لەمەیدانی ئازادی دەبوو(شیركۆ بێكەس) یش دەربكرایە
Friday, 25/02/2011, 12:00
تا فاروق رەفیق نەهاتە ناو خۆپیشاندەرەكانی سلێمانییەوە هیچ رۆشنبیرو نوسەر وشاعیرێك زاتی ئەوەی نەدەكرد بەئاشكرا پشتگیری ئەو خۆپیشاندەرانە بكات كە هەموو لایەنەكان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە بە گێرەشێوێن ناوی دەهێنان.
هاتنی فاروق و ناسكی خێزانی هەم ئاراستەی خۆپیشاندانەكانی لەتوندوتیژییەوە گۆڕی بۆ ئارامی و هەمیش ئەوەی بەدەسەڵاتداران وت خۆپیشاندەران گێرەشێوێن و مناڵ و مەزم نین ،بەڵكو توێژێكی بەرینی جەماوەرن و داواكاری خۆیان هەیە دەبێت گوێیان لێبگیرێت.
كە فاروق هات ئیدی زاتی هەموو رۆشنبیران و نوسەرانی شكاند،بەوانەشەوە كەشەوان خەڵكیان لەشاشەی تەلەفزێونەكانەوە هاندەدا و بەرۆژیش لەژورەكاندا خۆیان حەشاردەدا.
ئێستا مەیدانی ئازادی سلێمانی بوەتە شوێنی وتاردانی ئاگرین و حەماسی و خۆدەرخستن و هەندێجاریش خۆپاككردنەوەو خۆبەریكردنی هەندێك نوسەرو رۆشنبیرو تەنانەت هەندێ سیاسیش.
من وەك خۆم بروام وایە هەموومان دەبێت جیاوازی یەكدی قبوڵ بكەین، تەنانەت دەبێت لێبوردەش بین، چونكە ئەگەر شۆڕشێك لێبوردەیی و قبوڵنەكردنی جیاوازی لەهەناوی خۆیدا هەڵنەگرتبێت چارەنوسی لەچارەنوسی هەموو ئەو شۆڕشانە باشتر نابێت كە بەرەو دیكتاتۆربون رۆشتوە.
ئەم شۆڕشەی سەرای ئازادی دەبێت سەرەتای گۆڕینی بنەماكانی كۆمەڵگای كوردی و دەسەڵاتی كوردی بێت رووەو كرانەوەی زیاتر و قبوڵكردنی جیاوازی ئەوانی دیكە.
بەداخەوە دوو روداوی ناخۆش لەمەیدانی ئازادی رویدا كە ئەوانیش دەركردنی ئەندام پەرلەمانەكانی دەسەڵات و فەرهاد پیرباڵی نوسەر بوو لەو مەیدانە.
من هەقم بەسەر دوو ئەندام پەرلەمانەكەوە نیە چونكە من كەسێكی سیاسی نیم، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە دەركردنی فەرهاد پیرباڵ ە.
پیرباڵ بەدەر لەوەی چ رایەكی هەیە و چۆن بیردەكاتەوە نوسەرێكە خزمەتێكی باشی ئەدەبی كوردی كردووە و بەرهەمی بەپێزی نوسیوە كە نەوەی تازە سودی لێبینیوە.
فەرهاد پیرباڵ كەسێكی گەندەڵ نیە، چونكە هیچ پۆستێكی نەبوە یاخود سەرۆكی هیچ دەزگایەكی روناكبیری نەبوە تا گەندەڵی تیادا بكات،كەسێكی سیاسیش نەبوە تاوەكو هەڵەی سیاسی گەورە بكات، رۆژنامەنوسێكی سەر بەدەسەڵاتیش نەبوە تا ئاگری شەڕی ناوخۆ خۆشبكات.
پیرباڵ مامۆستایەكی زانكۆبووە، تەنها و تەنها لە هەڵبژاردنی 25-7رایەكی سیاسی جیاواز لەرای ئێمە مانانی هەبوەو هیچی تر،پێی باشبوە دەنگێك بەكەسێك بدات كە ئێمە مانان دەنگمان پێی نەداوە، ئێمەش ناكرێت مرۆڤ لەسەر رایەكی جیاواز بسڕینەوەو بۆ هەتایە بەنەفرەتی بكەین.
راستیەكەی كە شەو پیرباڵ م بینی لەتەلەفزێون كاریگەری ئەو رەتكردنەوەی زۆر بەسەرەوەبوو، تەنانەت نائومێدییەكی گەورەت لەقسەكانیدا بەدیدەكرد،نائومێدییەكی قوڵ كە مایەی داخ بوو.
شێركۆ بێكەس شاعیرێكی گەورەیە، شاعیرێكە شیعرەكانی جوانی و ناسكی و پاكێتیەكی زۆریان تێدایە، رەنگە زۆرینەی ئێمە شێركۆمان وەك شاعێرێك زۆر بەلاوە جوان بێـت، بەڵام شێركۆی سیاسی، شێركۆی خاوەن هەڵوێستی سیاسی هەمان شێركۆی شاعیر نیە، شێركۆی بەیت و بالۆرە پیاهەڵدانی لێپرسراوان و كوڕی لێپرسراوان شێركۆی دەربەندی پەپولە نیە، شێركۆی دەزگای سەردەم شێركۆی خاچ و مارو مێژوو نیە.
من زۆرم بەلاوە سەیربوو شێركۆ و كۆمەڵێك لەمەیدانی ئازادی وتاریان دا، ئاخر هەمومان ئاراستەی سیاسی و دارایی ئەم بەرێزە دەزانین،خێرە لەشەورۆژێكدا گۆڕاو هاتە ریزی جەماوەرەوە یاخود مەسەلەكە شتێكی دیكەیە؟
هەرچی دیكە بێـت من نازانم، بەڵام ئەوەدەزانم فەرهاد پیرباڵ زۆر لەشێركۆ خاكیترو جەماوەریترو پاككترو بەریئترە، ئاخر هاوڕییان خۆ دیوانی چاودێری دارایی چەندەها لاپەڕەیان لەسەر پیرباڵ پڕنەكردۆتەوە،ئاخر خۆ ئەوە پیرباڵ نیە پارەی سكرتارییەتی مام جەلال مانگانە وەردەگرێت و بەم دەست و ئەودەست تەخشان وپەخشانی دەكات، ئاخرو ئاخرو ئاخرو.........!!!!
هاوڕییانی سەرپەرشتیارانی مەیدانی ئازادی ئەگەر بڕیارە ئەوەی رۆژێك لەرۆژانیش دەنگی بەدەسەڵات دابێـت وەرینەگرن تكایە با هەموان بگرێـتەوە، نەك پیرباڵ دەربكرێت و بێكەسیش وەك ئەوەی گەنجی ئەم سەردەمە زۆر بێ ئاگابێت بەبەیت وبالۆرەیەك وەك ئەوەی جاران بۆ حزب و كوڕە مەسئولەكانی دەنوسی سلێمانی بخەڵەتێنێ و لاف و گەزاف لێبدات وبەهەوەسی خۆی نوتق بدات و شۆرشمان پێبفرۆشێت
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست