شەرم دەکەم خۆشم نەوێت شەرم دەکەم نەبم بە ئاوێنەی ئەو!!
Tuesday, 21/08/2012, 12:00
ئەو نیشتمانەم لانەی شارستانیەتەکان(میزۆپۆتامیا)کەی دوێنێ و فەرھەنگی یەکەم زمان(بورجە توڕەکەی بابلێون)و ودادگای یەکەم یاسا(چەکووشەکەی دەستی عەدالەتی حەمووڕابی)وزبڵدانی پڕ مێشوولەی ئەمڕۆی بازاڕو کۆڵانەکانی شارەکەم ئەی نیشتمانم شەرم لە ئەمڕۆت دەکەم تۆ وەک دوێنێت نیت!!
بەگەورەیی خۆت ئەمڕۆ وەرە با نەختێ لەبەردەم ئاوێنەی حەرفە تۆزاویەکانم قژی لولت شانەبکەم تا کەمێ لەم چڵکنیەت ڕزگارت بێت!! تۆ دوێنێ چەند بە کپی چەندین کەناسی خۆماڵیت ھەبوو تا ئێستاش ئەو لەقەبە پیرۆزەیان ھەرماوە(ڕەزا کەناس و ڕۆستەم کەناس و سمە کەناس و.....ھتد)ئەگەر چی ئەوانیش نەماون !بەڵام ئەوان لە دڵی شۆستەکان بە نەمری ماون ئەوان ھەموو سپێدەیەک لەگەڵ دەنگی کەلەَشێرەکان بە گەسکی نان پەیداکردن و (کار شەرەفە) بە گۆرانیەکی حەسەن زیرەکەوە سەمایان بە شەقامەکان دەکرد تا دەبوون بە ئاوێنە...دوێنی کار شەرەف و سونبوولی بوونی مرۆڤایەتی بوو کارکردن و تەعین بوون لە دام ودەزگا میریەکان حەزو پاراستنی لووقمەی ژیان بوو ھیچ عەیب نەبوو تۆ کەناس بوای یان ھەرچی بووای گرنگ ئەوەبوو کاسبکاری ..ئەمڕۆ ئەوان نەماون ھەزاران بیانی ڕەش پیستی ڕۆح پاکی وەک ئەوانیش لە دووری ھەزاران کیلۆمەترەوە ھاتوون بە چەند عانەیەک کار بۆپاکی شاردەکەن ڕزقی خۆیان حەڵاڵ دەکەن بەڵام داخەکەم چەند گەنجی بێکاری ئەم ووڵاتە ھەیە شەقامەکان دەپێون وئایندەشیان وونە ودەستووری پاکبوونی شەقامەکانیش ناپارێزن !!چەند جوانە کارکردن شەڕەف بێت وشەرمی تیانەکرێت!!؟ دوور لە تووندڕەویی و فەناتیزمەوە چەند سوودمەند دەبین لەبڕی مافی کار بۆ کرێکارێکی بیانی کرێکارێکی خۆماڵی کاربکات و ئەم ھەزاران دۆلارەی لە ووڵات دەچێتە دەرەوە بگەڕێتەوە ووڵات چەند ئابووریمان بە ھێزتر دەکات وچەند لەم تەمبەڵیە دوورماندەخاتەوە کە گیرۆدەی بووینە!! جا ئەگەرئەم کارەیە ھەرچی بێت (کەناسی و بیناسازی ودارتاشی و ...ھتد) خوانەخواستە بودجەی ساڵێکمان لە بەغداوە بۆ نەھێت ھەرھەموومان لە برساندا دەمرین براکەم ئەوە ڕاستیەکە جا ئێمەی کورد کەوەرو کەرەوزو خەیارو پیازیش لە دەرەوەی ووڵات دەھێنین کوابەرھەمی خۆماڵی کوا کرێکاری خۆماڵی!! داخەکەم ئێمە یەکەم بەرد ھاویشتنمان بۆ حکوومەتە ویەکسەر ڕەخنە لە حکوومەت دەگرین من و تۆ ی بێ کار ئەگەر بڕیار نەدەین ھەندێ سنووری ئەم نەخۆشیە کۆمەڵایەتیە ببەزێنین بە دڵنیایەوە تووشی تەمبەڵی زیاتر دەبین و حکوومەت وکەرتە تایبەتیەکانیش ناچار دەبن کرێکاری بیانی بھێنن ..بەڵێ منیش دەزانم لە ووڵاتێکی پر نەوت و دەوڵەمەندی وەک ئێمەدا ھەموومان مافی دەوڵەمەندبوونمان ھەیە و ھەموومان دەبێت لەژێر خێرو بێری ووڵاتدا بحەوێینەوە ئەوەش بە ھیمەتی تۆی گەنج و پاڵپشتی حکوومەت دەکرێت بیرلە بڕینی سۆسیال ودانی بڕە پارەیەک لەلایەن حکوومەت مەکەرەوە بەرنامەڕێژیشی بۆ دامەنێ ئەگەر چی مافی تۆشە وەک گەنج بەڵام بەم بڕە پارەیە بەھرە جوانەکانت دەکوژێت مرۆڤ بوونت دەسڕێتەوە گەربەدوای کار نەگەڕێیت !!بۆیە داوای کار بکە..لە زانکۆکەم لەسەرەتای یەکترناسیمان لەگەڵ کچە ڕەفیقەکانم کەلێیانم پرسی خانەوادەکەتان چ کارەن؟!لەوەڵامێکی بە زەردەخەنەو بوێرانە (کەناس یان پینەدۆز یان پاسەوان یان کرێکار یان بازڕگان.....)گرنگ ئەوەیە کاری ھەیە !!واتە مرۆڤێکی تەندروست باش و چالاکە بۆ ووڵات.. خۆ خوانەخواستە لە واقیعی نەخۆشی کۆمەڵگای ئێمە لە کوردستان لای ھەندێک کچی زانکۆکانمان کە بپرسی خانەوادەکەت چ کارەن ئەگەر کەناسێکی شەریفی دەست پاک و بە عەزەتیش بێت ڕەنگە بۆ وەڵامەکەی بە چەندین سوڕان ولۆفەیەک لە وەڵام دانەوەکەی خانەوادەکەی بکاتە بەڕێوەبەری شارەوانی قودسیەتی کەناسیەتیەکە بشارێتەوە کە کارکردن شەڕەفێکی گەورەیە ..خوای گەورە سیستەمی ژیانی وا دروستکردوە ئەگەر ھەموومان ئاغا بین کەس نابێت دروێنە بۆ گوڵە گەنمەکان بکات ئەو کاتەش بە ئاغایەتیمان برسیەتی و قاتی و قوڕی پەیدادەبێت و ھەمومان لە برسا دەمرین!!! کەکارمان کرد بە دڵنیایەوە ئاوەدانی درووست دەبێت بەڵام دەبێت سەرەتا کار بۆ ھزرو ئایدیاو دەستوورێکی پاکی کۆمەڵایەتی بکەین ,فێرببین جوانی شارو پاکی شار بپارێزین خۆ ئەگەر تەنھا حیزبە سیاسیەکان کادیرەکانیان لەوانەیەکی سیاسی فێری دەستووری پاکی وپاراستنی جوانی شارکرد ئەوە ھەموونیشتمان پاک دەبێت جوانی و پاکی لەئەوروپا بۆ ھەرشارێک نیشانەی پێشکەوتن و ڕەوشەنبیری ئەم شارە یان ئەم دێیە نیشاندەدات ...لەگەڕەکەکەی من ھەمووبەیانیەک وەک(ڕەزاکەناس وڕۆستەم کەناس وسمە کەناس و...) ەکەی جارانی ووڵاتی دایک لەم غەریبیە و لە باوەشی تاراوگە ھەمووسپێدەیەک لەگەڵ باوێشکی کازیوە ژنە باڵابەرزە قژ زەردە چاوشینەکانی ئێرە گەڵا ھەڵوەریوەکان دەکەنەتابلۆ بەگەسکی خۆشەویستی بۆ نیشتمان و (کار شەڕەفە)پاکی دەپارێزن وناشزانن پاکی لەئیماندایە تەنھا پاکیان خۆشدەوێت وبەس!!مناڵ وکچ وکوڕە گەنجەکانیش قیمەتی پشت چەمانەوەی ئەم کەناسە دایکە دڵسۆزەی گەڕەکیش دەزانن بۆیە کاغەزی پسکیتەکەی دەستیان جگە لە زبڵدانەکە فڕێ نادەنە ھیچ شوێنێکی تر چونکە فێریانکردوونە خاکیان خۆش بوێت ئەو خاکەی ھەمووبستێکی خوێنی سەربازێکی وونە!!نابێت ڕۆحی خاک پیس بکرێت!ئەگەر مناڵێکی بیانیش یان ھی گەڕەک بەھەڵە کاغەزێکی فڕێدا سەرزەوی ئەوە پیرەمێرد وپیرەژنە خانەنشینکراوەکانی دانیشتووی بەر سێبەری دارێک ھەربە یادی سەردەمی شەڕ زۆر بە حیکمەت و بە ھێمنی وانەیەکی بە خۆڕایی بۆئەم مناڵە دەڵێنەوە تا جارێکی تر قودسیەتی خاک نەشکێنێت!!!ھەرکەسەو دوای توانەوەی بەفرو ھاتنی سەوزایی بەھار بەردەم ماڵەکەی خۆی بۆیاغ دەکات وگوڵ دەچێنێت بۆ جوانی شار.. ھەمووشتێک جوانە لێرە چونکە ھزرەکان کامڵ بوونە بۆ جوانی ..ھەر سەبارەت بە زبڵدان (یادگاری)ھاوڕێم لە (بەلژیکا)لە (فەیسبووک)ە حەیاتەکە وێنەی زبڵدانێکی نوێی بەلژیکای بڵاوکردبووەوە کە ئێستا لە ھەمووشوێنێکی ئەوێ دانراوە وەک ئەو ئاماژەی پێکردبوو تەنانەت بۆ کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکیش یاسادانراوە وبەیاسا ڕێکخراوە بۆ ھەر جۆرێک لە خۆڵ و خاشاک نایلۆنێک بە ڕەنگێکی تایبەت دیاریکراوە ئەڵبەت سەرپێچکەر سزای تایبەتی خۆی ھەیە ئەگەر خۆڵ و خاشاکەکە تێکەڵَ بکات !!!یان لە شوێنی تایبەتی خۆی داینەنێت..!!!ئەمەیە ئەقڵی بەڕێوەبردنی ووڵات کە سوودلەخۆڵ و خاشاک ڕشتنیش وەردەگرن ..زبڵدانەکە دابەشکراوە بۆ چواربەش :
ڕەنگی شینی کاڵ واتە بۆ فڕێدانی ھەموو جۆرە ماددەیەک کە پێکھاتەی پلاستیک بێت.. PMD
ڕەنگی پەمەیی واتە بۆ فڕێدانی پاشماوەی خۆراک و خواردەمەنی... REST
ڕەنگی پڕتەقاڵی واتەبۆ فڕێدانی ھەموو پاشماوەیەک کە پێکھاتەی کاغەزو کارتۆن بێت. PAPIER
ڕەنگی سەوز بۆ فڕێدانی ھەموو جۆرە شووشەیەک... GLAS
من ناڵێم ئەمە بۆ ئێستای ئەمڕۆمان باشە بەڵام گرنگە تاکی کوردی پەروەردەبکرێت بزانێت زبڵدانەکان لەکوێن و پاکی سرووشت بپارێزێت و ووشیار بکرێتەوە ئەگەرچی دابینکردنی ئەم نایلۆنانە بۆ ئایندە ھیچی تێناچێت بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ڕیسایکل کردنەوەی پاشماوەکانیش لە کارگەی تایبەت و نەسووتاندنیان لە گوفەکەکانی دەورووبەری شار ھەم پاراستنی سرووشتە ھەم لە ڕوانگەی ئابووریش سوودی لێوەردەگیرێت بۆ دروستکردنی کاغەزو کارتۆن و پلاستیک و شووشەی تازە...بۆیە بەیاساکردنی کۆمەڵگا شارستانیەت و فەرھەنگ و کەلتوورو پاکی وجوانی ووڵات دەپارێزرێت...
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست