یەکێتى قوتابیان تووشى فۆبیاى داهێنان بووە
Friday, 01/05/2009, 12:00
1973 بینراوە
راگرى کارگێرىو ئابوورى زانکۆى سەلاحەدین بەبێ پرسی یەکێتى قوتابیان پەنجە بەئاودا ناکاتو پەرلەمانیش نیگەرانە ئەو ژمارەیەى پێشوى داهێنان کە یەکێتى قوتابیان لەسەرى نوسیوە لاریمان هەیە لەبڵاوکردنەوەى زمارەى بیشوى داهینان
راگرى هەردوو کۆلێژى کارگێرىو ئابورى و شەریعەى زانکۆى سەڵاحەدین، لەژێر فشارى یەکێتى قوتابیاندا رێگرى لەرۆژنامەى داهێنان دەکەنو ئەندامێکى لیژنەى یاسایی پەرلەمانیش رایدەگەیەنێت داهێنان دەتوانێت یەکێتى قوتابیان و ئەو راگڕەش بداتە دادگا.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە زانکۆى سەلاحەدین بە داهێنانى ڕاگەیاند، زۆربەى ڕاگرى کۆلێژەکانى زانکۆى سەلاحەدین بەبێ پرسی "ژوورى قوتابیان" کە ژوورێکى نایاسایی یەکێتى قوتابیانە لەکۆلێژەکاندا، ناتوانن هیچ کارێک ئەنجامبدەنو ڕێگە بەچالاکى هیچ ڕێکخراوێک بدەن.
ئەو ژوورانە وەکو چاودێر بەسەر جموجوڵى رێکخراوەکان و راگرەکان و تەواوى خوێندکاران دانراون. چەند کۆلێژێکى زانکۆى سەلاحەدین ئەگەر بیانەوێت رەزامەندى لەسەر هەر شتێک پیشانبدەن، لەپێشدا ڕەوانەى ئەو ژوورانەى دەکەن.
سەرچاوەکە ئەوەشى ئاشکراکرد، هەرچەندە ئەمە لە زۆربەى کۆلێژەکانى زانکۆى سەلاحەدیندا هەیە، بەڵام زۆرتر لە کۆلێژى کارگێڕیو ئابوریو بەشى شەریعدا بوونى هەیەو بەرپرسانى ئەو دوو بەشە بەبێ پرسی یەکێتى قوتابیان ناتوانن پەنجە بە ئاویشدا بکەن.
هەروەها کاتێک ژمارەى پێشووى ڕۆژنامەى داهێنان بڵابۆیەوە، لەهەردوو کۆلێژى ناوبراوى زانکۆى سەلاحەدین ڕێگە لە بڵاوبونەوەى کراو نەهێڵرا بڵاوبکرێتەوە، لەکاتێکدا خوێندکارانى زانکۆى سەلاحەدین بە پەرۆشەوە رۆژنامەى داهێنان دەخوێننەوە.
لە کۆلێژى کارگێڕیو ئابورى زانکۆى سەلاحەدین، کادرەکانى یەکێتى قوتابیان ڕێگرییان لەبڵاوبونەوەى رۆژنامەى داهێنان کرد، بەبیانووى ئەوەى بابەتى لەسەر یەکێتى قوتابیان تێدایە.
ڕاگرى کۆلێژى کارگێڕیو ئابوورى زانکۆى سەلاحەدین، بە پەیامنێرى داهێنانى ڕاگەیاندووە، دەبێت بۆ بڵاوکردنەوەى داهێنان بچن ڕەزامەندى لە یەکێتى قوتابیان وەربگرن، نوێنەرى یەکێتى قوتابیانیش وتویەتى من ڕێگە بە بڵاوکردنەوەى داهێنان نادەمو کێش دەتوانێت با ڕێگریم لێبکات.
تەنانەت کادرێکى یەکێتى قوتابیان بەناوى (یوسف) بە بەرچاوى ڕاگرى کۆلێژى کارگێڕیو ئابوورى زانکۆى سەلاحەدینەوە، بەدەیان دانەى ژمارەى پێشووى ڕۆژنامەى داهێنانى دراندووەو ڕاگریش هیچ قسەیەکى نەکردووە.
ئەمە سەرەڕاى ئەوەى دوا بەدواى ئەو ڕێگرییە، پەیامنێرەکانى داهێنان ویستویانە لەدەرەوەى کۆلێژ داهێنان بڵاوبکەنەوە، بەڵام پۆلیسى پرسگەى کۆلێژەکە هێرشى کردۆتە سەریانو بەزۆر ڕوۆژنامەکانى لێسەندوونو دڕاندوویەتى.
هەر لە کۆلێژى کارگێڕیو ئابوورى، کادرەکانى یەکێتى قوتابیان نزیکەى 50 دانەى ژمارەى پێشووى ڕوۆژنامەى داهێنان دەڕفێنن تا دەستى قوتابیانى ئەو کۆلێژە نەکەوێتو نەیخوێننەوە.
