چیرۆکی ''جوجەڵە''یەکی سەر زل
Thursday, 15/05/2014, 12:00
بەمنداڵی زۆر خولیا و عەوداڵی پەلەوەر بووم، لاشم ببوە ئەرکێکی منداڵی. ئیتر ئەو پەلەوەرە مریشك و کەڵەشێر، یان قەل و کەو کۆتر و چی تر بوایە گرنگ نەبوو. کاتێک یەکێک لەمریشکەکانم کڕکەوت، ئەو ساڵە هیچ لە هێلکەکانی پیس نەکرد، واتە هەمویانی هەڵهێنا. یەکێک لەو جوجەڵانەی، کە سەرنجی ڕاکێشام و لەوانی تر نەدەچوو، ئەوەبوو نەختێ گەورەتر و سەرێکی زلی هەبوو. دوای چەند چەند هەفتەیەك کاتێ نەختێک کەچەڵە بوو، ئێدی خەریکی سەرەڕۆیی بوو، هەستم کرد لە دایکی دوور دەکەوتەوە. ئەم سەر زلە دوایی دەرکەوت ئەویش هەر مریشك دەرچوو، لێ هەڵسوکەوتی جیاواز لەوانی تر. بۆ نمونە، هەموو جوجەڵەکان لەکاتی پشوودا خۆیان ئەکرد بەژێر باڵی دایکیاندا، کەچی ئەو سەرزلە هەموو کاتێ ئەچووە سەر پشتی دایکی. لەهەمووی سەیرتر، کاتێ دایکی لە دەشتەکەی ئەوبەری ماڵمان ئەگەڕا بەدوای خواردندا بۆیان ئەم لێیان دوور ئەکەوتەوە. بەشێوەیەك، وای لێهاتبوو مریشك و کەڵەشێرەکانی تر کە لەو دەورە بوون زۆر جار بەدوای ئەمەوە بوون. ئەوەش لەبەرئەوەی بەبێ هیچ خۆماندوو بوونیك کرمی ئەو دەشتەی ئەچنییەوە و ئەوانی تر هەموو چاویان زەقەی ئەهات تا کرمێك بگرن. کاتێک کرمەکەیان بە دەنووکیەوە ئەدی ، گەورەکان پێش بچووکەکان دوای ئەکەوتن ولێیان ئەڕفاند.
بەداخەوە سەرکردەکانی ئەمڕۆی کوردستانی باشووریش وەک ئەو جوجەڵە سەر زلەیان لێهاتوە. هەمویان لەسەر ڕەنج و ماندوو بوونی هاوڕێ و هاوخەباتیان ئەلەوەڕێن و ئارەقە و شەونوخۆنی ئەوانی تر لرف ئەدەن. وەرە سەیری بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و ئەندام مەکتەب سیاسی و عەسکەری و خاوو خێزانیان بکە، بزانە چۆن خۆیان هەرچی هەیە هەیانە و خەبات و هەوڵی شەهیدان و قوربانیانی شاخ حەپەلووش ئەکەن و کەچی مووچەیەك بەڕەوا نابینن بۆ فەرمانبەران.
جا بەڕاستی ئەوڕۆ هەواڵی ئەوەم بیست کەوا حکومەتی هەرێم''جوجەڵە''ی هەناردەی لوبنان کردوە، لەدڵی خۆمدا ئەموت خۆزگە سەرزلەکان لای خۆمان بهێڵنەوە و هەرچی سەرسوور و سەر ڕەشە ڕەوانەی دەرەوەی کوردستانی بکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست