دەوڵەت و بەرخۆدانی گەل ؟ - بەشی سێیەم وكوتایی
Thursday, 24/07/2014, 12:00
لە كاتێكی وەهادا حاڵ و گوزەرانی خەڵكی باشوری كوردستان ئەمەبێت كە ئێستا لە بەرچاوە و گیرۆدەی چەندین قەیرانی وەك بێ موچەیی و بێ بەنزینی و بێ كارەبایی و دەیان گرفتی ترە، بەڵام توركیا ئاماژە بەوە دەكات (باكوری ئێراق) واتا باشوری كوردستان دووەم شوێنی جیهانە بۆ ساخكردنەوەی شتومەك و كاڵاكانی ، ئەوە جگەلەوەی نەوت بە بۆری و بەتەنكەر ئەڕژێتە گەروی ئەو وڵاتەوە كە ئامادەنییە ناوی كوردستان لە ئەدەبیاتی خۆیدا بكار بێنێت، ڕەزامەندی توركیا بەوەی نەوتی كەركوك لە ڕێی بۆریەكەی كوردستانەوە بەرو بازارەكانی جیهان هەناردەبكرێت هێچ شرۆڤەیەك هەڵناگرێ جگەلەوەی ئاشكرایە كە سامانی سروشتی ئەم هەرێمەی بەتەواوی خۆرخ كردووە،
خاك و گۆمەڵكای كوردستان لە ڕوی دیمۆگرفی و جوگرافیەوە تەنها پێك نەهاتووە لە گەلی كورد و یەك خاكی پارچەنەكراو، كەواتا لە پرسێكی چارەنوس سازدا كۆدەنگیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی پێویستیەكی لە پێشینەیە، ئایا لەو ڕووەوە بەرپرسانی باشوری كوردستان تا چ ئاستێك توانیویانە ڕەزامەندی پێكهاتە نەتەوەیی و ئەتنیكیەكانی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردی بەشەكانی تری كوردستان بەدەست بێنن؟ بەدڵنیایەوە بەوئاراستەیەشدا یەك هەنگاویش نەهاوێژراوە،
لێرە دا دوو بژاردە بەرچاودەكەوێت یەكەم هەرێمێك لە چوار چێوەی ئێراقدا بە سیستەمی فیدراڵی یاخود كونفیدارڵی بە جەختكردنەوە لەسەر بەدەست هێنانی سەرجەم مافە دەستوریەكان و هاوبەشیەكی ڕاستی لە بەڕێوەبردنی ئێراقدا، دووەم دەوڵەتێكی بەناو سەربەخۆ و بە ناوەڕۆك كۆڵۆنی توركیا كە تەنها ناوەكەی بۆ كوردبێت وناوە ڕۆك و بەرهەمەكەی بۆ وڵاتێكتركە سەرمەشقە لە دژایەتی كوردو ڕێگری لە بەدەست هێنانی مافەڕەواكانی، هاوكات زیادكردنی دوژمن و نەهامەتی بۆ گەل و دەسكەوتێكی بەرماوەش بۆ كاسانێكی دیاریكراو بەدوای خویدا دێنێت، بۆیە كاركردن لەسەر سوز و بەو لۆژیكە مامەڵەكردن لە گەڵ پێشهات و روداوەكان زیانی زیاتر دەبێت لە قازانجی،
ئەو قسانەی كە گوایە سەربەخۆیی پێویستی بەوەیە باجی قورسی بۆ بدرێت زۆر نالۆژیكیە، لە بەرئەوەی هێچ گەلێك بە قەد گەلی كورد قوربانی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی نەداوە، ئەوە لە كاتێكدا ڕاسیتە دەسەڵاتدارو بەرپرسانی ئەم هەرێمە پێشەنگ بن لە قوربانی بەخشین، ئەوەی ئێستا لە باشوری كوردستان بەدیدەكرێت نێوان ژیانی حكومڕان و گەل ئاسمان و رێسمانە، بۆیە هیچ گەرنتیەك نیە سەبارەت بەوەی لە ئەنجامی هەربویەر و پێشهاتێكدا گەل بەرخۆدان و خۆڕاگری بكات لە هەمبەر دەست درێژی و هێرشی دوژمنان، ئەو بۆ چونەش لە ڕەش بینیەوە سەرچاوە ناگرێت و بێ باوەڕی نیە لە ئازایەتی و تێكۆشەری گەلی كورد، ئەوەتا لە ڕۆژئاوی كوردستان سێ ساڵە بەرخۆدان و خۆڕاگری دەكرێت لە بەرامبە ئەو هێزە دڕندەیەی ناوی داعشەو چەندین وڵات هاوكاری دەكەن، ئەو گروپەی لە كورتترین ماوەدا شكستی بە سوپایەكی پڕچەك و جبەخانەی ئێراق هێناو دوو پارێزگای وەك موسڵ و تكریت داگیركرد، لە ڕۆژ ئاوای كوردستان گوندێكی بۆ داگیر ناكرێت،
بڕوام وایە ئێمەی باشوری و ئەوانی ڕۆژئاوایی جیاوازنێن لە خەبات و تێكۆشان، بەڵام ئەوەی خەڵكی باشوری ساردكردۆتەوە دەسەڵاتدارەكانە كە ژیانێكی فیرعەونیان بۆ خۆیان دەستەبەركردووەو ژیانی خەڵكەكەشان داوەتە دەست قەدەر، بەڵام گەلی رۆژئاوای كوردستان چاویان لەوەیە كە سەرۆكی پارتە دەسەڵاتدارەكەیان وەك هەر هاوڵاتیەكی ئاسایی كوڕەكانی لە سەنگەری بەرەی شەڕن بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان، هەر لەو سەنگەرانەشدا كورێكی شەهید دەبێت و كورێكی تری برینداردەبێت، ئەو هەڵوێستە ئیرادە ئەبەخشی بە گەل بۆ ئەوەی گیانی خۆی بكاتە قوربانی وڵاتەكەی، بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بەگشتی و كانتۆنی كۆبانی بەتایبەتی لەم كاتەدا ئەومان پێدەڵێت كە پاراستنی ئازادی و سەربەخۆیی و دەوڵەت، پێش هەر شتێك بەرخۆدانی گەلی پێویستە،
هەزار جار بەڵَێ بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بە ناسنامەو ئیرادەو ناوەڕۆكێكی كوردانەوە، بەڵێ بۆ دەوڵەتێك خاوەنی سەروەری خۆی بێت و تەنها هێز لە ئیرادەی گەلەكە وەرگرێت، بەڵێ بۆ دەوڵەتێك سامەنەكەی لە خزمەتی گەلدا بێت، بەڵێ بۆ دەوڵەتێك سەرۆكەكەی هەست بەئازاری جەرگ سوتانی دایك و باوكی شەهید بكات، بەڵام نەخێر بۆ ئەو دەوڵتەی خاوەنی ئیرادەو سەروەری و سەربەخۆیی بڕیاردان نەبێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست