گەنج و گێژاوی توندوتیژی
Friday, 10/02/2012, 12:00
گەر سەیرێکی بەشێك لەبەهاری عەرەبی بکەین و هەریەك لە ووڵاتانی لیبیا،یەمەن و سوریا وەك نمونەیەکی زیندوو وەربگرین، ئەوا ئەو ڕاستیەمان لا بەردەجەستە ئەبێ کە خۆپیشاندەران نەیانتوانی بەردەوامی بە شێوازی نەرم ونیانی و خەباتی نێو گۆڕەپان و شێوازەکانی تری دوور لەتوندوتیژی بهێنن. ئەمەش راستەخۆ پەیوەندی بەشێوازی توقێنەرو بەکارهێنانی هێزو چەکەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە دژ بەخۆپیشاندەران، هەبوو. دەسەڵات وەیان ئەزانی زیاتر بەکارهێنانی هێزی سەربازی و میلیشیایی ئەتوانن دەنگی خۆپیشاندەران کپ بکەنەوە و هەریەکەیان بنێرنەوە ماڵی خۆیان . لێ ئەم شێوازە نەیتوانی ئەم ئامانجانەی خۆی بپێکێ و هەریەك لە سەرۆکی پێشووی لیبیاو سەرۆکی یەمەن و وا هەنووکە سەرۆکی سوریاش ئەخەنە نێو لاپەڕە ڕەشەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.
دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بەبەراورد کردن لەگەڵ ئەوانەی سەرەوە، بێ شك هیچ جیاوازیەك بەدی ناکرێ، ئەمانیش جگە لەشێوازی بەکارهێنانی میلیشیایی زەبەلاح دژ بەهاوڵاتیانی بێچەك و دانانی شوێنی فەلاقە کردن و ئازاردانی خەڵکی و ئەشکەنجەدان و ڕاوەدوونان و زیندانی کردنی خۆپیشاندەران.. نەیان وویستوە پەنا بۆ شێوازی نەرم و نیانیانە بگرن.. ئەم دەسەڵاتە ئەوەی لای گەنجی کورد سەلماند کە هاوڵاتیبوون بەمانای سەردەم بریتی نیە لەڕێز گرتن و نرخ دانان پێیان، بەڵکە وایان لەگەنج و هاوڵاتی کوردستان کرد کە دوو دڵ نەبن لەوەی دەسەڵات تەنها خۆی و دەستەیەکی نزیك بنەماڵە و حزبەکەی بەلاوە گرنگەوەو ئامادەنیە لەکات و خۆشی و بەرژەوەندی خۆی لەگەڵ هاوڵاتی ئاساییدا وەك برابەش بکات بەدوو بەشەوەو ئەو تیکە نانەی هەیە دابەشی بکا.. دەسەڵات لەکاتی خەباتی شاخ ئامادە بوو ئەو جۆرە پەیوەندیانە دروست بکاو خۆی بەبەشێك لەژیانی هاوڵاتی گوندەکان نمایش ئەکرد و ئامادە بوو نانی لەگەڵدا بخوات و گفتوگۆی لەتەکدا بکا،، کەچی هەنووکە هەمان دەسەڵات پێچەوانەی ڕابردوو ناکاو ئامادە نیە ژیانی خۆی نزیك بکاتەوە لەهاوڵاتیانی شارو دەلاقەیەکی فراوانی لەنێوان خۆی و بەرانبەرەکەیدا دروست کردوە.. ئەم دەسەڵاتەی ئێستا جگە لەنامۆ بوون هیچ سیفەتێکی تری بۆ خۆی نەهێشتۆتەوە.
لەکوردستانی باشوور، دەسەڵات بەرپرسیارە لەکوشتن و تیرۆرکردنی هاوڵاتی کورد،، کوشتنی سۆرانی مامە حەمە،عەبولستار و دواتر سەردەشت عوسمان گەلێ دوو دڵی لای هاوڵاتی کورد دروست کرد بەتایبەتی توێژە ڕۆشنبیرەکە،، دواتر و دوای ڕووداوەکانی ١٧ شوبات و ڕۆژانی دواتر وکوشتنی زیاتر لە ١٠ هاوڵاتی و بریندارکردنی زیاتر لە ١٠٠٠ کەسی تر و ئەشکەنجەدانی هەزارەهای تر،، هیچی لای هاوڵاتیان بەگشتی و لاوان نەهێشتەوە کەئەم دەسەڵاتە هیچ بوارێکی بۆ گفتۆگۆو لێبووردن نەهێشتۆتەوە.. ئەم دەسەڵاتە ئامادە نیە هیچ جۆرە چاکسازیەك لەسیستمی سیاسی بکاو ئامادەش نیە بەخۆشی دەسەڵات جێبهێڵێ، کەواتە هیچ تروسکاییەك لەئاسۆوە بەدی ناکرێ بۆ گەنجی کوردستان کەئەم دەسەڵاتە کاری باش و مافی مرۆڤ بپارێزێ. بۆیە گەر ئەم جارە هەر سەرهەڵدانێکی جەماوەری وەیان خۆپیشاندان دەست پێبکاتەوە ، ئەوا گومان لەوەدا نیە دەسەڵات ڕەوانەی زبڵدانی مێژوو ئەکرێ.
تازە جارێکی دی لەو بڕوایەدا نیم کە گەنج جارێکی تر ئەو شێوازەی ساڵی پار بەکاربهنێ سەبارەت بە داواکاریەکانی، تازە جارێکی تر تەنها لەخەمی ئەوەدا نابێ کەسەرای ئازادی لێ زەوت بکرێ، جارێکی بەدوای ئەوەدا ناگەڕێ کەبەجەمەعات نوێژ دابەستن و خواپەرستی لەهەوای تەڵقدا بکەن،،بڕوا ناکەم کاتی خۆی بە گوێگرتن لەسیمینارو کۆڕی شیعری ئەم وئەودا بەفیڕۆبدات.
گەنج گەیشتە ئەو ئاستی تێگەیشتنەی بەبێ بوونی هێزی چەکداری ناتوانێ سەرکەوتن بەدەست بهێنێ، ئەمە لەکاتێکدا ئەوەشی بۆ دەرکەوت کەکاتێ دەسەڵات هێزی سەربازی و میلیشیایی بەکاردێنێ، ئەوا ئەورپاو ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتوەکان دێنە دەنگ و سنوورێك بۆ ئەو دەست درێژیانەی دەسەڵات دائەنێن، هەروەك چۆن لە لیبیاو یەمەن و دواتر وا خەریکە لەسوریاش جێبەجێی ئەکەن.
گەنجی ووڵات بۆیان دەرکەوت کە ئەم جارە دەستیان کردەوە بەجووڵە هەنگاوی بەرەو دواوە کەڵکی نیە،هەر گردبونەوەیەك لەشوێنێ، بەدەرکەوتنی چەند ئاسایشێك و تفەنگچیەکی دەسەڵات بڵاوەی پێناکەن و گردبونەوەکە گەورەتر ئەکەن،چی تر سەرای ئازادی تاکە مەبەست نابێ و پێوستە سستی و خڕبوونەوە تەنها لەوێ نەبێ،، هەروەها ووشەی ئازادی و ئازادی پێوستە بگوڕدرێ بۆ ێرحل و ملشکاندن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست