بورجی داعش
Monday, 09/02/2015, 12:00
هەروەك چۆن ساڵ و مانگ هەیە،ئەوهاش بۆ هەر کەسێك بەپێی ئەو مانگەی تیا لەدایك بوە بورجیك هەیە. بۆ نمونە بورجەکان بۆ سەر چوار گروپ دابەش کراون لەوانە(هەوایی،خاکی،ئاوی و ئاگری) وە بۆ هەریەك لەم چوار گروپە چەندین بورج تەرخان کراوە،لەوانە(نەهەنگ،کاوڕ،شێر،سەتڵ،جدی،قرژاڵ و چەندینی تر).
کاتێ سیفاتی هەریەك لەم بورجانە ئەخوێنیتەوە ئەوا لەزۆربەی کاتدا شتی باشی بۆ تەرخان کراوە و خاوەن هەر بورجێك کۆمەڵی بەڵێن،قسەی جوان،ئاواتی خۆش خۆش و خەونی شیرینی تیایە کە وا لەخاوەنەکەی ئەکا نەختێ دڵی خۆش بێ وبۆ ماوەیەك مەست و خامۆش و ئارام ئەبێ. کەم ڕێئەکەوێ بورجی وا هەبێ کەهەمووی شتی نێگەتیڤ و خراپ و ناهەموار بێ. وەیان شتی وای تیابێ کەوا خاوەنەکەی بترسێنێ و خەو و خۆراکی لێ حەرامکا.
جا بەڕاستی دوای ئەوەی لەم ماوەیەدا ئەزموونی چەتەکانی داعشمان بینی و ئەو هەموو کارە ناهەموار و نامۆو ناشایستانەی دژ بەکۆی مرۆڤایەتی بەئەنجامیان گەیاند بەگشتی و کورد بە تایبەتی خۆشك و برا یەزیدیەکان لە کوشتن،ئەنفال کردن،لاقە کردن و ئەتك کردن،زیندە بەچاڵکردن، بەکۆیلەکردن و فرۆشتنی کچان و ژنان ،ئێدی هیچی تر نەما لەکاری خراپ و ئاکاری ناشرین نەیکەن ،دەرکەوت کەئەم چەتانە ناچنە ژێر هیچ گروپ و بورجیکەوە. هیچ کام لەو بورجانەی ١٢ مانگەکەی ساڵ بەسەر ئەم جۆرە مرۆڤە بەد خووانە ناگونجێن و ناچار پێوست بوو زیاتر بگەڕێن بۆ ئەوەی بورجێکی تازە دابهێنین کەوا پڕاو پڕ ،لێوان لێو،تەژی بێ بەو جۆرە چەتانە تا ئەوانیش خاوەنی بورجی خۆیان بن و لەوانی تر جیابکرێنەوە.
بۆیە بەباشم زانی کەوا ئەو بورجە نوێیە ناوی لێ بنێین بورجی داعش. کەهەرچی مرۆڤی ترسنۆك،مێشك پووت،ئەوانەی بەدوای ٧٢ حۆریەوەن،ئەوانەی ئایینی ئیسلامیان وەك چەترێك لێکردوە تا کارەکانی خۆیانی لەژێر بکەن،ئەوانەی جگە لەزمانی خوێن هیچ زمانێکی تر نازانن و تەنها پەنا بۆ بەکارهێنانی شمشێر ئەبەن بۆ گەیشتن بە مەرامە گڵاوەکانیان،بۆ ئەو کەسانەی هیچ بنەمای مرۆڤ بوونیان نیە و سنووری بەربەریەت،هۆڤیەتیان پەڕاندوە. ئەوانەی دڵخۆشن بە سووتاندنی خەڵك و لەت و پەتکردنی لاشەی مردوو و چەندین کاری تری قێزەوەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست