کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نوێکراوەتەوە: ئەوەى لە سەر مێدیاى ئەهلى نایزانن، من بۆتان باس دەكەم (بەشى چوارەم)

Sunday, 20/05/2012, 12:00


خوێنەرانى خۆشەویستى كوردستانپۆست...
هەروەك لە بەشى سێیەمدا بەڵێنمان پێدابوون لەم بەشەدا ناوى ئەو ڕۆژنامەنووسانەتان بۆ ئاشكرادەكەین كە نێچیرڤان بارزانى هەندێكیانى بەزەبرى پارە خستۆتە ژێر كۆنتڕۆڵى خۆیەوە، بەشێكیشیان پەیوەندیان پێوەكراوە بەڵام تاكوئێستا وەڵامى نێچیریان نەداوەتەوە یاخود دەتوانین بڵێین ڕەنگە وەڵامیان دابێتەوە بەلام زانیاریەكان بە ئێمە نەگەیشتون، هەندێكیشیان ڕاستەوخۆ داواكاریكەیان ڕەت كردۆتەوە، زۆربەى زۆرى پەیوەندیەكانیش لە ڕێگەى ڕێبوار كەریم وەلى بەڕێوبەرى تەلەفزیۆنى ڕووداو بووە، چونكە هەندێك لەو ڕۆژنامەنووسانە بەشەخسى هاوڕێى ڕێبوارن، (بێجگە لە هەندێك پەیوەندى نەبێت كە بەڕۆژنامەنووسانى ناو ڕۆژنامەى ئاوێنەوە كراوە لەلایەن ئارى هەرسینی، چونكە ئارى بە شەخسى هاوڕێى زۆربەیانە، ئەوكات ئارى كە لە هەولێر بوو بەرپرسى نوسینگەى هەولێرى ئاوێنە بوو، دواى ئەوەش كە هاتە سلێمانى بو بە بەرپرسى لاپەڕەى ئابورى ئاوێنە).

مەرام لە كردنەوەى سەتەلایتى ڕووداو چییە؟
لێرەدا بەكورتى باسی ئەو مەرام و مەبەستانە دەكەین، کە ئەم تەلەفزیۆنە جگە لەوەى بەرامبەر تەلەفزیۆنى ئێن ئاڕتى كراوەتەوە كە ماوەیەكى زۆرە بەناوى مێدیاى ئازادەوە تەواو پارتى هەراسان كردوە، هاوكات بۆ لێدانە لەیەكێتى و لە گۆران و لایەنە ئیسلامییەكان، هەروەها بۆ ڕاكێشانى ئەو ڕۆژنامەنووسانەشە، كە لە میدیاى ئەهلیدا كاردەكەن،  دیارە ئەوەش بەزەبرى پارە، كەوا بڕیارە هەر كارمەندێكى مێدیاى ئەهلى بڕیارى ئەوە بدات لەگەڵ ئەو تەلەفزیۆنەدا كار بكات مانگانە کەمترین (1000) دۆلارى ئەمریكى موچەى رەسمى دەبێت، بۆ هەندێکیش رەنگە موجەکەی زیاتریش بێت، بێجگە لە موكافەئە، ئەمە لە كاتێكدا ئەم موچەیە بۆ ڕۆژنامەنووسانى مێدیاى ئەهلى پارەیەكى زۆرە، چونكە وەك ئاشكرایە هەندێك لەو ڕۆژنامەنوسانە كە لەمیدیاى ئەهلیدا كاردەكەن مانگانە موچەكەیان ناگاتە (150) دۆلار، جگە لەوەى زۆربەیان موچەیان هەر نییە بەپێى كارەكانیان موكافەئە وەردەگرن، لەهەرسێ مێدیاكە (لڤین، هاوڵاتى، ئاوێنە) بۆ هەر ڕاپۆرت و ستۆرى و بەدواداچونێك و چاوپێكەوتنێك ڕۆژنامەنووسەكە تەنها(25،000) دینار وەردەگرێت، بۆ هەواڵێكیش ئەگەر لە ڕۆژنامەكە بڵاوبكرێتەوە(10،000) دینارە و ئەگەر لە سایتیش بڵاوبكرێتەوە (5000) دینارە، بۆیە ئەو موچە زۆرەى پارەى دزراویى تەلەفزیۆنەكەى نێچیر و پاشانیش وەرگرتنى موكافەئەشى لەگەڵدا بێت، ئەمە بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانە زۆرە كە خاوەنى هیچ مەبدەئێك نین، زۆریشن ئەو ڕۆژنامەنووسانەى كاخاوەن مەبدەئن و كاركردنیان لەگەڵ تەلەفزیۆنى ڕووداو ڕەت كردۆتەوە، ئێمە لە خوارەوە ناوى هەموویان دێنین.
دەمەوێت بەر لەوەى بچینە سەر ناوى ئەو رۆژنامەنووسانە چەند زانیاریەك بۆ برادەرانى كوردستانپۆست و خوێنەرانى ئەزیز ڕاست دەكەمەوە، ئەویش ئەوەیە گوایە دەگوترێت كردنەوەى تەلەفزیۆنى ڕووداو پاراستنى لە پشتە، من دەمەوێت هەموولایەك ئاگادار بكەمەوە ئەو تەلەفزیۆنە سەرەتا پێشنیارى ئاكۆ محەمەدى سەرنووسەرى ڕۆژنامەى ڕووداو بوو بۆ نێچیرڤان بارزانى، كە ئاكۆ بە ئیعترافى خۆى لاى ڕۆژنامەنووسێك باسى كردبوو، پێش ئەوەى ڕۆژنامەى ڕووداو بكرێتە كۆمپانیا بڕیارى كردنەوەى سەتەلایتەكە درابوو، بەڵام سەرەتا هەستان بە ئەنجامدانى كارە یاسایەكان ڕۆژنامەى ڕووداویان فراوانتر كرد و كردیان بەكۆمپانیاى رووداو بۆ ئەوەى لە كاتى كردنەوەى تەلەفزیۆنەكەدا هەم ئەستەنگى یاساییان بۆ دروست نەبێت، هەمیش وا لە خەڵكى بگەیەنن گوایە ئەمە كۆمپانیاییەكى سەربەخۆیە و سیاسەتى هیچ حیزب و لایەنێكى لە پشتەوە نییە.

رووداو سەر بە نێچیرە، مەسروریش بەتەمایە تەلەفیزیۆنێکی خۆی بکاتەوە
دواى ئەوەى كارە یاساییەكانى كۆمپانیا تەواو بوو لە ڕۆژنامەى ڕووداوەوە بو بە كۆمپانیاى ڕووداو ئینجا بڕیارى كردنەوەى تەلەفزیۆنەكە وردە وردە لە ڕاگەیاندنەكانەوە بڵاو بۆوە، ئەم مەشروعە خودى نێچیرڤان بارزانى لە پشتە و زۆربەى ئەو كارمەندانەش كارى تێدا دەكەن لە كوتلەى نێچیرڤان بارزانین نەك كوتلەكەى مەسعود و مەسرورى كوڕى. هەر بۆ زانیاریتان لەم ماوەیەدا تەلەفزیۆنیكی تریش دەكرێتەوە بەناوى مێدیاى ئازادەوە كە ئەوەیان تەلەفزیۆنى پاراستن دەبێت و مەسرور بارزانى بەشەخسى سەرپەرشتى دەكات، بەڵام لەئێستادا كوتلەكەى مەسرور و پاراستن چاوەڕێى ئەوەن بزانن تەلەفزیۆنەكەى نێچیر بەچى شێوەیەك سیاسەت دەكات و بەرنامەكانى چۆن دەبێت، دەنا هەرلەسەرەتاوە مەسرور توڕەبونى خۆى دەربڕیبو بەكردنەوەى ئەو تەلەفزیۆنەو لێپرسینەوەى لەچەند كارمەندێكى بالاى تەلەفزیۆنەكەش كردبوو، بۆ ئەوەى هەر لە سەرەتاوە هەڵە تێنەگەن ویستم ئەم زانیاریانە بخەمە بەردەمتان، لەخوارەوەش كە ناوى ڕۆژنامەنوسەكانمان هێنا لە چوارچێوەى زانیاریەكان زیاتر بۆتان ڕوون دەبێتەوە، كە ئەم تەلەفزیۆنە بەبڕیارى شەخسى نێچیر دەكرێتەوە و بیرۆكە و بڕیارى هیچ كەسێكى باڵادەستى پارتى لەپشتەوە نیە جگەلە نێچیرڤان بارزانى.

ناوی چەند کەسایەتییەکی نێو راگەیاندن
ئەمەى خوارەوە ناوى ئەو ڕۆژنامەنووسانەیە ئێمە لەو كەسانەوە دەست پێدەكەین كە پێشتر هەندێك زانیاریان لە سەر بڵاوكرابۆوە لە كوردستانپۆست، بزانن ئەم سەتەلایتەى نێچیر چى هەوڵێكى داوە بۆ دەستەمۆكردنى ڕۆژنامەنوسانى ناومێدیاى ئەهلى، هەندێكیان مەبدەئى خۆیان دۆڕاندوە، كە لە ڕاستیدا ئەو كەسانە پێشتریش دەزانرا باى چەندن، هەندێكیشیان پەیوەندیان پێوەكراوە، بەلام نازانرێت وەڵامیان چیبوە، هەندێكیشیان ڕاستەوخۆ داواكاریەكەیان ڕەت كردۆتەوە:

1: (ڕەنج سەنگاوى): شاعیر، مانگێك پێش ئەوەى لە مێدیاكان هەواڵى دەست لە كاركێشانەوەى بڵاوبكاتەوە لە تەلەفزیۆنى ئێن ئاڕتى، بەشەخسى نێچیرڤان بارزانى خۆى تەلەفۆنى بۆ كردبوو، بەڵێنى پارچە زەویی و پارەیەكى باشى پێدابوو، دواى ئەوەش بەڵێنى پێدابوو جگە لە پێشكەشكردنى بەرنامەیەك كە ڕەنج خۆى پێشكەشى دەكات دەشیكات بە بەرپرسى بەرنامەكان، هەروەك دەشزانن دوو سێ ڕۆژ لەمەو بەر ڕەنج سەنگاوى لە پەیجى تایبەتى خۆیەوە لە فەیسبووك ئەو زانیاریانەى بڵاو كردەوە، كە گرێبەستى بۆ ماوەى 18 مانگ كردوە لەگەڵ سەتەلایتى ڕووداودا، ئەگەر سەرنجی ئەو كۆمێنتانەش بدەن كە لە سەر هەواڵەكەى نووسیویانە ڕەنج ڕووبەڕوى زۆرترین ڕەخنە بۆتەوە بەهۆى ئەوەى بڕیارى داوە كار لەگەڵ سەتەلایتى ڕووداودا بكات.

2: (كەیوان هەورامى): ئەمەیان پەیوەندى بەتەلەفزیۆنى ڕووداوەوە نیە، ئەم ڕۆژنامەنووسە كەپێشتر لەكوردستانپۆستەوە دەركەوت وماوەیەكیش لەگۆڤارى لڤین كارى دەكردو لەئێستاشدا پەیامنێرى ماڵپەڕى لڤین پرێسە لەهەڵەبجەى شەهید، سەرەتا لەهەولێر چاوى دەكەوێت بە دەوڵەمەندێكى بارزانى كەسەربەكوتلەى نێچیرە، هەر لەڕێگەى ئەویشەوە بڕیارى دەركردنى گۆڤارێكى بۆ دەدرێت، ئێستاش خۆى سەرنوسەریەتى و پارەى مانگانەكەشى لەلایەن كوتلەى نێچیرەوە بۆسەرف دەكرێت، هەموو ئەو زانیاریانەش لەگۆڤارەكەیدا كەناوى(تاك)ە، لەسەر لایەنەكانى ترو بەتایبەتیش كوتلەكەى مەسرور بڵاوى دەكاتەوە كوتلەكەى نێچیرڤان خۆیان زانیارى پێى دەدەن.

3: (یەحیا بەرزنجى): ڕۆژنامەنووس، دەمەوێت لێرەدا قسە لەسەر هەندێك ڕِۆژنامەنووس بكەم كەهەمیشە بەس دواى پارە كەوتون و ئامادەن بۆ پارە هەموو شتێك بكەن!، لەكاتێكدا بەراورد بەهەندێك ڕۆژنامەنووسى دیكەى ناومێدیاى ئەهلى ڕەوشى داراییان زۆرباشەو لەسێ بۆ چوار مێدیاى نێودەوڵەتیا كار دەكەن وموچەیان هەیە، یەكێك لەوڕۆژنامەنووسانە ئەم برادەرەیە كەبەپیاوەكەى حاكم قادر ناسراوە لەناو ڕۆژنامەنوسانى ئەهلیدا، لەكاتێكدا پەیامنێرى ئاژانسى نێودەوڵەتى ئاسۆ شەیتلپرێس و ڕادیۆى كوردى دەنگى ئەمریكاو بەرپرسى لاپەڕەكانى بەدواداچونە لەڕۆژنامەى ئاوێنە، بەڵام دواى ئەوەى لەسەتەلایتى ڕووداو داوادەكرێت، ڕازى دەبێت بەكاركردن لەگەڵیاندا.

4: (د.عادل باخەوان): ئەم نووسەرە وەك بەرپرسى نوسینگەى ئەوروپاى سەتەلایتى ڕووداو دەستنیشان كرابوو، بەڵام دواى ئەوەى پەیوەندیان پێوەكرد بە بیانوى سەرقاڵى و گوتنەوەى وانە وەك مامۆستا لە زانكۆیەكى پاریس داواكاریەكەى ڕەت كردەوە.

5: (ئاسۆ جەبار): نووسەر و ڕۆژنامەنووس، دەستنیشان كرابوو بۆ بەرپرسى نوسینگەى ئەمریكاى سەتەلایتى ڕووداو، پێشتریش داواى لێكرابوو هەفتانە گۆشەیەك بنوسێت بۆ گۆڤارى گوڵانى پارتى بەڵام هەردووكیانى ڕەت كردۆتەوە.

6: (موحسین ئەدیب): نووسەر و رۆژنامەنووس، دەستنیشان كرابو بۆ بەرپرسى هەواڵ، بەڵام ڕەتى كردۆتەوە.

7: (زریان ڕۆژهەڵاتى): ڕۆژنامەنووس، شارەزاى كاروبارى دۆسیەى توركیا، لەئێستاشدا بەرپرسى بەشى هەواڵە لەڕادیۆى نەوا، دەستنیشان كرابوو بۆ بەرپرسى دۆسیەى توركیا لە تەلەفزیۆنى ڕووداو، بەڵام ڕەتى كردۆتەوە. لەبرى ئەو دەنگۆى ئەوە هەیە حەسەن مستەفایان دانابێت.

8: (هیمداد حەمید): ڕۆژنامەنووس، دەستەى نوسەران و بەرپرسى ڕیكلامى پێشوى گۆڤارى لڤین، ئەم ڕۆژنامەنووسەش بۆبەرپرسى بەشى ڕێكلامى سەتەلایتى ڕووداو دەستنیشان كراوە، بەڵام نازانرێت وەڵامى چیبوە.

9: (هەردى مەهدى میكە): ڕۆژنامەنووس و مامۆستاى زانستە سیاسیەكان لەزانكۆى سلێمانى، یەكێك لەو ڕۆژنامەنووسانەى كە لە گۆڤارى لڤین جیابوونەوە، بەلام نازانرێت وەڵامى چی بووە.

10: (یاسین عومەر ئیبراهیم): ڕۆژنامەنووس، پێشكەشكارى بەرنامە لەتەلەفزیۆنى كەى ئێن ئێن و یەكێك لەو ڕۆژنامەنووسانەى كەلەگۆڤارى لڤین جیابونەوە، هەروەها هەواڵ ساز لەماڵپەڕى چاوى خەڵكى ڕێكخراوى كۆمەڵەى خەڵك بۆ گەشەپێدان، بەڵام رەتى كردۆتەوە.

11: (بورهان قادر): ڕۆژنامەنووس، بەرپرسى پێشوى نوسینگەى هەولێرى ڕۆژنامەى هاوڵاتى، وەك پەیامنێرى هەولێر ڕازیبوە كار بكات.

12: (عیسا خدر): ڕۆژنامەنووس، پەیامنێرى ڕۆژنامەى ئاوێنە لەهەولێر، بەڵام ڕەتى كردۆتەوە

13:(گۆران دوكانى): ڕۆژنامەنووس دەستنیشان كرابوو وەك پەیامنێرى ئەمریكاى سەتەلایتى ڕووداو كاربكات، بەڵام ڕەتى كردۆتەوە.

14: (نەجات ئەحمەد): ڕۆژنامەنووس، پەیامنێرى پێشوى ڕۆژنامەى هاوڵاتى لەهەولێر، وەك پەیامنێرى سەتەلایتى ڕووداو كار دەكات.

15: (فەرەیدون ئەحمەد): ڕۆژنامەنووس، لەڕۆژنامەى هاوڵاتى، بەڵام ڕەتى كردۆتەوە

16: (شۆڕش خالید): ڕۆژنامەنووس بەرپرسى پێشوى ماڵپەڕى هاوڵاتى وبەرپرسى بەشى هەواڵ لەڕۆژنامەى دەستوور، بەڵام ڕەتى كردۆتەوە.

17:  (دانا ئەسعەد): ڕۆژنامەنووس بەرپرسى ماڵپەڕى ئاوێنە نیوز، بەڵام ڕەتى كردۆتەوە.

18: (خونچە تەها): پێشكەشكارى هەواڵەكان لەتەلەفزیۆنى كەى ئێن ئێن و هاوسەرەكەى كە ناوی (عامر سەڵاح)ە ماوەیەك لەمەوپێش بەهۆى دروسبونى كێشەیەكیان لەگەڵ وشیار عەبدوڵاى بەڕێوبەرى كەى ئێن ئێن بو بەناخۆشیان و دەستیان لەكار كێشایەوە، بەڵام نازانرێت وەڵامیان چیبوە لەبەرامبەر داواكەى سەتەلایتى ڕووداو. هەرچەندە ئیستا گەڕانەوە بۆ کەی ئێن ئێن.

19: (سیروان ڕەشید): ڕۆژنامەنووس، بەڕیوبەرى نوسینى ڕۆژنامەى ڕۆژنامەو كارمەندى ماڵپەڕى سبەى، بەڵام ڕەتى كردۆتەوە.

20: (ڕەحمان غەریب): ڕۆژنامەنووس، بەرپرسى سەنتەرى میترۆ، نازانرێت وەڵامى چیبووە.

22: (یاسین تەها): ڕۆژنامەنووس، بەرپرسى هەردوو لاپەڕەى كاروبارى عێراق و لاپەڕەى پەروەردەو خوێندنى ڕۆژنامەى ئاوێنە، بەڵام ڕەتى كردۆتەوە.

23: (ژیار محەمەد): ڕۆژنامەنووس، ئەندامى دەستەى نوسەرانى گۆڤارى لڤین و بەرپرسى ماڵپەڕى لڤین پرێس، بەلام ڕەتى كردۆتەوە.

24: (سیروان غەریب): ڕۆژنامەنووس بەرپرسى پێشوى ماڵپەڕى ئاوێنە و كارمەندى بەشى هەواڵ لە تەلەفزیۆنى ئێن ئاڕتى، دواى ئەوەى ماوەیەك لەمەوبەر لە تەلەفزیۆنى ئێن ئاڕتیش وازی هێنا، بەڵام كاتێك سەتەلایتى ڕووداو پەیوەندى پێوە دەكەن ڕازى دەبێت كاریان لەگەڵ بكات، لەبەر ئەوەی خۆی داوای کردبوو ببێت بە بەرپرسی سلێمانی، ئەوان رازی نەبوون. دوای ئەوە خۆی واستەی کرد و گەڕانیانەوە بۆ ئێن ئاڕ تی، هەفتەی رابردووش جارێکی دیکە لەو کەناڵە دوور خرایەوە.

25: (زانكۆ ئەحمەد): ڕۆژنامەنووس، سەرنوسەرى گۆڤارى ئاوێنەكان، ڕازى بوە كاربكات لەسەتەلایتى ڕووداودا بەلام ئێستا گەراوەتەوە ناو کۆمپانیای ئاوێنە .

26: (سەردار محەمەد): ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەى ئاوێنە، ڕەتى كردۆتەوە.

27: (نیاز محەمەد): ڕۆژنامەنووس بەرپرسى هەولێرى سەنتەرى میترۆو پێشكەشكارى بەرنامەى نەواى هونەر لەڕادیۆ نەوا، بەڵام نازانرێت وەلامى چیبوە.

28: (هێمن لهۆنى): ڕۆژنامەنووس، خوشكەزاى سەلاحەدین بەهادینى ئەمیندارى پێشوى یەكگرتوى ئیسلامى، ئەم ڕۆژنامەنووسە پێشتر ئەندامى دەستەى نوسەرانى گۆڤارى لڤین بوو، ئێستاش بەرپرسى ماڵپەڕى خەندانە، بەڵام داواكاریەكەى سەتەلایتى ڕووداوى ڕەتكردۆتەوە.

29: (ئەسعەد عەلى): ڕۆژنامەنووس و سەرنوسەرى پێشوى ڕۆژنامەى بۆچوون و کارمەندە بووە لە بەشی پەیامنێردا، دوایی دوورخرایەوە،ا (دەنگۆى ئەوە هەیە سەتەلایتى ڕووداو دایبنێین، بەڵام جاری هیچ دیار نییە).

30: (ئاكۆ شوانى): پەیامنێرى ئاوێنە لە چەمچەماڵ رازیی بووە کار بۆ ساتەلایتی رووداو بکات.
31: (شێركۆ ساڵەیى): پەیامنێرى ڕادیۆى بى بى سى لەكەركوك، ڕازیبووە كار بۆ سەتەلایتى ڕووداو بكات لەكەركوك.

32: (ئارام جەمال): بەپرسى نوسینگەى كەركوكى كەى ئێن ئێن، بەڵام ڕەتى كردۆتەوە.

33: (ئاسۆ عەبوللەتیف): ڕۆژنامەنووس، بۆ پێشكەشكردنى بەرنامەیەكى سیاسى بانگێشتكراوە، بەڵام رەتى كردۆتەوە.

ئەم بابەتە درێژەى دەبێت، لە بەشى پێنجەمدا ناوى ئەوڕۆژنامەنووسانەتان بۆبلاو دەكەینەوە كە بەكەیسى ڕۆژنامەنوسى ئەهلى لەولاتانى ئەوروپاو ئەمریكا ئیقامەیان وەرگرتوە لەكاتێكدا لەكوردستاندا مەترسیەكى ئەوتۆ لەسەر ژیانیان نەبووە.
چاوەڕوانبن....

تێبینى: بۆ خوێندەوەى بەشەكانی ترى ئەم بابەتە كلیك لەسەر ئەم بەستەرانەى خوارەوە بكە:

بەشى یەكەم:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=a37cc1bb

بەشى دووەم:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=3d45abf1

بەشى سێهەم:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=4654049d

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە