ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردی و که‌لتوری دین پاڵپشتی سه‌ره‌کی ژن کوژانن؟
Sunday, 21/11/2010, 12:00
ڕه‌نگه به بینینی ئه‌م ناونیشانه زۆرێک له هه‌وادارانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و هه‌ڵگرانی چه‌مکی کۆنه‌په‌رستیانه‌ی دینی ئیسلام، بێنه قسه‌و بڵێن کوا ڕۆژێک له ڕۆژان له مێژووی ئێمه‌دا بانگه‌شه کراوه بۆ کوشتنی ژنان و که‌م سه‌یر کردنیان. یان ڕه‌نگه بڵێن ئه‌وانه ژنان ده‌کوژن هیچ نزیکایه‌تیه‌ک و په‌یوه‌ندیه‌کیان به که‌لتوری ڕۆشنبیری ئێمه‌وه نیه‌و هۆکاری دیکه‌ی خێزانی و گرفته خێڵه‌کی و عه‌شایه‌ری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان لێی به‌رپرسن. نوێنه‌رانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ناسیۆنالیستی و دینیانه زۆر بێشه‌رمانه هه‌رده‌م ئا به‌م شێوازه وه‌ڵامی سه‌رجه‌م ئازادی خوازانێک ده‌ده‌نه‌وه، که ڕه‌خنه‌کانیان ڕاسته‌وخۆ ڕوو به ڕووی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ناسیۆنالیستی و دینه ده‌که‌نه‌وه له هۆکاری کوشتنی هه‌ر ڕۆژه‌ی ژناندا. چونکه ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردیه هاوڕا له‌گه‌ڵ کۆی چه‌مکه دژی ئازادیخوازی و دژه ژنیه‌کانی دینی ئیسلام، له‌یه‌ک سه‌نگه‌ردا، درێژه به ته‌مه‌نی خۆیان ده‌ده‌ن. ئه‌وان له ڕێگای سه‌رکوت و ترس و تۆقاندنی ناڕازیانی نێو کۆمه‌ڵگا تا ده‌گات به زۆرینه‌ی ژنانێک ئیتر خوازیاری ئه‌وه نین له ژێر ڕاسپارده‌ی هیچ که‌سێکدا (وه‌ک مافی خاوه‌نداری بۆ یه‌کێکی تر ببینرێن و خۆیان خاوه‌نی که‌سایه‌تی خۆیان نه‌بن)، به‌ده‌ر له ئازادی بیر کردنه‌وه‌ی خۆیان ناچار بکرێن به مه‌سه‌له‌ی هاوسه‌رگیری،دێن خۆیان ده‌سه‌پێنن به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا. ئاخۆ ده‌کرێت سه‌رانی ئه‌م ده‌سه‌ڵات و کهلتوهره دینیه پێمان بڵێن چ ڕۆژێک تێده‌په‌ڕێت له کوردستاندا و گوێبیستی کوشتن و ئازاردانی ژنان نه‌بین؟ پێمان ناڵێن هۆکاری ئه‌م به‌ربه‌ریه‌ته چیه به‌رپاکراوه له دژی ژنان؟ کامه بیروبۆچونی زاڵ له کۆمه‌ڵگادا بره‌وی پێده‌درێت؟ کامانه‌ن ئه‌و که‌س و لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له ڕێگای داموده‌زگای ڕاگه‌یاندن و مینبه‌ره‌کانیانه‌وه بیروبۆچونی خۆیان فه‌رز ده‌که‌ن به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا.
من ده‌پرسم ئایا 19 ساڵ له ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌س نیه بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر خه‌ڵکی ئازادی خواز و دژی ناسیۆنالیستی و دین، له کۆی چه‌مکه چه‌وسێنه‌ره‌کانی ئه‌م سیاسه‌ته تێبگات؟ ئاخۆ ئه‌وه سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان نیه بۆخۆی له‌به‌ر ڕاکێشانی زیاتری سۆزی دینی خه‌ڵکی بۆلای خۆی به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه واته 15/11/2010 ده‌یان زیندانی ئازاد ده‌کات و له نێویشیاندا که‌سانێک هه‌ن که تاوانبارن به کوشتنی ژنان؟ ده‌بێت خه‌ڵکی بپرسێت ئه‌مه ڕێک ئه‌و په‌یوه‌ندیه له پچڕان نه‌هاتوه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئوسولیهتی دینی ئیسلامه که‌وا پێکه‌وه هاوکارگهلی یه‌کترین له هه‌موو بۆنه‌و مه‌راسیمه دژی ئازادی خوازیه‌کانی سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگادا؟
بۆ ده‌بێت نه‌پرسین له سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌رێ به‌ڕێز، ئێوه هه‌رده‌م باسی ئازادی و بێلایه‌نی و سه‌ربه‌ستی دادگاکان ده‌که‌ن له بڕیاردانیان و سه‌روه‌ری کردنی یاسادا، ئه‌وه چ هۆکارێکه بۆ به‌ڕێزت به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره له‌لایه‌ن خودی دادگاوه بدرێت ، به‌ڕێزت دێیت له جێی بڕیاری دادگا و په‌رله‌مانی به‌ناو نوێنه‌ری خه‌ڵک و حکومه‌ت، ده‌بیته جێبه‌جێکاری که‌سی یه‌که‌م و ئه‌و خه‌ڵکانه ئازاد ده‌که‌یت؟ دیاره ئه‌وه‌ی زۆر جێگای نیگه‌رانیه لای که‌سانی ئازادی خواز، ئازاد کردنی که‌سانێکن که ده‌ستیان له کوشتنی ژناندا هه‌یه؟ بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێیته‌وه بۆ سه‌روه‌ری و بێلایه‌نی بڕێاری دادگا، دێیت وه‌ک مه‌کره‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌که، خه‌ڵکی ژن کوژ ئازاد ده‌که‌ن؟ ئاخۆ کامه هۆکار له پشت ئه‌و ئازاد کردنه‌وه‌یه؟ یان بۆخۆتان به ناڕاسته‌وخۆ ڕایده‌گه‌یه‌نن که ئیتر به‌هه‌موو مانایه‌ک پشتگیری له ژن کوژان ده‌که‌ن؟
ئێستا سیمای ژن کوژی له نێو جیهانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستانیشدا، ئیتر بووه به به‌شێک له که‌لتوری ئه‌و پیاوه که‌لله چه‌قبه‌ستوه کورد زمانه‌ی که له نێو دیدگای خێڵ و خێزان و که‌لتوری دینی ئیسلام و ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیستی کوردی‌دا خۆی جێخستوه. له هه‌رچ وڵاتێکی ئه‌وروپی سکولاریستدا کاتێک گوێبیستی ده‌یان ڕوداوی دڵته‌زێن بووین له کوشتنی ژنانێک که بههرجۆرێک ویستویانه له‌و چه‌وساندنه‌وه‌ی سه‌رژیانیان خۆیان ڕزگار بکه‌ن، ئه‌م ژن کوژه به‌بێ ئه‌وه‌ی شه‌رمێک له خۆی بکات بزانێت له‌کام سه‌رزه‌میندا وه‌ستاوه، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی بزانێت له بنده‌ستی شێخه‌کانی سعودیه و وڵاتانی دیکه‌ی ناسیۆنالیست دینی عه‌ره‌بی دا وه‌ستاوه، یان وابزانێت له بنده‌ستی جه‌للادانی ئاخونده‌کانی ئیسلامی سیاسی ئێران و تاڵیباندایه، زۆر بێشه‌رمانه دێت ده‌ستی ده‌چێته قه‌سابی کردنی هه‌ره نزیکترین که‌سی خۆیه‌وه، که کچیه‌تی یان خێزانیه‌تی. به‌ڕاستی ئیتر بێشه‌رمی و نابود بوونی ئه‌م کهلچهره ناسیۆنالیستی و دینی و فه‌رهه‌نگه ڕزیو و دواکه‌وتوییه، ڕۆژ به ڕۆژ له قێزه‌ون بوندا، به‌رانبه‌ر دنیا بینی سکولاریستی و ئازادی خوازی تاکه‌کاندا، خۆی ده‌رده‌خات.
هه‌ر جارناجارێک له ڕێی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی و ئاوێنه‌وه ڕیپۆرتاژێک ده‌بینین له‌سه‌ر هه‌واڵه‌کانی هه‌فتانه‌ی ڕوداوه‌کانی هه‌ولێر یان سلێمانی یان شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستان، هه‌ر له‌وێدا چه‌ندین ڕوداوی ژن سوتاندن و ژن کوشتن ده‌بینین. ئه‌رێ به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته کوردی و دینیه له پشت ڕزگار بوون و مافی ئازادی تاکهوهن، ئه‌وه چ هۆکارێکه وا ژن کوژان هه‌ر ڕۆژه له زیاد بووندان؟ یان به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت سه‌رجه‌م له‌وه ئاگادار بێت که ئه‌وه ده‌رئه‌نجامی کارکرد و خودی فه‌لسه‌فه‌ی دین و ناسیۆنالیزمه تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی خێڵ و عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه و خێزانی هێشتوه‌ته‌وه و هه‌ر خودی هه‌ڵگرانی ئه‌م چهمکانهشن کاریان له‌سه‌ر ژن کوشتن وه‌ک ئاوخواردنه‌وه وایه. هه‌ر خودی ئه‌م چه‌مکه زاڵه‌ی ته‌فکیری ئایدۆلۆژیای کۆنه‌په‌رستی جه‌هاله‌تی ئیسلام و ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردیه، هه‌ر وه‌ک ده‌سه‌ڵاتدارێتی ده‌وڵه‌تانی چوارده‌ور هه‌ر ڕۆژه گرنگی ده‌ده‌ن به‌م ڕۆشنبیریه پڕ له کاره‌سات باره؟
خه‌ڵکی ئازادی خواز هه‌ر له سه‌رده‌می ڕژێمی ناسینالیستی به‌عسه‌وه تا ئێستا دژی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئیسلام و ناسیۆنالیزم جه‌نگاون، هه‌رده‌م خه‌باتی ئازادی خوازیان په‌یوه‌ست کردوه به ڕزگار بوونی ژن له‌و کۆتوبه‌نده‌ی کراوه‌ته گه‌ردنیان، واته ڕزگار بونیان له‌و په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه چینایه‌تیه‌ی فه‌رز کراوه به‌سه‌ریاندا. به‌ڵام ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ئایدۆلۆژیا ناڕه‌سه‌نه‌یه به‌رده‌وام خۆی ته‌یار ده‌کات له دژی به‌ره‌ی ئازادی خوازی نێو کۆمه‌ڵگا. ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆخۆی ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی و چینایه‌تیه‌و له‌گه‌ڵ هه‌ر تهیفێکدا خۆی دێنێته‌وه که ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئه‌و بپارێزێت. دین وه‌ک هه‌ریه‌ک له هه‌یکه‌له بنه‌ڕه‌تیه‌کانی پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی دواکه‌وتوانه‌ی ناسیۆنالیستی به‌شێکی جیانه‌کراوه و دانه‌بڕاوه، چونکه پێکه‌وه ده‌توانن هه‌ڵبکه‌ن و درۆ‌و مه‌ینه‌تی به‌سه‌ر ژیانی ملیۆنی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشدا ببارێنن. دیاره هه‌ره سیمای گرنگیش له په‌یوه‌ندیه ئابوریه‌کانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، که جێگاوڕێگای هه‌رتاکێک له کوێدا سه‌نته‌ر ده‌گرێت.
شێوازی په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵگا هه‌میشه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خودی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه که حاکمیه‌تی له ژێر ده‌ستدایه. بۆیه ده‌توانم بڵێم سه‌رجه‌م ئه‌و ژنانه‌ی تا ئێستا به هه‌رچ ناوناتۆرهیهک و هۆکارێکه‌وه له‌لایه‌ن که‌سوکار و پیاوی دڕنده‌وه کوژراون، ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردی و دین لێی به‌رپرسیارن. ته‌نها ئه‌و ئامارانه‌ی نیشان ده‌درێن له ژماره‌ی چه‌ند هه‌زاری ژنانی تیرۆرکراودا له داوی ڕاپه‌ڕینی ئازاری 1991 وه، ده‌ری ده‌خه‌ن که ئه‌م ئایدۆلۆژیا ناسیۆنالیزمه به چ ئه‌ندازه‌یه‌ک له دژی ئازادی خوازی و که‌رامه‌تی ئینساندا له مهیدندایه. ئه‌گه‌ر پیاوانێک هه‌ڵده‌ستن به کوشتنی ژنان، بۆخۆیان له ئاستی بیر کردنه‌وه‌یه‌کی زۆر ته‌سک بین و کوێرانهدان، به هه‌زاران له‌و ژن کوژانه هه‌ر ئیستا له نێو کۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵاتدان و ئازادن، ئیلهام له‌و خولقه ناڕه‌وایه وه‌رده‌گرن که له نێو که‌لتوری باوی چه‌ق به‌ستوی فه‌رهه‌نگی ئیسلامدا هه‌یه. واته مه‌سه‌له‌ی شه‌ره‌ف و مافی خاوه‌ندارێتی. یانی کاتێک ژنێک به‌بێ دڵخوازی خۆی یان به‌دڵخوازی خۆی ده‌درێت به که‌سێک، ئیتر له ڕێی ئه‌و په‌یمان و بڕه مارهیهوه بۆی دیاری ده‌کرێت، ڕاسته‌وخۆ ده‌بێت به موڵکی ئه‌و پیاوه‌ی ده‌بێت له گه‌ڵیدا بژێت و خۆی نابێت ببێته که‌سێکی ئازاد. ئه‌م ده‌رده کوشنده‌یه تا ئێستا له نێو دادگاکان و سوێند خواردنه دینیه‌کانی نێو دادگاکاندا به ڕه‌سمی کاری پێده‌کرێت،یانی ڕه‌وای دان به‌و پیاوه‌ی ئه‌و ژنه ده‌کات به هاوسه‌ری خۆی و وه‌ک هه‌ریه‌ک له ماته‌ریاڵه مادیه‌کانی خۆی ده‌توانێت وه‌ک خاوه‌نی ئه‌سڵی ئه‌و ژنه مامه‌ڵه بکات و چۆنیشی بوێت ده‌بێت ئه‌و ژنه مله‌که‌چی پیاوه‌که‌ی بێت. ده‌شڵێن ئێمه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار و هه‌ڵگرانی به‌ڕێوه‌به‌رانی دین له‌سه‌ر زه‌وی هیچ په‌یوه‌ندیه‌کمان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئازادی بیرکردنه‌وه‌ی تاکه‌کان نیه؟ ناکرێت لوتف بفه‌رموون پێمان بڵێن ئه‌م ماره‌یی و به‌زۆر به شودانه له کوێوه هاتوه. ناکرێت بڕێک خۆتان هیلاک بکه‌ن و ئه‌و ئایات و ئهحادیسانه بزانن که هه‌ر هه‌مووی سوکایه‌تیی کردنه به جێگاوڕێگای ژن له نێو ده‌ستور و شهریعهتهکانتاندا. کاتێک به‌ڵایه‌ک له نێو ماڵدا ڕوو بدات، ئه‌وه حه‌دیسی نێو دینی ئیسلامه ده‌ڵێت، ئه‌و به‌ڵایه یان له سه‌گی ڕه‌شه‌وه‌یه یان له ماین یان له ژنه‌وه، ئیتر ئه‌م حورمه‌ت و ڕێزه‌ی دین له کوێدایه بۆ ژنان؟ بۆیه پیاوانی ژن کوژیش هه‌میشه له‌م بیر کردنه‌وه‌یه‌وه په‌نا ده‌به‌نه به‌ر خۆ جه‌للاد کردنیان، ئه‌گه‌ر نا له هیچ یاسایه‌کی مه‌ده‌نی بۆرژوازیشدا نه‌نوسراوه که ژن به سه‌گ و ماین و ئه‌م شتانه بشوبهێنێت.
له کۆمه‌ڵگایه‌کی سکولاردا، کاری یه‌که‌م که ده‌سه‌ڵات له سه‌ریه‌تی گۆڕانی کۆی په‌روه‌رده‌ی گشتی کۆمه‌ڵگایه، کاری سه‌ره‌کی جیاکردنه‌وه‌ی دینه له ده‌وڵه‌ت، یانی ئیتر دین ده‌بێت بکرێت به‌کارێکی شه‌خسی و هه‌ر له وێشدا ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتی سکولار و مه‌ده‌نی ئه‌وه‌یه که کۆی ئه‌و خورافاته چه‌ند هه‌زار ساڵه‌یه له مێشکی کۆمه‌ڵگا بخاته ده‌ره‌وه و له جێگایدا تواناییه له بن نه‌هاتوه‌کانی مرۆڤ بخاته جێگای. به‌ڵام ئاخۆ ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆ یه‌ک چرکه‌ش تا ده‌گات به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش، ئاماده‌بوون خۆیان بده‌ن له قه‌ره‌ی ئه‌م باسه؟ یان ئه‌وان دێن ده‌ڵێن ئه‌وه مافی زۆرینه‌ی خه‌ڵکیه که موسڵمانن و ئێمه ناتوانین ده‌ستکاری ئه‌و چه‌مکانه بکه‌ین؟ باشه ئه‌گه‌ر وایه خۆ ژن کوشتن له ده‌وره‌ی ڕابردوودا به ئه‌ندازه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێوه نه‌بوو، هۆکار چیه وا خۆتان هیلاک ناکه‌ن به‌لابردنی ئه‌و دڕندایه‌تیه مه‌زنه‌ی ده‌درێت به‌سه‌ر ژناندا؟ خۆ ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی خه‌ڵکی موسڵمانن و هه‌ڵگری چه‌مکه‌کانی فه‌رهه‌نگی خێڵ و عه‌شیره‌تین، ئاخۆ ئه‌وه کامه ده‌زگایه ئه‌و بڕه پاره مه‌زنه ساڵانه ته‌رخان ده‌کات بۆ کردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌کان و په‌روه‌رده‌ی مه‌لاکان؟ ئاخۆ له‌لایه‌ن ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه کۆمه‌ک ناکرێت به‌و چه‌مکه قه‌تیس ماوانه‌ی له کۆمه‌ڵگادا هه‌ن و به‌رده‌وام ده‌خوازن که‌لتوری خۆیان بسه‌پێنن به‌سه‌ر هه‌ر بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئینسانی تردا که له‌وان جیاوازترن؟ درێژه‌دان به هه‌ڕه‌شه‌و کوشتنی هه‌ر ڕۆژه‌ی ژنان، بۆخۆی په‌ڵه‌یه‌کی هێنده ڕه‌شه به نێو چاوی ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالزم دینی کوردیه‌وه، که تا بونیان مابێت ناتوانن خۆیانی لێده‌رباز بکه‌ن. ژنان و پیاوانی ئازادی خواز و یه‌کسانی خواز ده‌بێت هه‌ر ڕۆژه له خه‌باتدا بن به هه‌رچ شێوازێک بۆیان ده‌کرێت، دژی سه‌رجه‌م ئه‌و کۆت و به‌ندانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌م ئایدۆلۆژیا سیاسیه‌ی ناسیۆنالیستیه کوردی- دینیه‌وه، ده‌سه‌پێنرێت به‌سه‌ر دیدگای کۆمه‌ڵگادا. ژنان ده‌بێت وه‌ک ئه‌وه‌ی ئینسانن موڵکی هیچ که‌سێک نه‌بن و خۆیان ته‌نها خاوه‌نی خۆیان بن، ئه‌مه نه به‌و مانایه‌ی لێکبدرێته‌وه که ده‌بێته هۆکاری بڵاو بوونه‌وه‌ی به‌ره‌ڵایی و فه‌سادی له نێو کۆمه‌ڵگادا، به‌ڵکو ڕێک به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و کاته‌ی که خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی نه‌کرێته مه‌سه‌له‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی له نێو ژیانی گشتی کۆمه‌ڵگادا، هه‌ر ئه‌و کاته‌ش ژنان ده‌توانن ئازاد بن، وه‌ک ئه‌وه‌ی تاکێکی سه‌ربه‌ستن له دیاری کردنی ژیان و ئایندهی خۆیاندا. خه‌بات کردن له پێناو ئه‌و ئامانجه‌دا، ده‌کرێت به مه‌زنترین ئامانجی مرۆڤایه‌تی بژمێردرێت.
20/11/2010
هۆڵه‌ندا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست