خۆپیشاندانه‌کان و سه‌رای ئازادی بۆ مۆرکی ئیسلامی پێوه ده‌که‌ن ، به مه‌به‌سته یان بێ مه‌به‌ست ؟؟
Friday, 08/04/2011, 12:00
له حه‌ڤده‌ی شوبات دا خه‌ڵکی شاری سلێمانی ده‌ستی به خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینێکی مه‌ده‌نیانه کرد ، هه‌ر چه‌نده ده‌سته‌ڵات به تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و پیاوه‌کانیان وویستیان ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ی جه‌ماوه‌ر به ئاقارێکی تردا به‌رن و شه‌ڕه‌که بکه‌نه شه‌ڕی گۆڕان و پارتی ، و بووه هۆی ئه‌وه‌ی په‌لاماری لقی چواری پارتی بدرێت پاش ئه‌وه‌ی
چه‌کداره‌کانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به فیشه‌ک وه‌ڵامی خه‌ڵکیان دایه‌وه و بوو‌و هۆی شه‌هید بوون و بریندارکردنی هاوڵاتیانی ڕاپه‌ڕیوو.
به‌ڵام خۆشبه‌ختانه خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوو زوو له مه‌رامه شاراوه‌کانی ده‌سته‌ڵات تێبگهیشتن و به‌شێوه‌یه‌کی مه‌ده‌نیانه و ئاشتیانه به‌رده‌وامیاندا به‌خۆپیشاندانه‌کانی خۆیان و له‌به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانیه‌وه بوونه ئیلهام به‌خش بۆ شار و شارۆچکه‌کانی تر.
تا ئێستا ده‌سته‌ڵاتی به‌عس ئاسا بۆته هۆی شه‌هیدبوون و بریندارکردنی زیاد له دوو سه‌د که‌س و هێشتاش هه‌ر به‌رده‌وامه له به‌کارهێنانی توندوتیژی و گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌دانی خه‌ڵکی کوردستان.
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خه‌ڵکی کوردستان به ناوی شۆرشی نێرگز و خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه ده‌ستیان پێ‌کرد و مه‌یدانی سه‌را بووه شوێنی چالاکیه مه‌ده‌نیه‌کان و به‌رزکردنه‌وه‌ی داواکاریه‌کانی خه‌ڵک که بریتی بوو له نه‌هشتنی گه‌نده‌ڵی و بوونی یاسا و نه‌مانی ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی و گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رامه‌ت بۆ تاکی کوردستان که ماوه‌ی بیست ساڵه ئه‌م ده‌سته‌ڵاته بنه‌ماڵه‌ییه هه‌موو جومگه‌کانی ژیانی خه‌ڵکیان کۆنترۆڵ کردووه‌و وه‌ک دوو باندی تاڵانچی که‌وتوونه‌ته دزینی سهروهتو سامانی ووڵاته‌که‌مان و بوونه‌ته دیکتاتۆر له نموونه‌ی سه‌دام و مباره‌ک و بن عه‌لی و قه‌زافی و دیکتاتۆره‌کانی ناوچه‌که.
وه‌ک ده‌زانرێت ده‌سته‌ڵات ده‌یه‌وێت هه‌موو ڕێگاکانی تاقی بکاته‌وه دژی خه‌ڵک تا ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ی خه‌ڵک نه‌گاته هه‌ولێر و دهۆک و سه‌رانسه‌ری کوردستان. ده‌سته‌ڵات ده‌یه‌وێت هه‌ر له‌سه‌رای ئازادی دا بیهێڵێته‌وه تا پیلانه‌کانی خۆی داده‌ڕژێت و به‌ئاسانی بتوانێت شکست به خه‌ڵک بهێنێت.
زۆر هه‌وڵی دا ته‌نانه‌ت په‌نای بۆ هه‌ندێک نوسهروشاعیری ده‌رباری خۆشی برد که تێکه‌ڵ به خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوو ببن وپه‌یام و ووتاری خۆیان بڵاوبکه‌نه‌وه تا پیشانی خه‌ڵک و دنیای ده‌ره‌وه‌ی بده‌ن که ده‌سته‌ڵات دیموکراسییه وله‌گه‌ڵ داواکاری خه‌ڵک دایه و چاکسازی پێوسته و گه‌نده‌ڵی هه‌یه ، به‌ڵام ده‌بێت هه‌ر له‌سایه‌ی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته بکرێت و نابێت باسی ڕوخاندن و نه‌مانی ده‌سته‌ڵات بکرێت.
خۆشبه‌ختانه خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیووی کوردستان هه‌ر زوو له پیلانه‌کانی ده‌سته‌ڵات گه‌یشتن و دواکاریه‌کانیان ڕۆژ به‌ڕۆژ گه‌شه‌تر پیده‌ده‌ن و خۆیان باشتر ڕێکده‌خه‌ن و هه‌موویان داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و حوکمه‌ت وپه‌رله‌مان ده‌که‌ن و ده‌زانن به‌بێ نه‌مانی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته هیچ گۆڕانێک دروست نابێت..
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و تێڕمانه ئه‌وه‌یه که مه‌یدانی سه‌رای ئازادی سلێمانی و مه‌یدانه‌کانی شار‌و شارۆچکه‌کانی که‌لار وهه‌ڵه‌بجه‌و کۆیه و چه‌مچه‌ماڵ و شوێنه‌کانی تر بۆته شوێنی کۆبوونه‌وه و نوێژکردنی به‌کۆمه‌ڵی خه‌ڵک له ڕۆژانی هه‌ینی دا و خوێندنه‌وه‌ی ووتاری ئایینی و ده‌رکه‌وتنی چه‌ند مهلایکی دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ر.
هه‌رچه‌نده هه‌موو هاوڵاتیه‌ک بۆی هه‌یه ووتار و داواکاریه‌کانی خۆیان بڵاوبکه‌نه‌وه ، به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه بۆچی ده‌یانه‌وێت شێوه‌یه‌کی ئاینی بدرێت به‌م خۆپیشاندانانه‌دا. وه‌ک ده‌زانین داواکاریه‌کانی خه‌ڵک ئایینی نی یه و که‌س ڕێگه‌ی چالاکی نوێژکردن و چوونه مزگه‌وت و ڕۆژووگرتنیان لێنه‌گرتوون تا ئه‌م مه‌لایانه بێن له مه‌یدانی سه‌رای ئازادی و مه‌یدانه‌کانی تردا نوێژی هه‌ینی بکه‌ن..
بۆچی ده‌رکه‌وتنی مه‌لا و نوێژکردنی به‌کۆمه‌ڵ له مه‌یدانه‌کان دا به سوودی ڕاپه‌ڕین نابێت و ڕه‌نگه زه‌ره‌ریشی لێ بدات له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ی خواره‌وه:
-ڕاسته خه‌ڵکی کوردستان زۆربه‌ی موسڵمانه وته‌نانه‌ت حیزبه‌کانی ده‌سته‌ڵاتیش ئیسلامیان کردوه به سه‌رچاوه‌ی ئایدۆلۆژای خۆیان و هیچ کاتێک داوای جیاکردنه‌وه‌ی ئایین و حوکمه‌تیان نه‌کردووه وته‌نانه‌ت زۆر به‌رگریان کرد له‌ده‌ستوری عێراق که ئیسلام سه‌رچاوه‌ی یاساکان بێت. ده‌سته‌ڵات هه‌رگیز دژی ئایینی ئیسلام نه‌بووه و هه‌رگیز ڕێگه‌ی له‌که‌س نه‌گرتووه که ئه‌رکه‌کانی ئاینی ئیسلام بکه‌ن . ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی مزگه‌وت له ژێر سایه‌ی بیست ساڵی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌دا دروست بووه ئه‌وه‌نده شوێنی مه‌ده‌نی وه‌ک کتێبخانه‌و و یانه‌ی وه‌رزشی و یانه کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییه‌کان دروست نه‌بوون.
ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی بێجگه ئیسلام ، خه‌ڵکی کورد مه‌سیحی و یه‌زیدی و ئایینه‌کانی تریشی هه‌یه به‌ڵام نه‌مابینی که ڕۆژێک مه‌سیحیه‌کان بۆ نموونه له سه‌رای ئازادی دا ببینرێن و ڕۆژی یه‌کشه‌مه‌یه‌ک ئه‌وانیش نوێژی خۆیان بکه‌ن.
-ده‌رکه‌وتی ئه‌و مه‌راسیمه ئیسلامیه هه‌موو ڕۆژی هه‌ینیه‌ک ، ده‌سته‌ڵات ده‌یه‌وێت ئه‌مه به‌کاربهێنێت وبه‌خه‌ڵکی کوردستانی پیشان بدات که ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌مان نه‌مێنێت ، ئه‌وا به‌دیل ئیسلامیه‌کانن و ئه‌و کاته کوردستان ده‌که‌نه ئه‌ڤگانستان و بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه‌ش ته‌جروبه‌کانی حیزبه ئیسلامیه‌کان ده‌هێننه‌وه له ناوچه‌که‌و کاره‌ساتی خێڵی حه‌مه‌ش له کوردستاندا.
-ده‌سته‌ڵات هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت به ئه‌مه‌ریکا و ووڵاتانی ئه‌وروپاش بڵێت ئه‌مه‌ی ئێستا له کوردستان دا ڕووده‌دات ئه‌وه بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئیسلامی توندڕه‌و لهپشتێوهیهتی و ئێران یارمه‌تیان ده‌دات و خه‌ته‌رن بۆ سه‌قامگیری ناوچه‌که. ئه‌مه سه‌ڕه‌ای ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته لای ئێرانیش پێچه‌وانه قسه ده‌کات و به‌سه‌ر به ئه‌مه‌ریکاو ڕۆژئاوای تاوانبارده‌کات.
بۆیه زۆر گرنگه بۆ خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیووی کوردستان نه‌هێڵن پیلانه‌کانی ده‌سته‌ڵات سه‌ر بگرێت و خۆیان دوورخه‌نه‌وه له مه‌راسیمه دینیه‌کان له سه‌رای ئازادی ونوێژکردنی به‌کۆمه‌ڵ له‌و مه‌یدانه‌دا.
مزگه‌وته‌کان بۆ عیبادهت و نوێژکردنه و ده‌توان پاش عیبادهت کردن بگه‌ڕێنه‌وه سه‌رای ئازادی و مانگرتن و خۆپیشاندانه‌کانی خۆتان بره‌و پێبده‌ن و داوای ڕۆیشتنی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته بکه‌ن و با ده‌سته‌ڵات هیچ بیانوویه‌کی نه‌بێت به تاوانبارکردنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵک به ئیسلامی.
ئاساییه وه‌کوو سیمبۆلێک خه‌ڵکی نۆێژکهر هه‌ینیه‌ک به‌کاربێنن بۆ نوێژی به‌کۆمه‌ڵ وه ک پشتگیریه‌ک بۆ ڕاپه‌ڕین و دژی ده‌سته‌ڵات ، وه‌ک مه‌سیحیه‌کانیش و ئایینه‌کانی تریش به‌هه‌مان شێوه ، تا بۆ ده‌سته‌ڵاتی ده‌ربخه‌ن خه‌ڵک هه‌مووی به موسڵمان و مه‌سیح و یه‌زیدی ودیندار و بی دینه‌وه پێکه‌وه داوای نه‌مانی ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی جه‌لال و مه‌سعوود ده‌که‌ین ، به‌ڵام نه‌ک هه‌موو ڕۆژێکی هه‌ینی ئه‌م نوێژی به‌کۆمه‌ڵه بکرێت له سه‌رای ئازادی دا.
داواکاریه‌کانی خه‌ڵک داواکاری گۆڕینی ده‌سته‌ڵاتی دکتاتور و گه‌نده‌ڵه به سیسته‌مێکی مه‌ده‌نی و دیموکراسی ئازاد که هه‌ریه‌که له تاکی خه‌ڵکی کوردستان هه‌ست به بوونی خۆی بکات وه‌ک هاوڵاتیه‌کی ڕێز لێ‌گیراو و مافه‌کانی پارێزراو بێت ، ده‌سته‌ڵات هه‌موو هه‌وڵی خۆی به‌کارده‌هێنێت و به مه‌به‌ست هه‌وڵ ده‌دات که مۆرکی ئیسلامی بنێت به‌م بزووتنه‌وه خۆرسکه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه.
بۆیه ده‌بێت هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه‌ی ده‌سته‌ڵات شکست پێ بێنینن و سووربین له‌سه‌ر نه‌مانی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته ڕه‌فتار به‌عسه‌ی مه‌سعوود و جه‌لال.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست