ماددەى(140),لەنێوان بەڵێنەكانى مالیكى و عاتیفەكانى تاڵەبانى وبارزانیدا
Wednesday, 19/08/2009, 12:00
هەموو بیرمانە لە سەردەمى لادانى ابراهیم جەعفەرى و دانانى نورى مالیكى بۆپۆستى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق ,سەركردایتى سیاسى كورد لەبەغدا چى ڕۆڵێكى ئاكتیڤى گێڕا لەو گەمە سیاسیەدا,دواى بونى مالیكى بەسەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران بەرپرسانى كورد و بەتەحدید هەریەك لە خودى(تاڵەبانى وبارزانى)وەك دووسەركردە بەچ عاتیفەوسۆزێكەوە بەڵێنی جدیان بەكۆمەڵانى خەڵكى كوردستان دەدا لەهەمبەر دەستكەوتەكانى كورد لە بەغداو بەتیبەتیش جێبەجێكردنى ماددەى(140)و گەڕانەوەى كەركوك و ناوچەدابڕوەكان بۆسەرخاكى هەرێمى كوردستان.
سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم كەئاشكرایە سەركردایەتى سیاسی كورد بەو تەڕەفگیریەى مالیكى وێڕاى ئەوەى دۆستایەتى بەشێكى زۆرى پێكهاتە سیاسیەكانى عێراقیان لەدەستداو بەتایبەتیش زۆرێك لەكوتلەكانى ناو ئیئتیلاف وبەرەى تەوافق , هاوكات مالیكى دۆستە ڕاستەقینەكەشیان لەهەموو ئەوبەڵێنانەى كە پێى دابوون پاشگەز بۆوە و هیچكام لەو بەڵێنانەى جێبەجێنەكردو بەڵكو بەپێچەوانەوە تاكو ئەمڕۆش بەردەوام كارەكتەرێكى بەهێز بوە بۆ كەمكردنەوەى ڕۆڵى كورد لەحكومەتى ناوەنددا,بەڵێ ئەومالیكیەى كە دواى نزیكەى ساڵو نیوێكیش ئەگەر پشتگیرى لیستى هاوپەیمانى كوردستان نەبوایە حكومەتەكەى ڕووبەڕوى هەڵوەشان و لێكترازان دەبۆوە.
پێش سەردانەكەى مالیكى بۆهەرێمى كوردستان لەكۆبونەوەكەى دوكانى نێوان هەردوو مەكتەبى سیاسی یەكێتى وپارتی ,تاڵەبانى باسى لەوەكرد لە چەند ڕۆژى داهاتودا مالیكى سەردانى هەرێمى كوردستان دەكات بەمەبەستى گفتوگۆكردنى كێشەكانى نێوان هەرێم وبەغدا ,ئەگەر لە سۆنگەى حكومڕانیكردن و پێوەرەكانى ئەخلاقیاتى سیاسى مالیكی بەرامبەر بەدۆزى كورد بڕوانین ,بەبێ هیچ گومانێك ئەم ووتەیەى تاڵەبانیش دەچێتە خانەى هەمان ئەو بەڵێن و ووتارە عاتیفیانەى كەپێشتر لەلایەن سەركردەكانەوە بە خەڵكى ئەم هەرێمە دراوە و بەردەوامیش پێیان دەدرێت, چونكە ئاشكرایە كە دۆستە ڕاستەقینەكەیان دواى بەهێزبوون و دەركەوتنى وەك سەركردەیەكى كاریزماى گۆڕەپانى سیاسی عێراق, كۆى بەڵێنەكانى كە بەسەركردایەتى كوردى دابون جگە لەوعەتفو سۆزەى كەئەمڕۆ بەرپرسانى كورد بەخەڵكى ئەم هەرێمەى دەفرۆشن ,بەڵێنەكانى مالیكیش هەر ئەوەندە چونە خانەى جێبەجێكردنەوە!
جێگەى پێكەنینە مالیكیەك دواى نزیكەى چوارساڵ لەحكومڕانیكردنى ,لەلایەن بەرپرسانى كوردەوە ڕۆژێك بەسەدامى دووەم و ڕۆژێك بەعەمیلى ئێران و ساتێكیش بەشۆڤێنیزمى عروبە ناوزەند دەكراو لەو ماوە دورو درێژەى حكومڕانیكردنیدا بەردەوام گرژى وشەڕێكى سارد لە نێوان مالیكى وبەرپرسانى كورد لەبەغدا و لەهەرێم دەبینرا زیندوترین نموونەش لێدوانە ئاگرینەكانی نێوان مالیكى وبارزانى بوو بەرامبەر بەیەكترى ,ئەمەجگەلەوەى مالیكى لەو ماوە دوورو درێژەى حكومڕانیكردنیدا هیچ هەنگاوێكى پۆزەتیفى نەنا بەرامبەر بە دۆزى كورد ,وەلێ هەوڵى جدیشیدا بۆ هەمواركردنەوەى دەستورێك كەزۆرینەى گەلانى عێراق بەهەموو كەمایەتى و ئەتنیە جیاوازەكانەوە دەنگیان پێداوە ,هەرچەندە تاكو ئەمڕۆ سەركردایەتى سیاسی كورد نەیتوانیوە بچوكترین مافە شەرعیەكانى ئەم هەرێمە لەبەغدا بپچڕێت , بەڵام وەك ئاشكرایە (زۆرینەى مافەكانى هەرێمى كوردستان لەو دەستورەدا هاتوە),كەچى ئەمڕۆ مالیكیەك كەنزیكەى پێنج مانگى لەحكومڕانیكردندا ماوە تازە سەركردەكانى كورد پەیمانى نوێبونەوەى ئاشتەواى لەگەڵ دۆستە دێرینەكەیاندا نوێ دەكەنەوەو , بەتایبەتیش (تاڵەبانى و بارزانى)لەڕێگاى مێدیا حیزبیەكانیانەوە ئومێدى گەورە و بەڵێنى قەبەى وەك جێبەجێكردنى ماددەى 140 و بەهێزبونى پەیوەندیەكانى نێوان هەرێم و بەغدا بەمیللەت دەدەن!
ئەگەر بەدوو سەردانى سەرۆكى هەرێم و ,سەرۆكى حكومەتى هەرێمى و سەرۆكى پەڕلەمانى هەرێمى كوردستان و ژمارەیەك لەبەرپرسانى دیكەى هەرێمیش لەولاوە بوەستێت بۆ بەغداو ,وە بەپێچەوانەشەوە تاكە سەردانەكەى مالیكیش كەتاگەیشتنى بۆخاكى هەرێمى كوردستان شەڕى ساردى لەگەڵ بارزانى سەرۆكى هەرێمدا هەبێت و بەردەوام ماڵپەڕى ڕۆژنامەكانى حیزبەكەى بارزانى ومالیكى هەریەك بەدوو ئاڕاستەى دژ بەیەك وێنەى یەكدى ناشرین بكەن لەبەردەم ڕای گشتى جیهانیدا و دواجار لەتاقە كۆبونەوەیەكى بێ دەرەنجام و ناشەفافى وەك كۆبونەوەكەى دوكان و ڕێگرى كردن لەو مێدیایانەى كە بەئاڕاستەى حەزی دوو حیزبى دەسەڵاتدار ڕوماڵى هەواڵێكى لەوجۆرە ناكەن و چەندین شێرو ڕێوى دیكەى دەسەڵاتى كوردى ,گەر بەم جۆرە كەركوك بگەڕێتەوە باوەشى هەرێمى كوردستان ئیدى كاتى ئەوە هاتوە بەڕاشكاوانە بڵێین ئەم جۆرە لێدوانانەى بەرپرسانى كورد جگە لە گەمەكردن بەعەقڵى میللەت هیچیدیكەى لێسەوز نابێت!.
كاتێك مالیكیەك لە وەها كۆبونەوەیەكى هاوینەهەوارى دوكاندا كەمتازۆر ئومێدێك دەبەخشێتە خەڵكى هەرێمى كوردستان بەمەبەستى هەنگاونان بۆجێبەجێكردنى مادەى(140),ئەوە تەنها هەرخۆیەتى دەیان كۆسپ و لەمپەر لەبەردەم هەموو ئەو لیژانە یاسایانەدا دروست دەكات كەپێكهێنراون بۆ جێبەجێكردنى ئەوماددە دەستوریە,هەرئەوەشە وا لە بەرپرسانى كورد دەكات بەدەیان خیتابى وروژێنەر بدەن لەهەمبەر ئەو هەڵوێستە نەشیاوانەى مالیكى و بەتایبەتیش لێدوانە بەردەوامەكانى بارزانى كەهەندێكجار ڕایگشتى جیهانیش بێزار دەكات,وەك ئەوەى كە لە دوایین راپۆرتى بانكى مۆنى سكرتێرى گشتى نەتەوە یەكگرتوەكاندا بینیمان بە ڕاشكاوانە داوا لە بەرپرسانى حكومەتى هەرێم دەكات كە خۆیان بەدوور بگرن لە لێدوانى وروژێنەر لەسەر ناوچە ناكۆكى لەسەرەكان.
لەلایەكیترەوە دەبێت بارزانى باش لەوڕاستیە دڵنیابێت كە مەسەلەى كەركوك لەمێژە لەچوارچێوە یاساییە دەستوریەكەى خۆى ترازاوە و لەچوارچێوەیەكى سیاسیدا بارگاویبوە و هەڵێنجانەوەى لەو گۆمە سیاسیەى كە ئەمڕۆ تێیكەوتوە بۆتە مەحاڵ ,نەك بەردەوامى بارزانى لەو لێدوانە عاتیفی و توندانەى كەبۆ گەڕانەوەى كەركوك وناوچە دابڕاوەكانى دەدا,بە پێچەوانەوە ئەگەر بارزانى گرەكیەتى بە خەڵكى هەرێمەكەى بڵێت وەك ئەوەى كە لە لێدوانەكانى پێشوتریدا ئاماژە بەوەدەكات كەركوك قابیلى مساوەمەكردن نیەو شۆڕشى ئەیلول لەسەر كەركوك هەڵوەشاوەتەوە (هەروەك چۆن بەردەوام تەلەفزیۆنەكانى حیزبەكەى ئەم وتەیان بۆ پڕوپاگەندەى هەڵبژاردنەوەى بارزانى بۆسەرۆكى هەرێم بەكار دەهێنا) ,ئەوا بەدەیان ئاشبەتاڵى دیكەى كورد ,كەركوك ناگەڕێتەوە باوەشى ئەو هەرێمەى كەبارزانى بۆ چوار ساڵیدیكە بۆتەوە بەسەرۆكى!.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست