دژایەتیی گەندەڵیی، یان تەعینبوون لە پارلەمان
Monday, 16/09/2013, 12:00
1903 بینراوە
بۆچوون لەسەر گەندەڵییەکانی کاندیدێکی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان، سەری زمانی و بنی زمانی دژایەتییکردنی گەندەڵیی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و قۆرغکردنی مەلەفی نەوت و دزینی سامانی نیشتمانییە لەلایەن هەردوو بنەماڵەی سیاسیی و هەردوو حیزبی حوکمڕانی ئێستای هەرێمەوە. هاوکات ئینێرژییەکی زۆریشی لە دژایەتییکردنی ئەو بەرپرسە گەندەڵ و ئەندام پارلەمانە گەندەڵانەدا خەرجکردووە و دەیەوێت لە ئاستی جەماوەرییدا، لە ئیعتیباری سیاسیی و کۆمەڵایەتییان بدات. هەموو ئەمانە کارێکی زۆر باشن و مافی بێئەملاو ئەولای هەر هێزێکی سیاسییە لە هەڵبژاردندا، کەمپەین بۆ خۆی بکات و نەیارە سیاسییەکانی بکوتێتەوە.
ئەوەی کە جێگەی سووکایەتییە بە خەڵکی کوردستان و ئیرادەی جەماوەری ناڕازیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەندێک لە کاندیدەکانی گۆڕان، خۆیان، گەندەڵن، پێش ئەوەی بە پارلەمان بگەن. کاری ساختەکاریی دەکەن و بە سی ڤی بێبنەما خۆیان دەناسێنن و تەنانەت لەگەڵ خۆیان و خەڵکیشدا درۆ دەکەن و حەقیقەت و قەناعەتی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیای تایبەتیی خۆیان و فیکرو تێڕوانین و جیهانبینییان دەشارنەوە. بۆچیی ئەم ساختەکاریی و فڕوفێڵانە دەکەن و حەقیقەتەکان دەشارنەوە؟ وەڵامەکەی بەسادەیی و بە خۆماڵیی، تەنیا لەبەرئەوەیە، بەرژەوەندیی ماددیی بەسەر هزر و مۆڕاڵیاندا زاڵە و دەیانەوێ، ماکیاڤیلییانە ببن بە پارلەمانتار و تەعین ببن و پارە و ئیمتیازاتیان دەست بکەوێت.
لە دوای راپەڕینی ١٩٩١ ەوە، خەڵکانێکی زۆری بەعسیی و پیاوخراپ هەبوون، لەڕێی حەمامی پارتیی و یەکێتییەوە خۆیان شۆریی و بێئەوەی بچووکترین سزای مەعنەوییش بدرێن. بەشێکی زۆریان پۆستی سیاسیی و دەسەڵاتیان درایە. بەشێک لەمانە، ئەوەندە پۆغڵ بوون، خۆیان لە پەکەکە نزیک کردەوە، بۆ ئەوەی بە ئاوی کوردستانییبوون و ئاوی کوردبوونی فەنتازیای چوارپارچە، خۆیان باشتر بشۆن و باکگراوندە کۆنەکەیان لە کۆڵ ببێتەوە. هەمان هاوکێشە، ئێستا لە کوردستاندا، بەجۆرێکی تر دووبارە دەبێتەوە، کۆمەڵێ سیاسیی و بەرپرسی عەسکەریی، لە یەکێتیی و پارتییدا شکستیان خوارد، لەلایەن خەڵکەوە بێزراو بوون، خۆیان کرد بەناو گۆڕاندا، بۆ ئەوەی غوسڵی سیاسیی دەربکەن. ئەم غوسڵە سیاسییە، کەسانی رۆشنبیریشی گرتەوە. لەکاتێکدا، پارتیی و یەکێتیی، ئەتەکێتی خۆدەرخستنی ناو خەڵکیان نەماوە، کۆمەڵێ رۆشنبیر، تا چەند مانگ لەمەوبەر، ئەوەندەی لەگەڵ پرۆژە و خەتی سیاسیی پارتیی و یەکێتییدا بوون، ئەوەندە لەگەڵ ستراتیژ و ئەجێندای گۆڕاندا نەبوون، کەچیی وازیان لەهەموو وڕێنە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەکانی خۆیان هێنا و لەچەند مانگی رابردوودا، بە خزمخزمێنە و واسیتە و ماستاوکردن و خۆبردنە پێشەوە، خۆیان لەگۆڕان نزیککردەوە، بۆ ئەوەی چانسی ئەندام پارلەمانیی یان پۆستێکی ئیداریی و سیاسییان بەر بکەوێت.
هەرگیز نیازم نەبوو لەسەر ساختەکاریی و سکانداڵی ئەم کاندید یان ئەو کاندید، بەخەونیش شتێک بنووسم، بەڵام کاتێک تین بە ناخت دەگات و ئەو هەموو شەپۆلە لە کەمپەینی چەواشەکاریی و مومارەسەی دێمۆکراسیی ساختە دەبینیت، بەتایبەتتریش کە کەسوکار و خزم و نزیکی خۆت دەبن بە قوربانیی و هەندێ کاندید بەسەر پشتیاندا سەردەکەون، بێدەنگیی نەک هەر باش نییە، بەڵکو هەلپەرستیی و ترسنۆکییشە. لە کاتێکدا من ئەمە دەنووسم، نیازم نییە، دژایەتیی گۆڕان بکەم و بەڵکو حەزدەکەم، لەگەڵ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تردا کە لە قازانجی چینی ناوەڕاست و چینی کەمدەرامەتدا، کەمپەینی هەڵبژاردن دەکەن، سەرکەوتنی باش بەدەستبهێنن و سنوورێک بۆ دەسەڵاتی خێزانە سیاسییەکان دابنێن. ئەم رەخنانە لە کاندیدێکی گۆڕانە، کە زیاتر لەوە دەچێ خۆی بە گۆڕاندا هەڵواسیبێت.
زۆرکەس، ئاگاداری شەڕو تۆمەتبارکردن و رەخنە و هەڕەشەکانی نێوان پشتیوان عەبدوڵا و ئارام رەفعەت(محەمەد رەفعەت) ە، هەرچەندە من لەگەڵ ئەو میتۆدە لە رەخنە نەبووم و نییم کە پشتیوان دەرهەق بە بزوتنەوەی گۆڕان و هەندێ کاندیدی ئەو حیزبە گرتیە بەر، بەڵام کاتێک کەسوکاری من(خوشکێک و دوو خوشکەزام)، یەکێکیان تەمەنی تەنیا 15ساڵە، ئاگایان لەهیچ نییە و ئارام رەفعەت، بۆ ئەجێندای شەخسیی خۆی، بەناوی ئەوانەوە، بەدەستی خۆی، نامەی پێداهەڵدان بەخۆیدا دەنووسێ، گوایە ئەوانە دژایەتی پشتیوان عەبدوڵا دەکەن. هەندێ منداڵ و ژن و خەڵکی بێئاگا لە کێشەی نێوان ئارام و پشتیوان، کۆمەڵێ ناڕاستیی و چەواشەکاریی بەناویانەوە دەکرێ، لەپێناوی تەعیبوونەکەی کاک ئارام رەفعەتدا، درۆی شاخدار دەهۆننەوە. وەک کەسێکی ئەو قوربانییانەی کە تەمەنی ١٥ ساڵە و درۆ بەدەمیەوە کراوە، مافی خۆمە، حەقیقەت و کواڵیتی ئەم کاندیدە بۆ کەسانێک روون بکەمەوە، کە لە دوورەوە، تەنیا بەخۆداهەڵدانەکانی، ئاشنایەتییان هەیە. دیارە بۆچوونەکانی ئارام و پشتیوان، شەڕی کاندیدبوونی خۆیان بوو، لە دوورو نزیکەوە پێوەندیی بەمنەوە نییەو لایەنگریی لەهیچیان ناکەم، هەردوو بەڕێزیش ، لایەنی باش و خراپیان تێدایە.
ئەگەر تۆمەتەکانی پشتیوان، لەسەر ئارام کورتبکرێنەوە، ئەمانەی لێدەردەچێ:
1. ئارام، لە پارتییەوە نزیکە و لەگەڵ سیاسەتە نەوتیی و نەتەوەییەکانی! پارتییدا هاوڕایە و ماوەیەک، بۆ پارتیی، خەریکی لۆبییکردن بوو.
2. باسی ئیشوکار و بژێوی ژیانی ناکات و دەیانشارێتەوە، بەڵام باسی شەهادەکانی دەکات، بۆ ئەوەی خۆی نماییش بکات.
3. کەسێکە، گۆڕان بۆ بەرژەوەندیی خۆی(بوون بە پارلەمانتار) بەکار دەهێنێت و رۆژێک لە رۆژان گۆڕان نەبووە.
بەخۆداهەڵدانەکانی ئارامیش، لەم خاڵانەدا کورتدەبنەوە:
عەریزەیەک، کە خۆی نووسیویەتی و هەندێ پارتیی و کوردی کوردستانی ئێران(نزیک لە پارتییەوە) ، لەگەڵ هەندێ منداڵدا (١٤-١٧ ساڵ) بۆی واژۆ دەکەن و سوێند دەخۆن کە ئارام هەرگیزاو هەرگیز، لە پارتییەوە نزیک نەبووە!
ریزێک بیانوو دەهێنێتەوە و بەناوی ئەوانەی ، واژۆیان بۆ کردووە، دەڵێت، پێویست ناکات، پیشەکەت بنووسی، تەنیا خۆناساندن بە شەهادەوە، بەسە و من ئەکادیمیستم ناوم هەموو جیهانی تەی کردووە!
پارتییەکان و یەکێتییەکان، بۆی واژۆ دەکەن، دەڵێن کادیرێکی زۆر چالاکی گۆڕانە! و دەنگی پێ بدەن.
پاش ئەوەی رێکخستنەکانی ئوسترالیای گۆڕان، بە رەسمیی، ، کاک ئارامی ئاگادار کردووە، لە خراپیی ئەو نامەیەی کۆمەڵێک خەڵك واژۆیان کردبوو، پێیان راگەیاندبوو، کە کارێکی باشت نەکردووە و بۆ ئیعتیباری گۆڕانیش خراپە، من چاوەڕوان بووم، کاک ئارام، جورئەت بکات و داوای لێبووردن بکات، لای کەم، لەوەی ناوی کۆمەڵێک منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵیی تێدایە و چەندین کەسیش لە دوورو نزیکەوە ئاگایان لێی نەبووە. چاوەڕوانیی من، زیاتر لەسەر ئەو خاڵە بوو، ئەم رۆشنبیرە سیاسییە، باسی خۆی دەکات کە پسپۆری قانونی نێودەوڵەتییە، چۆن رێگە بەخۆی دەدات، کە منداڵ بۆی واژۆ بکەن؟ بەداخەوە، کاک ئارام ئەو هەموو گەندەڵیی و منداڵبازاڕییەی، پێ هەرسکراو بێدەنگیی لێکرد، گوایە کاک پشتیوانی پێ دەمکوت دەکات و باری خواری خۆی پێڕاست دەکاتەوە.
پارادۆکس(موفارەقە) و کۆنترادیکتەکانی کاک ئارام:
یەکێک لەو خاڵانەی کە جێگەی تێڕامانن، کاک ئارام، کەسێکی ئەنتی ئیسلامیی و ئەنتی ئیسلام بووە. چەندین نووسینی هەیە و بەئاشکرا مولحیدبوون و ئەنتی ئاینیی خۆی باس دەکات. لە پڕێکدا وەک مەلایەکی دینیی بەناوی خوای گەورە و میهرەبانەوە، چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکانی دەست پێدەکات و هەفتانەش، بۆ ئەوەی جەماوەریی بێتەوە،نوێژی هەیینیی دەکات. ئاخۆ سیحری ئەو هێزە لەچییدایە، لەچەند هەفتەیەکدا، قەناعەت و ئایدیۆلۆژیا و فیکری مرۆڤ تەواو پێچەوانەوە دەبێتەوە، ئەگەر مرخ خۆشکردن لە پارلەمانتاریی و ئیمتیازاتەکانی نەبێ؟ ئایا پارە ئەوە دەهێنێ، مرۆڤ بەو چاوقاییمەوە، بۆچوونی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و روئیای فیکریی خۆی ١٨٠ پلە بگۆڕێ؟ لە مولحیدێکەوە ببێ بە نوێژکەر و خواناسێکی رۆژگار؟
کاک ئارام، بانگەشەی ئەوە دەکات، کە قانونی نێودەوڵەتیی خوێندووە، خۆیشی بە پسپۆر دەزانێ. هەرچەندە ئەم برادەرە لە رۆژئاوا ژیاوە، بەڵام ئەم چەواشەکارییە گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان دەکات، گوایە پسپۆری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، ئەگەر لە رۆژئاوا ئەم شتە بڵێ، بەڕاستیی، چەقەنەی بۆ لێدەدەن! ئاخر لەکام ئینستیتیوت و زانکۆ و سێنتەری لێکۆڵینەوە، هەر قاوەیەکیشی خواردووەتەوە بۆ ئەوەی کاری پسپۆریی تێدا بکات؟ باشە بۆ پسپۆرێکی قانونی نێودەوڵەتیی، ئایا ئەوە تاوان نییە، قسە بە دەمی منداڵی ١٤ ساڵەوە بکرێ و عەریزەیەکی دوورودرێژ لە پێداهەڵدان و خۆ ناساندن بۆ کەمپەینی هەڵبژاردن ، لەڕێی چەند کەسێکەو ە تەکلیف لە منداڵ و هەندێ لە کچان و ژنان بکرێ بۆ واژۆکردن؟ ئایا لەڕووی قانونییەوە، ئەمکارە ، زەوتکردنی مافی منداڵان و قسەکردن بەناویانەوە نییە؟ باشە،کە بڵاو بووەوە، کاک ئارام ئاگادار کرایەوە، کە چەند هەڵەی کردووە! ئەی بۆ جورئەتی تێدا نەبوو، داوای لێبووردن بکات، هەر هیچ نا ،لەبەر خاتری لیستی گۆڕان، کە خۆی پێدا هەڵواسیوە!
دواتر کاک ئارام، دەڵێ یەکەمین وتارێک و یەکەمین کەمپەینێک کە بۆ سەردەشت عوسمان کرابێت لە هەندەران، ئەو کڵێشەکەی داڕشتووە؟ ئەمە نەک هەر راست نییە، بەڵکو چەواشەکردنی حەقیقەتیشە. کڵێشەکە من نووسیتم و دامڕشت و بۆ هەندێ نووسەر و رۆشنبیرم نارد. بە پێچەوانەوە، ئەو برادەرانەی کاک ئارام لەگەڵیاندا خەریکی لۆبییکردن بوو، بۆ ئەو نەوتفرۆشییە تاڵانییەی پارتیی، چەند رۆژ دواتر، لەوشارەی کاک ئارامەوە(ئەدەلاید) هاتن، بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە سیدنی ،لەگەڵ پارتییدا خەریکی لۆبییکردن بوون. کاتی خۆی، لەگەڵ چەند برادەرێکدا، ئەو سکانداڵەمان بە نووسین شەرمەزار کرد. بە فاکت و بە دۆکیومێنت ئەم رووداوە بوونی هەیە.
کەسێک ١٥ ساڵ لە وڵاتێکی رۆژئاوا، ژیان و گوزەرانی بەسەربەرێت، وەک خۆی دەڵێ دۆکترای تەواوکردووە؟ و خەریکی سیاسەت بێت، دەبێ لەو پرەنسیپە سادە و سەرەکییە بگات، کە لە ژیانی سیاسییدا، هەموو شتێکی ژیانی کاراکتەرە سیاسییەکە، بەر رۆشنایی دەکەوێت. باشە ئەم کاندیدە، ئەم هەموو خۆعەرزکردنە بە شەهادەوە پیشانی خەڵکی جوتیار و کرێکار و دەستفرۆش و خوێندکار و بێکار و سەرمایەداری کوردستان دەدات، ئەی بۆ بەخەڵکیش ناڵێ، ئەو کەخۆی بە مامۆستای زانکۆ دەناسێنێ، ئایا بۆ یەک سات بەو کۆڵە شەهادانەوە، مامۆستایەتیی بۆ یەک چرکەش کردووە؟ ئاخر کەسێک خەریکی سیاسەت بێت، باسکردنی پیشە(occupation) دەبێ لەپێش هەموو شتێکەوە بێت و نابێ شەرم بکەیت کە پیشەکەت چییە. ئیتر بۆ دەبێ ئەو درۆ گەورەیە، بەخەڵکی کوردستان بگەیێنرێت، کە مامۆستای زانکۆیە لە ئوسترالیا؟ کاتێ کتێبی (ئەنسرۆپۆڵۆجیای زمانی کوردیی: پرۆسێسی ستاندەربوونی)م ، لە چاپخانەی ئاوێنە، بەچاپ گەیاند، لەبەرگی دواوەی کتێبەکە، نووسیبووم، لەگەڵ خوێندندا، بۆ بژێویی ژیانم کرێکاریی دەکەم. ئەمە خەجاڵەتیی ناوێ، بەڵکو ئەوە خەجاڵەتییە، مرۆڤ راستییەکان بشێوێنێت. کەسێک لە هەندەرانەوە بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتکردن، چۆن دەبێ پیشەکەی نەنووسێ و شەهادە بێکرێدتەکانی ئیبراز بکات؟ ئایا ئەمانە، لەهەمبەر دەنگدەرانی کوردستاندا چەواشەکاریی(misleading) نییە؟
ئاخۆ، ئەم کاک ئارام رەفعەتە کە شانازیی دەکات بە کتێبەکەیەوە کە لەسەر کێشەی کوردە، بۆ پرۆفایلی کاندیدبوونەکەی بەکاری دەهێنێ و خۆی لای خەڵکی زەحمەتکێش و هەژاری کوردستان بە دکتۆر دەناسێنێ، بۆچیی ناڵێ ناوەڕۆکی کتێبەکەی، باسی چیی دەکات؟ مەگەر کتێبەکەی باسی ئەوە ناکات کە عێراق ئەفسانەیە و عەرەب و کورد پێکەوە هەڵناکەن و پێویستە دەسەڵاتێکی کوردیی ئەگەر بنەماڵەییش بێت سەرپەرشتی ئەم شەپۆلی دەوڵەتە نەتەوەییە بکات و کورد لە بێدەوڵەتیی رزگار بکرێ و پشتی وڕێنەکانی دەسەڵات بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی بگرین! هەروەها پشتی پرۆژە نەوتییەکانی دەسەڵاتی کوردیی بگرین بۆ ئەوەی کورد! لەسەر قاچی خۆی بوەستێ و بەرەو دەوڵەتی بنەماڵەیی بڕوات. ئەی چۆنە ئێستا ئەم برادەرە، بایداوەتەوە و خۆی کاندیدکردووە بۆ هەرێمێکی بچکۆلە، لە ناو دەوڵەتی عێراقدا. ئەو هەرێمەی، بەهەموو قانونە نێودەوڵەتیی و هەرێمیی و لۆکاڵییەکان(لە ئاستی عێراق و کوردستاندا) بەشێکە لە جیۆگرافیای عێراق؟ بەڕاستیی شەرمە، کەسێک بەم کلاواتانە ببێ بەئەندام پارلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق؟ لە کاتێکدا، کوردستانیی بیت، خوێنت خوێنی چوارپارچەیی بێت، نەتەوەییەکەت، بیکۆڵێنێ و عەرەب و نەتەوەکانی تری عێراق بە پۆغڵەوات لە قەڵەم بدەیت!
ئەم سیحرە چییە وا لەمرۆڤ دەکات لە نەتەوەییەکی توندی راسیستیی و شۆڤینییەوە(بە ڤیدیۆ هەیەتی بە عەرەب دەڵێ پێ پەتیی) بگۆڕێ بۆ کەسێک، چاوی لەوە بێت، لەهەرێمێکی سێ شارییدا، ببێت بە ئەندام پارلەمان و لەوێشەوە بە عێراقیی و عروبیی و وەحدەویی؟ ئاخر مەگەر هەر کاک ئارامی پسپۆری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان (پێوەندییە- بەرژەوەندییەکان)نەبوو، بە ئاشکرا هاواری دەکرد، لە یادی قوربانییانی ئەنفالەکاندا، دەیگوت" شەرمە خۆت بە عێراقیی بزانیت" باشە ئێستا، ئەم پسپۆرە خۆی کاندیدکردووە، نابێ رەگەزنامەی عێراقییبوونەکەی بە دڵ و بەچاو بە عەقڵ و بە ئینسافی خۆی لەسەرپشتی ئەنفالکراوەکانەوە بخاتە خزمەتی ئەجێندای تەعینبوونەکەی لە پارلەماندا؟ مرۆڤ لەپێناوی تیکە نانێک و مەعاشدا، کەرامەت و ئەخلاق و دین و فیکر و ویژدانی خۆی وەک رەنگ و پێستی حەربا بگۆڕێ، کەی شایانی ئەوەیە ببێ بە نوێنەری خەڵکی بەگاڵەهاتووی کوردستان، لەدژی گەندەڵیی و دەسەڵاتی بنەماڵەکان؟ بەڕاستیی هەندێ کاندید بۆ لیستی گۆڕان، وەک گونی قۆڕ، وان، بۆ ئیعتیباری لیستەکەش، خراپن و کرێدتی لیستەکەش دەخەنە ژێر پرسیارەوە!
کاک ئارام، بۆ ئەوەی سەرنجەکانی کاک پشتیوان، پووچەڵ بکاتەوە، پێویستی ناکرد، بچێ تەکلیف لە منداڵ و تەواڵ بکات و تەسدیقی شەهادەکەی بۆ بکەن و سوێند بخۆن بڵێن دۆکترای هێناوە. دەیتوانی شەهادەکەی(ئەگەر وەریگرتووە)، سکان بکات و بڵاوی بکاتەوە. پێویستی ناکرد، بچێ لینکی وتارەکانی بۆ کۆمەڵێک منداڵ و ژنی ماڵەوە دابنێ و بڵێ ئیمزای بکەن. کاک ئارام دەیتوانی، خۆی وەڵام بداتەوە، نەک منداڵی خوار هەژدە ساڵ بکات بە قوربانیی بۆ ئەجێندا ماددیی و مەعنەوییەکانی خۆی. بەداخەوە، مرۆڤ ئەوەندە ساڵە بخوێنێت لەهەندەران، کەچیی چاوی لەوە بێت، لە پارلەمانەکەی کوردستان، لەسەر حیسابی هەژاریی و داماویی خەڵکی بتوێن و پشدەرایەتیی و خۆشناوەتیی، تەعین ببێت! ئەوەش بەدنیایەک موفارەقەوە.
ئەم نووسینەی من، دژایەتییکردنی گۆڕان نییە، چونکە من یەکێکم، لای کەم لەو کەسانەی لە پرۆژە سیاسییەکانی گۆڕانەوە نزیکم و هیواداریشم گۆڕان سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنێ. لەهەمان کاتیشدا، دەبێ دان بەو راستییەدا بنێین، چەندین کاندید بۆ بەرژوەندیی تایبەتیی خۆیان، یان بۆ ئەجێندایەکی تایبەتیی، خۆیان کاندید کردووە، نەک قازانجیان بۆ گۆڕان و خەڵکی ناڕازیی کوردستان نابێ، بەڵکو زیانیشی پێدەگەیەنن. یەکێک لەو کاندیدە ماستاوچییانەی گۆڕان(کەژاڵ عەلی)ە، سووکایەتیی بە قوربانییانی شەڕەکانی پشتئاشان دەکات. سەرەڕای هەڵوێستی نێگەتیڤی حیزبی شیوعیی لەشەڕەکانی ناوخۆدا، بەڵام تەشهیرکردن بە قوربانییەکانی شەڕی ناوخۆ (سەر بەهەر لایەنێک بن)، بۆ ئەوەی خۆت خۆشەویست بکەیت لای هەندێ کەسی دەمارگیر و دەنگی پێویست بهێنیت، کارێکی تا بڵێی، نا مۆڕاڵیی سیاسییە. خۆزگە گۆڕان، پێیان دەگوت، زەحمەت نەبێ دەمت داخە و قسەی قۆڕ مەکە.
لە کۆتاییدا، ئەوە ی گرینگە بگوترێ، لیستی گۆڕان، وێڕای بوونی هەندێ کاندیدی باش، بەڵام کۆمەڵێ خەڵکی ماستاوچیی و بەرژەوەندییخوازی تێدایە، ئامادەن لەپێناو ئەوەی دەربچن، هەموو شتێکی ناقانونیی بکەن، ئەگەر بشزانن بە زیانی لیستەکەش دەگەڕێتەوە. بەداخەوە کاک ئارام رەفعەتیش، بەس بۆ ئەوەی دەربچێ، ئامادەیە هەموو پێشێلکارییەکی قانونیی لە وڵاتێکی رۆژئاواییدا بکات(وەک ئەو واژۆ ساختەکارانەی بەناوی هاوشارییەکانەوە کردی)، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەی نەیارەکانی دەمکوت بکات(پشتیوان عەبدوڵا) ئەی سبەی رۆژ لە هەرێمێکی بێ قانونی وەک کوردستاندا، دەستی بڕوات، چۆن قانون لەپێناوی بەرژەوەندییەکان و شەخسی خۆیدا بەکار دەهێنێت؟ کەسێک تەنیا لەپێناوی تەعیبوون لە پارلەماندا، ئەم هەموو هەڵبەزو دابەزە فیکریی و سیاسییە بکات و ئەم هەموو پێشێلکارییە قانونییە بکات، ئایا شایانی ئەوەی هەیە، کاندیدی گۆڕان بێت؟ گۆڕانێک لە ئەندێشەی سیاسیی خۆیدا، خەیاڵی گۆڕینی سیستمی هەبێ. ئایا بە کاندیدی گەندەڵەوە، دژایەتیی گەندەڵیی دەکرێ؟