هەرزەکار و خۆکوشتن
Wednesday, 19/02/2014, 12:00
6275 بینراوە
کەم نین ئەو حاڵەتانەی لە ناکاو و چاوەڕواننەکراو هەرزەکارێک کوڕ یا کچ بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆی دەکوژێ، زۆر زۆرترن ئەو حاڵەتانەی کە هەرزەکار بە نهێنێ بە خواردنی حەب و دەرمانی زۆر هەوڵی خۆکوشتن دەدات، بەڵام هەوڵەکە سەرناگرێت و کەس و کاریش هەر پێینازانن، یا بە هەندێکیان دەزانن . هەستیارترین قۆناغی گەشەکردن لە ژیانی مرۆڤدا قۆناغی هەرزەکاریە، لەم قۆناغەدا هۆرمۆنەکان، بەتایبەتی هۆرمۆنە سێکسیەکان لە کەف و کوڵ و جۆش وخرۆشدان. باری دەرونی هەرزەکار لە هەڵبەز و دابەزدایە، هەندێکیان برێک نائارام و پڕوزە و بێپەروان، سەرچڵ و لاسارن، هەندێکی تریان گۆشەگیر و هەستیار و دڵناسک و ماتن ، بەڵام دورنیە دەرونیان لە کەف و کوڵدابێ و لە دەوروبەری بشارنەوە. لە کۆمەڵی پیاوسالاری کوردوستانا کچی هەرزەکار لە بەدترین و نائارامترین ڕەوشدا دەژی، بۆیە خۆکوشتن و هەوڵی خۆکوشتن لە کچ و ژندا زۆرترە. کچێکی زیرەک کاتێک شەیدابونەکەی بۆ کوڕێک ئاشکرادەبێت، یەکسەر مۆبایلەکەی لێدەسەنرێ،یا تەنانەت بۆ هەمیشە لە قوتابخانە دەهێنرێتە دەرەوە و بە زۆر بە کەسێک کە نایناسێ دەدرێ بە شو، ئەو دەیویست و دەیتوانی بچێتە زانکۆ و بە حەزی خۆی بخوێنێ، کەچی ئێستا لە زیندانێکدا دیلکراوە کە پێی دەڵێن ژیانی ژن و مێردی،ئایا سەیرە ئەم کچە ژیانی لێتاڵ بێت و هەوڵی خۆکوشتن بدات؟ . کچێکی تر لە زیرەکی و بلیمەتیدا هەڵیدەبژێرن لەگەڵ دەستەیەک لە کچان و کوڕانی هەڵبژێردراوی وەک خۆیدا بە پارەیەکی کەم بینێرن بۆ یابان یا سوید یا بۆ هەر وڵاتێکی پیشکەوتوی تر، لەوێ یەک مانگی تەواو بمێنێتەوە بۆ ناسین و شارەزابون لە هەمو لایەنەکانی ژیانی خەڵک لەو وڵاتە. باوک یا دایک یا هەردوکیان لەبەر قسەی خەڵک یا لە بەر ترس و نیگەرانیی خۆیان لە سەر کچەکە کاتێک لە ژێر چاودێریاندا نیە، ناهیڵن کچەکەیان بەو ئەزمونە ناوازە و پڕ لە شت و ڕوداوی نوێ و ڕەنگاوڕەنگەدا تێپەڕێ، بێگومان ئەگەر کوڕە هەرزەکارەکەیان بوایە بە شانازیەکی زۆرەوە دەیاننارد بۆ ئەو وڵاتە. ئەوەی کچەکە بۆی لواوە هاوتەمەنانی تری خۆی ناتوانن بە خەونیش بیبینن، دەبێت ئەو کچە ئیتر لە چ ڕەشبینی و نائومێدیەکدا بژی! ئایا سەیرە ئەم کچە هەرزەکارە هەوڵی خۆکوشتن بدات؟ کچ و کوڕێکی هەرزەکاری تر لە پەیوەندیەکی خۆشەویستیدان لەگەڵ یەکتر، بەڵام پەیوەندیەکە پڕە لە هەوراز و نشێو، هێشتا ئەوەندە هاوسەنگ و ئەزموندار و پێگەیشتو نین خۆیان کێشەکانیان بە ئارامی چارەسەربکەن و پەیوەندیەکەیان بخەنە سەر ڕێگای ڕاست، لە خێزانی هەردوکیان کەسێکی باوەڕپێکراوی وا نابینن کە نهێنیەکەیانی لا باسبکەن و ڕاوێژی پێبکەن، مەڵبەندێکی حوکومی یا ناحوکومی شارەزا و پسپۆر لە کار و بار و کێشەکانی لاوان و هەرزەکاران نیە هانای بۆ بەرن بۆ ڕاوێژ و ڕێنمایی، بە کورتی خێزان وکۆمەڵ وازیلێهێناون و وێڵی کردون، دەبێت بۆ بەلامانەوە سەیربێت لە ناکاو یەکێکیان خۆی بکوژێ؟ دەبێت دەرگای بە سەد قفڵ داخراوی پەیوەندیی باوک و دایک لەگەڵ منداڵەکانیان بکرێتەوە و بخرێتە سەرپشت، دەبێت هەرزەکار بتوانێ و ڕێگەی پێبدرێ بێ ترس لە سزا و هەست بە شەرم و گوناهکردن، دەردی دڵی خۆی و نهێنیەکانی لای هەردوکیان یا لای یەکێکیان ئازادانە دەرببڕێ، گوێی لێبگیری، دەبێت دایک و باوک ترس و نیگەرانیەکانیان بۆ منداڵەکانیان دەربڕن، دەبێت پێکەوە ڕاوێژ بکەن لە سەر کێشەکان و چۆنێتی چارەسەریان. دەبێت متمانە و بڕوای نێوان باوک و دایک و منداڵەکانیان بەهێزبکرێت، بەتایبەتی متمانەی دایک و باوک بە منداڵ زۆر گرنگە، ڕاستگۆیی و ڕاشکاوی لە پەیوەندیەکەدا و ئەم متمانەیە بڕوابەخۆبون لە منداڵدا بەهێزدەکات و دەیپارێزێ لەوەی هەڵەی گەورە و کوشندە بکات. من دڵنیام ئەگەر پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیان ئاوا کراوە و دروست و ڕاستگۆ و پڕ لە متمانەبێت، خۆکوشتنی گەنجان و هەرزەکاران کەمتر دەبێتەوە.