بنەماڵە تێکدانی هەڵبژاردن بەباشترین چارەسەر دەبینێت
Thursday, 13/06/2013, 12:00
کە باس لە هەڵبژاردن دەکرێت بنەماڵەی بەرزانی تا وترسی مەرگی لێدەنیشێت. ئێستا بەرپرسانی پارتی لە باتی باسی سەرکەوتن ترسی پەراوێزخستنیان هەیە لە لایەن گۆڕانەوە. ئەم ترس وباسەش پاڵ بە بنەماڵەوە دەنێت کە بیر لە چارەسەرێک بکەنەوە، تەنها شتێک کە لەم دۆڕان وشەرمەزاری ودەسەڵاتلەدەستدانە ڕزگاریان دەکات دواخستنی کاتی هەڵبژاردنەکانە، کەواتە تێکدانی هەڵبژاردنە.
پارتی وبنەماڵە لە ئەساس وبنەڕەتدا حەزیان لە هەڵبژاردن وڕای گەل ودەنگی میللەت نییە. چونکە هەڵبژاردن کەڵتووری ڕۆژئاوایە ولەناو کوردەواریدا نامۆیە. هەر بنەماڵەی بەرزانی حوکمیان کردووە وباهەر ئەو بن.
ئەمڕۆ کاکە حەمەی سۆشیالیست دەڵێت هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە ئارادایە.
کاکە حەمە ئەگەر چی ناوی هیچلایەنێکی نەهێناوە بەڵام باسی لایەنێکی سیاسی دەکات. ئەمەش لای هەموان ئاشکرایە کە پارتییە چونکە هەر ئەوە لە هەڵبژاردن دەترسێت وخۆی لێدەشارێتەوە، وباسی هەڵبژاردن تووشی سەرەئێشەی دەکات، هەر ئەو دەتوانێت کاڕی چەپەڵ وپیس بەئەنجام بگەیەنێت، چونکە تەنها ئەو دەسەڵاتە وکارێکی وای پێدەکرێت.
دواخستنی هەڵبژاردن بەواتای چەسپاندنی دکتاتۆرییەت وحوکمی تاكڕەوی، چەسپاندنی حوکمی بنەماڵە ودرێژەدان بە حوکمی مەسعودبەرزانی، درێژەدان بەدزی وتاڵانکردنی کوردستان وحوکمی گەندەڵی، پێشێلکردن وزەوتکردنی مافی گەلی کوردستان کەهیوایەکی لەلا سەری هەڵدابوو وخەوی بە کوردستانێکی ئازاد وڕووناک ودیموکرات دەدی.
وا دیارە ئاکامی هاتنی مالکی بۆ هەولێر ودانشتنە دوو قۆڵێکەی بەرزانی+مالکی= دواخستنی هەڵبژاردن وبەڕوو قایمی خۆ چەسپاندن. ئەم ڕایەش ئێستا لە میدیاکاندا تەشەنەی سەندووە وبڵاوبۆتەوە وباس لە ڕێکەوتنی مالیکیبەرزانی دەکەن بۆ درێژە دان بە حوکمی هەردووکیان.
بە هەر هۆیەک وبیانوویەک بنەماڵە پەنای بۆ ببات هەوڵی بۆ بدات، باسی دەستووریش بێت دواخستنی هەڵبژاردن قەبوول نییە ونابێت مێللەتی کورد بەرانبەر ئەم بێحورمەتی وتەعەدایە بێدەنگ بێت، نابێت ئۆپۆزسیۆن ویەکێتی نیشتمانی لە ئاستی کارێکی وادا بێدەنگی هەڵبژێرن ودەست ودەم بەستراو بن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست