کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لۆت نەمێنم پیرە قەرات ...! بەهاى سیاسی و بەهاى مێژوویی

Sunday, 04/10/2009, 12:00


ئەمڕۆ بە ئیشێك چووم بۆ سلێمانى ، بۆ ئەوەى فریاى كارەكانم بكەوم دەستم لەتەكسیەك راگرت وسەركەوتم ، دیاربوو رادێۆى تاكسیەكە لەسەر دەنگى گۆڕان بوو ، منیش وتم وەزعى ئێرە باشە و خەڵكى سلێمانى لەگەڵ گۆڕانن ؟ شوفێرەكە رووى تێكردم و وتى دەڵێى خەڵكى ئێرە نیت ؟ وتم نەوەڵڵا خەڵكى هەولێرم ،ئینجا وتى مامە گیان ئێمە گردەكە شك ئەبەین گرد !
وتم خاڵە گیان ئێمەش قەڵامان هەیە قەڵا . وتى مامە گیان قەڵا قەڵا بوو ، ئێستا كونە پەپووى تیا ئەخوێنێ . لەبەرئەوەى گەیشتبووینە نزیك شوێنەكە شوفێرەكە وتى فەرموو مامە گیان ... بەڵام خەم مەخۆ ئێوەش گردێكتان بۆ دروست ئەبێ .
دابەزیم و ئاخێكم هەڵكێشا لەدڵە وتم بۆت نەمێنم پیرە قەرات :
ئەمڕۆ بەهۆى ئەوەى بارەگاى كۆمپانیاى وشە و لیستى گۆڕان لەگردەكەیە . ئەم گردە رەمز و بەهایەكى سیاسی گەورەى لە نێو مێژووى جوڵانەوەى خەباتى سیاسی و گەشەكردنى بیرى سیاسی خەڵكى كوردستاندا پەیدا كردوە بەجۆرێك كە وەك خاڵى وەرچەرخان وایە لە گۆڕان و هێنانە ئاراى مۆدیلێكى سیاسی نوێ لە ئایندەیەكى نزیكدا بۆ حكومڕانى و بەرێوەبردنى كاروبارەكانى هەرێمى كوردستان . ئەگەر باستیل و زیندانەكانى نۆگرە و سەلمان و عەرعەر و ئەبو غرێب و قەسابخانەكەى موسڵ و زیندانە نهێنیەكانى ئاكرێ و قەلاچوالان هەریەكێكیان مێژوویەك بێ لە دیكتاتۆرى و پەڵەیەكى رەشى مێژوو بێ بەتەوێڵى شۆڕى ئاغاكانیەوە ، ئەوا گردەكە بەپێچەوانەى ئەوانەوە هێمایەكە بۆ ئازادى و رەمزێكە بۆ بەرگرى و سەرفرازى ، بۆیە گردەكە جگە لەوەى لەمڕۆدا قەڵایەكى سەخت و لانەى جوامێر و جوانمەردەكانى كوردستانە ، لەهەمانكاتیشدا وەك تروسكەیەكى گەش لە نێو دڵى شەوەزەنگى ئەم رۆژگارەدا دەگەشێتەوە و بۆتە جێگەى هیوا و ئومێدى سەدان خەونى سەوزو سوور .... .
ئێستا گەڕاومەتەوە هەولێر و بەرامبەر قەراتەكەم وەستاوم و بیر لە قسەكانى كاكى شوفێر دەكەمەوە ، دڵنیام ئەو شوفێرە راست دەكات ، قەراتەكەم جاران قەرات بوو، ئێستا جگە لەبەهایەكى مێژوویی و شوێنەوارى و بیرهێنانەوەیەكى رابردوو ، چی ترى لێ نابینم ،جاران : باڵاى زراف و هەیبەتى ، شانوشكۆى وەك شانوشكۆى عبدالخالق و رێباز و سەردار و مەلا سلێمانەكەم گەز گەز بەرەو هەوران دەچوو ، پیرە قەرات دەیگوت تا هزر و بیرى عبدالخالق هەبێ من دەمێنم ، تا چنگى پڵنگ ئاساى وەك سەردارەكەم بمێنێ من دەمێنم ، تا چاوى شێرەكانى وەك رێباز و دەستومەقامى مەلا سلێمانەكان بمێنن من هەر دەژیم ، هەركاتێكیش ئەوان لەوڵاتى من نەمان ، هەركاتێكى وشەى گڕم وەك كڵۆبەفرساردبۆوە ، بێ سەردارى ڕووم تێبكا و باڵاى بەرزى رێبازانم لێ دیارنەبێ و هەڵمەتى بەورى سلێمانانم قۆڵبەست كران ئائەو كاتە من نەماوم ، بشم بینن تەنها لاشەیەكى ساردو سڕو كەلاوەیەكى لەبیركراوم ، ئەگەر سەرم ، ئەگەر قوبە و كڵاوڕۆژنەم لە ناوهەورا لەبەرزیى بێ ، دڵنیابە تۆش نەیبیستى و بڕوانەكەى من خۆم دەزانم چەند بچوك و چەند بێ نرخ و چۆن پێكراوم ، ژانى گەردەلوولێكم پێیە و كەس نازانێ لەكۆێ و لەكام شوێندا كڵپە دەكا داوى دەورى تەنراوم .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە