کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


براکەم بۆ خۆتت سوتاند ... (بۆ براکانم)

Monday, 04/02/2013, 12:00


براکەم.....
چی بێ لەتۆ نهێنی بێت، دڵم لەئازاری سوتانتا ژان ئەکات، بروسکە بە ڕۆحما دێت. بەم سپێدەی تەمەنەوە هەموومانت پیرکرد. باخچە لە خواردنەوەی بتڵێک ژەهری ڕەش چی تر بکات، کاتێک بەم لەشکری پایزەوە هەڵتکوتایە سەر لاویت و بێ گوێدانە دڵی ئێمە، ئەم جەبهەی خوێندنەت هەڵبژارد.

براکەم.....
ئەسەف سوتایت. جەخار سوتایت و بوویت بە قوربانی. خۆزگە ببویتایە بە پۆلیس و ببویتایە بە پێشمەرگە و ببویتایە بە ئاسایش و ببوویتایە بە پاراستن و بە زێرەڤانی و بە دەزگا و نەبوویتایە بە خوێندکار و نەبوویتایە بە قوربانی. قوربانی بێ مانا ترین پلەی مردنە، لەم نیشتیمانی سەرۆکە خائینانەدا.

براکەم....
زۆر پرسەباری جوانیتانم، بەداخەوە ئەبوو ئەوەت نەکردایە، ئەبوو ژیرانەتر بیرت بکردایەتەوە، ئەبوو نەبوویتایە بەخوێندکار، کێ لەم سنعاتە پیسەی خوێندن بستێک عەردی نیشتیمانی بۆ بووە بەسابات، تۆ لەم جەنگەڵی ژیانەدا، ئەم خەون و هیوایەتە چی بوو لەناو خوێندندا لەبەردەستی ئەم عالمانەی سەدەکانی ڕابردوو، بۆی وون بوویت؟ ئەتوویست بەم مەلزەمە کۆپیکراوانە و لەناو ئەو کلاسە بێ زەوق و لاڕووخاوانەی جەهالەتخانەی خوێندندا چی فێرببیت؟ ئەتویست بەو چەکی زانستە بەسەرچووانە چی بهۆنیتەوە؟ براکەم بۆ وات لێکردین.. بۆ وا دڵمانت هەلا هەلا کرد.. بۆ نەتهێشت لەم تافی جوانییەتدا کچانی گەرەک تێر لەو باڵا و کوڕێنیەت بنواڕن.. بۆ جەرگت کردین بە کەباب.. بۆ؟

براکەم....
ئەبوو هیچ نەبێت لەبەر ئێمە ئەمەت نەکردایە، ئەبوو هەرچیت ئەکرد بتکردایە و نەچویتایەتە بەر خوێندن، ئەبوو ئەو هەرێمی مردنەت وازلێ هێنابا، ئەبوو لەبەر من و لەبەر دایکمان و لەبەر باوکمان و لەبەر خوشکەکانمان نەچوویتایە بۆ مردن و وازت لەم جەبهەی خوێندنە بهێنایە.. نا بەخوا ئەبوو نەچویتایە.. ئەی غەددارترین برا، غەدرت کرد چویت بۆ ئەو جەبهانەی مردن، غەدرت کرد بیلللا غەدرتکرد.
ئەبوو بچویتایە بۆ ئەمنخانەکان، ببویتایە بە ئەمنی حیزب و ئەمنی سەرۆک و ئەمنی بازرگانەکانی ژیان، ئەبوو بچویتایە بۆ پۆلیسخانە و ببویتایە بە پۆلیس و ئێواران عەرەبانەی سەوزەفرۆشەکانت بسوتاندایە و منداڵانی ئیشکەری سەر جادەکانت بدایەتە بەر شەپان و بەلیس بتکێشایە بە گەردنی ژنە لفکەفرۆشەکانی ناوبازاڕ، کە هەژارییان ئەو ناوەی ناشرین کردووە. ئەبوو بچویتایە و بووبای بە سیخوڕی ئاسایش لە باخی گشتی و بەیانی تا ئێوارە هەر کوڕ و کچێکت بەیەکەوە بینی هەڕەشەی گون بڕین و مەمک بڕینیان لێبکەیت و نەهێڵیت لەوناوە گوڵی ماچێک بنێژن و بۆن بە مێخەکی جەستەی یەکترەوە بکەن.
ئەبوو ببویتایە بە پێشمەرگەی بارەگاکانی حیزب و شەو تا بەیان پاسی ماڵی کاک ئەکرەمی ٣١ پارچە و مام ئەکرەمی ئیتڵاعاتت بکردایە و لە سەنگەری پارێزگاری پول و پارەی ئەوانەدا چەک لەسەر پێ لەسەر بانی لق و ناوچە و کۆمیتەکان وەکو داهۆڵ بەبێ وچان ئەرکی خۆتت ئەنجام بدایە و دڵسۆزانە لەخزمەتی فەخامەتی سەرۆک و دارو دەستە و بنەماڵەی عالی مەقامیاندا بووبای. ئەبوو ببویتایە بە ئەندامی دەزگاکانی پاراستن و زانیاری و لەمت بدایە و لەوت بدایە و هەرکەسێ هاواریکرد -نا- بتکوشتایە و بتبڕیایە، تەنیا نەبوویتایە بە خوێندکار.

براکەم...
 بۆ وات لە خۆت و لە ئێمەش کرد، بۆ؟ ئەبوایە ببویتایە بە جاڕچی حیزب و ببویتایە بە زێرەڤانی و بچویتایە بۆ پاراستنی سنوقە لیرەی کاک ئەکرەم و لەوێ هەم نە ئەسوتایت و نە دڵی ئێمەشت ئەکرد بە بریان، ئەبوو ئەم جەبهەی مردنەت فەرامۆشکردایە و ڕووت بکردایەتە سکرتاریەتی هێزە تایبەتیەکانی سەرۆک و لەوێ بە پلەی مولازمی یەک لەلای عەقید ئەکرەمێک دەستت بەخەباتی نەپساوەی خاکفرۆشی بکردایە و ووردە ووردە بە دڵسۆزی و بەو پەڕی لەخۆبردووییەوە لەپڕێکدا دەبوویت بە خودی کاک ئەکرەم و نە ئەسوتایت نە ئەمردیت نە دڵی ئێمەشت ئاوا پرسەباران ئەکرد.

ئاخ برا سوتاوەکەم...
ئەزانم هاوپۆلەکانیشت هەریەک بەجۆرێ سوتان، بەڵام کەس هەستیان پێناکات. ئاخر کوڕگەڵ کێتان دیوە خوێندن باڵی پێ بەخشیبێت. ئەوە کاک ئەکرەم و کوڕەکانی، ئەوە حوکمەتچیەکانی ووڵات، کامیان ڕۆژێک بۆ یەک سەعات وەکو ئێوە چوون بۆ مەکتەب و بۆ زانکۆ و بۆ پەیمانگا و بۆ ناو ئاگری خوێندنگا؟ ئاخر برا سوتاوەکەم تاوانمان چی بوو کەوا ئێستا خۆت و ئێمەت پێکەوە ئاگر تێبەردا.

ئاخ ئەی پایزە برا..
لەناو هەزاران ڕیگەدا، ئەم ڕێگەی مردنە چی بوو هەڵتبژارد، ئەم تەریقەتی خوێندنە بێ بەرهەمە چی بوو دەستتدابوویە، بۆ نەبوویت بە پۆلیسی لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی کاک ئەکرەم و لەوێ ڕۆژانە فایلت بۆ چوار دەمڕوتی ڕۆژنامەنووس ئەکردەوە و دوو دەم ڕووتی رەخنەگرت دەدایە بەر مست و زللان. یان ببویتایە بە خەت مایلی مام ئەکرەم و لەناو ڕیزی کاک ئەکرەمان. بۆ وات نەکرد،
برا قوربانییە سوتاوەکەم بۆ وات نەکرد، ئەو کاتە نە خۆت ئەسوتاند نەدڵی بەکوڵی ئێمەش.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە