نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه نه‌هاتووین بۆ ئه‌وه‌ی کاك مه‌سعود لابه‌رین!
Friday, 07/10/2011, 12:00
گه‌ر وا بڕوات، ئایندهی گۆڕان، له‌ئاڵای شۆڕش باشتر نابێت.
تائه‌م ساته‌وه‌خته، تاکی کورد، چاوه‌ڕوانی ده‌ست و مه‌چه‌ك و ناو باخه‌ڵی گه‌رم و بن هه‌نگڵی کارێزمایهك ده‌کات که له هه‌ژموونه ده‌ره‌کییه‌کان بیپارێزێت و له سه‌هۆڵبه‌ندانی کێشه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌یدا، گه‌رمی بکاته‌وه.
له‌ئاکامی به‌رزبوونه‌وه‌ی په‌ستانی نابه‌رابه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی که قوربانییه‌کانی ڕۆژانه له‌زیادبووندا بوون و قورسایی خستبووه سه‌ر ڕه‌وڕه‌وه‌ی به‌ره‌وپێشچوونی ئایندهی ژیانی خه‌ڵکی کوردستان و هه‌رێمی کوردستانی خستبووه ناو چوارچێوه‌یه‌کی قه‌تیس ماوی ته‌ماوی ته‌ڵخه‌وه، نوخبه‌ی ڕۆشبنیر و هۆشیاری کۆمه‌ڵگاکه‌ی جوڵاند و له‌ڕێگای جۆراوجۆری وه‌کو میدیا و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌وه، ده‌ست و ده‌میان کرایهوهوه و به‌نهێنی و به‌ئاشکرا، که‌وتنه تانه‌لێدان و بانگه‌شه دژ به ده‌سه‌ڵاتداران و حیزبه‌سیاسییه حاکمه‌کانی کوردستان. ئه‌مه‌ش، ده‌ره‌نجامێکی باشی لێ که‌وته‌وه و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، وه‌کو په‌نجه‌ره‌یه‌کی نوێ، بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتنی داخوازییه‌کانی خه‌ڵك، له‌ناو کایه سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و عێراقدا، له‌دایك بوو.
به‌شداریکردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و سه‌رکه‌وتنه‌کانی له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، ده‌سه‌ڵاتداران و حیزبه‌کانی کوردستان و چاودێرانی سیاسی تووشی شۆك کرد. ئه‌م ده‌ره‌نجامه، به‌کۆی کێشهههڵواسراوهکانی ناوخۆی کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی هه‌نوکه‌یی عێراقه‌وه به‌سترابۆوه. هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ ڕێبهرهکاندا هه‌بوو و په‌یوه‌ست بوو به ڕزگارکه‌ری خه‌ڵك و فریادڕه‌سی کۆمه‌ڵگا له‌ژێر بارهناههموواره ژیانییهکهیدا، لێ نابێت ئه‌وه‌شمان بیر بچێت که ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وه‌خۆ، به باری ژیاری و لێکدانه‌وه‌کانی تاکی کورده‌وه گرێدرابوو. به‌و مانایه‌ی مه‌زه‌نده‌ی عه‌قڵ و تێگه‌یشتن و تێڕوانینی تاکی کورد، بۆ ئێستا و ئاینده، له‌ژێر باڵ و په‌ڕه نه‌رم ونۆڵهکانی سه‌رکرده و ڕابه‌ری بزوتنه‌وه‌که‌دا، تاکه کاریگه‌ری ئه‌و لێشاوه بوو که به‌ربه‌سته‌کانی له‌بندا هه‌ڵته‌کان و به‌خۆیه‌وه توڕیدانه ده‌ره‌وه.
هه‌نوکه، چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر هاتنه‌گۆڕی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا تێده‌په‌ڕێت. میدیای ئازاد و نوخبه‌ی هۆشیاری ناو کۆمه‌ڵگا و ڕۆشنبیر و نوسه‌ره ئازاد و بوێره‌کان و هه‌ڵسوڕاوه سیاسی و مه‌ده‌نییه سه‌ربه‌خۆکان و زۆرێك له‌خه‌ڵکی بێلایه‌ن و شاره‌زا، له‌ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی کوردستان، ماوه‌یه‌کی باش، بارگاوی به پشتیوانیکردنی ڕوبه‌ڕوو، یان له‌پشتی په‌رده نهێنییه پهمهییهکانهوه، بانگه‌شه‌یان بۆکرد و پشتگیری‌یان کرد. ئه‌م ماوه دوور و درێژ و مۆله‌قه، بۆ ئه‌وان بریتی بوو لهخهساندنێکی ڕه‌وا. که‌خۆیان گازی به‌رده‌وامبوونیان بۆ ده‌کرد. لێ هه‌ر پاش تێپه‌ڕینی ماوه‌یه‌کی کورت، به‌تایبه‌تی له‌پاش خۆپیشاندانه‌کانی 17 ی شوباته‌وه، دانیان به‌هه‌ڵه‌کانیاندا ناو ده‌ستیانکرد به‌خۆدزینه‌وه له بانگه‌شه و هه‌ڵوێسته خێرا و کوتوپڕهکانیان. به‌م تێپه‌ڕبوونی کاته و ئه‌نجامه‌کانی ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه جه‌ماوه‌رییه که به‌شۆڕشی سپی ناوی ده‌رکردووه، ده‌رکه‌وت، بزوتنه‌وه‌که بارته‌قای ویست و خواسته گرانه‌کانی ئه‌وان و خه‌ڵکی تێدا سه‌وز نابێت، بۆیه به‌ناچاری بێجگه له خۆدزینه‌وه‌ی به‌هێواش و بێده‌نگبوونی لاچه‌په‌ك، شتێکی تریان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه.
کۆی چینه جودا و به‌یه‌کدا ترشاوهکانی ناو کۆمه‌ڵگای کوردی، که لهژێردهستهییهوه ده‌سه‌ڵاتێکی نیمچهههرێمی بۆ هه‌ڵڕێژراوه، به‌نیازی کۆتاییهێنان به ده‌سه‌ڵاتی به‌ربه‌ری و به‌جێهێشتنی چاوگه‌ی مه‌زڵومیه‌ت، له‌خۆئاماده‌کردندا بوون تاکو له ناو پهردهکولهی ئه‌م بههارهیاندا به‌بێ مه‌گه‌ز، خه‌ونێکی ئارام، له‌م مانگه‌شه‌وه‌ی خه‌وی سه‌ربانی بههارانیاندا، گیر بهێنن. به‌و مانایه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی پشتگیری ئه‌م بزوتنه‌وه‌یان کرد، به‌خه‌ونی داهێنانی نوێ و تۆوکردن له‌ناو کێڵگه‌یه‌کی نه‌رم و فشه‌ڵی په‌یناوی خۆڕسکدا، سیسته‌مێکی نوێ ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی به‌رهه‌م بهێنن. ده‌ستکه‌وتیان نه‌بوو. چونکه فه‌وزای سه‌ره‌تا و کۆتایی ناو بزوتنه‌وه‌که، هیچ بوارێکی بۆ نه‌هێشتنه‌وه که دڵخۆش بن به بزوتنه‌وه‌که و ئاسووده‌بن به ده‌ستکه‌وته‌کانیان. وێڕای ئه‌وه‌ی نوێنه‌رانی بزوتنه‌وه‌که له دووانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی و ناوچه‌ییدا، نه‌یانتوانی ببنه میمبه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵك. که‌مترین خواستی خه‌ڵك، که گۆڕینی ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان و گێڕانه‌وه، یان چاره‌سه‌رکردنی ناوچه داگیرکراوه‌کانی کوردستان بوون له‌ژێر ده‌ستی حکومه‌تی ناوه‌ندی به‌غداد که ئه‌وان تێیدا به‌شدار و ئه‌ندام بوون، هیچ سه‌ره‌داوێکی ده‌رنه‌که‌وت و تاکو ئێستاش ده‌نگوباسێکی نییه. له‌سه‌رووی ئه‌مانه‌وه، هه‌ڵسوڕاوانی ڕێبه‌رایه‌تی بزوتنه‌وه‌که، خۆیان بوونه کولانه‌ی گه‌شه‌پێدانی فه‌وزا و ژاوه‌ژاوی ناو پشتگیریکاران. تا له‌ده‌ستیاندابوو و توانایان به‌سه‌ردا شکا، خه‌ڵکیان دور خسته‌وه و خاوه‌ن توانا جه‌ماوه‌ری و به‌تایبه‌تی فیکرییه‌کانیان فه‌رامۆش کرد. سه‌رباری ئه‌مانه‌ش، چاره‌نوسی بزوتنه‌وه‌که‌یان به‌سته‌وه به نه‌وشیروان مسته‌فای ڕێبه‌ری بزوتنه‌وه‌که‌وه و ته‌واوی بڕیاره‌کانی کۆتای‌یان شه‌ته‌ك دا به‌بڕیار و دید و تێڕوانینی سیاسیانه و کۆمه‌ڵایه‌تیانه و فه‌رهه‌نگیانه‌ی ئه‌وه‌وه، که‌ئه‌مه له‌توانای خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ری بزوتنه‌وه‌که‌ی که‌م کرده‌وه و ئاڵۆشی به‌ردایه ئه‌و که‌سانه‌ی ئاره‌زووی ده‌مبه دهمبێ و سه‌رکێشییان ده‌کرد.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هه‌رچه‌نده له‌لایه‌ن یه‌کێتی و پارتییه‌وه له‌ده‌سه‌ڵات و ئیستیحقاقاتی خۆی له‌ناو حکومه‌تی ناوه‌ندیی به‌غداد، دوور خرایه‌وه، لێ نه‌یتوانی هیچ هه‌نگاوێك له‌بوونیدا به هه‌شت ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌وه به‌ره‌وپێشه‌وه بچێت و هیچ ده‌ستکه‌وتێك به‌ده‌سه‌ت بهێنن. ئێمه‌ی کورد، زۆرینه‌مان، به‌وانه‌شه‌وه که هه‌نوکه له‌وێنده‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانن، ده‌مانگوت" ئه‌وانه‌ی له به‌غدادن، چی‌یان کردووه بۆ کورد؟". هه‌نوکه، با وه‌کو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بپرسین، " ئه‌ی ئه‌م ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی گۆڕان، چی‌یان کرد؟".
ئێمه، به‌و بیست و پێنج ئهندامهشهوه کهلهپهرلهمانن و سه‌ر به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانن، ده‌مانگوت، " په‌رله‌مانی کوردستان، په‌رله‌مانێکی نوستووه و دارده‌ست و بڕیارده‌ری حیزبه". با هه‌نوکه، بپرسین، " ئه‌ی ئێستا ئه‌و ژماره زۆره ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی گۆڕان، له په‌رله‌مانی کوردستان چی‌یان کرد؟".
به‌نده، نامه‌وێت زۆر شۆڕ ببمه‌وه بۆ ناو چاڵه‌ڕه‌شه‌کانی ئاسمانی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه به‌دبه‌ختانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، نه‌وه‌کا خوانه‌خواسته هه‌ڵوێستێك وه‌ربگرن و نانیان ببڕدرێت وه‌کو ئه‌و هه‌زاران که‌سه‌ی نانیان بڕا. ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌پرسم که ئایا بۆچی هێنده له‌به‌رامبه‌ر داگیرکه‌رانی کوردستان و ده‌وڵه‌ته‌کانی وه‌کو ئێران و تورکیا، ترسنۆك و شه‌رمنن؟ بۆچی ناتوانن داوا له بزوتنه‌وه‌که‌یان بکه‌ن که داوای وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستێکی جددی له ڕابه‌ره‌که‌یان بکه‌ن و له‌به‌رنامه‌یه‌کی " ڕوبه‌ڕوو" دا بێته گۆ و ده‌شتوده‌ر بڕژێنێته سه‌ر شه‌قام و دنیا تێ بگه‌یه‌نێت؟ ئه‌دی ئه‌م به‌رنامه " ڕوبه‌ڕوو" ه ته‌نها بۆ ناوخۆ کاریگه‌ر و پێویست و حه‌ڵاڵه؟
ئه‌ندامێکی چالاکی ناو ئاڵای شۆڕش، که هه‌نوکه ته‌واوی تاقه‌تی خۆی بۆ نوسین ته‌رخان کردووه و له‌کاتی ڕاگه‌یاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیشدا، بڕێك پاره‌ی مۆڵی بۆ پرسی هه‌ڵبژاردنه‌کان، پێشکه‌ش به‌گۆڕان کرد، وتی" ئاڵای شۆڕش، تاکو ساڵی 1986 که یه‌کێتی و پارتی، له‌سه‌ر ده‌ستی خومه‌ینی، ڕێککه‌وتن، مانگانه، 60.000 (شه‌ست هه‌زار) تمه‌نی ئه‌وکاتی له‌لایه‌ن (ئدریس بارزانی) ه‌وه بۆ خه‌رج ده‌کرا و ته‌نانه‌ت ڕادیۆکهشیان له‌لایه‌ن ئیزگهکهی پارتییه‌وه په‌خشده‌کرا).
ئه‌م درکاندنه گرنگه‌ی ئه‌و به‌رپرسه، که 26 ساڵی به‌سه‌ر ئه‌و ڕوداوانه‌دا تێپه‌ڕاندووه، گرێکوێره‌یه‌کی ئاڵوده به په‌تای نهێنییه‌کانی گۆڕان ده‌کاته‌وه. وێڕای ئه‌وه‌ی که ئاڵای شۆڕش، خاوه‌نی ڕێکخراوه‌یه‌کی توندوتۆڵ و گه‌ش به کادری به‌توانابوو، لێ له‌ژێر باری برسێتی و نه‌بوونیدا، ته‌نگیان پێهه‌ڵچنی و پاشان پوکایه‌وه. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م پرسه‌دا و بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه زێڕینه، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، خاوه‌نی هیچ بناخه‌یه‌کی ڕێکخراوه‌یی نییه و په‌تا و ئاڵودهبوونهکهشی به فه‌وزای پڕ ژاوه‌ژاو و بێئه‌رزشکردنی خه‌ڵك و وێڵکردنی توانای هه‌ڵسوڕاوه‌کانی و پشتگوێخستنی ویستی پشتیوانانی، توشی نه‌خۆشی (چه‌قین له‌جێگه‌ی خۆیدا) کردووه.
به‌نده، نامه‌وێت توهمه، یان دووربێت له‌گوێی ئه‌وانه‌ی ئه‌هریمه‌نیش به‌تۆزی پێیاندا ناگات، کۆمه‌ڵێك پرسی بێ بنه‌ما بهۆنمه‌وه، لێ لهمهزندهی ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ی له‌و ڕۆژگاره‌دا به (ئاڵای شۆڕش) ده‌درا، لێره‌دا بیهێنینه‌وه ژیان، چه‌رده‌یه‌ك دۆلاری هه‌نوکه‌ی پێشکه‌شکراوی مه‌سعود بارزانی ده‌کات بۆ بزوتنه‌وه حه‌یاته‌که‌مان!
سه‌رباری ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه که‌ته‌نها له‌پاش (10) ملیۆن دۆلاره‌که‌ی تاڵه‌بانییه‌وه وه‌رده‌چه‌رخێت و ئه‌ویش، بهلهیهکچوونێك هه‌ژماری ده‌که‌م و گریمانه‌یه‌ك، کهنیشانهیه بۆ بوکێنییهکی نادیار، وه‌کو هه‌موو ئه‌و موچانه‌ی که‌ته‌واوی به‌ڕێوه‌به‌ران و ئه‌ندامان و کادرانی ده‌زگای (ووشه) به وورد و درشتییه‌وه، له‌سه‌ری ده‌ژین. هه‌ر ئه‌و ده‌لاقه نادیارانه‌ی که ئاسۆی ون کردووه و له‌ئاراسته‌ی ڕاسته‌قینه و ڕاستگۆیی خۆی لایبردووه؟
زۆرێك، له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، به‌موچه‌ی کۆمپانیای ووشه ده‌ژین. که‌چی ئه‌وانه‌ی ویستی چاکسازی و شه‌فافیه‌ت و گۆڕانکاری و بهدامودهزگاکردنی حکومه‌تێکی مه‌ده‌نییان هه‌بوو، هه‌موو ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی فکری سیاسی و لێکۆڵه‌ر و پسپۆڕ و خاوه‌ن پله‌ی خوێنه‌واری و توانای ده‌ربڕین و نوسینی به‌پێز و پرۆژه‌ی دانسقه‌یان هه‌بوو، ده‌بوو به‌خۆبه‌خش، بیاننوسیایه و کاریان بکردایه و ههڵبسوڕانایه. وێڕای ئه‌وه‌ش، زۆربه‌یان وێڵ و پشتگوێ خران. ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان، ئه‌وه‌نده‌یان سوکایه‌تی پێکرا، له‌داخا، چوونه قوژبنێکی تاریکه‌وه و تاکو ئێستاش نه‌هاتوونه‌ته‌وه ده‌ره‌وه.
ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی سه‌ر به کۆمپانیای ووشه، هیچ گرنگییه‌کیان به‌و که‌سانه نه‌دا که له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستانن و پسپۆڕی ئه‌و بواره‌ن. ده‌بوو، ئه‌و داماوانه، به‌دووای که‌سێکدا بگه‌ڕێن تاکو که‌سێك بناسێت و ئه‌ویش، که‌سێکی بناسیایه! ئه‌وجا، خواسته‌که‌ی ده‌گه‌یشته جێگایه‌ك که ته‌نها(به‌قسه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌که) به‌رپرس بوو. ئیدی ئه‌م به‌رپرسه بێ پرسه‌ش، بهسهرچاوێکی بۆ ده‌کرد و هێنده‌ی حهواڵهبهگهواڵهی پێ ده‌کرد، سنووری توانا و تاقه‌ت و چاوه‌ڕوانی ده‌به‌زاند. پاشکۆی ئه‌نجامه‌که‌ش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌مایه‌وه که ئه‌نجامێکی نه‌گه‌تیڤانه‌ی له‌لا دروست ده‌کرد و دوور، دوور، دوور ده‌که‌وته‌وه.
بێده‌نگبوون له چه‌مکی به‌ڕێوه‌بردن و که‌لتووری به‌حیزبیکردن و چاوبه‌ستن و خۆدزینه‌وه، کاره‌ساتی له‌دووایه. ناکرێت نه‌پرسین، ئایا کۆمپانیای ووشه، حیزبییه، یان مه‌ده‌نی؟
له‌یادمه، له‌پێش ئه‌وه‌ی که بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌رهه‌ڵبدات، لهکۆبوونهوهکی ناوه‌ندی چاکدا، هه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ی کهلهدوواییدا، ناوه‌که‌یان بوو به کوردۆساید، یه‌کێك له‌هه‌ڤاڵان، ڕای وابوو که به‌یاننامه‌کان نه‌نێردرێن بۆ ده‌زگا حیزبییه‌کان و له‌ناویشیاندا ڕۆژنامه‌ی(ڕۆژنامه). به‌نده، به‌رگریم کرد و به(ئه‌نفالی میدیای ئازادم دایه قه‌ڵه‌م). که‌چی، هه‌نوکه، ئه‌وه منم پاشگه‌ز بوومه‌ته‌وه له‌و ڕایه‌ی چه‌ندساڵ له‌مه‌وبه‌رم و له‌ناخه‌وه داوای لێبووردن له‌و هه‌ڵسوڕاوه ڕاستگۆ و بێمه‌به‌ست و چاکه‌ی (چاك) ده‌که‌م. (خۆزیا بیرم ده‌که‌وته‌وه که کێ بوو!).
له‌م بێده‌نگ نه‌بوونه‌ی به‌نده‌دا، له‌شێوه و چوارچێوه و ناوه‌ڕۆکی چۆنێتی کاره‌کانی کۆمپانیای (ووشه) دا، به‌کورتی و پوختی، چه‌ند پرسیارێك ئاراسته‌ی ڕای گشتی و خودی کۆمپانیاکه و هه‌ڵسوڕاوه ماندوونه‌ناسه‌کانی ناو بزوتنه‌وه‌که ده‌که‌م:
ته‌له‌فزیۆنی(که‌ی ئێن ئێن) چه‌ند به‌رپرسیان لێ گۆڕی؟
ئه‌م به‌رپرسانه، به‌خاوه‌ندارێتی، یان به مۆرکردنی قه‌واڵه، یان به‌دانان کاریان ده‌کرد؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م دوو پرسیاره له‌یه‌کچووه و بۆ به‌رچاوڕوونی، چه‌ند ووشه‌یه‌ك ده‌ئاخنمه ناو ته‌وه‌ره‌که‌وه: له‌ناو حیزبه حاکمه‌کانی کوردستاندا، به‌رپرسێك، له‌سه‌رۆکی حکومه‌ته‌وه ده‌کرێت به وه‌زیر و پاشان ده‌کرێته جێگری سه‌رۆك و جارێك ده‌کریته به‌رپرسی ئاسایش و جارێك ده‌کرێته به‌رپرسی دارایی و هه‌ر کار نه‌ما بۆی، ئه‌وا بهڕوتبهی لیوا، یان وه‌زیر، خانه‌نشین ده‌کرێت. خۆ ئه‌گه‌ر خاوه‌ن نفوسیش بێت، ئه‌وا ده‌یکه‌نه ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی. یان چی سه‌رۆك پێی خۆش بێت ئه‌وه‌ی ده‌خه‌نه گه‌ردن. جا ئهگهرشانسی هه‌بوو، نهێنی له‌لابوو، یان له‌سه‌رۆکه‌وه نزیك بوو، ده‌بێته خواپێ‌داو.
خواپێداوه‌کانی ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر بودجه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان موچه وه‌رده‌گرن و هه‌موو ئه‌وانه‌شی به‌پله‌ی وه‌زیر و ئه‌ندام په‌رله‌مان و شتی تر خانه‌نشین کراون، ده‌سته‌یه‌ك به‌سته‌ی بێ ئاوازی وتراوی سواون. نه‌توانیویانه له خۆیان تێ بگه‌ن و نهتواناشیان هه‌یه له کۆمه‌ڵگا تێبگه‌ن.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، خاوه‌نی مه‌رحه‌مه‌تی کارێزمایهکه، هه‌نوکه، لهنهگبهتی خاوه‌نه‌که‌ی به‌ره‌و کاڵبوونه‌وه ده‌چێت. بێجگه له سه‌ری ئه‌م گوریسه به په‌موو دروستکراوه، جهڵهبێك به‌رپرسی خانه‌نشینی، به‌ڵێ قوربانی، که‌ڕولاڵ، ده‌وریان ته‌نیوه. له‌سه‌رده‌می به‌رپرسیارێتیاندا، له‌ناو یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و حکومه‌تی هه‌رێمدا، تاتوانییان پاره‌یان لوش دا و هه‌رچی خزم و که‌س و کاریان هه‌یه دایان مه‌زراند. به‌ڕیز دوکان و بازاڕ و باخچه‌ی گه‌وره و به‌نزینخانه و کارگه و هوتێلیان کرده موڵکی خۆیان. تائێستاش، به‌موچه‌ی خانه‌نشینی ی وه‌زیر یان جێگره‌که‌ی به‌ڕێوه ده‌چن. موچه‌ی دیوه‌خانانه و پاسه‌وانه‌کانیان وه‌رده‌گرن. هه‌ریه‌که و پاسپۆرتی وڵاتێکی ئه‌وروپیشی له‌نێو باخه‌ڵدایه، هه‌ر بوواری نه‌بوو، ده‌چێته‌وه بۆ ناو خانووه‌که‌ی ئه‌وێنده‌ری.
وێڕای هه‌موو ئه‌مانه، تا هه‌نوکه، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، خاوه‌نی هیچ به‌رنامه‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خۆی و کۆمه‌ڵگا نییه. نه‌یتوانیوه، له‌و هه‌موو پرۆژه‌یه‌ی پێشکه‌شی کراوه، به‌تایبه‌تی ئه‌و پرۆژانه‌ی که پسپۆڕانی بوواری ڕێکخراوه‌یی له‌ئه‌وروپاوه پێشکه‌شیان کردوون، سوودی لێ وه‌ربگرن. به‌نده، دڵنیام که پرۆژه‌کان، له‌ئاستی تێگه‌یشتنی ئه‌واندا نییه و ناتوانن له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه به‌ستووه‌کانی خۆیاندا شه‌ته‌کی بده‌ن.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بێجگه له‌بانگه‌شه‌ی چاکسازی له‌ناو ده‌زگاکانی به‌ڕێوه‌بردنی حکومی‌دا، هیچ پێشنیار و به‌رهه‌مێکی تری فکری و مه‌عریفی پێ نییه. ته‌نانه‌ت، وێڕای ئه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ر ته‌وژمی گه‌له‌کۆمه‌کێ ی ئیقلیمیدا ده‌سته‌وسانه، له‌ئاستی ڕوداوه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیشدا، چۆکی داداوه و نهکاریوه که تێیدا خوله‌کێك چاو هه‌ڵبڕێت و هۆکار و ئه‌نجام و چاره‌سه‌رێك ببینێت.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هێنده‌ی له‌هه‌وڵی جێگرتنه‌وه‌ی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستاندایه، به دڵۆپێك له‌هه‌وڵی بنیادنانه‌وه و گۆڕانکاریدا نییه. ئه‌و، هێشتا، نازانێت که گۆڕانکاری ڕیشه‌یی به‌نده به شکاندنی عه‌قڵی تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگاوه و ڕسکاندنی بیرکردنه‌وه‌یه‌که له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌کی نوێ بۆ ژیان. به‌و مانایه‌ی پێویسته کۆمه‌ڵگا به‌گشتی و تاکه‌کانی به‌تایبه‌تی، به‌دیدێکی جیازاهوه که‌به‌رهه‌می گۆڕانکارییه‌که‌یه له فکر و دید و تێڕوانینیاندا بۆ ژیانی ئێستا و ئاینده بڕوانن. ئه‌مه‌ش به تاقیکردنه‌وه‌ی ڕێگایه‌کی نوێ یان دیدێکی نوێوه به‌ستراوه‌ته‌وه تاکو بتوانرێت وه‌کو خۆیان وته‌نی گۆڕانکاری بکه‌ن. لێ ئه‌وان، نه‌یانزانیوه چی و چۆن و که‌ی و له‌کوێ، تاقی بکه‌نه‌وه. چونکه لهههگبهیهکی خاڵیدا، بێجگه له کاتبه‌فیڕۆدان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك، ده‌ستکه‌وتێکی تری نابێت. ده‌بێت بزانن که هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵك، تێگه‌یشت، به‌رد به‌سه‌ر دیوارییه‌وه ناهێڵن.
له‌ناو بانگه‌شه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، دروشمی زل و خانه و که‌ره‌سته‌ی به‌تاڵ و حه‌تاڵ ده‌بینرێت. ئه‌وان، وتیان نابێت چیتر له‌ژووره تاریکه‌کاندا، سه‌رکرده و بنکرده و ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی حیزبه‌کان، به‌یه‌که‌وه کۆببنه‌وه و پشت بکه‌نه جه‌ماوه‌ر و له‌جێگه‌ی ئه‌وانه‌وه بڕیار بده‌ن. دیاره ئه‌م لوتفه شیرینه‌ی ئه‌وان، لهخۆشباوهڕی خه‌ڵکدا کاریکرد و تیره‌که‌ی پێکا، لێ هه‌ر پاش ماوه‌یه‌کی کورت، که هێشتا کفنی بانگه‌شه‌کان زه‌رد نه‌ببوو، ڕێبه‌ر و سه‌رۆك، به‌یه‌که‌وه کۆبوونه‌وه و هه‌رچی به‌ده‌وری لاشه‌ی ناو کفنهکهشهوه بوو، خسیانه چاڵ.
به‌ڵێ گه‌لۆ، ئاوایه گۆڕان!
ئاڵای شۆڕش، ئه‌و ده‌مه‌ی پارتی نانی ده‌دان، له ئورومییه، 300 کادری نه‌وعی خاوه‌ن فکری ڕێکخراوه‌یی و خوێنده‌وار له دید و بۆچوونی هه‌بوو. لێ هه‌ڵسوڕاوه‌کانی گۆڕان، هه‌ندێکیان خوێنده‌واری ووشهناسینهوهشیان نییه و تاکو ئێستا پهنجهمۆرهکهن. نه‌خوازه‌ڵڵا خوێنده‌واری فکری!
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌گه‌ر که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی که‌ی ئێن ئێنی لێ دابماڵیت، ئه‌وا یه‌کسانه به سفر. ئه‌دی چۆن ده‌کرێت کۆمه‌ڵگا به‌رده‌وام بێت له گۆڕانکاری؟
کۆمه‌ڵگا چۆن ده‌توانێت تێشووی تێچوونی وزه‌ی سه‌فه‌رێکی به‌رده‌وامی هه‌بێت که بزوتنه‌وه‌که بێجگه له دیوه‌خانێك بۆ په‌ککه‌وته‌کانی سه‌رده‌می ڕیفۆرمی ناو یه‌کێتی، هیچ داهات و که‌ره‌سته‌یه‌کی دیکه‌ی بۆ به‌جێ نه‌هێشتبێت؟
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ده‌یه‌وێت له‌ڕێگای باوه‌شکردن به پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ته‌نگ به یه‌کێتی هه‌ڵبچنێت و ئایندهی یاریکه‌رێکی جه‌سته جوملاستیکی بۆ خۆی به‌دی بهێنێت. وه‌کو ئه‌وه‌ی هاکا تاڵه‌بانی ده‌مرێت و له‌پاش مه‌رگی ئه‌م فیله ته‌نه، ته‌واوی ئه‌ندامان و لایه‌نگره‌کانی بڵاوه‌ی لێ ده‌که‌ن و دێنه باوه‌شی گه‌رمی ئه‌مه‌وه. ئه‌دی ناتوانێت که یه‌کێتی به‌نمونه وه‌ربگرێت و له‌هێنانه‌وه‌ی پارتیدا بۆ سلێمانی و ناوچه‌کانی خۆی، سام دایبگرێت که کاره‌ساتێکی به‌رده‌وامی لێ هه‌ڵده‌هێنجرێت؟ بۆچی، له‌بیری چوو که‌له‌سه‌رده‌می خۆپیشاندانه‌کاندا بانگه‌شه‌ی مه‌رگی دیتاتۆره‌کان و دادگایی‌کردنی سه‌رانی پارتی ده‌کرد؟ که‌چی هه‌نوکه، کارئاسانی بۆ پێکهێنانی بنکه‌ی 2000 که‌سی ئاسایشی پارتی ده‌کات له‌سلێمانی!
به‌ڵێ، گه‌لۆ. ئاوایه گۆڕان!
ڕه‌نگه، هه‌نوکه، ڕێبه‌ر، له‌گه‌ڵ بهههوابردنی دوکه‌ڵی جگه‌ره‌یه‌کی گرێڤندا، بڵێت" ئێمه، نه‌هاتووین بۆ ئه‌وه‌ی کاك مه‌سعود لابه‌رین! ئێمه، هاتووین بۆ ئه‌وه‌ی به جه‌لال تاڵه‌بانی بسه‌لمێنین، ده‌توانین له‌جێگه‌ی ئه‌وه‌وه له‌گه‌ڵ کاکی خۆماندا ڕێك بکه‌وین و ببینه هێزی دووه‌م و شه‌ریکه به‌شی ئایندهی ئه‌م ووڵاته".
به‌ڵێ، گه‌لۆ، ئاوایه گۆڕان!
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هه‌ر هێنده‌ی ماوه که به‌ده‌ردی ئاڵای شۆڕش بچێت. ته‌نها جیاوازییه‌که‌ش ئه‌وه‌یه که ئه‌م جاره یه‌کێتی ناچێت له‌گه‌ڵ پارتیدا ڕێك بکه‌وێت و مه‌رجی له‌ناوبردنی ئاڵای شۆڕش خاڵێك بێت له ڕێکه‌وتنه‌کانیان. به‌ڵکو، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتیدا ڕێك ده‌که‌وێت و خه‌ڵکیش لێی ده‌ته‌کێته‌وه و وهلایدهنێن. ئیدی، نهشایهر و نه حیزبنوسهکانیش، ناتوانن به‌فریای ئه‌م خنکانه هێواش و له‌سه‌رخۆیه‌ی بکه‌ون.
کۆتایی.....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست