مەشخەڵ كەوڵۆسى و حكومەتە خەیاڵیەكەى
Saturday, 24/05/2014, 12:00
2316 بینراوە
نەگەبەتى و نەهامەتى ئێمەى كورد تەنها لەوەدایە، کە بەرپرسە بەناو كەسیاسییەکان لە سیاسەت نازانن و ئێمە بەڕیوەدەبەن، بەڵکو لەوەشدایە كۆمەڵێك قەڵەمى چەواشەكار، كەوتونەتە ئارایشتكردن و جوانكردنى سەروپۆتەڵاكى ئەو سیاسیی و دەسەڵاتدارانە هەرجارەى بەجۆر و شێوازێك پاساو بۆ هەڵە و خیانەت و ناپاكیەكانیان دەهێننەوە، ئەوەتا كەسێكى كۆیلەى دەستى دەسەڵات، بەناوى (مەشخەڵ كەوڵۆسى) هەمیشەو بەردەوام خەریكى جوانكردنى سوڵتە و شاردنەوەى عەیب و عارەكانى دەسەڵاتە، ماوەیەك لەمەوپێش، لەهەمبەر دروستكردنى خەندەقى نێوان رۆژئاوا و باشوور، شەرعیەتى بەوكارە پڕشورەیى داوە بەكارێكى رەواو حەڵاڵى زانیوە، خۆشبەختانە براى بەڕێزم كاك جەلال چوارتایى لە زنجیرە وتارێكدا،زۆر بەجوانى و روونى وەڵامى گورچكبڕى داوەتەوە.
بەڵام بەداخەوە دیارە ئەو بەڕێزە نانى بێ شەرمى وكۆیلەتى نەبێت پێى ناكەوێت، ئەوەتا لەنوێترین نوسینیدا بۆ چەواشە كردن ولەخشتەبردن و زیاتر شەرعیەت ورەوای دان بە مانەوەى ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە ماوەیەكە خەریكى سازكردنى سیناریۆیەكە تا بتوانێت خۆڵ بكاتە چاومان و لەولاشەوە غولامى و بەندایەتى خۆى بۆ دەسەڵات بسەلمێنێت و لەتازەترین نوسینیدا نوسیوێتى(فرۆشتنى نەوتى كوردستان، یەكەم نیشانەى سەربەخۆى هاتەدى) بۆ سەربەخۆى و پێكهێنانى حكومەتى كوردى، هیچ كەس و لایەنێك لارى لێى نى یە، ئەگەر قوربانى و رەنج وزەحمەت و تێكۆشانمان پێوانە بكرێتـ بەئەندازەى هەموو ئەوروپا گەلى باشوور قوربانى داوە،نەك بۆ سەربەخۆى بگرە بۆ ئۆتۆنۆمى و فیدراڵیەكى سەقەت وپڕكەم وكوڕى.ئەوەش بەرەئەنجامەكەیەتى
بەڕێزم: حكومەت و دەوڵەتى موئەسەسات هەروا گاڵتە و شتێكى هاكەزایى نیە،تا هەرچى زەوقى هەستا وحەماوەى نەتەوەیى بەرزبۆ وە،جاڕى سەربەخۆى و حكومەتى كوردى بدات، بەرلە هەرشت ئەو ئەركە پیاوى خۆى ئەوێت، پێویستى بەكەسێكە كە خاوەن سیاسەتێكى حەكیمانە وراست و دروست بێت، پێشینەى پاك بێت و نەكەوتبێتە بن تەئسیرو كاریگەرى دوژمنان و، نەبوبێتە كۆیلە و عەبدى ئەوان، بەڵام ئایا لەكوردستاندا كەس ولایەنێكى لەو شێوەیە بوونى هەیەـ؟ كەسى وا شك دەبەین تا رابەرایەتیمان بكات؟ بێگومان نەخێر. بەدەر لەوەش كاك مەشخەڵ لەئێستاوە نوقڵانە و موژدەى ئەوەمان پێدەدات كە خۆمان سازو تەیار و ئامادە بكەین بۆ دروستبوونى حكومەتێكى بنەماڵە و ئەو خەون و بیرە چەپەڵەى كە ماوەیەك لەمەوبەر قەڵەم فرۆش و كۆیلەى بنەماڵە(فەرهاد پیرباڵ) خستیە بەرچاومان، پێشنیازى ئەوەیكرد كە حكومەتى كوردى چاكترە بڵێن حكومەتى بنەماڵە لەكوردستان بكرێتە سیستەمى پاشایەتى، ئەویش بەهەمان نەغمەو ئاواز و ناراستەوخۆ ئەخوازێت جارێكى تر ئەو پرس و خەونە بێنیتەوە بیرمان. بۆ ئەوەش ئەم بارگرژى ونائارامى و گرفتى بودجەیەى كردوە بە چەكێك و،دەیەوێت لەو رێگەیەوە بەبەردێك دوونیشانە بپێكێت و ، لەسەرێك بەهانەى ئەوە بدات كە مادام حكومەت پارە نانێرێت كوردیش مافى خۆیەتى نەوت بفرۆشێت، فرۆشتنى نەوتیش هەنگاوێكە بەرەو سەربەخۆى و دەوڵەت.
جارێك بەر لەهەرشتێك ئەو شەڕەى كە ئێستا لەنێوان خودى مەسعود ومالیكیدا دەگوزەرێت، شەڕێكى نەخوازراوە و شەڕى كورسى وپۆست و پلەیە وە شەڕى وڵاتانى دراوسێ یەو، لەگۆڕەپانى ئێمە پیادەى دەكەن، بۆدەبێت ئێمە ومانان بچینە شەڕێكەوە كەلەسەرێك خواستى ئێمەى لەسەر نى یەو لەئێستاشەوە ئەنجامەكەى دەزانین، جوداى ئەوەش حكومەتەكەت تا نها وابەستەى ئێران وتوركیا و ئەمریكایە،تا ئەوان خواستیان لەسەر نەبێت، هیچ بۆرە پیاوێك زاتى ئەوە ناكات دەم لەو مەسەلەیە وەردات. بەدەردى سەرۆكەكەت شتگەلى لەو جۆرەخەونى شاعیرانەیە.
گریمان باقسەى بەڕێزتان بێت ئەوا نەوت رۆی، تەحەداى دونیامان كرد جاڕى حكومەتمان دا، ئایا بەچ ژێر خانێكەوە بەچ ئابوریەكەوە، بەچ هێز وپێشمەرگەیەوە ئەتوانین ئەو حكومەتە بپارێزین؟ كاممان لەسایەى جەور وستەم و كارە پڕ شورەیەكانى ئەوان هەست و سۆزو وەلائمان بۆ نشتیمان و خاكەكەى ماوە؟لەم وەڵاتەدا هەست بەنامۆیى ئیفلاسى ئینتیما نەكەین؟؟
ئێمە نزیكەى چارەكە سەدەیەكە لەروى ئیداریەوە نیمچە كیانێكمان هەیە، خاوەنى داهات و دەستكەوتى بێ شومارین، بەڵام كاك مەشخەڵ ئەو خێر وبێرە جگە لە بەرپرسانى هەرێمى زەرد وسەوز كێى دیكە خێرى لێ بینەوە؟؟ تا ئێمە دڵمان بە داهاتى ئەو نەوتە خۆش بێت؟!!بەدەر لە كەسانى خێر لەخۆدیوى وەك جەنابتان. ئەوەتا پاش چارەكە سەدەیەكە حوكمڕانى و دەوڵەتدارى تازە بەتازە دەگەڕێینەوە بۆ سەرى دێڕ و بە سێ مانگ جارێك مووچە دەدەین، ئەى سبەى رۆژ كە جاڕى حكومەت درا،بەچەند ساڵ جارێك موچەیەك دەبەخشنەوە؟؟ كێ چاودێر دەبێت وئاگادارى داهات و گرێبەستەكان دەكات؟
بۆیە بەڕێزم هیوادارم لەبەر خاترى چەند سەد دۆلارێك، یان دابینكردنى خەرجى كولیجەكەت واز لە قەبە و زلكردن و پەمپدانى ئەو بەرپرسانە بێنە، ئەوانە مەكە بە وەحشى شاشە لێمان ،مەیان كە بەبسمارك و ماندێلاى كورد، چونكە بەرلەوەى بەڕێزتان شارەزایى ئەلف وباى سیاسەت بیت و، ئەوانە بناسیت، ئێمە لەمێژە كلكیانمان پێواون، ئەزانین چ ماڵێكن؟من بەدڵنیایەوە پێتان دەڵێم وسبەى رۆژیش بەرپرسیاریەتى مێژووى دەكەوێتە سەر شانى هەر یەك لەوبەرپرسانە،كە بەدڵنیاییەوە دەیڵێم و خۆم بەخاوەنى دەزانم،تاكە هۆ وبەربەست وئاستەنگیەك هاتبێتە پێش بۆ نەبوونى كورد بەدەوڵەت و هەنگاو نان بۆ سەربەخۆى، تەنیا و تەنیا ئەو بەرپرس و بەناو سەركردە دۆڕاوانە بوون، دەنا گەر بەخوێن وقوربانى و فیداكارى بێت، بەئەندازەى دەیان وڵات رەنجمان داوە. تكام وایە كە ئیدى واز لەو پرس و مەسەلە هەستیارانە بێنیت، جارێكى دیكە دەیڵێمەوە رابەرایەتى وڵات بە خائین و كۆیلە وئەڵقە لەگوێ ناكرێت، كەسێكى دەوێت كە پەرێزى پاك بێت.