وەڵامێك بۆ بابەتی وادی ئەڵمانی چۆن ئەم غەدرە ئەكات !
Wednesday, 11/02/2009, 12:00
1742 بینراوە
لەبەرواری 9-2-2009 لە كوردوستان پۆست خاتوو شێنێ چەند گلەیی و باسێكی نوسیبوو ، بۆ بەرچاو ڕونی خوێنەران و تیشك خستنە سەر بابەتەكە پێمان خۆش بوو وەڵامێكی كورتی ئەو بابەتە بدەینەوە .
دوای دەستخۆشیمان بۆ گلەییەكانی ئەم خاتونە سەرەڕای چەندین ناحەقی و تۆمەتی ناڕاست و هەڵە ، وەك ڕێكخراوی وادی پێمان خۆشە لەم بارەیەوە گفتوگۆ هەبێت و بەردەوام قسە بكرێت لەسەر خەتەنەكردنی مێینە .
سەبارەت بەوەی كە تاكو ساڵی 2004 ئێمە دور و نزیك ئاگاداری ئەم بابەتە نەبوین ، ئەم قسەیە زۆر ڕاستە ! بەڵام 2004 بۆ 2009 پێنج ساڵ ئەكات وە لەماوەی ئەو پێنج ساڵەدا هەر كەسێك بە ویژدانەوە قسە بكات و كارەكان هەڵسەنگێنیت دەزانێت چی كراوە و ئەو هەڵمەتەی لەماوەی ئەم پێنج ساڵەدا كراوە وەڵامێكە بۆ هەموو تۆمەتەكان ! چی كراوە ؟ وەڵامەكەی لای هەموو خوێنەرێكە كە جارێكی دیكە پێویست بەباسكردن ناكات وە چەندین جار باس كراوە .
بەڵام ئێمە هەمیشە دەستخۆشی و سوپاسگوزاربوون بۆ هەموو هەوڵەكانی دیكە وە چەندین جار بانگەوازمان كردوە بۆ ئەوەی ئەم كارە بە دەستەجەمعی بكرێت وە ئەو بانگەوازانە تەنانەت لە ڕۆژنامەی (هاوڵاتی و ئاوێنە) بڵاوكراونەتەوە.
زۆر بەداخەوە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابوردو لەلایەن ڕێكخراوەكانی ژنان و سەرجەم ئەو لایەنانەی لە نوسینەكەی تۆدا ناویان هاتوە بۆ جارێكیش كەسیان ئامادەییان نەبوە بۆ بەشداریكردن لەم هەڵمەتەدا ! وە ئەمەش بەردەوام جێی پرسیار بوە ! ئەگەر ئەو لایەنانە پرۆژەی تایبەتی خۆشیان هەبوبێت لەكەناڵەكانی ڕاگەیاندنی تایبەتی خۆیانەوە بڵاویانكردۆتەوەو سەرپشك بوون لەو كارەدا ، وە هیچ یەكێك لەو كەس و لایەنانە هیچ گلەییەكیان نەكردوە و ئەم كارانەی ئێمەیان پێ ئیجابی بوە و تەنانەت ئاماژەشیان پێداوە " هەربۆیە نازانین ئێوە بۆچی بەناوی ئەوانەوە نیگەرانن "
لەچەندین بۆنەدا ئێمە وتومانە كە بە ێودفە وە بەبێ پلان ئێمە ڕوبەڕوی ئەم كێشەیە بوینەوە وە كارمان لەسەر كردوە بەڵام بە ویژدانەوە كارمان كردوە وە تاكو كۆتایی هێنان بەم دیاردەیە بەردەوام ئەبین " سەبارەت بە ستافی گەرمیانمان دەبێت هەموو مرۆڤێك وە هەموو خاوەن ویژدانێك لە كوردوستان و جیهان كە باوەڕی بە مافی ژن هەیەو كار بۆ بنبركردنی خەتەنەكردن ئەكات ، ئەوپەڕی سوپاسیان بكات چونكە ئەوان بەوپەڕی لێبوردەیی و ئازایەتی و بڕواوە " پێنج ساڵە دژایەتی ئەم دیاردەیە ئەكەن وە هەڵمەتەكانیان گەورەترین كاریگەریەتی هەبوە ، شێنێ خان داوەت ئەكەین بۆ سەردانی هەموو گوندێكی كوردوستان بۆ ئەوەی بزانێت ژنانی گوندی گەرمیان و هەولێر و ڕانیە و شارەزور و قرداخ و چەمچەماڵ و ناوچەكانی دیكە ، بۆچونیان چۆنە لەسەر كارەكان .
تكایە ئەگەر یەك بەڵگەت لەلایە ئێمە هیچ كتێبێكی كەسێكی دیكە یان فلیمێك یان بابەتێكی كەسێكی دیكەمان بەكار هێناوە ، با ئێمە دادگایی بكرێین وەمافی ئەو كەسانەیە لە دادگادا داوا لەسەر ئێمە تۆمار بكەن ، بەڵام جێی خۆیەتی بپرسین شێنێ خان لەبەرژەوەندی كێ ئەم قسانە ئەكات و چۆن ئەو مافەی بەخۆی داوە ئەم تۆمەتە ناڕاستانە ئاراستەی ئێمە بكات .
سەبارەت بە زانستی و نازانستی كارەكانمان ، دەرگای ڕێكخراوەكەمان واڵایە بۆ هەموو لێكۆڵەرەوەو ڕێكخراوو كەسانێك بۆ خستنە ڕوی ڕاستیەكان وە ئەم تۆمەتەش بێجگە لە نائاگایی و ئیرەیی و ناڕاستی هیچ بنەمایەكی دیكەی نیە ، ئەو هەڵایەی كە تۆ ئێمەی پێ تۆمەتبار ئەكەیت لە ڕاگەیاندنەكان " ئەركی خەڵكێكی دیكەبوو كە ئەمڕۆ بە ملیۆنان دۆلار بەناوی ژنانەوە وەر ئەگرن و هەمومان ئەزانین چۆنی سەرف ئەكەن " هەر هیچ نەبێ سەرچاوەی دارایی كارەكانی ئێمە بە هەوڵی بەردەوامی خۆمان بوە و تا ئێستا بۆ جارێكیش " یەك كەس و لایەن لە كوردوستاندا دینارێكی بۆ بەشداریكردن لەم هەڵمەتەدا تەرخان نەكردوە " .
لە سایتی كوردوستان پۆست لینكێك دانراوە بۆ بینینی وێنەكانی خەتەنەكردنی مێینە كە لەلایەن (واشنتۆن پۆست) بڵاوكرانەوە ، شێنێ خان تكایە سەیرێكی ئەو لینكە بكە دواتر خۆت دادوەر بە ! ئایا هەر كەسێك ئەگەر هەوڵێكی بچوكیش بخاتەگەر بۆ كەمكردنەوەی ئەم دیاردەیە شایەنی دەستخۆشیە یان تاوانباركردن و تۆمەت ؟!
شێنێ خان لەم نوسینەی تۆدا ئەوە یەكلایی نەبۆتەوە كەتۆ باوەڕت چۆنە ؟ لەگەڵ خەتەنەكردنی یان دژی چونكە لەلایەك " پیاهەڵدان و بەرزراگرتنی ئەو كەسانەت " پێ گرنگە كە دژایەتی ئەم كارەیان كردوە لەلایەیكی دیكە رق و قین بەسەر پرۆژەكانی پێنج ساڵی وادی ئەبارێنیت و ئامارەكان گوماناوی ئەكەیت ئەمەش بەخزمەتی كەس نایەتەوە و بەشداریەكە لە پەردەپۆش كردنی ئەو تاوانەو بەردەوام بوونی ئەم دیاردەیە لە كوردوستان .
لەكۆتاییدا ئێمە ڕێزی زۆرمان بۆ سەرجەم هەموو ئەو كەس و لایەنەنانە هەیە كە دژایەتی خەتەنەكردنی مێینەو سەرجەم دیاردە دزێوەكانی دیكەی كۆمەڵگاو مرۆڤایەتی دەبنەوە .
*ڕێكخەری پرۆژەكانی ڕێكخراوی وادی لە عێراق
http://www.wadinet.de/index.php