ژمارەیەک لە خوێنەرانى رۆژنامەى داهێنان لە کۆلێژى کارگێرى و ئابورى ئاماژە بەو دەکەن کادرەکانى یەکێتى قوتابیان لەو کۆلێژە زۆر لە رۆژنامەى داهێنان دەترسن، سەرچاوەیەکیش ئاماژە بەو دەکات پاش دەرچوونى هەموو ژمارەیەک کۆبوونەەیەکى لەسەر دەکەن.
داهێنان لە ڕێگەى سەرچاوەیەکى تایبەتەوە توانى وێنەى ئەو ژمارەیەى ڕۆژنامەکەى دەستکەوێت کە یەکێتى قوتابیان لەسەرى نوسیویەتى "ژوورى قوتابیان لاریمان هەیە لە بڵاوکردنەوەى، تکایە ئاگاداربن".
هەروەها لە بەشى شەریعەش لە زانکۆى سەلاحەدین بە هەمان شێوە ڕێگرى لە بڵاوبوونەوەى ڕوۆژنامەى داهێنان کراو ڕێگەنەدرا قوتابیانى ئەو بەشە دەستیان بکەوێتو بیخوێننەوە.
ئەمە یەکەمجار نییە لە زانکۆى سەلاحەدین ڕێگرى لە بڵاوکردنەوەى ڕۆژنامەى داهێنان بکرێت، بەڵکو ئەمە چەندین جارە ڕێگرى لە بڵاوکردنەوەى دەکرێتو کادرەکانى یەکێتى قوتابیان ناهێڵن داهێنان بگاتە دەستى بەشێکى زۆر لە خوێندکارانى ئەو زانکۆیەو بەرپرسانى ئەو زانکۆیەش لەژێر دەسەڵاتى فەرمانەکانى یەکێتى قوتابیاندان.
خەلیل ئیبراهیم، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى کوردستان لەو بارەیەوە رایگەیاند رۆژنامەى داهێنان دەتوانێت یەکێتى قوتابیان و ئەو راگرانەش بداتە دادگا کە رێگریان لە رۆژنامەکە کردووەو دراندوویانە.
ئە ئەندامەى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى کوردستان نیگەرانى خۆى بە هۆى ئەو حاڵەتەوە دەربڕى و وتى "بەراستى ئەمە ئەو دۆخە خراپەیە کە هەرێمى کوردستانى تێکەوەتووە".
هەروەها لەبارەى ئەو رووداوەوە زیاتر وتى "بەراستى ئەمەیە گەندەڵى کە هەموو لایەنە دەسەڵاتدارەکان دەست لە کاروبارى حکومەت و زانکۆکان وەردەدەن و جگە لە خۆیان رێگە بە کەسی دیکە نادەن کە چالاکى ئەنجامبدەن".
هەروەها وتیشى ئەو کارانە پێچەوانەى پرۆژەکەى تاڵەبانى و پرۆژەى چوار حیزبەکەى و یەکێتى پەرلەمانتاران و حکومەتى هەرێمن".
هەروەها پێشتریش لە یادى راگەیاندنى رێکخراوى گەشەپێدانى قوتابیانى کوردستان لە سۆران رێگرى دەکرێت لە هەڵواسینى پۆستەراتى رێکخراو لە هەرسێ کۆلێژى بنیات و یاسا وپەیمانگاى تەکنیکى سۆران، دواى ئەوەى پۆستەراتى رێکخراو لە دیوارى دەرەوەى کۆلێژى پەروەردەى سۆران دەدرێنرێت لە یادى راگەیاندندا چەند کەسێکى نەناسراو پۆستەراتەکان لێدەکاتەوە، یەکێ لە ئەندامى لیژنەى یەکێتى قوتابیانیش دەڵێت رێگە نادەین کارو چالاکى ئەنجام بدەن جگە لە خۆمان. بەرپرسى ناوچەى زانکۆ و پەیمانگایەکانى رێکخراوى گەشەپێدانى قوتابیانیش بۆداهێنان دواو وتى: "ئێمەوەک ناوچە بە شێوەیێکى یاسایى سەردانى م.پاکستان یاریدەدەرى راگرى پەیمانگاى تەکنیکى سۆرانمان کرد بۆ هەلواسینى پۆستەرات ئەویش زۆر بەئاسایى دانا تەنها لە کافتریاو پرسگە هەلیبواسین کە چى یەکێتى قوتابیان ئەمەشیان قبول نەکرد.
د.جمیل راگرى کۆلێژى بنیات رایگەیاند رێگە پێدان بەو کارانە تەنها ئیشى یەکێتى قوتابیانە ئیشى من نییە رێگە بدەم بەو پێیەى ئەمانە کاروچالاکى حیزبە.