داعش هات و سوپا هەڵات
Friday, 13/06/2014, 12:00
1576 بینراوە
پاش ئەوەی داوایەکی ابوبکر البغدادی لە لایەن ابو محمەد الجولانیەوە بە مەبەستی هەڵوەشانەوەی هەریەک لە (دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و بەرەی نوسرە) کە دوو ڕێکخراوی سەربە القاعیدەن و لە سەر خاکی سوریا کار و چالاکیەکان ئەنجام دەدا ، ویستی البغدادی گرێدانی ئەم دوو ڕێکخراوە بو لەژێر ناوی (ڕێکخستنی دەوڵەتی ئیسلام لە عێراق و شام) . البغدادی بەڵێنەکەی بێڕەزامەندی الجولانی بردەسەر و دایمەزراند. هەر یەک لە دوو ڕێکخراوە تیرۆریستیەی بەرەی نوسرە و داعشی جۆرە سیاسەتێکی جیاوازیان لە پێهاتە و شێوازی مامەڵەکردن و ئامانجدا هەبو ، هەر وەک ئەوەی لە شێوازی یەکترکوژی نێوان شێعە و سونە عێراقیەکاندا بەدیدەکرێت ، بۆ نمونە دەوترێت داعش ڕێکخراوێکی جیهادیە، ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامیە کە شەریعەتی ئیسلام و شمشێر ، لەبەرامبەریشدا بەرەی سەرکەوتن یان نوسرە ، هەوڵەکانیا ن لە ڕوخانی ڕژێمدا چڕ کردۆتەوە و بڕوایان بە هێزی سەربازی زیاترە لە ژیانەوەی مۆدێلی شمشێر و سەربڕینی مرۆڤ .
داعش و بەرەی نوسرە جێچالاکیەکانیان لە سەرەتادا ناو خاکی سوریا بوو ، لەوێش بەشێک لە ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای کوردستان حەڵەب و ڕەقە و دیرالزور ، زۆرجاریش شەڕی گەرم لە نێوان هێزە کوردیەکان و تیرۆریستاندا و دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەوبەشەی کوردستانیش سورە . لەدەستدانی (زەرقاوی) و کەسایەتی دوهەمی داعش عەدنان اسماعیل البیلاوی لە کاتێکی نزیک لە یەک ، داعشی خەستە بەر گورزێکی گورچکبڕ . لە تۆڵەی ئەمەی بەسەریداهات ، داعش هێرشەکانی بۆسەر شارە سونی نشینەکان چڕتر کرد و ڕومادی و فەلوجە کردە ئامانج و شەڕێکی قورسی دەستپێکرد و توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و دواتر کردەوە تیرۆریستیەکانی لە شارەکانی دیالە و تکریت و کەرکوک و نینوی و ناوچەکانی دەوروبەریان چڕتر کردەوە و تەنانەت دەخوازن بۆ کوردستانیشی بگوازنەوە و بەختی خۆیان لە هەولێر و سلێمانییش تاقیکردەوە
ئەمەی لە موسڵ و ناوچە عەرەبنشینە سونەکانی دەوروبەری کەرکوک و دواتر لە سەڵاحەدین و تکریت و سامەرا لە نێوان هاتنی داعش و هەڵاتنی بەلێشاوی هێزە سەربازیەکانی عیراق ڕودەدەن ، دۆخەکەی بۆ قۆناخێکی مەترسیدارتر گواستەوە و ڕەنگە ئەمە خۆی لە کۆمەڵە سیناریۆیەکی تێک هەڵقژاوی جالجاڵۆکەیی ببینێتەوە ، کە بەدوری نازانم کە کورد و حکومەتی کوردی ئامانجی سەرەکی پشت ئەم سیناریۆوانە بن و بیانەوێ هەرێمی کوردستان تێوە بگلێنن ، بەتایبەت دوای لە دەستدا سوتانی وەرەقەی نانبڕین و موچەبڕینی خەڵکی کوردستان و ملنەدانی هەرێم بە داواکانی و سوربونی هەرێم لە سەر دەرهێنان و هەناردەکردنی ئەو نەوتەی ئەوان لەڕابردودا وەک سەرچاوەی قڕکردنی خۆمان و سوتماککردنی وڵاتەکەمان سودیان لێوەرگرتوە ، لە تۆڵەی هەمو ئەوانە ئەمجارە لەڕێگەی ئەم سیناریۆیەوە مالیکی بیەوێت کورد پەلکێشی شەڕێکی نەخوازراو بکات و بیەوێ بەم شێوەیە کورد ناچار بەملدانەخەت بۆ داواکانی خۆی و حکومەتەکەی بکات
داعش لە ئێستادا بو بە هێزێکی پڕ چەک بەو چەک و چۆڵەی کە لە لایەن سوپای عێراقی و بە پێی بەرنامەیەکی تۆکمەی پێشوەختە نەخشەبۆکێشراو بەدیاری ڕادەستیکرا و بریتیە لە خێڵ و هۆزە سوننەکان ، بەعسیە کۆنەکان ، پیاوانی نەقشبەندی، عەرەبە جیهادیەکان،موسوڵمانە توندڕەوەکان و زیندانیە تاوانبارە هەڵاتوەکان ، کەسانی بەرژەوەند پەرست و هەلپەرست . ئومێدەوارم ئەمجارە هیچ کوردێک بیر لە (نۆکەرایەتی و جاشایەتی و ڕیسوایی) نەکاتەوە و بۆ هەتاهەتایە نەفرەت لەو کلتورە دزێو و قێزەوەنە بکرێت کە لەزۆر کاتدا زیانی گەورەی لێداوین
ئەوەی لەم قۆناخە هەستیارەدا دەبێتە ئەرکی نەتەوەیی و میژویی و ئەخلاقی سەرکردایەتی سیاسی کوردی قۆستنەوەی ئەم هەلەیە کە هاتۆتەپێش، دەستگرتنە بەکوردستانیبونی ئەو شار و شارۆچکە و ناوچە داگیرکراوانەوە کە لە ڕابردودا بەزۆر و زۆرداری تەعریب و تەبعیس و تەرحیل کراون چونکە نەلەڕابردو ، نە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس و نە ١١ ساڵی حوکمڕانی دوای ڕوخانی بەعسش تاکە هەنگاوێک بەرەو چارەسەرکردنی کێشەی ئەو شار و شارۆچکە و گوند و ناوچە داگیرکراوانە نەهاوێژراوە کە بەڕۆژی ڕوناک و بەغەدرێکی ئاشکرا لە خاکی کوردستان دابڕان ، بۆیە فرسەتە و هەلێکی دەگمەنە تا بە ڕۆژی ڕوناک بخرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان