناکات هەر بۆیە لە ئیستاوە هەر کەس لە پاڵ شیوەن بۆ تاڵەبانی شیوەن بۆ بەشە میراتی خۆی و بالو بنەمالەکەی دەکات.
دیارە ئەمرۆ ئەگەر چی خۆیان وا نیشان دەدەن کە جیگرەکەی تاڵەبانی ،کۆسرەت رەسولیان ،بە برا گەورەی خۆیان هەڵبژاردوە ئەمەش بە پیی نەریتە گەورەسالاری یەکەیان، بەڵام ئەمە مەسەلەو ریکەوتنیکی کاتی یەو تا ماوەیەک دوای مردنی تاڵەبانیش بە رواڵەت یەک دەست و راوەستاو خۆیان دینە بەرچاو چونکە واقعەکە وا پیویست دەکات و دەیسەپینی .بەڵام پاش رەوینەوەی خەم و تەم و سامو ئۆتۆریتەی تاڵەبانی ئەوە هەر وا ئاسان براگەورەیی کۆسرەت قبوڵ ناکریت و ئەم برایانە شەریان لەسەر بەشە میرات دەس پی دەکات و تەنانەت چەک لەیەک رادەکیشن و هەر کەس بە پیی هیز هاوسەنگی لە خیڵ و تیرەو تاقمەکەی خۆیدا هەوڵ دەدات بەشە میراتی زیاتر بۆ خۆی بەری و تەنانەت دەبیت چاوەریی شەرو پیکدادان و کوشتو برو خوین رشتنیش بین.
لەم لایشەوە دەخاڵەتی بارزانی و سەرکردایەتی پارتی بە ئاشکرا دیارەو سەردانەکانی بارزانی و پەشۆکانی و وەک برای دلسۆز خۆ نیشاندانی نیشانەی مردنی تاڵەبانی و هەتیو بونی یەکیتی بە ئاشکرا پیوە دیارە.
دیارە پارتی لەم بارەدا زیاتر نیگەران دەبیت چونکە لەم چەند ساڵەدا هەرچون بیت توانیویتی یەکیتی بە تاڵەبانیشەوە بکاتە گەلیسکەی دوای شەمەنەفەرەکەی خۆی ،بەڵام لە حاڵەتی مردنی تاڵەبانی و هەتیو بونی یەکیتی و هەراج کردنی دەسەڵات و ماڵو موڵکەکەی ئەوە ئایندەیەکی نادیار لەم هیز هاوسەنگی یەی ئیستا دیتە پیشی و ئەگەرو مەترسی ئەوەی هەیە پارتی، کە گۆران تەنانەت ئیسلامی یەکانیش لە هەمو روو یەکەوە، ببنە دەسەڵاتی یەکەمو تا دەورانیک چ گۆران و چ ئیسلامی یەکان ئاوا ئاسان نەبنە فارگونی دوەمی پارتی وەک یەکیتی .بەڵکو ئەم بۆر بۆرینە ئەنارشی یەی ئیستای گۆران و موعارەزە بەرامبەر پارتی دەیکات تا دەورانیک بەردەوام بیت و رەنگە هەندی جار تونتریش بیتەوە لە دوای هەتیو بونی یەکیتی یەوە.
بەڵام ئەوە بیگومانە کە گرفتەکانی دوای مردنی تاڵەبانی هەر گرفت و هەتیو بونی یەکیتی نی یەو بەس ،بەڵکو بە حوکمی ئەوەی تاڵەبانی وەک سەرانی ناسیونالیست و تایەفەگەرو هەتا بە جۆریک سەرانی ووڵاتە زلهیزەکان ، لەوانە ئەمریکاش ،دەڵین سەممامی ئەمانە لە پرۆسەی سیاسی بۆ عیراقی تایەفی و قەومی و ئیسلامی. بە مانایەک ریگرە لە تەقینەوەی رقو قینەی جەماوەرو لایەنە ئازادیخوازەکانی عیراق بەرامبەر بەم دەسەلاتە تایەفی یە سەرکوتگەری یە. ئەمەش بۆ خۆی گرفتیکی ترە کە هەمو عیراق بە کوردستانیشەوە روو بەرووی دەبیتەوە.
راستە تاڵەبانی وەک سەرۆ کۆماری عیراق و بە پیی دابەش کردنیکی قەومی و تایەفی زۆر دەسەڵاتی نی یەو زیاتر دەسەڵاتەکانی رەمزی و تەشریفاتی یە بەڵام دیارە ئەوە روونە کە لە پشت تاڵەبانی یەوە رەوتی ناسیونالیزمی کوردو ئیسلامی سیاسی بە دەسەلاتدار و ئۆپۆزیستۆنیشەوە لە کوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانی لە پشتی تاڵەبانی یەوەن سەرەرای هەر ناکۆکی و جیاوازی یەک کە هەیانە. هاوکات زۆر جار باڵیک یان دوان لە باڵەکانی رەوتی ناسیونال ئیسلامی شیعە یان سونە دینە پشت تاڵەبانی لە گەمەی سیاسی لە عیراق. تەنانەت لەم هەمومەرجە هەستیارەی ناوچەکەشدا کە ململانیی نیوان ئەمریکاو رۆژئاواو تورکیا لەگەل روسیاو ئیران و سوریا و ...هتد چەقی بەستووە مردنی تاڵەبانی رۆڵو کاریگەری دەبیت. یانی لەسەر ئاستی هەمو جەمسەرو هاوکیشەکان کەم تا زۆر کاریگەری خۆی دەبیت.
بەڵام بیگومانە ئەوەی لەم نیوەدا زەرەرمەندی سەرەکی یە ، وەک سەرانی یەکیتی خۆیان دەڵین، تاڵەبانی هەر سکرتیری گشتی نی یەو بەس بەڵکو براگەورەو باوکیکی مەزنە بۆیان، بۆیە پیش هەر کەس و لایەنیک ئەوە یەکیتی یە لەم نیوەدا هەتیو و سەرگەردان دەبیت.جا ئەمرۆ لەم سەرو بەندەدا براگەورەیەکی وەک کۆسرەت رەسوڵ و سەرپەرشتیاریکی وەک بارزانی بۆ پەیدا بووە ئەمانە کاتین.
لە کۆتاییدا دەبیت ئەوەش بڵیین کە لە بەرامبەر ئەم پیشهاتانەدا ئەوە جەماوەری ئازادیخوازو یەکسانیخواز و رەتو لایەنەکانیانن کە دەبیت تا رادەیەکی زۆر ئەم رووداوو پیشهاتانە بە جدی وەرگرن و هەوڵ بدەن کە نەیەڵن پریشکی ئام ئاگرەی لە ئاییندەی نزیک هەڵدەگیرسێت خەڵک بسوتینی و ماڵ ویران بن و بە زیانی گەورەی خەڵکی ستەم دیدە تەواو بیت. بە تایبەتی یەکیتی هیزیکی ملیشیایی دەسەلاتدارەو ئەو کوتلانەی ناو یەکیتیش لە پیناوی پارەو دەسەلات سل لە هیچ بەهایەکی مرۆیی ناکەنەوە .بۆیە هۆشیار کردنەوەی زیاتری جەماوەری ئازادیخوازو هۆشداریان بۆ هەمو ئەگەرە مەترسیدارەکان ئەرکیکە لە پیش هەمو لایەنیکەوە رووبەری کۆمۆنیستەکان و بەرەی ئازادیخوازی کوردستان دەبیتەوە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست