گرێی (برا گەورە) لە دەروونی مەلا مستەفای بارزانیدا
Thursday, 24/10/2013, 12:00
2228 بینراوە
وابزانم پێویست ناکا ئەمن بیڵێم، چونکە بە خۆتان دەزانن، کە لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا، سیستمی حوکم بە شێوەیەکی پشتاوپشت دەگوازرێتەوە، واتە لە باوکەوە بۆ کوڕ.
بەڵام بە درێژایی مێژوو، و لە ناو تەواوی بنەماڵە دیکتاتۆرەکانی دنیادا، هەمیشە بە پێی ئەم سیستەمی پشتاوپشتە: دوای باوک، کوڕە گەورە جێگەی گرتووەتەوە، وەلێ ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە لە ساڵی ١٩٧٩ و دوای مردنی مستەفا بارزانی، کوڕە گەورەکەی یانی (ئیدریس) نەیتوانی جێی بابی بگرێتەوە و ببێتە کەسی یەکەمی پارتی، بەڵکو ئەوکات لە کۆنگرەی (----) پارتیدا: مەسعود بارزانی کە دەکاتە کوڕی دووهەمی مەلا مستەفا، توانی بە پێش برا گەورەکەی بکەوێتەوە، و ببێتە کەسی یەکەم و دەست بەسەر حیزبەکەدا بگرێت.
دیارە ئەو سەرکەوتن و بازدانەی مەسعود بەسەر ئیدریسدا، هەروا شتێکی لە ناکاو و بە لێهاتوویی خۆی نەبوو، بەڵکو هەر پێشترێ یانی پێش مردنی خۆی مەلا مستەفا بڕیاری لەسەر شوێنگرەوەی خۆی دابوو، و مەسعوودی بۆ دوای خۆی دەستنیشان کردبوو، لە کاتێکدا بە پێی عورفی بنەماڵە پشتاپشتەکانی دنیا، ئەوە هەقی ئیدریس بوو کە جێگەی وی بگرێتەوە. زۆرجار لێرە و لەوێ خوێندیتمانەوە کە هۆکاری ئەو مەسەلەیە ئەوە بووە کە مەلا مستەفا (حەمایل خان)ی کە دایکی مەسعوودە خۆشترویستووە، لە دایکی ئیدریس و ژنەکانی دیکەی، هەر لەبەر هەندێش کە حەمایلی خۆشیویستووە، و بۆیە مەسعودی کوڕی ئەوی کردووەتە جێنشینی خۆی، بەڵام ئەوە لێکدانەوەیەکی لۆژیکی نییە، و جێگەی باوەڕ پێهێنان نییە، چونکە پیاوێکی وەک مەلا مستەفا کە کەسێکی عەشایر و مەلا و ئاییندار و ئیسلام بووە، ناکرێ گوێ لە قسەی حەمایلی ژنی ڕابگرێ، و بە پێی بۆچوونی ئەو جێنشینی خۆی دیاری بکا، چونکە پیاوانی وەک مەلا مستەفا کە مەلا و عەشایریش بووە، هیچ کات نەک هەر بۆ مەسائیلی سیاسی و هەستیار بەڵکو لەسەر شتی زۆر سادەش گوێ لە بۆچوونی ژنەکانیان ڕاناگرن، و ئەو کەسانە ژنیان تەنها وەک ماکینەی درووستکردنی منداڵ و پڕکەوەی حەزە سێکسی و هاوخەوییەکانی خۆیان قبووڵە، هەروەک خودی مەلا مستەفاش خۆی قسە و بەسەرهاتی بەناوبانگی هەیە لەسەر ئەوەی کە ژنی تەنها وەک ئامێرێکی سێکسی بینیوە.
بۆیە ئەم لێدانەوەی مەقبوول و موقنیع نییە، بەڵام ئێمە دەتوانین لە ژێر چەتری سایکۆلۆژیادا لێکدانەوە بۆ مەسەلەکە بکەین، و ئەگەر کەمێک لە ژیانی ڕابردوو و گەنجیی مەلا مستەفا ورد ببینەوە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێ کە بۆچی ڕێگەی نەداوە ئیدریسی کوڕە گەورە ببێتە جێنشینی، جاران ئەو کاتەی شێخ ئەحمەدی بارزانی کە دەکاتە برا گەورەی مەلا مستەفا ڕێبەرایەتی شۆڕشی یەکەمی ناوچەی بارزانی دەکرد، و کەسی یەکەمی ناو بنەماڵەکەی خۆی بوو، هەمیشە لە گێڕانەوە و بەسەرهاتەکاندا باس دەکرێ: کە ئەو پیاوە یانی شێخ ئەحمەد کەسێکی زۆر دیکتاتۆر و چەوسێنەر بووە، و لە هەر دانیشتن و مەجلیسێکدا کە ئەو دانیشتبێ ئەوا مەلا مستەفا ناچار بەبێ دەنگی دانیشتووە، و بۆی نەبووە تەنانەت قسەیەکیش بکات لە دانیشتنە عەشایری و کۆمەڵایەتییەکاندا، واتە مەلا مستەفا معاناتی زۆری بە دەست ئەم برا گەورەیەی خۆیەوە کێشایەوە، و هەمیشە لە بەرامبەریدا هەستی بە نەقس و کەمیی کردووە، یانی دەمانەوێ بڵێین دیکتاتۆری و خۆسەپێنی شێخ ئەحمەد لە ناو دەروونی مەلا مستەفادا بوویتە گرێیەکی سایکۆلۆژی وەها: کە وای کردووە مەلا مستەفا ڕقی لە هەموو برا گەورەیەکی ناو هەموو خێزانێک ببێتەوە، بۆیەش هەمیشە کێشەی لەگەڵ ئیدریسی کوڕە گەورەیدا هەبووە، و نەیتوانیوە ئەم کوڕەی خۆی خۆش بوێت، هەر بۆیەش ڕێگەی نەدا ببێتە کەسی یەکەمی پارتی و جێگەی بگرێتەوە، لەم گرێ دەروونییەی ناو دەروونی مەلا مستەفا: مەسعوود (کە کوڕە گەورە نەبوو) توانی کەڵک وەربگرێ و ببێتە کەسی یەکەم، و لە ساڵی (١٩٧٩)وە هەتا ئێستا ببێتە سەرۆکی پارتی. بەڵام پرسیار ئەوەیە: کە ئاخۆ لە دەروونی مەسعوود بارزانیدا چ گرێیەکی دەروونی هەیە؟ و دەبێتە هۆی ئەوەی کە دوای خۆی کێ ببێتە سەرۆکی پارتی؟ نێچیرڤانی برازای؟ یان مەسرووری کوڕە گەورەی؟ یان مەنسووری کوڕی دووەمی، کە ئەمەیان هەمان پێگەی خۆی هەیە؟؟؟