ئەمڕۆ کوردستان بە نەرمی توڕە بوو، دەسەڵاتیش بە توندوتیژی نەرم بوو!
Friday, 01/04/2011, 12:00
دەڵێن هیچ کارەساتێک بە تەنیا نایەت، ئەمە هەڕەشەکانی دەسەڵات دەقاودەق دەگرێتەوە.
مەلا بەختیار دەڵێت ئەوان بەرانبەر میللەت نەرمن. مەسعود بارزانی بڕیار دەردەکات دادگا خۆپیشاندەران بگرێت و، لە کەلاریش پەرلەمانتارەکان دەدەنە بەر بۆکسخەنجەر و، لە سلێمانیش لای کاسە مۆڵ تەقە لە گەنجان دەکەن و، لە مەیدانی ئازادی مینبەری ئازادی تێکدەدەن و ڕیگە لە خۆپیشاندان دەگرن.
دیوەکەی تری قسەکەی مەلا ئەوەیە کە دەتوانن ڕەق بن.
ئەمە چاکسازیەکانی دەسەڵاتە.
ئەم هەماهەنگیەی هەڕەشەکانی دەسەڵات لە دژی ئازادیخوازان ، جەمسەرەکانی ئەو کارەساتەن کە بەڕێوەیە.
مەلا بەختیار کە دەڵێت نەرم بون ئەوە هەڕەشەیە.
مەسعود کە بڕیاری گرتنی خۆپیشاندەران دەردەکات ئەوە هەڕەشەیە.
بۆکسخەنجەرەکانی کەلار بەرکوڵی ئەو ڕەقیەیە و، چێژێکە لە پراکتیزەکردنی ئەو هەڕەشانەی دەسەڵات لە سەری رەشەوە تا کەلار و ئەمڕۆش بۆ سەرای ئازادی دەیخاتە سەر سفرەی ئازادیخوازەکان.
ئەمە جەمسەرەکانی ئەو کارەساتە گەورەیەیە کە نیازیان وایە بەسەر میللەتی ئێمەی بێنن.
کەس ئیرەیی بە حاڵیان نابات،
کەس بەزەیی پێیاندا نایەتەوە،
کەس پشتوپەنایان نیە،
ئەوان چیتر ئەو خەباتگێڕانە نین
کە میللەت لە ئامێزی دەگرتن.
کەس ئیرەییان پێنابات،
ئەوان خۆیان دوچاری ڕێگەیەک کردوە
دەرچونی نیە!
سەدامە خەوتووەکە خۆی ڕادەوەشێنێت،
بەڵام کورد شارەزایە لە گۆڕبەگۆڕکردنی سەدامەکان.
ئەمە ئەو چرکەساتەیە لە مێژودا کە دەیکەم بە شایەت:
ئەمە ئێمەو ئەوەش ئێوە، ئێوە لەسەر ئەو ڕێڕەوەی خۆتان بەردەوام بن، میللەتیش دەتان بینێتەوە!
ئەمڕۆ میللەت توڕە بوو بە نەرمی،
ئێوەش نەرم بون بە هاویشتنی بۆکسخەنجەر و،
بە وەشاندنی عەرزی عەزەڵات و،
بە دەرخستنی نیازی رۆژانی داهاتوتان بۆ سەرکوتکردنی گەنجەکان و،
کپکردنی دەنگە ئازادەکان و،
بە بریندارکردنی دەیان گەنج.
بژی سەرای ئازادی
بژی هەموو تاکێکی کوردی خەمخۆری ئازادی،
ئەی گەنجەکان میللەتتان لە پشتە!
ئەی گەنجەکان دڵی هەمومان لەلاتانە!
سەرای ئازادی مینبەرە ڕوحیەکەی لە ناخماندایە،
کەس ناتوانێت داگیری بکات!
مردن هەر بۆ چەتەکانە،
بۆ قەزەمەکانی ڕێبازی سەدام
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست